دانا مەنمی: ئامینە کاکە باوە ژنێکی ئازاو سیمبولێکی نەتەوەیی.
ئامینە کاکە باوە ژنێک خاوەنی کاریگەرییەکی گەورەوە لەسەر بیرکردنەوە و لەسەر داڕشتنی سیاسەت لە وڵاتی سوێد، ئامینە کاکە باوە ساڵانێکی لە جەنگ دایە بۆ بەرگریکردن لە دۆزی کورد و لە پێناو یەکسانیی و ئازادیی ژنان و بونیادنانی دونیایەکی دادپەروەتر و دیموکراسیتر کە ریز لە جیاوازییەکانی یەکتر بگرین تێدەکۆشێت، ئامینە لە خێزانێکی گەورەدا لەدایکدەبێت، خێزانێک بە هەشت مناڵەوە، کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد “ خاتوو ئامینە” ببێت بەو ناوە گەورە و گرنگەی ناو مێژووی سیاسیی لە وڵاتی سوێد و ناوچەکە دەنگبداتەوە.
چیرۆکی ژیانی ئامینە کاکە باوە چیرۆکی کچێکی گوندە بەناوی تورجان لە سەقز کە فەرماندەی بنکەی سوپای پاسداران لە گوندەکەیان فشار دەخاتە سەر ماڵی باوکی و دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئامینەی 13 ساڵاندا بکات، بەڵام خاتوو ئامینە بەو مناڵیە تەسلیمی ئەم بڕیارە نابێت و هەڵدێت و پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە حیزبێکی سیاسی چەپی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو دەبێتە پێشمەرگە، دوای شەش ساڵ و لە ساڵی 1992، ئامینە لە تەمەنی 19 ساڵاندا،کۆمەڵە بەجێدەھێڵێت و لە سوید دەبێتە پەنابەر، دەستپێکی ژیانی ئامینە لە تاراوگە قورس و گران دەبیت، شەوانە دەخوێنێت و ڕۆژانە کاردەکات و ھاوکارییش بۆ خێزانە ھەشت کەسییەکەیان لە ئێران دەنێرێتەوە.
ئامینە کاکە باوە بەردەوام دەبێت لە خوێندن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری ڕاوێژیی کۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەر لە فەلسەفە لە زانکۆی ستۆکھۆڵم بەدەست دەهێنێت و ساڵی 2005، لقی سویدی ڕێکخراوی فیمینستی فرەنسی بەناوی “نە لەشفرۆش و نە ستەمدیدە” دادەمەزرێنێت بۆ داکۆکی لە مافی کچانی کۆچبەر، لێرەوە ئامینە کاکە باوە دەبێتە یەکێک لە ناسراوترین ژنە ئازادیخوازەکانی وڵاتی سويد و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، دەبێتە بەرگریکارێکی بزوتنەوەی فێمینستی و داوای یەکسانی ژنان و ئازادیان لە جیھاندا دەکات، ئامینە کاکە باوە ساڵانێکی درێژە لەسەر پێشێلکاریی و لەشکرکێشی وڵاتی تورکیا دژ بە کوردان و پرسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربڕین و مافەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی گشتی، لە ریزی پێشەوەی داکۆکیکاران بووە.
دیوێکی تری ئامینە کاکە باوە هەڵوێست و بوێرییەکەیەتی لە کایەی سیاسیدا کە لەپاڵ ھەڵوێستی ئازایانە و خەباتێکی دورودرێژ و سەختی بۆ یەکسانیی و ئازادیی ژنان، لەپاڵ ڕووبەڕووبونەوەی چەندەھا فشار و هەڕەشەی جیاوازی سیاسی و هەواڵگری کە زیاد لە لایەنێک و زیادلە وڵاتێک ویستویانە بێدەنگی بکەن، کەس ھێندەی تۆرانیزم و تورکەکان بەگژ بیرکردنەوەو هەڵوێستەکانی ئامینە کاکە باوەدا نەچوونەتەوە و تا ئێستاش دەچنەوە، هەڵبەت تائێستا ئەردۆگان و ئاکەپەو کەمالیزمییەکان یەکسانیی و ئازادیی و دیموکراسی و سەربەخۆبوونی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز و مافێکی سروشتی و ئینسانی بە ڕەوا نابینن، پێکدادانی ئامینە کاکە باوە لەگەڵ تورکیا بە پلەی یەکەم پێکدادان بوو لەگەڵ ئەم دید و ڕوانییە کەمالیستیەی ئەردۆگان کە نایانەوێت هیچ شتێک لەسەر ئازادیی و یەکسانی و سەربەخۆی کورد، ببیستن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئامینە کاکە باوە بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان قسە لە بابەتگەلێک دەکات کە کەسانیتر ناوێرن باسیبکەن، ئەوەش نیشانەی ھۆشیاریی و ھەستکردنێکی گەورە بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە خۆی و بەرامبەر بە پرسی ژنان و بەرامبەر بە میللەتەکەی، چالاکییەکانی ئامینە کاکە باوە یەکێکە لە ڕوخسارە جوانەکان و ئازادیخوازەکانی ناو پەڕلەمانی سوید، کە ئازایانە بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی و کەرامەتی کورد بە تەمەنی 52 ساڵییەوە دەجەنگێت.