ڕێباز مام شۆرش: میرزا مەنگوڕی.!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەت برا بە برا بە کوشت ئەدا و سەرخۆشیشی لێ ئەکات. میرزا مەنگوڕی

میرزا مەنگوڕی کێبوو
ناوى تەواوى میرزا محەمەدئەمین کورى ئەحمەدى کورى فقێ ئیبراهیمى کورى ملا وسو، لە ساڵى (1910)، لە قەڵادزێ لە دایک بووە، لە حوجرە خوێندوویەتى، میرزا مەنگورى لە ژیانیدا زۆر ئازارو چەوسانەوەو ئاوارەیى بینیوە، چەندین جار بەدەست نەهامەتى و ژیان و دەسەڵاتى دەرەبەگ و پیاوانى حکومەتەوە ئاوارە دەبێ لە قەڵادزێوە بۆ رانیە، لە رانیەوە بۆ سلێمانى چەندین شوێنى تر لە دواى کۆچى باوکیدا ئەرکى بەخێوکردنى خێزانەکەى دەکەوێتە سەرشانى، لە پێناو دابینکردنى بژێوى ژیاندا کارو کاسبى زۆرى کردووەو ماوەیەکیش مووچەخۆرى حکومەت بووە، مەنگورى جگە لەوەى شاعیرێکى (میللى) بوو، دڵسۆزو خەمخۆرى نەتەوەو نیشتیمانەکەى بووە، مەنگورى لە ماوەى ژیانیدا سێ ژنى هێناوە بە ناوەکانى( بەهیە، رابى، حەلاو)، کە (9)، کچ بەناوەکانى(ئاسۆس، ئێران، گولستان، بیتوێن، کوردستان، پاکستان، لاجان، شنۆ، توران)، چوار کوریش بەناوەکانى(ئەحمەد، شێرکۆ، ئاکۆ، فەرهاد)، لە پاش خۆى بەجێهێشتووە، لە بەروارى 12-1-1988 لە مالەکەى خۆى بەهۆى خوێن بەربوونى مێشکى کۆچی دواى کردووە.

“گرینگترین کارو چالاکییە سیاسییەکانى میرزا مەنگورى
1- لە ساڵى 1937 مەنگورى یەکێک بووە لە دامەزرێنەرى حزبى (خوێن رێژى)، کە بەرابەرایەتى مەلا حسن قازى ناسراو بە (شاهۆ)، کە پەیرەو ئامانجى سەربەخۆى کوردستان بووە، لەو رێگەیەوە توانى کاریگەرى لە سەر ئەقڵ و بیرکردنەوەى خەڵکدا دروست بکەن، پاشان ناوى حزبەکایان گۆرى بۆ (برایەتى).
2- لە ساڵى 1935 بە هۆى نوسینى کتێبى( هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن)، لە سەر وەزیفەکەى لادەبرێت و شەش مانگ زیندانى دەکرێت، وەجارێکیتر لە ساڵى 1938 لە سلێمانى زیندانى دەکرێت.
3- لە 5- 3 – 1946 وەک شۆرشگێرێک بەشدارى لە (کۆمارى مهاباد)دا دەکات و ماوەیەک لە گرتوخانەدا زیندانى دەکرێت.
4- لە ساڵى 1958 لە کەرکوک زیندانى دەکرێت و (12)، جار ئاوارەبووە.
5- مەنگورى لە تەمەنى (17)، ساڵیدا چۆتە ناو دنیاى ئەدەبى و بەشیعرى (وا لە بەرگریانى زۆرم)، دەستى بەنوسین کردووە، بەدرێژایى تەمەنى ئەدەبى رووناکبیرى زیاتر لە چوار هەزار لاپەرەى دەربارەى ( مێژوو شیعرو چیرۆک و فەلسەفەو سیاسەت و کۆمەلایەتى)، نوسیوەو خاوەنى زیاتر لە (26) بەرهەمە.
“گرینگترین شاکارە ئەدەبی و رووناکبیرییەکانى بریتین”
1- هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن ساڵى 1937 چاپکراوە.
2- مەهراکۆ ساڵى 1971 چاپکراوە.
3- فەیروز خانى پشکۆ ساڵى 1971 چاپکراوە.
4- زێریناى ئامێدى ساڵى 1971 چاپکراوە
5- بوکێکى ناکام ساڵى 1971 چاپکراوە.
6- گەشتى ئەستێرەى مەریخ ساڵى 1971 چاپکراوە.
7- شەوێک لە عێبە الامم 1941.

لە نێوان ساڵى 1958 بۆ 1971 ئەم کتێبانەى نوسیوە.
• بە سەرهاتى سیاسى کوردلە تەموزى ساڵى 1958.
• جیهانى ئازاد
• جیهانێکى بە پێکەنینى کۆنگرێسى ئاژەڵ و دڕەندەکانى کێوەرەش.
• بە سەرهاتى ئارات پور (فەلسەفە).
• نەریمان بەختیارى
• بەهەشتى دڵدار
• بە سەرهاتى کورد بە شیعر
• کوردو کوردستان لە فەتحى ئیسلامدا.
• لە نێوان ساڵانى 1971 بۆ ساڵى 1979 ئەم کتێبانەى نوسیوە.
• کوردو ئاشور
• کوردو ئەرمەن
• دەستورى ژیان
• روداوەکانى حیوانات لە گەڵ رۆژى سیاسیدا
• بە سەرهاتى سیاسى کورد لە 1914 تاکو 13 تەموزى 1958.
• بە سەرهاتى خۆم (مەنگورى).
• خوداو ئاین

کۆپلەیەک لە شیعرەکەى:
فەلەک نەتهێشت بەسەربەستى تەماشاى خاکى کوردان کەم
بەتیشکى رۆژى ئازادى دڵەى پڕئێش دەرمان کەم
ئەوا رۆیم بە ناکامى هۆ باڵم بێ بەستۆى تۆ
کە نەتهێشت من بەدەستى خۆم بەیاخى کورد پەخشان کەم

سەرچاوەکان/
* دەستوری ژیان
* گەشتی مەریخ
* ژیاننامەی میرزا مەنگوری

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت