سەلاحسێن ئەفەندی: ئاژاوە، نائومێدی، ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەت/ بەشی چوارەم.
لە بەشەکانی پێشوودا باسی سروشتی سەرمایەداری دەوڵەت کرا، خەسڵەتەکانی، شکستهێنان و داڕمانی، هەروەها کاردانەوەی هەموو ئەمانە لەسەر وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. باسی فراوانبوون و جێگیربوونی شێوازێکی تایبەتی کەپیتالیزمی نووخبە لە چەندین وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا کرا. لەو باسانەدا زیاتر گرنگی درا بە خەسڵەتە هاوبەشەکانی وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو فاکتەرانەی کە زەمینەیەکی تایبەتی بۆ فراوانبوونی کەپیتالیزمی نووخبە لە ناوچەکەدا خولقاند، بە تایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی کە پێشتر سەرمایەداری دەوڵەت تیایاندا بۆ نزیکەی نیو سەدە جێگیر بوو. حەزم دەکرد لەسەر باسی کۆی وڵاتەکانی ناوچەکە زیاتر بدوێم، بەڵام لێرەدا ئەو دەرفەت و توانایەم نییە، بۆیە ڕاستەوخۆ دەچمە سەر کوورتە باسێک لەسەر عێراق، دواتریش لەسەر هەرێمی کوردستان.
بۆچی و چۆن ئاژاوە و نائومێدی و بێ متمانەیی پەرەی سەند؟ بۆچی و چۆن داموودەزگاکانی دەوڵەت ئیفلیج بوون؟ ئەو فاکتەرانەی کە لە بەشی سێیەمدا دەستنیشان کران، بە چ شێوەیەک ڕۆڵی خۆیان لە عێراقدا بینی؟ دەرئەنجامەکانی چی بوون؟ کەپیتالیزمی نووخبە چۆن لە وڵاتەکەدا جێگەی خۆی کردۆتەوە؟ خەسڵەتەکانی چییە؟ دەکرێ ئەو فاکتەرانە بە شێوەیەکی پۆسەتیڤانە کاربکەنە سەر ڕێڕەوی گۆڕانکاری؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر پێویستیان بە وەڵامدانەوە و شیکردنەوەیە، پێویستیان بە دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوەیە لەسەریان.
عێراق هەر لە سەرەتایی مێژووەوە ناوچەیەکی گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە، بەڵام هەتا دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهان ئەم سنوورانەی ئێستای نەبووە، دەوڵەتێکی سنووردار نەبووە. بەریتانیا ئەم دەوڵەتەی دروست کرد و سنوورەکانی بۆ دەستنیشان کرد. مەبەست لەمە دابینکردنی گەشەکردنی وڵاتەکە و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی نەبوو، بە پێچەوانەوە هیچ حسابێک بۆ مێژووی وڵاتەکە، ماف و بەرژەوەندی و بۆچوونی خەڵکەکەی نەکراوە. مەبەستی بەریتانیا، دروستکردنی سەنتەرێکی ئابووری بوو کە ببەسترێت بە بازاڕی جیهانەوە و بە تایبەتیش بەرژەوەندییە بازرگانی و پێداویستییەکانی خۆیەوە. دروستبوونی ئەو سەنتەرە و چەندین سەنتەری ئابووری تر لە ناوچەکەدا، نەبووە هۆکاری بەستنەوەیان بەیەکەوە و زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کلتوری و زانستی و پڕۆژەی هاوبەش لە ناوەندیاندا، بەڵکوو بووە هۆکاری لە یەک دابڕینیان.
هەتا کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1958، زورینەی دانیشتوانی عێراق لە لادێکاندا دەژیان، بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵییەوە خەریک بوون. لەگەڵ ئەوەی خەلکی لادێ مسکێن و وەرزێری هەژار و دواکەوتوو بوون، چینی دەرەبەگ خاوەنی گەورەترین ڕێژەی زەوی کشتولاڵیی و ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانی لادێ بوون، بەڵام ئەو خەڵکە بە هێزی بازووی خۆیان ژیانیان بەڕێوە دەبرد، خزمەتگوزاریان نەبوو و پێویستێکی ئەوتۆیان بە دامەزراندی دەوڵەت نەبوو، بە پێچەوانەوە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی کۆڵەکەی ئابووری وڵاتەکە بوو، سەرچاوەی زیاتر لە 90%ی داهاتی نەتەوایەتی بوو، داهاتی پیترۆڵ بۆ خەزێنەی دەوڵەت 10% کەمتر بوو.
خستنی رژێمی پاشاگەری سەرەتای دروستبوون و گەشەکردنی سیستمێکی جیاوازی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووری بوو، سەرمایەداری دەوڵەتی لاواز و پاشکۆ. وردە برژوای ڕیزەکانی سوپا، کاربەدەستانی دەوڵەت، توێژێک لە ڕۆشنبیران، بە مەبەستی دەستکەوتی خێرای سامان و دەستەڵات، بە یارمەتی پارتی کۆمونیست و پاڵپشتی وڵاتە سۆسیالیستەکان، لاوازبوونی بەریتانایان قواستەوە و دەستیان گرت بەسەر داموودەزگاکانی دەوڵەتدا. ئەم توێژانەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، مافی مامەڵەکردن بە سامان و داهات و بەرهەمهێنان و دەستەڵاتی سیاسیی و یاسایی کەوتە دەستیان، بوونە خاوەنی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی دەوڵەتەکە و ژیانی خەڵکەکە. بەدرێژایی شەستەکان ململانێ لە نێوان چەندین گرووپی سەربازی وسیڤیل و حیزبەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەستەڵات بەردەوام بوو.
گۆڕانکاری گەورە و کاریگەر کاتێ دەستی پێکرد کە پارتی بەعس لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە ساڵی 1968 دەستەڵاتی سیاسییان کەوتە دەست. هەتا ساڵی 1970 سیستمی سەرمایەداری دەوڵەت هێشتا بەتەواوی جێگیر نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا دوای داپڵۆسینی هەموو ناڕەزاییەک و هەڕەشەیەک لە ناو حیزب و دامودەستگای دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، بە ڕێکەوتن لەگەڵ سەرکردایەتی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد، بە پاڵپشتی تەواوی یەکێتی سۆڤێت و پارتی کۆمۆنیستی عێراقی ئەڵقەلەگوێیان، ئەو حیزبە بە تەواوەتی دەستەڵاتی خۆی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند.
کە لە سەرەتای حەفتاکاندا حکومەتی بەعس بڕیاری لەسەر بە نیشتیمانیکردنی پترۆل دەرکرد، سامانی نەوت و دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتەکانی کۆنترۆڵ کرد، بە تەواوەتی سەرمایەداری دەوڵەتی پاشکۆ لە وڵاتەکەدا جێگیر بوو. داهاتی زۆری پترۆڵ لە ژێر سایەی ئەو سیستمەدا، چەند کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر ئابووری وڵات و ژیانی خەڵک و خەسڵەتی دەوڵەتەکە و دەستەڵاتدارانی هەبوو.
داهاتی پترۆڵ بووە کۆڵەکەی ئابووری وڵاتەکە و هەتا دەهات جێگەی بە کەرتی کشتوکاڵ لێژ دەکرد. پشتبەستن بە داهاتی پترۆڵ، لەلایەکەوە بنەمای ئابووری وڵاتی لاواز کرد، لە لایەکی ترەوە بڕیاری ئابووریی و سیاسیی وڵاتەکە بە کردەوە کەوتە ژێر ڕەحمەتی دەوڵەت و کومپانییە زەبەلاحەکانی جیانەوە.
بەکارهێنانی داهاتی پترۆڵ بۆ کڕینی وەلای سەرەک خێڵەکان و خەڵکی لادێ، کاولکردن و چۆڵکردنی لادێکانی کوردستان و دامەزراندنی موجەمەعات، ئەنفال، تەعریبکردنی بەشێک لە خاکی کوردساتان، کاولکردنی ئەهوار و وشککردنی دارستانەکانی دارخورما. هەموو ئەمانە هەنگاو بە هەنگاو بنەمای ئابووری کشتوکاڵی لادێیی لاواز کرد و پشتبەستنی بە داهاتی پترۆڵ زیاتر کرد.
بەکارهێنانی ئەو داهاتە بۆ بەهێزکردنی سوپا و دەزگاکانی سیخوڕی و حیزبی و کۆنترۆڵکردنی هاوڵاتیان، نەکو بۆ بەهێزکردنی بنەمای ئابووری و ئینفراسترەکتووری وڵاتەکە. شەڕی کورد و ئێران و دواتر کوەیت، بێجگەلە مەسرەفێکی زۆر و لە ناوچوونی سەدەها هەزار هاوڵاتی و کاولبوونی وڵاتەکە، بەتەواوەتی بنەمای ئابووری وڵاتەکەی داڕزاند.
دامەزراندی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە داموودەزگای بێ سوودی دەوڵەتدا، خڕکردنەوەی خەلک لە موجەمەعاتدا، توانای کارکردن و بیرکردنەوەی خەڵکی کەم کردەوە و ئابووری وڵاتی لاوازتر کرد.
قۆرخکردنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە لایەن دەوڵەتەوە، بە تەواوەتی کەرتی تایبەتی و جووڵەی بازرگانی و فرسەتی کاری ڕاستەقینەی نەهێشت. چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، سەرمایەدار و بازرگان و کرێکار و مووچەخۆری ئازادی کەم کردەوە.
لاوازبوونی بنەمای ئابووری ، پشتبەستنی یەک لایەنانە بە داهاتی پترۆڵ، زیاتر لە جاران وڵاتەکەی کرد بە دەوڵەتێکی لاوازی پاشکۆی کەپیتالیزمی جیهان، خستییە ژێر ڕەحمەتی دەوڵەت و کومپانییە زەبەلاحەکانی جیهانەوە.
شەڕی ناوخۆ و دەرەکی، هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ولاتانی ناوچەکە و جیهان، زیادبوونی تێروریزم لە جیهاندا بە تایبەتی دوای هێرشەکەی یانزەی سێپتەمبەر بۆ سەر ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەرژەوەندی تایبەتی ئەو وڵاتە و حساب نەکردن بۆ بەرژەوەندی و چارەنووسی وڵاتەکە. هەموو ئەمانە درەفتی دا بە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لاوازی و هەڕەشەی دەستەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراقدا بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنی پێگە و هەیمەنەی خۆی لە ناوچەکەدا. داگیرکردنی عێراق، کۆتاییهێنان بە دەستەڵاتی بەعس، هەڵوەشاندنەوەی سوپا و لاوازکردنی داموودەزگاکانی دەوڵەتی لێکەوتەوە.
بە هۆی نەبوونی دیموکراسی و ئازادی، لاوازی یاخود نەبوونی پارت و گروپی ئوپۆسوسیونی بەرچاوڕوون و خاوەن ئەزموون، بەدیل لە وڵاتەکەدا نەبوون کە بتوانن کۆتایی بە دەستەڵاتی بەعس بهێنن و سیستمێکی ئابووری و سیاسی دروست بونیادبنێن. ئەوانەی هەبوون هێزی لاواز و بێ ئەزموون بوون، هەڵبژاردەی ئەمەریکێکان و دەوڵەتە بەهێزاکانی ناوچەکە بوون، لە ناویاندا بە تایبەتی ئێران و تورکیا.
کەوتنی دەستەڵاتی بەعس، لاوازبوونی تەوای داموودەزگاکانی دەوڵەت، دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا و کارکردن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، دەستێوەردانی ئیقلیمی، نەبوونی بەدیلی گونجاو، شکستهێنانی ئەفسانەی نەتەوایەتی عرووبە، شکستهێنانی بلۆکی سۆسیالیست و ئەفسانەی سۆسیالیزم، بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی، ماندنەوەی سترەکتووری خێڵکەی، لاوزی چینی سەرمایەداری و بازرگان و کرێکاران و مووچەخۆران، لاوازی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، دانانی دەستوری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق، شانبەشانی شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی هەروەها فراوانبوونی بەخێرایی بە گلۆباڵبوون، ئاژاوە و نائومێدی و ئیفلیجبوونی داموودەزگاکانی دەوڵەتی لێکەوتەوە، کە لە سایەیدا زەمینەیەکی تایبەتی بۆ جۆرێکی جیاواز لە سەرمایەداری نووخبەی لە وڵاتەکەدا دروست کردووە، کە لە داهاتوودا هەوڵ دەدەم لەسەر باسکردنیان بەردەوام بم.
بۆخوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر یان وتارەکانی ترم تکایەسەیری پرۆفایلی فەیسبووکم یان وتاریکورد بکە.