سەلاح حسێن ئەفەندی: ئاژاوە، نائومێدی، ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەت/ بەشی دوووەم.
ئاژاوە و نائومێدیی و بێمتمانەیی کە باڵی بەسەر هەرێمی کوردستان، عێراق و چەندین وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە، دەرئەنجامی فاکتەری مێژوویی و ئێستای ناوخۆی ئەو وڵاتانە و خەسڵەتی تایبەتی هاوبەشی ناوچەکەیە، ئەو گۆڕانکارییە مەزن و خێرایانەیە کە جیهان پێیاندا تێپەڕدەبێ،هەروەها ئەو زەمینە و مەرج و ئەگەرانەیە کە ئەمڕۆ لەبەر دەستان.
دوابەدوای شۆڕشی پیشەسازی لە ئینگلتەرا، شۆڕشی فەڕەنسی، پڕۆسەی فراوانبوون و بڵاوبوونەوەی کەپیتالیزم لە جیهاندا، گلۆبالیزم، پرۆسەی گواستنەوەی وڵاتان و ناوچەکانی جیهان بۆ ئەو سیستەمە و بوون بە بەشێک تیایدا و گەشەکردن و کامڵبوونیان لە سایەیدا، هەر وڵات و ناوچەیەک بە پێیی تایبەتمانداری و خەسڵەتە تایبەتەکانیان، بە خۆشی و ناخۆشی، بە شەڕ و ئاشتی، کەم یان زۆر بەشداریان تیادا کردووە.
لە هەموو قۆناغەکانی ئەم پڕۆسەیەدا وڵاتانی جیهان دوو ڕێبازیان لەبەر دەمدا بووە: چاکسازی و ڕێگەخۆشکردن بۆ گەشەکردن و بوون بە بە شێکی بەهێز و کاریگەر لە سیستمەکە، کە تیایدا بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. یاخود، لاوازی و دواکەوتن و پاشکۆیەتی، کە تیایدا خەڵکی تر، وڵاتان و کومپانیا زەبەلاحەکانی جیهان، بە پێیی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن. لەم سیستمە و هەموو سیستمەکانی تری پێشوودا، مێژوو ڕەحمی بەکەس نەکردووە و هیچ هێز یان وڵاتێک بێ بوونی بەرژەوەندی هاوبەش بەدەنگی کەسەوە نەچوون.
دوابەدوای شکستهێنان و داڕمانی سەرمایەداری دەوڵەت لە دەوڵەتە سۆسیالیستەکان و چەندین وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، پڕۆسەی گواستنەوە بۆ کەپیتالیزم و کامڵبوونی لەو وڵاتانەدا، کەوتە قۆناغێکی نوێی جیاوازەوە، قۆناغی کەپیتالیزمی نووخبە. هەر شوێنە بە پێیی خەسڵەت و زەمینە و مەرجی تایبەتی خۆیان، ئەو ڕێبازیان گرتەبەر.
ئەو وڵات و ناوچانە، هەر یەکێکیان تایبەتمەنداری خۆیان لە پڕۆسەی گواستنەوەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کەپیتالیزمی نوخبە، هێڵ و خەسڵەتی گشتی هەیە کە بوونەتە خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموویاندا، کە لێرەدا دەتوانین هەندێکیان گرد بکەینەوە:
A- بە پێچەوانەی سەرمایەداری دەوڵەتەوە، سەرمایەداری نوخبە قاپی بۆ جیهان و بازاڕی جیهان خستۆتە سەر پشت ، ڕێگەی بە کومپانیا و بانک و وەبەرهێنەری دەرەکی داوە، بە مەرج و ئاستی جیاواز لە وڵاتییەکەوە بۆ وڵاتێکی تر، ڕوو لە وڵاتەکانیان بکەن.
B- نوخبەی دەستەڵاتداران، بە پێچەوانەی سەرمایەداری دەوڵەتەوە، ڕێگە بە بوون و گەشەکردنی کەرتی تایبەتی دەدەن و پشتگیری دەکەن، بە مەرجێک بێ ئەوی خۆیانی بۆ هیلاک بکەن و سەرمایەی خۆیانی تیادا بخەنە گەڕ، قۆرخکردنیان و شەریکایەتیکردن و دابەشکردنی داهات لە گەڵیاندا مسۆگەر بکەن.
C- نوخبەی دەستەڵاتدار، هەر وەکو سەرمایەداری دەوڵەت، مامەڵە بە سامان و داهاتی گشتێوە دەکەن، داموودەزگای دەوڵەت بۆ ئەو مەبەستانە بەکاردەهێنن، بە ڕێگەی یاسایی و نایاسایی، بە گەندەڵی یان بە تەوافوق، وەک تاک یان بە کۆمەڵ بەشی خۆیان دەبەن. لێرەدا هەتا دەستەڵاتی ناوەندی دەوڵەت و نوخبەی دەستەڵاتدار بەهێز و یەک دەنگ بن، دابەشکردنەکە بە بەڕنامە و سیستەم بەڕێوە دەچێ و ڕوخسارێکی یاسایی پێ دەدرێت، هەتا دەستەڵاتی ناوەندی لاواز بێت و نوخبەی دەستەڵاتدار پەرشوبڵاو بێت، گەندەڵی گروپ و تاک تیایدا زیاد دەکات.
D- سەرمایەداری نوخبە، بە ڕێژەی جیاواز، چاکسازی مەزن و بچووک لە بوواری ئابووریدا دەکەن، هەتا ئەو ئاستەی کۆنترۆڵ لەدەست نەدەن ڕێگە بۆ گەشەکردنی ئابووری وڵاتەکە خۆش دەکەن. ئەو چاکسازییە مەزنە ئابووریانە بوونەتە هۆی گەشەکردنێکی بێ هاواتایی ئابووری خێرا و فرەلایەن لە هەندێ وڵاتانی جیهاندا ، نموونەی ئەوانە لە چین و هندستان و ڕاوەندا و وڵاتانی کەنداو…
E- بەهۆی گەندەڵی ولادانی بەشێک لە سامان و داهاتی گشتی، بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ کڕینی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، گەندەڵێکی زۆر لە پرۆژەکاندا، نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر کڤالیتێت، خزمەتگوزاری و خۆشگوزاری لە چاو داهات و سامانی زۆری وڵاتەکاندا، لە ئاستێکی نزم و خراپدان. لێرەشدا هەتا دەستەڵاتی ناوەندی دەوڵەت، یەکێتی و کۆنرۆڵی نوخبە لاوازبێت، گەندەڵی بەەرفراوانتر دەبێت و خزمەتگوزاری خراپتر دەبێت.
F- نوخبەی دەستەڵاتدار لە ڕووی سیاسییەوە، هەتا بۆیان بکرێت، دژایەتی چاکسازی دیموکراسیانە و ماف و ئازادی مرۆڤ دەکەن. ئەوانە ڕێگە نادەن بە هەڵبژاردنی پوختە و کاری پەڕلەمانی دروست و میدیای ئازاد، ئەگەر بشهێڵن هەوڵ دەدەن قۆرخی بکەن و بۆ هەڵفریواندی خەڵک و پوچەڵکردنەوەی نارەزایی و کرینی ئۆپۆسیسیون بە کاریان بهێنن. بودجەیەکی زۆر بۆ خۆبەچەککردن تەرخان دەکەن و هەندێکیان دەبنە هەڕەشە لە سەر دیموکراسی و ئاسایشتی دەوروپشتیان، نموونەی شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا.
G- نایەکسانی و ناعەدالەت و ناشەفافێت زیاد دەکات، جیاوازێکی مەزن و خێرا لە نێوان سەروەت و داهاتی سەرمایەدارانی نوخبە و کەپیتالیستەکان بە بەراورد لەگەڵ زۆرینەی خەڵک دروست دەبێت.
شکستهێنانی سەرمایەداری دەوڵەت، کردنەوەی سنووری وڵاتان ڕووبەڕووی یەک، شۆڕشی نوێی تەکنەلۆجی زانیاری و پەیوەندی کە بڵاوبوونەوەی زانیاری و شێوازی کار و زانیاری لەسەریەک و پەیوەندی لە نێوان خەڵکی وڵاتانی جیهان و خەڵکی ناو خودی وڵاتەکان زیاتر کرد، گۆڕان لە شێواز و جووڵەی کەپیتاڵ و کەلوپەل و مرۆڤدا ڕوویدا، ئەگەر چی تیایدا سەرمایەداری نووخبە سەری هەڵدا و بەهێز بوو، بەڵام قاپی خستۆتە سەر پشت بۆ گۆڕانی خێرا لە سەرانسەری هەموو جیهاندا.
هەموو ئەمانە بووە هۆکاری ئەوەی چەندین وڵات و شوێنی جیهان کە پێشتر چەقبەستوو و هەژار و دواکەوتوو بوون، گەشەکردنی ئابووری مەزن تیایاندا ڕووبدات، لەو لایەنەوە جیهان یەکسانتر بێت. ئەمە ڕوویەکی پڕۆسەکەیە، بەڵام ڕووەکەی تری، پەیدابوونی چەندین کۆسپ و قەیرانی ئابووری و سیاسی نوێیە لە جیهاندا کە پێویستان بە چارەسرکردن هەیە.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یەکێ لەو ناوچانەیە کە تایبەتمەنداری خۆی هەیە، کە بەهۆی چەندین فاکتەرەوە، ژمارەیەک لە وڵاتەکانی لەم پڕۆسەیەدا گەشەکرنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام بەشێکیان کەوتونەتە گێژاو و قەیران و شەڕ و ئاژاوەوە. دوای داڕمانی سەرمایەداری دەوڵەت لە هەندێکیاندا، دەستەڵاتی ناوەندی تیایاندا لاوز بوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شێوازێکی تایبەتی سەرمایەداری نووخبە تیایاندا سەری هەڵداوە. لە بەشەکانی داهاتوودا لەسەر باسەکە بەردەوام دەبم ، داواکارم لە خوێندنەوەیاندا بەردەوامبن و لە ڕاستکردنەوە و دەوڵەمەندکردنیاندا بەشداربن.