هیوا ناسیح: ڕه‌نجی بێوه‌ری فه‌رهاده‌کان بۆ (شیرین)ی نیشتمان.
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی (ره‌نجی فه‌رهاده‌کان)
له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا کتێبی بیره‌وه‌رییه‌کانی دکتۆر هه‌ژار مهعروفم به دیاری له لایه‌ن به‌ڕێزیه‌وه به‌ده‌ست گه‌یشت، پاش خوێندنه‌وه‌ی وه‌ک به‌ڵێنم پێی‌دابوو حه‌زم کرد وتارێکی له‌سه‌ر بنوسم، ئه‌م کتێبه 433 لاپه‌ڕه‌یه، 33 لاپه‌ڕه‌ی کۆتایی وێنه و به‌ڵگه‌نامه له خۆ ده‌گرێت، ساڵی 2020 له باشور چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه.
نوسه‌ر ساڵی 1954 له سلێمانی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئاینی و ئه‌ده‌بدۆست له‌دایک بووه، مه‌وله‌وی شاعێر ده‌بیته باپیره‌گه‌وره‌یان له دایکه‌وه، ئه‌م خوێندکارێکی زیره‌ک بووه، له کۆلیجی پزیشکی وه‌رده‌گیرێت، هه‌ر له لاوێتیدا خولیاى كوردایه‌تى له ناخیدا دروست بووه. بۆیه له كاتێكدا له كۆلیجى پزیشكی خوێندۆیه‌تى 1975 ویستویه‌تى واز له خوێندن بهێنێت و ببێته پێشمه‌رگه. خزم و دۆسته‌كانى په‌شیمانی ده‌که‌نه‌وه و داوای لێده‌که‌ن خوێندنه‌كه‌ى ته‌واو بكات، دواى ئه‌وه‌ى دكتۆر هه‌ژار ده‌بێته پزیشك و له سلێمانى بۆ ماوه‌یه‌ك كارى پزیشكى ده‌كات جارێكى تر خولیاى بون به پیشمه‌رگه ئۆقره‌ى لێ ده‌بڕێت و له مانگى 8 ساڵى 1979 ماڵ ئاوایی له دایك و براو كه‌س و كارى ده‌كات و په‌یوه‌ندى به شۆڕشه‌وه ده‌كات. پاش پێنج ساڵ و نیو پێشمه‌رگایه‌تی، به‌شداری ده‌یان چالاکی و چاره‌سه‌ر و تیمارکردنی سه‌دان پێشمه‌رگه و خه‌ڵکی ناوچه ڕزگارکراوه‌کان، له ئه‌نجامی ناکۆکی ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵه و باڵه‌کانی تری نێو یه‌کێتی، ئه‌م ده‌بێته هاوسۆزیی باڵی ئاڵای شۆڕش، به‌ڵام ئیتر بێزار ده‌بێت و دڵى له پێشمه‌رگایه‌تى سارد ده‌بێته‌وه‌و بڕیار ده‌دات به‌ره‌و هه‌نده‌ران بڕوات. دواجار خۆی و خێزان و كوڕه بچوكه‌كه‌ى له كۆتایی مانگى دیسه‌مبه‌ری 1984 ماڵ ئاوایی له هاوسه‌نگه‌ران و هه‌موو یاده‌وه‌ریه خۆش و ناخۆشه‌كانى ده‌كات و به دڵێكى شكاوه‌وه له شاخى سورێنهوه به‌ره‌و ئێران ده‌كه‌ونه ڕێگاو له‌وێشه‌وه بۆ سوریا‌و دواى زهحمهتێكى زۆر ده‌گه‌نه وڵاتى ئه‌ڵمانیا. له‌وێ دوای چه‌ندان ساڵ جێگیر ده‌بێت و دکتۆرا له بواری ده‌رونناسیدا به‌ده‌ست دێنێت، پێش ده تا دوانزه ساڵێک ده‌گه‌ڕێته‌وه باشور و ده‌بێته مامۆستا له زانکۆی سلێمانی و نۆڕینگه‌ی پزیشکی نه‌خۆشی ده‌رونی ده‌کاته‌وه.
ئه‌وه‌ی گرنگه له نوسینی هه‌ر بیرهوهرییهکدا، که مرۆڤه‌که خۆی نه‌کات به سوپه‌رمان و بێ هه‌ڵه و بێ‌تاوان، به‌تایبه‌ت گه‌ر له کایه‌ی سیاسی و شۆڕشدا کاریکرد، هه‌روه‌ها به مرۆڤه‌کانیشدا هه‌ڵنه‌دات که خۆشی ده‌وێن و سه‌رکرده و ڕابه‌ر و لێپرسراو بوونه له سهردەمهکهیدا، له‌مه‌ش گرنگتر منهتنهکردنه به سه‌ر گه‌ل و میلله‌تدا که تۆ خه‌باتت بۆی کردوه. من هاوسه‌نگی و خۆبه سوپەرماننهکردن و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن و خاکیبوونی نوسه‌رم له‌م بیره‌وه‌ریانه‌دا خوێنده‌وه. جگه‌له‌وه‌ی به زمانێکی ساده و ڕه‌وان و ئه‌ده‌بی جوان دایڕشتوه، ئه‌مه وایکردوه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک بابه‌ت زیاد درێژکراوه‌ته‌وه، به‌ڵام خوێنه‌ر هه‌ست به بێزاری ناکات. جگه له‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوبراو دکتۆری ده‌روونییه، شیکاریی جوان بۆ که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی ناو شۆڕش ده‌کات له ڕووی ده‌روونییه‌وه. هه‌روه‌ها باسی قاره‌مانی و له‌خۆبوردوویی هه‌ندێک که‌س و بێوه‌فایی هه‌ندێک سه‌رکرده و ناپاکی هه‌ندێک که‌س ده‌کات.
له لاپه‌ڕه 293دا له ژێر ناونیشانی (ئه‌م ده‌ستاڕه که‌ی له هاڕین ده‌که‌وێت) ده‌نوسێت: هه‌موو گه‌مه خوێناوییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ک هاڕینی دانه‌وێڵه بوو به ده‌ستاڕ. به‌رده گه‌وره ئه‌ستور و به‌هێز و قورسه‌که‌ی ژێره‌وه ده‌بێت له شوێنێ خۆی بێ و نه‌جوڵێت: ئه‌وه سود و قازانج و پێگه‌ی ستراتیجی وڵاتانی زلهێزه. به‌رده سوکهکهی سه‌ره‌وه که به‌رده‌وام له خولاوه‌نه‌وه‌دایه و ناوبه‌ناو ده‌بێت بگۆڕدرێ، ئه‌وه رژێمه‌کان و ده‌سته‌ڵاتدارانی خۆجێیی ناوچه‌که‌ن. دانه‌وێڵه‌که‌ش: ئه‌وه خه‌ڵکی زۆرینه‌ی ناوچه‌که‌ن، ده‌بێ به‌رده‌وام بهاڕدرێن و ورد ورد کرێن!
دکتۆر هه‌ژار وه‌ک مرۆڤێکی راستینه به مانا و ره‌هه‌نده مه‌عریفییه‌که‌ی نه‌ک به‌داخ و هاوسۆزه بۆ پێشمه‌رگه شه‌هیده‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی براکان له شاخ و برینداره‌کانیشیان وه‌ک بریندارانی حزبه‌که‌ی و هاوبیرانی خۆی تیمار ده‌کات، به‌ڵکو سۆزی بۆ ژینگه و گیانه‌وه‌رانیش هه‌یه، هه‌ر بۆیه کاتێک ئێسترهکهی ئه‌مان پێشمه‌رگه برینداره سه‌خته‌که‌ی له پشته و به‌نێو کڕێوه و به‌سته‌ڵه‌ک و به‌فرێکی باریوی زۆردا به‌ره‌و ئێرانی ده‌به‌ن، ئه‌مان ده‌گه‌یه‌نێته جێگه‌ی مه‌به‌ست، دکتۆر دێت ناوچه‌وانی ئێستره‌که ماچ ده‌کات! جارێکی تریش پێشنیاز ده‌کات، له‌بری ئه‌و خزمه‌ته زۆره‌ی ئێستر له شاخ به پێشمه‌رگه و شۆڕشی کردوه په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی له شاردا بۆ دروستبکرێت، کاتێک کوردستان ئازاد بێت.
ئه‌وه‌ی جێگای ده‌ستخۆشییه زمانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه و پاراویی کوردییه‌که‌یه‌تی، له زۆر جێگا وشه‌ی نه‌بیستراو یان کهمبیستراوی کوردی به‌کار هێناوه له‌بری ئه‌م وشانه، وه‌ک: خۆدهربڕ/ سه‌ریح، ناخۆئاگایی/ نه‌ست، خۆراکاو/ موغه‌زی، ئاویدڵۆپاو/ موقهتهر، هاوژینگیری/ هاوسه‌رگیری، میزدان/ میزه‌ڵدان، سه‌نگاندن/ هه‌ڵسه‌نگاندن، ئهزموده/ بهتهجروبه، سهماگا/ دیسکۆ، خورپه‌ی ده‌رونی/بیرهاتنه‌وه‌ی له پڕی بیره‌وه‌ریی تاڵ، ههستشێوان/ نه‌خۆشی ده‌روونی، پورهخهمه/ له‌بری مامه خه‌مه بۆ ژنی خه‌مخۆر و… هتد.
له لاپه‌ڕه 155دا به‌راوردێکی جوانی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد ده‌کات به‌رامبه‌ر به کێشه‌ی فه‌له‌ستین و بێ هه‌ڵوێستی و بێ وه‌فایی عه‌ره‌ب به گشتی و فه‌له‌ستینییه‌کان به‌تایبه‌تی. بابه‌ته‌که له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌کات کاتێک دکتۆر هه‌ژار ساڵی 1985 له دیمه‌شق بێکار و هه‌ژار و بێحاڵ ده‌بێت، بڕوانامه پزیشکییه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت و ڕووده‌کاته که‌مپی یه‌رموکی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستین تا کارێکی له‌وێ ده‌ستکه‌وێت، که‌چی پاسه‌وانه‌که‌ی به‌رده‌رگا ناهێڵێت بچێته ژووره‌وه، بگره به خوێنساردییه‌وه ده‌ڵێت: تۆ کوردی دژی سه‌ددامی و ئێمه تۆمان ناوێ و ته‌واو! لێره‌وه دێته‌سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی چۆن گهریللاکانی پێ‌کاکا شانبه‌شانی فه‌له‌ستنینییه‌کان ساڵی 1978 کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشوری لوبنان، هه‌روه‌ها ساڵی 1982 کاتی ئابڵۆقه‌دانی به‌یروت ده‌یان شه‌هیدیان دا، که‌چی ده‌بینین گه‌لانی موسوڵمان به گشتی به ئیخوانی کوردی (یه‌کگرتوو)شه‌وه و عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینییه‌کان به‌تایبه‌تی هه‌رگیز ئه‌م بابه‌ته باس ناکه‌ن و له‌به‌ر چاویان نییه، ته‌نانه‌ت وه‌ک نوسه‌ر ده‌ڵێت: کاتێک سه‌رکردایه‌تی رێکخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین و یاسین عه‌ره‌فات ناچار ده‌کرێن به‌یروت بهجێبهێڵن و ڕوو له تونس ده‌که‌ن، یاسر عه‌ره‌فاتی ڕابه‌ری گشتی ئه‌وسای فه‌له‌ستین له وتارێکیدا باسی شه‌هیدانی هه‌موو گه‌لانی تر ده‌کات که خه‌باتیان بۆ فه‌له‌ستین کردوه و له‌پاڵ ئه‌واندا شه‌هیدیان داوه، که‌چی باس له‌و شه‌هیدانه‌ی پێ‌کاکا نادات، چونکه کوردن!
دکتۆر هه‌ژار دیمه‌ن و هه‌ڵوێستی گه‌وره ئه‌منێکی عه‌ره‌ب، که لێپرسراوی لقی حهطین بووه له سلێمانی به‌رامبه‌ر مامۆستا ڕه‌وف عوسمانی برای ده‌گێڕێته‌وه به ناوی ئه‌بو دونیا، کاتێک ناوبراو مامۆستا ڕه‌وف عوسمانی برا گه‌وره‌ی دکتۆر هه‌ژار بانگ ده‌کات بۆ لێکۆڵینه‌وه پێی ده‌ڵێت: خۆت به‌عسی نیت و له هه‌موو بنهماڵهکهشتان به‌عسییه‌کی تێدا نییه، به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستیت له نێو مامۆستاکان و خه‌ڵک و نێو پۆلدا کاتی وانه‌وتنه‌وه به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ دژی به‌عس و حکومه‌ت قسه ده‌که‌یت، دووه‌م برا دکتۆرهکهشت چه‌کی خیانه‌تی هه‌ڵگرتوه دژمان. تا ئێستا ده‌نگمان نه‌کردوه چونکه، مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بی زۆر سه‌رکه‌وتوویت و زۆر ستایشت ده‌که‌ن، تۆ مامۆستای مناڵهکانمانی، به‌ڵام ئیتر ته‌واو، ئیتر ده‌ست ده‌کات به جنێو و سوکایه‌تی به مامۆستا ره‌وف و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێ ده‌کات، کاتێک مامۆستا ره‌وف ده‌یه‌وێت به‌رگری له خۆی بکات، ئهبودونیای شۆفێنی و دڕنده رێگای قسه‌کردنی پێ نادا و تفێکیش ده‌کاته ده‌موچاوی مامۆستا ره‌وف، کاتێک ئه‌م ده‌سته‌سڕه‌که‌ی ده‌ردێنێت تا تفه‌که‌ی سهردهموچاوی بسڕێت، ئه‌و جانه‌وه‌ره ده‌مانجه‌که‌ی ده‌ردێنێت، لوله‌که‌ی ده‌خاته سه‌ر لاجانگی و پێی ده‌ڵێت: بیسڕیت هه‌ر ئێستا ده‌تکوژم، پاش سوکایه‌تی ده‌یکاته ده‌ره‌وه! به‌ڕاستی ئه‌م ڕووداوه‌ی نوسه‌ر له کێتهبهکهیدا گێڕاویه‌ته‌وه زۆر ئازاریدام، چونکه جگه‌له‌وه‌ی که خۆی تاوانێکی قێزه‌ون و ناشرینه جا به‌رامبه‌ر هه‌ر که‌سێک بکرێت، من مامۆستا ڕه‌وف باش ده‌ناسم، دوو ساڵ له ئاماده‌یی کوڕانی سلێمانی وانه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی پێ گوتومهوه، خۆم به قه‌رزاری ئه‌و هه‌موو ڕێز و زانست و زانیارییانه‌ی ده‌زانم، ده‌زانم چه‌ند که‌سێکی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست و دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ره، لێره‌وه هیوای ته‌مه‌ندرێژی و ته‌ندروستی بۆ ده‌خوازم. خۆشبه‌ختانه، ئه‌و دڕنده به‌عسییه له کاتی راپه‌رین 7ی ئازاری 1991 له کاتی به‌رگریکردن له مونهزهمهکهیان له سلێمانی به سزای خۆی ده‌گات.
هه‌ندێک سه‌رنج و تێبینیم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که هه‌یه، که ئه‌مانه هیچ له بایه‌خی کتێبه‌که که‌م ناکه‌نه‌وه، ل26 نوسه‌ر باس له شیعری (بارزانی پێشمانکهوه بارزانی) ده‌کات، که هی هه‌ژار موکریانییه، نه‌ک شێرکۆ بێکه‌س، وه‌ک ئه‌م نوسیویه‌تی. ئینجا ل٤٦ ده‌قی شیعره‌که‌ی پیره‌مێرد ڕاستیه‌که‌ی ئاوایه (شه‌وێک پیاوێ له به‌فرا ما نه‌مرد ئاگرێکی دووری دی)، به‌ڵام نوسه‌ر وای نوسیوه (شه‌وێ پیاوێ له به‌فرا ما نه‌مرد دی ئاگرێکی دێ). سه‌رنجێکی دیش ئاشکرایه ئه‌نجامی دروستکردن و جیابوونه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش ساردبوونه‌وه‌ی سه‌دان پێشمه‌رگه و کادر و ئه‌ندامانی ڕێکخستن و ته‌سلیمبوونه‌وه‌ی ده‌یان پێشمه‌رگه به ڕژێم بوو، نوسه‌ر جگه‌له‌وه‌ی خۆشی چه‌رمه‌سه‌ری و دڵساردبوونهوه و ماندووبوونی بۆ کێشاوه، که‌چی هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بۆ ئه‌و جیابوونهوهیهو دروستکردنی رێکخراو له نێو رێکخراوێکی تردا، که کۆمه‌ڵه بوو نه‌کردوه. مادام خۆی له نێو ڕووداو و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا ژیاوه ده‌بوو هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕای خۆی له ئێستادا و پاش ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌ن و ئه‌زمونه بنوسیایه. له لایه‌کی تره‌وه به نازناو باسی ده‌یان که‌سی هه‌لپه‌رست و وه‌ک ده‌ڵێن کوڕی رۆژی کردوه که چۆن که‌مترین قوربانیان داوه و زۆرترین قازانجیان له شۆڕش کردوه، به ڕای من ده‌بوو گه‌ر به پیتی یه‌که‌می خۆی و باوکیشیان بوایه ناوی بهێنانایه، تا بناسرێنه‌وه، له ڕووی یاساییشه‌وه له‌سه‌ری ناکه‌وت.
له پاشکۆی کتێبه‌که‌دا نوسه‌ر چه‌ندان وێنه و دۆکیۆمێنت بڵاوده‌کاته‌وه، هه‌ندێکیان وێنه‌ی یادگاریی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی و هه‌ندێکیان هی ئه‌وروپان، باس له چه‌ندان چالاکی مه‌ده‌نی و سیاسی ده‌کات، که ڕێکخه‌ر یان به‌شداربووه تێیاندا وه‌ک پشتیوانی بۆ شۆرشی کورد، بۆ نمونه کاتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌م یه‌کێک بووه له رێکخه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی چالاکی هێرش کردنه سه‌ر نوسینگه‌ی هێڵێ ئاسمانی عێراقی له فرانکفورت و کۆنترۆڵکردنی له رۆژی 23- 03- 1988 که ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی له نێو میدیای ئه‌ڵمانیدا به‌دوای خۆیدا هێناوه. دوای ڕاپه‌رینیش هاوکاری ئه‌و گوندانه‌ی کردوه که رۆژێک تێیدا حه‌ساوه‌ته‌وه و خزمه‌تیان کردوه. به کورتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که ڕاپۆرتێکی گشتیی و فراوانه له‌سه‌ر شۆڕشی کورد به‌گشتی و یه‌کێتی به‌تایبه‌تی، به هه‌موو خه‌بات و خوێن و خیانه‌ت و پاکی و دڵسۆزی و شه‌هیدبوون و قوربانیداییه‌وه.