بورهان شێخ رەئوف: گه‌نم و جه‌نگ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاردانه‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی‌ جه‌نگی‌ روسیا و ئۆكرانیا رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ زیاتر به‌ده‌رده‌كه‌وێت، چ له‌ بواری‌ وزه‌ (نه‌وت و غاز)، تا جه‌نگی‌ ئه‌ستێره‌كان و شه‌ڕی‌ ئاو و پاره‌ و دراو، دواترینیان شه‌ڕی‌ گه‌نمه‌ به‌وپێیه‌ی‌ ئۆكرانیا و روسیا دوو وڵاتی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كه‌ری‌ گه‌نمن له‌ جیهان.
دوای‌ سێ‌ مانگی جه‌نگی‌ نه‌گریسی‌ ئۆكرانیا زه‌نگی‌ مه‌ترسی‌ برسێتی‌ به‌ گوێی‌ هه‌موو وڵاتاندا ده‌درێ‌، هۆشداری‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ برسێتی‌ ده‌درێت، به‌هۆی‌ لاوازی‌ و نه‌بوونی‌ ئاسایشی‌ خۆراك له‌ زۆرێك وڵاتدا، مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ گرانی‌ و برسێتی‌ و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نم كاتێك سه‌ری‌ هه‌ڵدا، كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین وڵاتی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ گه‌نم واته‌ هیندستان بڕیاریدا ئیتر گه‌نم هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌كات، به‌ هۆی‌ به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما و دابه‌زینی‌ رێژه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان و دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كانی‌ ناوخۆ و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كه‌ی‌ له‌ بازاڕی ناوخۆیی‌ خۆیدا.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا رووده‌دات، هه‌موو كڕیارانی‌ گه‌نم روویان له‌ هندستان كردبوو بۆ دابینكردنی‌ پێداویستیه‌كانیان له‌ گه‌نم، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ده‌ریای‌ ره‌ش به‌رهه‌می‌ گه‌نم پاشه‌كشه‌ی‌ كرد به‌ هۆی‌ جه‌نگی‌ روسیاو ئۆكرانیا، له‌ كاتێكدا هیندستان به‌ ته‌مابوو ئه‌مساڵ 10 ملیۆن ته‌ن گه‌نم هه‌نارده‌ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت بزانین ئه‌م هه‌نگاوه‌ چ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ نیگه‌تیڤی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخ و قووڵتربوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ خۆراك.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ جۆرجیا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌نجینه‌كانی‌ گه‌نم ماوه‌یه‌كی‌ تر هیچی‌ تێدا نامێنێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و وڵاته‌ ساڵانه‌ 650 هه‌زار ته‌ن گه‌نمی‌ پێویسته‌، كه‌ خۆی‌ 15% ئه‌و رێژه‌یه‌ دابین ده‌كات، به‌ڵام له‌ هه‌نگاوێكی‌ دره‌نگ وه‌ختدا وه‌زیری‌ كشتوكاڵی‌ جۆرجیا بڕیاریدا روبه‌ری‌ زه‌وی‌ كشتوكاڵی فراوان بكات له‌ 15% بۆ 51%.
له‌گه‌ڵ درێژه‌ی‌ ئه‌م جه‌نگه‌ی‌ روسیاو ئۆكرانیادا، جه‌نگی‌ گه‌نم به‌رامبه‌ر به‌ چه‌كیش درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان روسیا له‌ لایه‌ك و وڵاتانی‌ ئه‌وروپا له‌لایه‌ك، به‌و پێیه‌ی‌ ئۆكرانیاش یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كه‌ره‌كانی‌ گه‌نم له‌ جیهاندا، وڵاتانی‌ ئه‌وروپاش سوودیان له‌و پێگه‌یه‌ی‌ ئۆكرانیا وه‌رگرتووه‌ و مه‌رجیان بۆ داناوه‌، كه‌ چه‌كی‌ ده‌ده‌نێ‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌نم، بۆیه‌ روسه‌كان هاواریان لێ‌ هه‌ڵساوه‌ و له‌ ئاژانسی‌ تاسه‌وه‌ رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ ئۆكرانیا بڕێكی‌ زۆر گه‌نم و ئاژه‌ڵ و گه‌نمه‌شامی‌ و به‌روبوومی‌ زه‌یتی‌، كه‌ ده‌گاته‌ بیست ملیۆن ته‌ن هه‌نارده‌ی‌ رومانیا ده‌كات به‌ كه‌شتی بارهه‌ڵگر، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ناوخۆی‌ خۆیان كورتهێنانیان هه‌یه‌، له‌و سه‌ریشه‌وه‌ چه‌ك و زه‌خیره‌ی‌ پێویست ده‌هێننه‌وه‌ بۆ ئۆكرانیا.
له‌ كۆتاییدا جگه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ وشكه‌ ساڵی‌ و به‌ بیانبوون ناوچه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستیشی‌ گرتۆته‌وه‌، به‌رهه‌مهێنانی‌ گه‌نم زۆر دابه‌زیووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش هۆكارن بۆ گرانی‌ و برسێتی‌ له‌ جیهاندا، وڵاتانی جیهانیش ده‌خوازن حكومه‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌نگاوی‌ خێراو به‌ په‌له‌ بهاوێژن بۆ چاره‌سه‌ری‌ خێراو خۆش ده‌ست.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت