عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی هەژدەهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیسان دەست دەکەینەوە بە زمان پینەکردنێ
پێش ئەوەى بچمە سەر باسی زمان, دەمەوێ باسی چەند وردە شتێک بکەم.
لەو ڕۆژانە شتێکم لە فێسبووک بینی, ژنێک ماشەڵلای لێ بێ و لە خوا بەزیاد بێ پێنج منداڵێ بە زگێک بووە, لەم ڕووە هەندێک ڕووداوی سەیرم بیر هاتەوە. ژنێک 69 منداڵی بووە. 16 زگ دوو دوو , 7 زگ سێ سێ . 4 زگ چوار چوار. دوو کەس دانیشتبوون قسەیان لەو بارەیەوە دەکرد, یەکێکیان گوتی: ژنەکەم دوو گیان بوو. لەو ماوەیەدا ڕۆمانی ( سێ سوارەی )ئەلەکساندەر دۆماسی دەخوێندەوە. کە زگەکەى دانا سێ منداڵێ بوو. ئەوی دیکەیان گوتى: ئاى قوڕم بەسەر, خۆ ژنەکەى من دووگیانە و چیڕۆکی ( عەلی بابا و چل دزەکە) دەخوێنێتەوە.
لە سەر بەرەو هەورازێکا پاڵم بە تراكتۆرێکی کوژاوەوە دەنا بە ئومێدی ئەوەی سەریخەم. کابرایەک بەلامدا تێپەڕی گوتی: ئەوەی تۆ دەیکەیت وەکو ئەوە وایە (سیاسەت لە ئەخلاق نزیک کەیتەوە ). تۆ بڵێی وابێ سیاسەت و ئەخلاق لەگەڵ یەک دڕدۆنگ بن و ئاشنایەتی لە نێوانیاندا نەبێ؟!
ئەم قسەیەش دەگێڕنەوە:
گەر باخچەی پاشا لەوبەر ئاویش بێ
بە ئۆردووى دوژمن ڕێگیراویش بێ
ئەبم بە شاباز هەڵمەت ئەهێنم
لە باخچەی پاشا گوڵ بۆ یار دێنم
ئەمین زەکی بەگ گوتوویەتی: داوەشێی گۆران. من بوومایە وامدەگوت.
چەند جارێک من و دڵسۆزانی زمانی کوردی ئاماژەمان بۆ ئەو قەیرانە سەختەی زمانی کوردی تێی کەوتووە, کردووە. بەڵام لەبەر ئەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە تایبەتی تەلەفزیۆنەکان لە لایەن هەندێک کوردینەزانەوە بە قبۆنتەرات گیراون و دوایین شت کە مەبەستیان بێ زمانی کوردییە, زمانی کوردی بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبرێ و کورد خۆی وەک میللەت چەند کەوتۆتە بەر شاڵاوێکی لە نێو بردن, زمانەکەشی بە هەمان شێوە دەشیوێنرێت بە دەستى کەسانی هەست بە بەرپرسایەتی نەکردوو. مامۆستایانی دڵسۆز بێ چاوەڕوانیی هیچ خەڵات و پاداشتێک, هەوڵیان داوەو ئەو زمانە پاک و پوختەیان بە ڕێنووسێکی جوان و ڕێک پێک خستۆتە بەردەستی نەوە تازە پێ گەیشتووەکان و ئەمڕۆ کەسانێک کە لەبەر نمرە کەمی چوونەتە بەشی کوردی لە کۆلێجی ئەدەبیات, دێن ئەوەى بەنووکی دەرزی بنیان نراوە, ئەوان بە گاسنی نەزانی هەڵێدەوەشێننەوەو تێکی دەدەن بێ ئەوەی شتێکی سوودبەخش بخەنە سەر ئەو خەرمانە. بە داخەوە ئەوانە لەو خوێندنەیان تەنیا هەوڵی ئەوەیان داوە لە تاقی کردنەوە دەرچن و بڕوانامەی دەرچوون وەرگرن و وەکو گوتم بە خواست وحەزی خۆیان ئەو ڕشتەیەیان هەڵنەبژاردووە و کەسمان نەدیوە نمرەی بەرزی هەبی و زمانی کوردی هەڵبژاردبێ. ئەوەی نمرەی بەرزی هەبێ دەیەوێ ببێتە پزیشک و ئەندازیار و بەلاى زمانی کوردیدا ناچێ. بەڵام بە نمرەی کەم ناچارە و دەڵێ هەر دەستم لە شتێک گیر بێ و وەک ئەو کچەی کە خەریکە داخوازیکەری نامێنێ و دواجار یەکێکی بۆ پەیدا دەبێ و دەڵێ لە هیچ باشترە.
یان ئەوانەی کە لە تەلەفزیۆنەکانی دەسەڵا ت یان نزیک دەسەڵات کار دەکەن وەک ئەو قونتەراتچییانەی نزیک یان خزمی نزیکى دەسەڵات وان کە قۆنتەراتەکە دەگرن و بێ ڕەچاو کردنی مەرجی پێویست تێی دەکەون و پارەیەکی زۆر قازانج دەکەن و کارەکە بە جەڵغەمەیی و لاتڵقەوچەڵپێچ تەواو دەکەن و کەسیش ناوێرێ پێیان بڵی کارەکەتان خراپە. فەرمانبەرانی ئەو تەلەفویۆنانەش بە ئارەزووی خۆیان کەوتوونەتە وێزەی زمانی کوردی و منەتی ئەکادیمیاش بە ( وانێکیان ). ئەوەی ئەوانە لە تەلەفزیۆنەکان و کەناڵەکانی دیکەی ڕاگەیاندن بڵاوی دەکەنەوە بەرگوێی منداڵی کورد دەکەوێ و بەو خوارو خێچییە فێری دەبێ و قوڕیش بۆ زمانەکە دەگیرێتەوە. ئەوەتا یەکێک ( اصطنع العمى) لە جیاتی ئەوەی بڵێ خۆی بە کوێر پیشان دا, گوتوویەتی ( کوێریی دەستکرد). راپۆرتێک لەسەر بزنە کێوی بڵاو کرابووەوە و بەم شێوەیە کردبووی بە کوردی: لەو کاتەدا بزنە نێر و مێیەکان جووت دەبن. کاکم نازانێ بزن مێیە و بە نێرەکەی دەڵێن کەڵەکێوی یان نێری. ماڵییەکەی بزنە و نێرەکەی پێی دەڵێن ( نێری, یان سابرێن ). دەڵێ: بزنە چیاییەکان لە جیاتی بزنە کێوی. بزنە چیاییە شاخ درێژەکان. دایکى بێچووە بزنەکان و نازانی بێچووى بزن پێی دەڵێن کار, کاریلە, کارژۆلە. تۆ سەیری ئەو کوردییە جوانە بکە. یان دەڵێ ئەو مێیانەی بێچوویان بووە و ناڵێ ئەو بزنانەی زاون. ئەو پیاوانە نەشارەزان ڕەنگە ببنە هۆی بزنە نێرەکان . قۆچی بزنە نێرەکان گرێکانی دەژمێرن بۆ زانینی تەمەنەکەی. کاکە ئەوەی قۆچى هەیە نێرییە و بزن نییە. دایکەکان بێچووە بزنەکان جێ دەهێڵن و بزنەکان دەست دەکەن بە خۆراک خواردن. ئەو هەژارەی زمانی کوردی نازانێ بڵی گیانداری گیاخۆر دەلەوەڕێ. ئەمە بەشێکی کەمە لەو زمانە سەیرەی ڕاگەیەنکارانی کوردی. نازانم ئێوە دەڵێن چس؟!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت