سەلاح حسێن ئەفەندی: ئاژاوە، نائومێدی، ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەت/ بەشی سێهەم.
هەندێ کەس ڕەنگە بڵێن لە باسکردنی جیهان و ناوچەکە چیمان داوە، باشتر وانییە باسی خۆمان بکەین، گرفتەکانی خۆمان دەست نیشان بکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. ئەم بۆچوونە ڕەنگە لە هەندێ لایەنەوە ڕاست بێت، چونکە فاکتەرە سەرەکییەکان خۆمانین، خەسڵەت و مێژووی خۆمانە، سروشتی پارتە سیاسییەکان و شێوازی حوکمڕانی ناوخۆیە، بەڵام لە هەمان ساتدا هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناوچەکە و جیهان. ئەو بارە نالەبارە تەنها هەرێمی نەگرتۆتەوە، بەڵکو کەم یان زۆر هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە. ئەوەی لە جیهاندا ڕوو دەدات، سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتانی جیهان، باری سیاسی و ئابووری جیهان و گۆڕانکارێکان تیایدا، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاردانەویان لەسەرمان هەن.
دوای داڕمانی سەرمایەداری دەوڵەت، قۆناغی کەپیتالیزمی نووخبە لە زۆر ناوچەی تازەپێگەیشتووی جیهان پەرەی سەند، گۆڕانکاری و بوژاندنەوەی ئابووری مەزن لە هەندێکیاندا ڕوویدا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو شوێنانەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە گێژاو و ململانێ و شەڕوشۆرەوە، لە ناو خودی هەندێ وڵات، لە نێوان وڵاتاندا، بگرە لەسەر ئاسایشتی جیهان بوونە هەڕەشە.
وڵاتان ومیللەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر چی مێژوو و خەسڵەتی هاوبەشیان هەیە، بەڵام هەر یەکێکیان تایبەتمەنداری خۆیان هەیە. لەسەر بنەمای تایبەتمەنداریان، دەکرێ لەم قۆناغەدا بەسەر سێ کاتەگۆرییدا دابەش بکرێن:
1- ئەو وڵاتانەی کە بە قۆناغی سەرمایەداری دەوڵەتدا تێپەڕ نەبوون، پاشکۆ و هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون، لە لایەن وڵاتەکانی تری ناوچەکەوە دژایەتییان دەکرا. نموونەی ئەوانە، وڵاتەکانی کەنداو، مەغریب و ئوردن. ئەم وڵاتانە ئێستاکە، بە قۆناغێکی هێمنی کەپیتالیزمی نووخبەدا تێدەپەڕن، سەقامگیرترن، دەستەڵاتی ناوەندی تیایاندا بەهێزە، هەندێکان بە بەکارهێنانی داهاتی پترۆل و وەبەرهێنان، کەوتوونەتە سەر سکەی بوژاندنەوەی ئابووری، ڕۆڵیان لە ناوچەکەدا بە چاک یان خراپ زیادی کردووە.
2- تورکیا و ئێران، دوو وڵاتی مەزن و گرنگن لە ناوچەکەدا. هەر لە کۆنەوە ڕۆڵی گەورەیان تیایدا هەبووە. بە قۆناغی کەپیتالیزمی نوخبەدا بە شێوازی جیاواز تێدەپەڕن. بەهۆی فاکتەری مێژوویی، خراپی سیستمی حوکمڕانی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەتەوەپەرستی، خەونی کۆنی ئیمپراتۆرێت و ئیسلامی سیاسییەوە، لە باتی ئەوەی توانا و وزەیان لە بوژاندنەوەی ئابووری و هاریکاریکردن و پەیوەندی دۆستانەدا بەکاربهێنن، لە ناوەوە و ناوچەکە و بگرە جیهانیشدا، ڕەفتاریان دوژمنایەتیکردن ونێگەتیڤانەیە. لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەستێوردان دەکەن.
ئیسرائیل دەوڵەتێکی بەهێز و گرنگە، پشتگیری جیهانی هەیە، سیستمێکی نیمچە دیموکراسی بۆ بەشێک لە پێکهاتەکانی جوو هەیە، پێشێلی مافی فەلەستینییەکان دەکات، توانای ئابووری و تەکنەلۆژی زۆرە. پێشتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە دوژمنایەتیدا بوو، بەڵام ئێستاکە گۆڕانکاری گرنگ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ زوربەی وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەیە. گۆڕانکاری بە چاک یان خراپ لە سروشت و ڕەفتار و شێوازی حوکمڕانی ئەم سێ وڵاتە، کاریگەری زۆری بەسەر چارەنووسی هەموو ناوچەکەوە دەبێت.
3- ئەو وڵاتانەی کە پێشتر بە قۆناغی سەرمایەداری دەوڵەتدا تێپەڕ بوون، نموونی عێراق، سوریا، میسر، تونس، لیبیا، جەزائیر و یەمەن… کە لەم باسەدا مەبەستمە زیاتر لەسەر ئەم کاتاگۆرییە بنووسم. دەستەڵاتی ناوەندیی تیایاندا بە شێوەیەکی گشتی لاواز بوو، متمانەی خەڵکیان لەدەستدا، چەندین گروپی چەکدار و توندرەو تیایاندا بەهێز بوون، لە داموودەزگای دەوڵەتەکاندا گەندەڵی پەرەی سەند، ئاژاوە و شەڕی ناوخۆ لەگەڵ دەوروپشتدا زیادی کرد، نایەکسانی و هەژاری و بێکاری و نەمانی یان خراپی خزمەتگووزاری پەرەی سەند، بوونە مەڵبەندی تیروریزم لە ناوچەکە و جیهاندا. هەموو ئەمانە دەرئەنجامی فاکتەری ناوخۆ و دەرەکی بوون، کە دەکرێ لێرەدا کاکڵەیان بکەین:
A- شکستهێنانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ئەفسانەی ئایدۆلۆژی عرووبە دژی ئیمریالیزم و سایونیزم، کە بۆ دەیان ساڵ خەڵکی ناوچەکیان پێ سەرقاڵ کردبوو.
B- داڕمان و شکستهێنانی دەوڵەتە سوسیالیستەکان و پوچەڵبوونەوەی ئەفسانەی ئایدۆلۆجێکەیان، کە ڕەگوڕیشەی لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا داکووتا بوو. هەڵگرانی ئایدۆلۆژێکە پاشکۆیەتی بلۆکی سوسیالیستیان دەکرد و ڕێگر بوون لە گەشەکردن و بوژاندنەوەی ئابووری ناوچەکە.
شکستهێنانی ئەم دوو ڕێبازە، نەمانی دوو کۆسپی گەورە بوو لە بەردەم گەشەکردن و بووژاندنەوەی ناوچەکەدا، بەڵام پێشتر دەستەڵاتدارانی سەرمایەداری دەوڵەت بە هۆی دیکتاتۆریەت و تاکڕەویانەوە، ڕێگەیان بە دروستبوونی ئەڵتەرنەتیڤ نەدابوو، لە شێوازی پارتی سیاسی، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی سەربەست و ئازاد و چالاک، کە دواتر بتوانن حوکمڕانی وڵاتەکان بگرنە دەست. تەنها هێز و ئایدۆلۆژی کە درەفتی خۆڕێکخستن و خڕکردنەوەی خەڵکی هەبوو، ئیسلامی سیاسی بوو. ئەوانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی مزگەوتەکانەوە بە ئاسانی خۆیان دەگەیاندە خەڵک، بێ دەستەڵاتی و لاوازی خەڵکیان دەقواستەوە. بە شکستهێنان و لاوازبوونی دەستەڵاتدارانی پێشوو، ڕۆڵیان زیادی کرد و بۆشاییەکەیان بۆ ماوەیەک پڕکردەوە.
لە پاڵ ئیسلامی سیاسیدا، هەندێ پارت و بزوتنەوەی سیاسی لاواز و بێ ئەزموون لە حوکمڕانیدا، بە پاڵپشتی زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە، لە هەندێ لەو وڵاتانەدا بەشداری لە دەستەڵاتدا دەکەن. بزوتنەوەی چەپ کە پێشتر لافی یەکسانی و خۆشگوزەرانیان لێدەدا، کەوتنە بازنەیەکی ئایدۆلۆژی داخراوی دابڕاو لە واقع و پێداویستی کۆمەڵگە، پووکانەوە و دابەشبوون بەسەر چەندین گروپی بچوکدا و کەوتنە گیانی یەکتر.
C- مێژووی کۆنی ناوچەکە، ماندنەوەی سترەکتووری خێڵەکی تێیاندا، شوێن پێیی حوکمڕانی سەدان ساڵی دەوڵەتی زەبەلاحی فیوداڵی خێڵەکی و ئایدۆلوژیی توندڕەوەی ئیسلامی سیاسی، کاردانەوەی خۆیان هەیە لەسەر ڕێڕەوی گۆڕانکارێکان.
لایەنی پۆزەتیڤی مێژووی کۆنی درێژ و پڕئەزموون و دەوڵەمەندی ناوچەکە، دەکرێ وەک فاکتەرێک بۆ بەهێزکردن و گەشەکردن بەکاربهێنرێ، بەڵام لە قۆناغی سەرمایەداری دەوڵەت و ئێستاش لە قۆناغی سەرمایەداری نوخبەدا، هەتا ئێستا زیاتر لایەنە نێگەتیڤەکانی بەکار هاتوون. گرنگترینیان کە کاردانەوەی خراپی فرەلایەنی بەسەر ڕێڕەوی گۆڕانکاریدا هەیە، مافی مامەڵەکردنە بە سامان و داهاتە گشتییەکان لە لایەن نوخبەی دەستەڵاتدارەوە، بەکارهێنانیانە بۆ زیادکردنی سامان و دەستەڵاتیان.
D- شوێن پێیی سەردەمی کۆلۆنیالیزم، نایەکسانی ئاستی بوژاندنەوەی ئابووری و خۆشگوزاری لە نێوان
ناوچەکانی جیهاندا، سیاسەتی ناڕەوای زلهێزەکانی جیهان و بەتایبەتی ڕۆڵی ولایەتە یەکگرتووەکان، کە لە باتی ئەوەی هاوسەنگی لە بەرژەوندی هاوبەشدا بدۆزنەوە، سوود لە سەقامگیری و بووژاندنەوەی ناوچەکە وەربگرن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان سیاسەتیان پەیڕەو کردووە، تیایدا هیچ حسابێک بۆ بەرژەوەندی و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی خەڵی ناوچەکە نەکردووە. ئەم فاکتەرە، ڕق و تووڕەیی خەڵکی لێ کەوتۆتەوە، کە بە بەڕنامە لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە دژی گەشەکردن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ژنان و منداڵان بەکارهێنراوە.
E- پێکەوتەی جوگرافی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە جیهاندا، هەر لە هەزاران ساڵ لەمەوە بەرەوە هەتا ئێستا زۆر گرنگە، ناوچەکە چەقی جیهانە، سێ کیشوەری گەورە و گرنگ پێکەوە دەبەستێتەوە، گرنگترین ڕێگەی وشکانیی و ئاویی پێیادا تێپەڕدەبێت. بە بوونی سیستمی بەڕەوەبردنی سیاسی و ئابووری تەندروست لە ناوچەکەدا، بەخێر بۆ وڵات و میللەتەکانی دەگەڕێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا بەهۆی لاوازی میللەتانی ناوچەکە و پاشکۆیەتی دەستەڵاتدارانی، بۆتە سەنتەری ململانێ و دەستێوەردان و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکان و کومپانییە زەبەلاحەکانی جیهانەوە.
F- شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی، جیهان پێکەوە گرێدەدا، پەیوەندیی توندوتۆڵ و زانیاری لەسەر یەک بێ هاوتا زیادی کرد، بەهەمان شێوە دەنگوباس و ڕوداوەکان بە ئاسانی دەگاتە زووربەی خەڵکی جیهان. ئەم دیاردەیە ڕووی لەسەر زۆر نهێنی و ڕەفتاری دەستەڵاتداران و خراپی باری خەڵکی ناوچەکە داماڵی، خەڵکی ناوچەکەی وریا و هوشیارتر کردەوە، ئامڕازن بۆ گەشەکردن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستەڵاتداران و سیاسەتمەنداری بەد و ڕێکخراوی توندڕە، سوودبەخشن لەم گۆڕانکارییە مەزنانە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن.
G- بوونی سامانی سروشتی پترۆل و گاز لە سیستمێکی ئابووری و سیاسی دروست، بە کارهێنانی بۆ بەهێزکردنی بنەمای ئابووری و پرۆژەی ستراتیژی، بە بوونی دەوڵەتی بەهێز کە بتوانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵات بدات، دەبێتە فاکتەرێکی پۆسەتیڤ. لە دوو لایەنەوە، هەتا ئێستا سامانی سروشتی بۆتە بەڵا بۆ ناچەکە. لە لایەکەوە لاوازی و گەندەڵی و پاشکۆیەتی دەوڵەتەکان، بۆتە هۆکاری ئەوەی دەوڵەت و کومپانییە زەبەلاحەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن. لایەنی دووەم، دەستڵاتدارانی ئەم وڵاتانە بەکاریان هێناوە بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان، سەرکووتکردنی خەڵک و دژایەتیکردنی یەکتری، کڕینی وەلای خەڵک لە ڕێگەی شەریکایەتی پێکردنی هەندێکیان و دامەزراندی هەندێکی تریان لە داموودەزگای سەقەت و گەندەڵدا.
H- جێگیربوونی زیاتری کاپیتالیزم لە جیهاندا، فراوانبون و بەیەکەوە گرێدانی بازاڕی جیهان، زیادبوونی جووڵەی کەپیتال، کەلوپەل، خەڵک و کومپانێکان، پەیدابوون و بەهێزبوونی چەندین سەنتەری نوێی ئابووری و زیادبوونی یەکسانی ئاستی گەشەکردنی ئابووری لە نێوان ناوچەکاندا، لە لایەکەوە بە بوونی سیستمی سیاسی و ئابووری بەهێز، فاکتەری گرنگن بۆ گەشەکردن و بوژاندنەوەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاگرتنی بەلانس لە نێوان سەنتەرە بەهێزەکانی جیهاندا. لە لایەکی ترەوە بە غیابی سیستمێکی وا، ناوچەکە لەلایەن دەوڵەت و کومپانیا زەبەلاحەکانەوە، سامانەکانی دەبرێ و دەبێتە هۆکاری زیادبوونی نایەکسانی و گەندەڵی و هەژاری و ڕق و کینە و توندوتیژی تیایاندا. لەم حاڵەتەدا ترسی دابەشبوونی وڵاتەکانی ناوچەکە بەسەر ئەو سەنتەرانەدا زیاد دەکات، ناوچەکە دەبێتە سووتەمەنی ململانەی ئەوان.
تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی ئەم فاکتەرانە و ڕەنگە فاکتەری تر پێکەوە، زەمینەیەکی تایبەتی بۆ ناوچەکە و بەتایبەتی ئەم وڵاتانە دروست کردووە. ئەم زەمینەیە، لە لایەکەوە ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئاژاوە، نائومێدی و ئیفلیجبوونی داموودەزگای هەندێ دەوڵەت. لە لایەکی ترەوە فاکتەری گرنگن بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپەکاندا، ئامڕازن بۆ گەشەکردن و خۆشگوزاری. لە بەشەکانی داهاتوودا لەسەر باسەکە بەردەوام دەبم.