دانا مەنمی: پەلاماردانی تورکیاو هێزی مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان.
لەدوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی سووریاو شەڕی گروپە تیرۆریستییەکانی بەرەی نوسرە و هاوپەیمانەکانی تورکیا کوردانی ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پاراستنی شوناس و ناسنامەی کوردبوون لەلایەک شەڕو تێکشکاندنی ئوستورەی داعش و بەرەی نوسرەو میلیشیاکانی تورکیاش لەلایەکی ترکە جیهانیان لەئاست خۆیاندا سەرسام کرد! لەپاڵ خۆڕاگرییەکانی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر تیرۆرستانی داعش و بەرەی نوسرەو میلیشیاکانی سەر بەتورکیا لە 2014 ـە، دواتریش پێشڕەوییەکانیان بۆ ڕزگارکردنی ناوچە کوردنشینەکان و رزگارکردنی شنگال لەدەستی چەکدارانی داعش سەرکەوتنێکی مەزنیان تۆمار کرد.
ئەم خۆڕاگری و بەرەنگارییەی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگارکردنی سەری سپیو یەکگرتنی کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ و دروستبوونی سێ کانتۆنەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە کە سەرنجی میدیا جیهانییەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی پۆزەتیڤانە بەلای خۆیدا ڕاکێشا، لەپاڵ ئەمەدا تورکیا بەردەوام لە رێگەو بە پشتیوانی گروپە توندڕەوەکانی وەک “بەرەی نوسرە بەرەى نوسرەو فەتح و شام و ئەبو هەمزە” لە پەیوەندیدا بووە بۆ بەگژداچوونەوەی هێزە کوردییەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی کانتۆنەکان و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ماوەی سێ ساڵە تورکیا چەکدارانى داعش و بەرەی نوسرە و فەتح و شام گروپە توندڕەوەکانى دیکە بە قوڵایی 32 کیلۆمەتر خاکى رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکردووە، لەم ناوچەیەدا تورکیا ئۆپراسیۆنی خۆی دژ بە هێزە کوردییەکان ئەنجام ئەدات و شانە نوستووەکانی داعش و بەرەی نوسرە و فەتح و شام ڕێکدەخاتەوەو نیشتەجێکردوون و لەدژى هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕیان پێدەکات، دیوێکی ئەم داگیرکارییەی تورکیا دابڕانی دیمۆگرافی و دروستکردنی ناوچەیەکە بۆ داڵدەدانی تیرۆریستانی داعش تا پاکتاوی نەژادیی لە دژى کوردو پێکهاتەکانى دیکە ئەنجام بدەن، کە تائێستا زیاتر لە نیوملیۆن کوردی دانیشتوی ئەو ناوچانە لەترسی کردەی تیرۆریستی گروپە توندڕەوەکان لەو ناوچانە هەڵهاتوون و ئاوارە بوون.
دیوێکی تری ئەم داگیرکارییە ئامانجێکی سیاسییە بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگری و بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و لەناوبردنی کانتۆنەکان و ئاوارەکردنی دوو ملیۆن کوردی ڕۆژئاوا و لە جێگەیان ئاوارەى عەرەب نیشتەجێ بکات، پێکهاتەی سوپای سوریای ئازاد بریتی یە لە گروپە تیرۆریستەکانی ناکۆک و دژ بەیەک لەگەڵ شانە نوستووەکانی داعش و بەرەی نوسرەو فەتح و شام هاوشان لەگەڵ سوپای ڕۆژ و سوپای تورکیا دژی هێزە کوردییەکان و ئەزموونی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ دەکەن، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو خەون و ئومێدو گرەو و سیناریۆی و هاوپەیمانەتییە نییە کە ئەردۆگان و شانە نوستووەکانی داعش و بەرەی نوسرەو فەتح و شام لەگەڵ یەکتر دەیکەن لە بارەی کەوتنی کانتۆنەکان و ئەزموونی خۆسەری لە ڕۆژئاوا کوردستان، بەڵکو ئەوەی گرنگە موقاومهت و خۆڕاگری و بەرخودانە له بهرهكانی شهڕ له بهرامبهر دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ بەناوی تورکیاو هاوپەیمانی داعش و دۆستی بەرەی نوسرەو گروپە توندڕەوەکانە سەرباری جیاوازی لە ڕووی هێزو توانای لۆجیستی و سەربازی و هیزی ئاسمانی بهو پهڕی بوێریهوه هێزە کوردییەکان دەجەنگن و درێژەی هەیە.
ڕاستە ئەم جەنگە داگیرکارییە شۆڤینییەی تورکیاو گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەموومانی نیگەران کردووە ، بەڵام ئاشکرایە کە ئەردۆگان و حیزبەکەی دۆڕاوەکانی ئەو جەنگە داگیرکارییەو هەر جەنگێکی دیکەن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هۆکارەکەیش ئەوەیە کە ڕۆژئاوای کوردستان ئەزمونێکی جوانی لە ئیدارەدان و لە مامەڵەی سیاسیدا هەیە ،هێزەکان یەکڕیزو یەکگرتوون لەپێناو خاک و خەڵکەکەی خۆیاندا موقاومەت دەکەن و خۆڕاگرن بەڵام ئەگەر 3/1 ئەم مەترسییانە لە سەر هەرێمی کوردستان بووایە بەم دۆخەی کە ئێستا لە کوردستاندا ئامادەگی هەیە بەتایبەتی بێمتمانەیی خەڵک بە حکومەتی هەرێم و بەم حیزبانە لەپاڵ مەترسییەکانی گەندەڵی و شکستی پرۆسەی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیەت و لەقاڵبدانی کۆمەڵگاو نەبوونی ئازادی و شەڕی نان و شکاندنی کەرامەتی ئینسان مومکین نییە هەرێمی کوردستان لەدوای سێ دەیە لە هونەری بەڕێوەبردن ئیمکانی مانەوەو خۆڕاگری هەبێت!