دلێر محەمەد نوری: دیدار، بۆ فیلەکانی پشتی دیوار.
بۆ ئەوەی یەکێتی هەڵسێننەوە، لە جێی دیدار، دیوارەکانی ستەم و گەندەڵی و نادادی و قۆڕخکاریتان بڕۆخێنن. ئێوە کە خۆتان بەرهەمهێنەر و خوڵقێنەری ئەو دیوارانەن، چ سودێکی هەیە دیداری ئێوە بە یەکتری، جگە لە پتەوکردنی زیاتری ئەو دیوارانە!؟
دیدار بۆچی؟ 130 کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، بۆ ڕێکخستنی ئەم دیدارە، لە پای چی؟ گوایە بۆ کۆکردنەوەی بێروڕا جیاوازەکان، ڕەخنەکان، تێبینییەکان، کەم و کوڕییەکانە. عەزێزم بیروڕای جیاواز، سیاسەتە جیاوازە، دژ بە یەکە، چەوتەکانی ئێوە دروستی کردوون. ڕەخنەکانیش، کردەوە و گەندەڵکاری و ستەمکاری و قۆڕخکارییە، بەردەوامەکانی ئێوە هەڵیچنیون. کەموکوڕییەکانی یەکێتیش هەرئێوە بوون و هەر ئێوەشن. تیبینییەکانیش لە سەر کەس نین و هێڵە سورەکان ئەبێت هەر بە ژێر ناوەکانی ئێوەدا بهێنرێن. بۆیە باوەڕ ئەکەم، هیچ پێویست ناکات، دیدار بۆ باشتر کردنی دۆخی یەکێتی ببەستن. ئەوە ڕەنجدەران و فەرامۆشکراوان و بێبەشکراوان و دڵسۆزانی یەکێتییەکانن، ئەبێت دیدارێک بۆ ڕوخاندنی هەموو ئەو دیوارانە ببەستن. ئەوانەی ئێوە هەڵتانچنیوە. ئەشتوانن هەر خۆتان، لە ئۆفیسەکانی خۆتانەوە ئەو کارانە بکەن. تا زووە دیوارەکانتان بڕووخێنن، تاوەکو زۆرینە تۆراو و دڵشکاوەکان، لە دەورتان کۆبێتەوە دووبارە، نەک ئەو چەند هەزار مووچەخۆرەی ناو ئەو هۆڵە گەرمەی دیداری یەکێتی.
ئەندازیارەکانی دیدار، وەکو خۆیان ئەڵێن ئەم دیدارە بەرهەمی 6 مانگ هاتووچۆ و کۆبوونەوەی سەرتاسەری بووە. من دەمتوانی لە هەموو ڕەنج و ماندووبوونی هەڤاڵان، بیانبوارم لەم 6 مانگەدا. بەشێوەیەک باشتر و چڕتر و ڕاست و دروستر لەو ڕاسپاردانەتان بۆ داڕێژم، کە بڕیارە لەم دیدارە پێی بگەن. ئەوەش بە شەش مانگ و شەش ڕۆژیش نا، بەڵکو بە شەش کات ژمێر، دانیشتن بە دیار کۆمپیوتەرێک یان مۆبایلێکەوە.
باوەڕ ناکەم بۆ کەستان لە کلیک کردن ئاسانتر هەبێت. بڕۆن گەڕانێک بکەن بۆ ناو و کردەوەکانی خۆتان، لە چەند ساڵی پێشوودا. من دڵنیام بە هەزاران ڕەخنە و ئامۆژگاری و ئاماژە و پێشنیارتان دەست دەکەوێت. هەزاران ڕەخنە لە کاری نابەجێتان، هەزاران ئامۆژگاری بۆ گەڕانەوە و پەشیمان بوونتان، هەزاران ئاماژە بۆ کاری نەشیاوتان و هەزاران پێشنیاریش بۆ چاککردنی دۆخی نالەبارتان. ئیتر نازانم دیدار بۆ چی؟ بۆ داپۆشینی هەموو ئەو ڕاستیانە و داڕشتنی خاڵ و ڕاسپاردەی نوێ، بۆ پتەوکردنی دیوارەکانی دەورتان!؟
ئێمە میللەتێکین قەدەرمان وایە، شۆڕشەکان بە چەندین ساڵ ئەبەینە لوتکە و لە چەند ڕۆژێکدا هەرەسی پێ دێنین. حیزبێکی وەکو یەکێتی، لە چاخانەوە، بە گیرفانی بەتاڵ و بە دەم خواردنەوەی چای وێرەوە، دادەمەزرێنین. هەر ئەمەش نا، بگرە ئەیگەیێنینە ئەوەی، تەقلە بە فیل لێ بدات. بەڵام لە سەرمەقولاتێکی مێژوودا، تەقلەیەکی وا بە خۆی لێ دەدەین، بۆ هەمیشە لە سەر گازی پشت لێی بکەوێت.
هەڤاڵانی یەکێتی پشت دیوارەکان، گەر دەتانەوێ یەکێتی بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی، باشرین شتێک کە بیکەن ئەوەیە، کە ئێوە دەست لە یەکێتی هەڵبگرن. زۆر دوور مەڕۆن، مەبەستم کودەتا نیە، چونکە بۆ گۆڕانکاری، یەکێتی پێویستی بە هێزە، بەڵام خۆنەویست و نشتیمان پەروەر. هەر ئەمڕۆ واز لە دیدار بێنن و بڕۆن.
1- یەکێتی لە کۆمپانیای حزبی چاوچنۆکەوە، بگۆڕن بە حزبی پەیڕە و پرۆگرام و پرینسیپ. هەموو کۆمپانیا و کارگەکانی حزب و سەرۆک و سەرکردە و بنەماڵەکان، دەست بە سەرا بگرن و بە حکومی بکەن بە کارمەندە حزبییەکانیشەوە. هەرچی بارەگا و بنکەتان هەیە بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت. بە کوردی یەکێتی لە حزبی کۆبوونەوە و باڵەخانە و بارەگاکانەوە، بکەنە حزبی پرۆگرام و شەقام. بە ژیانی مامۆستایەک و فەرمانبەرێک و پزیشکێکدا، یان هەر کارمەند و کاسبێکی نێو میللەتەکەتاندا بچنەوە. بزانن بە 30 ساڵ خزمەت، خاوەنی چین و چەندن؟ ئەوسا تاک بە تاکتان لە سەرۆکەوە تا بەرۆک، لە سەرکردایەتییەوە بۆ بنکردایەتی، ئەبێت هەر هێندەی خەباتی 30 ساڵی مامۆستایەک و فەرمانبەرێکی پێ ببڕردرێ. نەک لە دامێنی دایکتانەوە بە ملیۆنێری و سەرۆکی و سەرکردەیی بەربنەوە. بە مەش لە نادادیتان لە دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا، پاک دەبنەوە.
2- بڕۆن بزانن لە 30 ساڵی ڕابردووتان، لە کوا مافی مرۆڤێکتان پێشێل کردووە، دانی پێدا بنێن، داوای لێبوردن بکەن و ڕاستی بکەنەوە و مافی بدەنەوە. لە کوا ئازادیتان پێشێل کردووە ، بەرپای بکەنەوە. سەیرێکی دۆخی دیموکراسیشتان بکەن، بزانن لە چ دۆخێکی نەشازدایە. مەعقوولە سەرۆک، بە موبادەرەی سەرۆک خێڵێکی ئەوڵا و لە دەسپێکی دیدارتاندا، بە چەپڵەیەک (هاو)ت لە خۆت کردەوە و بووی بە تاکە سەرۆک!؟ بۆ مافی گەل و مافی چارەی خۆنووسینیش، دوورتر مەڕۆن، بمانگەڕێنەوە دۆخی پێش 2005یش، هەر مەمنوونین. ئەم خاڵەشیان قسەی من نیە و پەیڕەوییە، دەی ئەگەر پەیڕەو بڵێ هەوڵی مافی چارەی خۆ نووسین ئەدەین و تۆ هەموو حزب و مێژووەکەی بخزێنیتە نێو شار و لەتە شارێکەوە، بۆ دواوە هەنگاو نابێت، ئەبێ چاوەڕوان بیت، کەواتا تۆ ئیتر حزب نیت حبریت، (حبر علی ورق).
لە دوای جێ بە جێ کردنی ئەم خاڵانە و لە دوای ڕووخانی ئەم دیوارانە، دڵنیابن، لە مەودای نزیکدا، زۆرێک مووچە خۆر و مشەخۆر و بەرژەوەندی خوازی حزبیتان لێ هەڵئەوەرێ. ڕەنگە خۆشتان تاقەتی کارکردنتان لە نێو حزبی وەها، بێ پارە و بێ بزنس نەمێنێ. بەڵام لە مەودای دووردا یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک تێکئەئاڵێن، بە جۆرێک نەک تەقلە بە فیل، تەقلە بە دەینەسوریش لێ دەدەن. ئیتر هەرچ کاتێ دیوارەکان ڕووخان یان ئێوە ئامادەبوون لە پشتی دیوارەکان بێنە دەرێ، ئیتر هیچ کارێکتان بە دیدار نامێنێت. بەڵام ئاخۆ ئێوەی سەرۆک و سەرکردە و کوڕانی بنەماڵەکانی حزب، بۆ بەرژەوەندی گشتی و شکۆی حزب، ئامادەن شەق لە گیرفان و کورسی و بزنس و سامانی خۆتان هەڵبدەن؟