چێنەر عەوڵا: پارێزەر یان ئاژاوەگێڕی هەموو جیهان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە لای زۆربەمان سەیر بێ کە دەبیستین ئەمریکا 245 ساڵە دروست بوە، وە لە ڕۆژی دروست بوونیەوە لە کۆی ئەم 245 ساڵە 225 ساڵێ بە شێوەکەی فەرمی لە شەڕدا بەسەر بردوە.
لە دواین راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی، بەریتانیای وەکو نزیکترین و ستراجیترین دۆستی خۆی دیاری کردوە، بەڵام ئایە زانیوتانە کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە هەتا ئەمڕۆ ئەمریکا پلانێکی ئامادەکراوی هەیە کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان نێوانیان لەگەل بەریتانیا تێکچوو و بوو بە شەڕیان چۆن ئەم وڵاتە داگیری بکات. پلانەکەش ناوی (war plan Red) پلانی شەڕی سورە، هەمان پلانی بۆ هەریەک لە کەنەدا و مەکسیک و ڕوسیا و چین و بەرازیل ئوسترالیا، واتە تەواوی وڵاتە بەهێزەکانی جیهان هەیە. چونکە فەلسەفەی سیاسەت و سوپایان لەسەر بنەمای (کەس دۆست و دوژمنی هەتا هەتایت نیە) شەڕ چاوەروانکراوە و هەر ڕوودەدات بۆیە ڕێگە مەدە سوپایەکی تەمبەڵ و هێواشت هەبێ. ئەمەش هۆکارە هەر 10 ساڵ جارێک سوپای ئەمریکی لە شەڕێکەوە دەگلێ!
بەگوێرەی وتەیەکی دۆناڵد رامسڤێڵدی وەزیری بەرگری پێشو. لە دۆکومێنتەکانی لێکۆلینەوەی هێرشەکانی یانزەی سپتەمبەردا هاتوە دەڵێ: ئێمە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە پلانی ئامادەمان هەیە بۆ شەڕکردن لەگەڵ هەر وڵاتێک و هەموو دنیاش وە ساڵانە پلانەکانمان نوێدەکەینەوە، بەڵام پلانمان نەبوو بۆ وەڵام دانەوەی هێرشی دوژمنێکی نادیار کە خاوەنی هیچ سوپا و خاکێک نیە مەبەست شەڕی (تیرۆر و ئەلقاعیدەیە) هەر ئەمەش وایکرد دوای هێرشی 11 ی سپتەمبەر کاتێکی زۆری (27 رۆژ)ی پێچوو تا وەڵامی ئەو هێرشەمان دایەوە لەگەل ئەوەی دەمانزانی کێ ئەو کارەی کردوە. لە کاتێکدا ئەمریکا دەتوانێ لە ماوەی 90 دەقەدا هێرش بکاتە سەر هەر نوکتەیەکی ئەم جیهانە کە پێویست بکات ئەمەش بەهۆی ئەو 800 بنکەی سوپای ئەمریکا کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هەیەتی لە بەستەڵەکی باشورو ئایسلەنداوە تا بیابانەکانی سعودیەو و ئەفریقا و دورگە چۆڵەکانی پاسفیک. بۆیە دەبێ ئەمەش ( وەڵام بۆ شەڕی تیرۆر) لە پلانەکانماندا زیاد بکرێ.
جێگای سەرنجە 58٪ ئەو شەڕانەی کە لە جیهاندا ڕوویانداوە لەدوای دروستبوونی ئەمریکاوە. لەگەل ئەوەی لە نێوان وڵاتانن کە پەیوەندیان بە ئەمریکاوە نیە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کۆتایدا ئەمریکا بە ناراستەوخۆ مەجبوری دەستوەردان دەبێ چ بە فشاری سیاسی و ئابوری یان پێدانی چەک بە لایەنێک لە لایەنەکان وەکو ئەفغان و ئێستاش ئۆکرینەکان یان چەک بە هەردوو لا دەدات وەکو شەری عێراق ئێران. یاخود بۆ رێگرتن لە جینۆسایدی کەمینەیەک وەکو شەری بەلقان لە نەوەدەکان.
ئەمەش لە ساڵی 1890 شەڕی (ئیسپانی- ئەمریکی) هاتە کایەوە کاتێک فلیپینیەکان دژی ئیسپانیا شۆڕشیان دەستپێکرد خەریک بوو وڵاتەکەیان لە ئیسپانیا ڕزگار بکەن، بەڵام ئیسپانیەکان ئەمەیان بە شەرمەزاریەکی گەورە دەزانی کە ئەگەر دانیشتوانی لۆکاڵ بتوانن سوپایەکی گەورەی کۆلۆنیالی وەکو ئیسپانیا دەربکەن دەبێتە هۆی کاردانەوەی وڵاتانی تری داگیرکراو لە ناوچەکەو و ئەفریقاش دژی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی (بەریتانی و فەرەنسی و هۆڵەند…) بۆیە ئیسپانیەکان بە هاندانی بەریتانی و فەرەنسیەکان داوایان لە ئەمریکا کرد کە ئامادەن لە بەرامبەر 20 ملیۆن دۆلاردا فلیپینیان تەسلیم بکەن، بەڵام دەبێ “بەشێوەی شەرێکی گاڵتە بێ واپشان بدەین کە ئەمریکا و ئیسپانیا دەکەونە شەرەوە ئیسپانیا دەدۆڕێ و فلیپین جێ دەهێڵێ ئەمەش بۆ ئەوەی ئابڕووی سوپای ئیسپانی سپیپێست نەچێ کە بەرامبەر خەلکی پێشت زەردی رەسەنی ناوچەکە دۆڕاوە”.
ئەم ڕوداوە دەبێتە سەرەتایەک کە ( 25 )هەمین سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا (ویلیام مەکینڵی)لە ژێر کاریگەری پێنج وێنەکەی وێنەکێش تۆماس کۆڵ The Course of Empire بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا میراتگری ئیمپراتۆریەتی رۆمەکان و ڕۆژئاوایە بە گشتی بۆیە هەموو ئەوانەی ئیسپانیا و بەریتانیا و فەرەنسا لە دەستی دەدەن دەبێ ئەمریکا شوێنی بگرێتەوە، هەر ئەمەش هۆکارە ئەمڕۆ بینا سەرەکیەکانی حکومەتی ئەمریکی هاوشێوەی بیناکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم دروست کراون. تەنانەت بینای وەزارەتی خەزێنە ئەمریکی رێک کۆپی بینای خەزێنەی ڕۆمای کۆنە.
ئەم کەلتورە ئێستاش بەردەوامە بۆیە پێیان وایە جیهان پێویستی بە پۆلیسێکە ئەو پۆلیسەش لە ئێستادا ئەمریکایە، بۆ ئەمەش پێویستە زۆرترین بنکەو فراوانترین و بەهێزترین سوپات هەبێ بۆ وەڵامدانەوەی روداوەکا گەرنا کەسێکی تر جێگات دەگرێتەوە!

سەرچاوەکان:
ماوەی چەندە ئەمریکا لەشەردایە
https://www.thenews.com.pk
هاوپەیمانیەتی ستراتیجی ئەمریکی بەریتانی
https://www.state.gov
بنکەکانی ئەمریکا لە جیهان
https://www.thesoldiersproject.org
شەڕی ئیسپانی ئەمریکی
https://www.pbs.org
هاوشێوەیی بیناکانی رۆم و حکومەتی ئەمریکا
http://education.nationalgeographic.org
https://www.milrose.com
– کتێبی پلانی نهێنی ئەمریکا بۆ روخاندنی ئمپراتۆری بەریتانی – گرام سیمۆنس.
– کێتێبی پلانی سور بۆ داگیر کردنی کەنەدا- نوسینی کێڤن لیپرت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت