سەلاح حسێن ئەفەندی: ئاژاوە، نائومێدی، ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەت/ بەشی یەکەم.
کەم کەس هەیە لە شێوازی حوکمڕانی وڵاتەکە بێزار نەبێت، هەر یەکێک بە دەیان نموونە لە سەر گەندەڵێ دەهێنێتەوە، لە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، بە هەدەردان و مامەڵەی نادروست بە سامان و داهاتی گشتی، قۆرخکردنی بازاڕ، نایەکسانی بێ سنوور، بێ باکی دەستەڵاتداران لە گرفتی خەڵک و چارەنووسی وڵات. سەرۆکی حوکمەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیتا پەیتا بێ دەستەڵاتی خۆیان دەردەبڕن، حیزب و بنەماڵە تۆمەتی ئەو بارە نالەبارە دەخەنە ئەستۆی یەک، خۆیان لە هەوو لێپرسراوییەک دەدزنەوە
ئەوەی ڕەچاو ناکرێت یان بە دەگمەن باس دەکرێت، گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی هۆکارە بنچینەییەکان، گەڕانە بە دوای دانانی پلان و چارەسەر بۆ گرفتەکان. ئەمانە وای کردووە کە بێ متمانەیی و نائوومێدی وەکو هەورێکی ڕەش باڵی بەسەر زوربەماندا کێشاوە، لە گفت و دەروونماندا بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت.
ئەوەی ئاشکرایە، هۆکاری هەموو ئەمانە بۆ قەیرانی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە، ئیفلیجبوونی دامودەزگای دەوڵەت، لاوازکردنی حکومەت و پەڕلەمان و دەستەڵاتی یاسایی، بێ سەروبەندی سیستمی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووری، بە کوردییەکەی لە ئاژاوەدا دەژین.
لەم باسانەدا هەوڵ دەدەم بگەڕێم بە دوای هۆکارە بنچینەییکانی گەیشتن بەم بارە نالەبارە، دەستنیشانکردنی گرفتە سەرەکییەکان، هەروەها گەڕان بەشوێن کلیلی چارەسەر بۆیان، نەکو چارەسەر، چوونکە ئەوە نە کاری خەڵکی وەکو منە و نە لاتوانامدایە بەو ئەرکە هەستم.
بەتایبەتی دوابەدوای جەنگی یەکەمی جیهان، سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا جێگیربوو و هەیمەنەی خۆی پەیدا کرد. بەشێک لە وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی ئەو سیستمە بوونەوە، بە ڕوخسار سیستمێکی یەکسانتریان بە ناوی سۆسیالیزمەوە دامەزراند، نموونەی یەکێتی سۆڤیەت و دواتریش چین و ژمارەیەک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا.
ئاشکرا بوو کە ئەو سۆسیالیزمەی کە ئەوان دایان مەزراند، مۆدێلێکی دواکەوتووی کەپیتالیزم بوو کە زۆر لە سیستمە سەرمایەدارییە کلاسیکێکە نایەکسانتر و ناخولقێنتر و دیکتاتۆرتر بوو، ئەم دەوڵەتە سۆسیالیستانە بە سەرمایەداری دەوڵەت ناویان دەرکرد.
سەرمایەداری دەوڵەت تایبەتمەنداری خۆی هەبوو، گرنگترینیان: گۆشەگیری و خۆدابڕین بوو لە جیهان و بازاڕی جیهان. لە باتی موڵکایەتی تایبەت، موڵکایەتی زەوی، سامانی سرووشتی، ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، داهاتی وڵات و لە سەرو هەموویانەوە هێزی کاری هاوڵاتیان کرانە مووڵکی دەوڵەت. ئەو موڵکایەتییە لە لایەن نوخبەی دەستەڵاتدارەوە، کە پاریی کۆمۆنیست بوو مامەڵەی پێ دەکرا. ئەوان بڕیاریان لەسەر سامانی نیشتمانی، هەموو پرۆسەی بەرهەمهێنان، شێواز و جۆری بەرهەم، گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە دەدا. کەرتی تایبەتیان قەدەغە کرد، توانای بیرکردنەوە و داهێنانی خەڵکیان کرد بە موڵکی خۆیان و بە کردەوە مرانیان. بە ناوی ئینتەرناشونالیزمەوە بۆ بەدەستهێنانی هەیمەنە لە جیهاندا، پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ وڵاتە هەرە دکتاتۆرەکانی جیهان دەبەست و پارێزگاریان دەکردن، بە ناوی مافی چارەنووسەوە، دەیان میللەت و وڵاتانیان بە زۆر خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.
ژمارەیەک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نموونەی عێراق، سوریا، میسر، لیبیا، جەزائیر و یەمەن. ئەگەر چی دەوڵەتی سوسیالیستی لینینی نەبوون و پارتی کۆمونیست تیایاندا حوکمڕانی نەدەکرد، بەڵام هەمان ڕێباز و هەمان سیستمی سەرمایەداری دەوڵەت تێیاندا جێگیر بوو، چوونە پاڵ بلۆکی سۆسیالیستی جهیانەوە و چارەنوسیان بەیەکەوە بەسترا. لەم وڵاتانەشدا، نوخبەی دەستەڵاتدار، لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر داموودەزگای دەوڵەتەوە، مامەڵەیان بە سامانی سروشتی وڵات و پڕۆسەی بەرهەمهێنان و داهاتی وڵات و بازرگانی ناوخۆ و دەرەوە دەکرد، ئەمانەیان لە پێناوی ماندنەوەی دەستەڵاتیاندا بەکار دەهێنا.
لەم دەوڵەتانەدا دەستەڵاتی ناوەندی بەهێز بوو، دەوڵەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی و سەرکووتکردنی هەموو دەنگێکی ئازاد و جیاوازەوە دەستەڵاتی تەواویان بەسەر داهات و خەرجی و داموودەزگای دەوڵەتدا هەبوو، بە شێوەیەکی گشتی توانای کۆنترۆڵکردنی هەموو پێکهاتە و ناوچەکانیان هەبوو، لە سەرو هەموو شتێکەوە دەبوایە کۆنترۆڵی تەوایان بە سەر ئەندامانی نوخبەی پارتی دەستەڵاتداردا هەبوایە، چوونکە مان و نەمانیان بەو کۆنترۆڵەوە پابەند بوو. بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی سەرۆکایەتی و سەرۆک، ئەوەی گەندەڵی لە داهات و سامانی دەوڵەتدا بکردایە، ڕووبەڕووی سزای قورس و مردن دەبۆوە، لە بەرامبەردا، بەپێی وەلا و ئینتمایان بۆ سەرۆک، ئیمتیازاتی تایبەتیان پێ دەدرا. لەو دەوڵەتەدا بەتەنها ڕێگە بە سەرکردایەتی پارتی دیکتاتۆر دەدرا، بە پێیی خواستی خۆیان بڕیار لەسەر سامان و داهات بدات، ئەو دەستەڵاتە تاقە دز بوو لە وڵاتدا، ڕێگە بە فرەدز و گەندەڵی و فێڵکردن لە سەرۆک نەدەدرا، بۆیە شتێکی سەیر نییە کە ئێستا بەشێک لە خەڵک، بە هۆی بێزاریانەوە یان بە هەڵە، سەردەمی سەدام لە چاو ئێستادا بە باشتر و دادپەروەرتر ناو دەبەن.
سەرمایەداری دەوڵەت قۆناغێک بوو کە وڵاتانی لاواز لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پێیدا ڕۆیشتن، ڕێبازێک بوو دەستبژێری دەوڵەتە سۆسیالیستەکان بە ناوی کۆمۆنیزمەوە، دەستبژێری ئەو دەوڵەتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوی عرووبە و دژایەتی ئیمپیالیزم و سەیونیزمەوە پەیڕەویان کرد، ڕێگەیەکی سەقەت بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەرمایەداری بەهێز کە بتوانێت کێبڕکێ لە گەڵ سەرمایەداری خۆرئاوادا بکات و بەرەنگاریان بێتەوە، بۆیە سیستمەکەیان هەتا دەهات زیاتر لە ناوەوە دادەڕزی و لە کۆتاییدا ڕوبەڕووی هەڵوەشاندنەوە و داڕمان بۆوە.
دوای داڕمانی سیستمی سەرمایەداری دەوڵەت لە سۆڤێت و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا، گۆڕانکاری و چاکسازی ئابووری مەزن لە چیندا… هەروەها شۆڕسی نوێیی تەکنیکی زانیاری وپەیوەندی ، گۆڕانکاری لە شێواز و جووڵەی کەپیتاڵ و کەلوپەل و خەڵکدا لە جیهاندا، پڕۆسەی گواستنەوە بۆ کەپیتالیزم لەو وڵاتانەی لە ڕووی ئابووری و سیاسسیەوە پاشکەوتوون، کەوتە قۆناغێکی نوێوە و ڕێبازێکی جیاوازی لە جاران گرتە بەر، کە پسپۆڕەکان ناویان لێناوە کەپیتالیزمی نووخبە crony capitaiism. هەموو ئەمانە کاردانەوەی خۆیان هەبووە لەسەر خورهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن. لە نوسینەکانی داهاتوومدا هەوڵ دەدەم بەردەوامی بە باسەکە بدەم، داواکارم بەردەوامبن لە خوێندنەوە و چاودێریکردنیدا.