عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: زیندانیکردنی 25 نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند.
نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی کورد، به‌چه‌کی قه‌ڵه‌م و هونه‌ر، پێشه‌نگی هه‌موو جموجۆڵ و گۆڕانکارییه‌کان بوون به به‌رهه‌م و هه‌ڵوێسته‌کانیان رۆڵی ئه‌دب و هونه‌ریی به‌رگری و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی به‌های باڵایان نواندووه دژ به داگیرکه‌رانی خاک.
دوای هه‌ره‌سی 1975، نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی کورد به تێکستی ئه‌ده‌بی له بواری هۆنراوه‌و کورته چیرۆک و شانۆ و رۆمان و سیناریۆ و ده‌نگ و ئاواز‌و مۆسیقا‌و هونه‌ر له نێو تارمایی ترس و گومان و شه‌وه‌زه‌نگی داڕمان، بروسکه‌ی بیری نوێ و هه‌ڵوێستی نوێیان بۆ به‌رگری له زمان و خاک و کلتوری کورد گه‌یانده سه‌راپا نیشتمان.
ئه‌و نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندانه، به ده‌ق و به‌رهه‌مه‌کانیان چرای هیواو ئیراده‌یه‌کی پۆڵاینی به‌رگریان له کۆڕ‌و کۆبونه‌وه‌ی هۆڵ و باخچه‌ی یه‌کێتی نووسه‌ران و سه‌ر سه‌کۆی شانوکاندا داگیرساند.
له نێو به‌غدادی پایته‌ختی عێراق و شاری سلێمانی و هه‌ولێرو که‌رکوک و دهۆک و له نێو شاخ و شۆڕش، به هه‌موو بیر‌و بۆچوونه جیاجیاکانیانه‌وه، به نووسین و هونه‌ره‌که‌یان خاوه‌نی یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێستی نیشتمانی ووتاریی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تی بوون.
که‌س نییه کۆڕوکۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌ده‌بی به‌رگری یه‌کێتی نووسه‌رانی سه‌رده‌می دوای ئاش به‌تاڵی لا کاڵ بێته‌وه، نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان له به‌غداد و که‌رکوک و سلێمانی و هه‌ولیر و دهۆک، به تێکستی شیعر‌و چیرۆک و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، به ده‌نگ و ئاواز‌و سروودی نیشتمانی، به شانۆ کانیان، به‌جۆرێک وره‌و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ریان بڵند ده‌کردوه، هه‌موو چرکه‌کانی ژیانیان له ده‌قه‌کانیاندا پڕ بوو له هونه‌رو ئه‌ده‌بی به‌رگریی ره‌مزیی، خه‌ڵک به په‌رۆش و حه‌ماسه‌وه روویان ده‌کرده هۆڵ و باخچه‌ی نووسه‌ران و شانۆکانی شار، ده‌نگی یاخی بوون و ره‌تکردنه‌وه‌ی پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی ژه‌هراوی داگیرکه‌رانیان پوچه‌ڵ ده‌کردوه.
هۆڵی کۆڕوکۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆ و فیستیڤاڵه‌کان به ده‌نگ و ئاوازی گۆرانی و سروود، به جۆرێک سیخناخ ده‌بوو، جێگا نه‌ده‌ما، ئەو شه‌پۆلی هه‌ژانه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌ی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، به جۆرێک کاردانه‌وه‌یان هه‌بوو، سه‌راپا هه‌ست و نه‌ست و رۆحی هاوڵاتیان تێکه‌ڵ به تێکسته ره‌مزییه‌کان و ئاواز‌و سیناریۆی شانۆییه به‌رگرییه‌کان ده‌کرد.
چه‌ندان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له شاره‌کانی کوردستان به سیناریۆی جیاجیا ده‌سگیرو زیدانیکران، له‌سێداره‌و گووله باران و بێ سه‌ووشوین کران. چه‌ندان نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند پێشمه‌رگه‌بوون له‌شاخ و له‌سه‌نگه‌ری ئه‌ده‌بی به‌رگری شه‌هیدکران. وه‌ک ( سالح یوسفی، عه‌بدولخالق مه‌عروف، محه‌ره‌م محه‌مه‌د ئه‌مین، محه‌مه‌د ئه‌مین پۆڵا، مه‌لا عه‌لی، بورهان مسته‌فا مه‌عروف، جه‌میل ره‌نجده‌ر، عه‌بدولوه‌هاب سابیر، که‌مال قه‌مه‌رناز، به‌رزان عوسمان، قادر کابان، دڵشاد مه‌ریوانی، شاکر فه‌تاح.
له هه‌موو کۆڕوکۆبوونه‌وه‌کانی نووسه‌ران له هۆڵی شانۆکانی سلێمانی و هه‌ولیرو دهۆک، باوه‌ڕپێکراوی ئه‌من و جاسوسی تایبه‌تی سه‌ر به ئه‌من هه‌بوو، به‌جلی مه‌ده‌نیه‌وه به‌شداریان له‌و بۆنانه‌دا ده‌کرد، ئامێری تۆماری تایبه‌تی سه‌ر به ئه‌منیان پێ بوو، هه‌موو ده‌قه‌کان و به‌رنامه‌ی کۆڕه‌کان و پرسیار‌و وه‌ڵام و لێدوانه‌کانی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانیان تۆمار ده‌کرد، به به‌رده‌وامی راپۆرتیان له‌سه‌ر نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، ده‌قه ره‌مزییه‌کان تۆمار ده‌کردو ده‌یانگه‌یانده دائیره‌ی ئه‌من.
ئه‌م نووسراوه‌ی ئه‌منی سلێمانی که لێره‌دا بڵاومان کردووه‌ته‌وه، له سه‌ر ئه‌و هه‌موو راپۆرتانه گه‌ڵاڵه کراوه، که باوه‌ڕپێکراوه‌کانی ئه‌منی سلێمانی و جاسوسه‌کان له سه‌ر ئه‌م 25 نووسه‌رو هونه‌رمه‌نده تۆماریان کردوون.
له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌می عامه‌وه
بۆ ئه‌منی بلده
به ژماره / (م .د /م 4/ 2860 له 4/3/ 1991 به ناو‌و ناوه‌رۆکه‌که‌یه‌وه :
بابه‌ت :ده‌ستبه‌سه‌ر
به راوێژ به پارێزگار، سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌من، به بڕیاری به‌رێوه‌به‌ری ئه‌من ی سلێمانی، بڕیاری ده‌ست به سه‌ر کردنی 25 نووسه‌روهونه‌رمه‌ند له یه‌ک کات و له یه‌ک شوێندا له ناو شاری سلێمانی خراوه‌ته روو، له سلێمانی ده‌سگیر و زیندانی بکرێن، بۆ رۆژێ ئه‌گه‌ر شه‌پۆلی خه‌ڵکی ڕاپه‌ریوی شار هێرش بکه‌نه سه‌ر دام و ده‌زگاکانی ئه‌من و ئستیخبارات، ئه‌م 25 نووسه‌رو هونه‌رمه‌نده، هه‌ر هه‌موویان بکرێنه دیوارێکی شورا بۆ پارێزگاری له ئه‌من و ئیستیخباراته‌کانی شار.
ئه‌م بڕیاره 4/ 3/ 1991 ، سێ رۆژ پێش راپه‌ڕینی 7/3/ 1991 ده‌رکراوه، ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌و نووسه‌روهونه‌رمه‌ندایه که له و راپۆرته‌که‌دا تۆمار کراوه:
1- محه‌مه‌د حسین به‌رزنجی
2- جه‌لال مه‌حمود عه‌لی
3- زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز
4- ره‌ووف حه‌سه‌ن
5- ره‌ووف بێگه‌رد
6- ره‌ووف عوسمان
7- حه‌سیب قه‌ره‌داغی
8- حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن
9- عه‌بدوڵڵا میدیا
10- شێرزاد حه‌سه‌ن
11- عه‌بدولقادر سه‌عید
12- عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی
13- فوئاد قه‌ره‌داخی
14- جه‌مال محه‌مه‌د ئیسماعیل
15- فوئاد مه‌جید میسری
16- حیکمه‌ت هیندی
17- ئه‌حمه‌د سالار
18- سه‌لاح ره‌ووف
19- خالید سه‌رکار
20- که‌ریم کابان
21- عوسمان عه‌لی
22- عیزه‌ت که‌ریم
23- ته‌ها خه‌لیل
24- دانا عه‌لی
25- عه‌لی توانا.
سه‌رچاوه:
1-جیهان عومه‌ر، رێز لێنانێک، هاوڵاتی .ژماره 105،دووشه‌ممه 6/1/2003، ل 11.
2- ئه‌م به‌ڵگه نامه‌یه‌م له عه‌بدولقادر سه‌عید ناسراو به‌قادر سه‌رچناریی پێ گه‌یشتووه.
*دیمه‌نێک له کتێبی، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی سێیه‌م، چاپ نه‌کراوه.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts