دانا مەنمی: ئەرک و ڕۆڵی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان لە کۆمەڵگادا.
لە كۆمەڵگەی ئاسایدا ئەركی رۆشنبیر و نوسەرو ڕۆژنامەنوسان بە گشتی روانینە بۆ كۆی شتەكان بە چاوی رەخنەوە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی كۆی دیاردەكان و رەخنەگرتن لێیان بە مەبەستی بەرەو باشتربردنیان، بەڵام لەراستیدا مەسەلەكە لای ئێمە پێچەوانەیەو لە کاتێکدا دەبوو ڕۆشنبیرو نوسەرو ڕۆژنامەنوسانی کوردیش هەمان ڕۆڵیان هەبووایە، بەداخەوە زۆرینەی ڕۆشنبیرو نوسەران و ڕۆژنامەنووسان هەتا هونەرمەندو مامۆستایانی زانکۆکانیش تێوەگلاون لە پەتاو نەخۆشی حیزبایەتی و بەشێکیان کادرو فەرمانبەری حیزب و سەر بە دەزگا نهێنی و هەواڵگرییەکانی پارتی و یەکێتین و بەشەکەی تریشیان بونەتە کەرەستەو ئامرازی دەستی بەرپرسان و ماستاوچی و مەسینەهەڵگرن لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا، لە دیدی منەوە ئەم فۆڕمە لە ڕۆشنبیر یان نوسەرو ڕۆژنامەنوس یان هەر ناوێکی تر كەسێتی خۆیی لە دەستداوەو چیتر ئەو نە كەسێتی ئەوەی هەیە رەخنەگر بێت نە مافی ئەوەشی هەیە لە راستیدا رەخنەبگرێت.
ڕەخنەیبوونی ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان دەبێ ستراتیژ بێت و زانیاری ناسینی گروپ و دەستەو کۆمەڵەو ڕێکخراو حیزب و هەتا هەندەسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لەپێناو ماف و ئەرک و ئازادی و کەرامەتی ئینسانەکاندا هەبێت ،واتە زانیاری خوێندنەوەی شوناسی جیاواز بۆ هیزی جیاواز، پێناسی جیاواز بۆ مەسەلەو کێشەو کایەی جیاواز لە پێناو ئاشتی کۆمەلایەتی و سیاسی دا بێت کە پشت ئەستور بێت بە ژێرخانی فیکری و ئەخلاقی سیاسی و هوشیارییەکی پتەو لە پێناو بەرگریکردن لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی هەقیقەت وەک پێدراوێکی دیالۆگی کە دەرئەنجامی دیالۆگ دێتە کایەوە.
پارتی و یەکێتی لە خەباتی شاخ و شاردا هەریەكەیان بە ئاستێك ناپاكیان لە میللەت كردووەو دەستیان بە خوێنی رۆڵەكانی ئەم گەلە سوورە ورۆڵیان هەبووە لە خولقاندنی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و لە تۆقاندن و هێرش و پەلاماردان بۆ سەر ڕۆشنبیران و ونوسەران و ڕۆژنامەنوسانی ئازادو خەڵکی کوردستان، دیوی پشتەوەی هەموو کردەیەکی هێرش و پەلاماردان تیرۆرێکی سیاسی لێکەوتووەتەوەو لە پشتی هەر تیرۆرێکی سیاسیشەوە چاوساغی سوپای بێگانە بوون بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانیان، مرۆڤ ئەگەر کەمێک هوشیاری مێژوویی و سیاسی هەبێت ئەوا دەزانێت کە پارتی و یەکێتی چ عیلەتێکن و نابێتە مەسینەهەڵگری خێزانە سیاسییە نەخۆشەکانی ناو پارتی و یەکێتی كە هیچ دەربەستی میللەت و چارنووسی میللەت نین و نەوەی نوێی ناو ئەو خێزانە نەخۆشانەیش تابینەقاقایان لە تاوان و گەندەڵی و دزی و ناپاكیكردن لە میللەت نقووم بووە.
هەموو ئەو بەناو رۆشنبیرو نووسەرو هونەرمەندو رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆیانەی کە گۆرانی بە باڵای پارتی و یەکێتی و خێزانە لە سیاسی کەوتووەکانی ناو پارتی و یەکێتی دەڵێن: جگە لە مەسینە هەڵگرو ماستاوچی و داهۆڵ هیچیتر نین و کێشەی خەڵکی کوردستان ئەم گۆرانی گوتنە نییە بە باڵای پارتی و یەکێتی دا، بەڵكو كێشەی خەڵکی کوردستان دابینکردنی ژیانێكی باش و پاراستنی ئازادی و کەرامەت و شکۆی مرۆڤەکان و خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێویستە بەبێ جیاوازی ئیتنی و ئاینی و ئینتیمای سیاسی، کە دواجار ئەمە بە دیوێکدا بێ بەهاکردنی سیاسەتە لەپاڵ گۆرانی گوتن بۆ باڵای پارتی و یەکێتی و ڕۆڵی مەسینەهەڵگری و ماستاوچێتی دەستی بەكڵاوی خۆیەوە گرتووەو رۆڵێکی پاسیڤی وەرگرتوەو ترسنۆکانە رەخنە لە ئیرادەو قولـلەی قاف دەگرێ.!