بەهرۆز جەعفەر: نەوت و کەسایەتی کاریگەر: فاتیح بیرۆڵ وەک نمونە.
لێی وردبیتەوە، بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی کە خاوەنی پێشکەوتوترین کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گازن و، لە جیهاندا وەبەرهێنان و ئۆپەرەیشن ئەکەن، خۆیان لە وڵاتانی حۆیاندا خاوەنی قەترەیەک نەوت و چەند پێیەک سێ جا گاز نیین، یاخود بڕێکی ئەوتۆ یەدەگیان نییە کە شایانی باس بێت، وەکو هیندستان، فەڕەنسا، کۆریای باشور، چین، یابان، سەنگافورا، نەمسا و…و… تادوایی. ئەمە هەندێک ئەیگێڕنەوە بۆ کۆڵۆنیاڵیرم و هەندێک بۆ پۆست- کۆڵۆنیاڵیزم، هەندێکی دیکەش بە یەکگرتنی مودێرنیتەو جیهانگیریی لە دوای جەنگی سارد ئەمە ناو ئەنێن کرانەوەی بازاڕ و ئابوریی ئازاد و دیارنەمانی سنورەکان و… تادوایی.
ئەم چەند پەرەگرافە، بە کورتی ئەیەوێت بڵێت؛ جیهانی دوای جەنگی ساردو شەپۆلی جیهانگیریی و کرانەوەی دونیا دەرفەتی زۆر زۆر گەورەو بەردەوامی بۆ کورد ڕەخساند (ئێستاش کات نەچووە)، ئێمە ئەگەر نەمانتوانی دەردە گەورەکە کە بێدەوڵەتییە بەدی بهێنێن، خۆ ئەمانتوانی بە چەندین ڕێگە نەک دەوڵەتێک دەیان دەوڵەت لە دونیادا چێ بکەین، ئەم چەند پەرەگرافە ئەیەوێت بڵێت سەرپێخستنی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کاریگەر، ناوەندێکی توێژینەوەی کاریگەر، تەنانەت وەرزشەوانێک، هەندێک جار زیاتر لە دەوڵەتێک ڕۆڵ ئەگێڕێت…
کاتێک لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا قەیرانی نەوت و بازاڕ سەریهەڵدا، گروپێک ئاژانسی ووزەی جیهانی-IEA یان دامەزراند، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئابوری و هاریکاریی و گەشەپێدان-OECD ی نێودەوڵەتان. کەسێکی وەکو فاتیح بیرۆڵ- Fatih Birol، کە تورکە و لە تورکیا ژیاوەو گەورە بووە، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان لە نەمسا جێگەی خۆی ئەکاتەوە. بوەتە شارەزای ئابوریی و ووزە، لە خۆرئاوا خوێندویەتی، لە ساڵی (٢٠١٥) ەوە بوەتە سەرۆکی ئاژانسی ووزەی جیهانی. ئەمە چی یە! ڕێکخراوێکە و مۆڵەتی لە دەرەوە وەرگرتوەو، چەند پسپۆڕێکی لەخۆی ئاڵاندوەو، ساڵانە تەوەقوعاتی خۆی بۆ پرسی نەوت و گاز ئەخاتە ڕوو لە دوو توێی دەیان لاپەڕەدا (هەندێ کاتیش تەوەقوعاتەکانیان زۆر هەڵە دەرچووە)، ئیتر وێبسایتێکیان داناوەو، ساڵانە کۆنفڕانسێک یان دووان ئەکەن و، بازنەی پەیوەندییەکانیان فراوانتر کردووە و…و… تادوایی. ئیتر ئەوەتا فاتیح چەند ساڵێکە هەر کە قسە ئەکات، هەرکە لێدوان ئەدات یەکسەر وتەکانی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دا ئەنات!. یانی بۆ نمونە لەم (٢٠٢٢) ەدا جیهان ڕۆژانە سەروو (١٠٠) ملیۆن بەرمیل بەکارئەهێنێت، بە لێدوانێکی فاتیح ئیتر بە ملیارەها دۆلاری ڕۆژانە کاریگەری هەیە. بە پێی فاینانشاڵ تایمز ساڵی (٢٠١٧) فاتیح بیرۆڵ کەسایەتی ساڵ بووە لە بواری ووزەدا. بە پێی فۆڕبس-Forbs لە ساڵی (٢٠٢١) ناوی لە لیستی (١٠٠) سەت کەسە کاریگەرەکەی جیهاندا بووە.
خۆ-ئەبێت ئاژانسی ووزەی جیهانی چی کردبێت! ئەوەتا هێشتا جیهان قەیرانی سوتەمەنی هەیە، ئەوەتا گرفتە ژینگەییەکان کەڵەگە بوون و، چینی ئۆزۆن لە ئاسمان کون بووەو، پیسبون گۆی زەوی داپۆشێوەو، کەم ئاویی سەریهەڵداوەو، گۆڕان لە وەرزەکانی ساڵدا بەهۆی پیشەسازیی و ووزەوە دروست بووەو، ئاسایشی خۆراک لە مەترسیدایەو…و…زۆر گرفتی دیکەش.
گوایە نەتەوە یەکگرتوەکان چی کردووە وەک باڵاترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی! لە ساڵی (١٩٤٦ ەوە تا ٢٠٢٢) ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (٢٦٢٨) بڕیاری دەرکردووە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بڕیارانە کەس پێوەی پابەند نە بووە. بەڵام ئیتر نەتەوە یەکگرتوەکانەو، بووەتە پەیکەرێکی مەعنەوی لە جیهانداو لەملاولاوە هانای بۆ ئەبرێت.
لەسەرێکی تریشەوە، لە زانکۆکانداو لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکانی بواری نەوتیشدا، وا ئەخوێنرێت و ئەخوێندرێتەوە کە پرۆسە نەوتییەکان تەنها بریتین لە: قۆناخەکانی گرێبەست کردن، گەڕان و پشکنین، دەرهێنان، پاڵاوتن و هەناردەکردن. بەڵام قۆناخی دوای ئەمانە زۆر گرنگترە کە من ناوم ناوە قۆناخی بە ” بازاڕکردن و لۆبی بۆ کردن”. لێرەدایە کە چ کەسایەتییە کاریگەرەکان وە چ کۆمپانیاو ڕێکخراوە جیهانیەکان ڕۆڵی گەورە ئەگێڕن.
ئەم دێڕانەی سەرەوە، مەبەست لێی نیشاندان وناسینی بنچینەی شتەکانە نەک کلیک کردن لەسەر کەس و کەسایەتییەکان.