دانا مەنمی: دیداری یەکێتی و پرسی ژنان و شەقوشێنەکانی حەرەمی دادگا.
یەکێک لەو پرسانەی کە لە دیداری یەکێتی دا گفتوگۆی لە بارەوە کرا پرسی ژنان بوو، دەمێک ساڵە یەکێتی کۆڕو کۆبونەوەو سیمینار و پلاتفۆڕم بۆ پرسی ژنان و فێمێنیزم ئەنجام دەدات، لەهەموو ئەم کۆڕو سیمینارو پلاتفۆڕمانەدا یەکێتی خۆی لەبەرەی پێشەوەی پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان دەبینێ، بەڵام لەمانا گشتییەکەیدا کۆی ئەو قسانەو دیدارو سیمینارو پلاتفۆڕمانە جیاوازی زۆری لەگەڵ ئاکارو ڕەفتاری یەکێتی دا هەیە، خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی نیشتەجێی قەڵەمڕەوییەکەی یەکێتی دوای کۆتایهاتنی دیدارەکە چاوەڕێ بوون بەربوومی قسە و فیکرو گفتوگۆی ناو دیدارەکە بکرێتە کردارو ئەم فۆڕمە لە شکاندنی شکۆی مرۆڤ بە نێرو مێ، ئافرەت و پیاو، کۆتایی پێ بێت.
بەڵام بە پێچەوانەوە چەند ڕۆژێک دوای کۆتایهاتنی دیداری یەکێتی لەپای ئەو هەموو بەڵێنەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی ژنان و چارەسەرکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك لەناو حەرەمی دادگای سلێمانیدا پەلاماری نۆ دانە ئافرەت دەدەن، شەقوەشێنەکانی ناو حەرەمی دادگای سلێمانی ئاماژەیەکی ترسناکە کە چیتر ئەوانەی پەنا بۆ دادگاکانیش دەبەن مافیان پارێزراو نییە و ئەگەر لە حەرەمی دادگاشدا بەر شەق و زلەمان بدەن خۆمان دەتەکێنین و هەڵدەستینەوە و لە حوزوری سێبەرەکانتاندا بە ئەدەبەوە رادەوستین!
لەلایەکی تر هەق نییە ئێمە گلەیی لە یەکێتی و هێزە ئەمنیەکانی ئەو حیزبە بکەین کە بۆچی ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجام ئەدەن؟! چونکە ئەوە پەروەردەو ئەدەبیاتی سیاسی ئەو حیزبەیە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ڕۆژێک شەقیان لە مامۆستا و ڕۆژێک لە خوێندکارو ڕۆژێک لە خۆپیشاندەرو دواجار لە ژنانیشیان هەڵداوە! ئەم نەریتە نەریتێکی نامۆ نییە و هەرکاتێک بۆیان بلوێت لە حەرەمی زانکۆکاندا بێت یان لە حەرەمی دادگاکاندا ئەنجامیان داوە!
کاتێک حیزبێکی وەکو یەکێتی خاڵی دەبێت لە پەروەردەو فەلسەفەو ئەخلاقی سیاسی، لە دیسکۆرسی عەقڵانی و فیکری، شەق و شەقوەشێن بەرهەم دەهێنێت و شەق ئەوەشێنرێت، ئەخوڵقێنرێت و پەیڕەو ئەکرێت بۆ ئەوەی فەزاحەتی خۆی بشارێتەوە، ئەوەی دوێنێ بینیمان لە ناو حەرەمی دادگای سلێمانیدا ئاماژەیە بۆ بێبەهاکردنی دادگاکان و ئامانجەکەش بۆ ترساندنی خەڵکە و بەرنامەڕێژی بۆکراوە، یەکێتی بە جل و بەرگی جیاواز بەناوی کۆنگرەو نوێبونەوەو دیداری یەکێتی خۆی لە کۆمەڵگەدا نمایش دەکات و دەیەوێت بە زۆرەملێ لە ڕێگەی شەقوەشێنەکانییەوە خەڵکی نارازی سلێمانی بێدەنگ بکات.