عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و یەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆدەتا خویناوییەکەی 8ی شوباتی 1963
گوتارەکە دوورودرێژە، چونکە بۆ مێژوویەکی خوێناوی دەگەڕێمەوە. ئەمڕۆ 59 ساڵ بەسەر ئەو پیلان و تاوانە گەورەیەی کۆدەتا خوێناوییەکەی 8ی شوباتی 1963 دا تێدەپەڕێ. بێ گومان گەنجی ئەم سەردەمە هیچی لێ نازانن و ئاگایان لە مەحموودی بێ زەواد نییە. پێشەکی دەڵێم: هەر کاتێک نەتەوەپەرستە شۆڤێنیستەکان لە عیڕاق دەستییان بووبێ, ئەم گەلەیان بەرەو هەڵدێر بردووەو ئەوانە پێیان وایە کە عەڕەب باشترین و شەریفترین میللەتی دنیان.
مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێ ( ئەگەر سەرچۆپی درایە دەست سەگ, هەر بەرەو کولانە ڕایدەکێشێ ). خراپم تێ مەگەن, مەبەستم کەسانی ڕەگەزپەرستە لەهەر میللەتێک بن. دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 کە گەلی عیڕاق ئەو ناوەى لێنا, ڕەوشت و هەڵسوکەوتی خەڵکی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕا, هەر وەک منداڵی تازە لەدایک بوویان لێ هات, پاک و بێ گەرد. ئەوە بە ئاشکرا بە هێزە دیموکراتخوازەکانەوە دیار بوو. بەڵام هێزە ڕەگەزپەرستە عەڕەبەکان ویستیان ڕێڕەوی دیمۆکراتخوازانەی شۆڕش بگۆڕن بەرەو عروبەچیەتی و بەلای کۆماری یەگکرتووی عەڕەبیدا بەرن کە لەیەکگرتنی سوریا و مصر پێک هاتبوو بۆ ئەوەی سێکوچکەیەکی عروبە لەنێوان ( مصر و سوریا و عیڕاق ) پێک بێنن و ببێتە بنکەیەک بۆ یەکگرتنەوەی هەموو عەڕەب لە دواڕۆژدا کە ئەمە خەونێکە هەرگیز نایەتە دی, چونکە لە هەموو مێژوودا عەڕەب یەکگرتوو نەبووە.
عبدالسلام عارفی وەزیرى ناوخۆ و جێگری سەرۆکی وەزیران بەربووکی ئەو هەوڵانەبوو بە پشتگیریی هیزە ڕەگەزپەرستە عەڕەبەکان بە بەعسی و هێزە شۆڤێنیستەکانی دیکەوە. ئەو بۆچوونە لە ڕۆژانی یەکەمی دوای شۆڕش دەرکەوت کاـێک ڕۆژنامەی (الجمهوریة) بە سەرپەرشتیی سعدون حمادی دەرچوو و ئەو بۆنە ناخۆشەی لێ دەهات. دوو ڕۆژنامەی دیکەی عروبەخواز دەرچوون بە ناوى ( الفجر الجدید ) و ( العهد الجدید ). ئەوەندە بۆگەن بوون کە نیشتماپەروەرە ڕاستگۆکان پێێان دەگوتن: ( الفاجر الجدید ) و ( العهر الجدید ) بیرمە یەکێک لەوانەی کاریان لە ڕۆژنامە بۆگەنەکەی ( الفاجر الجدید )دا دەکرد, وا دیار بوو تورکمانێکی دژە دیموکراسی بوو و من ناوەکەیم بیر نەماوە, یەکیک کە دیار بوو دەیناسی لەسەری نووسیبوو کە تورکمانەکان گاڵتەیان پێ دەکرد دەیانگوت میز بەخۆیدا دەکات ( ئاڵتندە سیرى ). هەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەی ( الثورة ) ی (یونس الطائی ) دەرچوو کە ئەویش نقوومی بیرو باوەڕی بۆگەنی ڕەگەزپەرستی بوو بوو. (کلودفیس مقصود ) ناوێکی ڕەگەزپەرست لە یەکێک لە ژمارەکانی ئەو ڕؤژنامەیە نووسیبووى کە ئەوانەی لەسەر خاکی عەڕەب دەژین دەبێ لە بۆتەى عروبەدا بتوێنەوە . ئیدى ئەوە بوو هەموو دیمکراتخوازەکان بە عەڕەب و کوردەوە لێی ڕاپەرێن و دەمکوتیان کرد. لەو ماوەیەدا عروبەچییەکان لە پێلانگێڕیی خۆیاندا نەکەوتن, تەنانەت لە کڵێیسای مار یوسف نیازیان وابوو بە چەقۆ بکەونە سەرعبدالکریم قاسم, بەڵام قاسم لەوێ گوتارێکی دا و ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بە شیوعییەکان دەربڕی و بەعسییەکان دەستیان بۆ نەبرد, بەڵام دواى ئەوە لە ناوچەی ( رأس القریة ) لە شەقامی ڕەشید تەقەیان لێ کرد و بە خەستی برینداریان کرد. لێرەدا جمال عبدالناصر ئاگری دژە عبدالکریمی زیاتر خۆش دەکرد و لە گوتارەکانی بە ( قاسم العراق ) ناوی دەبرد. ئەمانە هەمووی ڕێ خۆشکەر بوون بۆ کۆدەتا شوومەکەی 8ى شوبات.
من پێش ئەوە بە هەشت مانگ لە بەندیخانەی حیللە گیرابووم. سەرە مانگان لە کاتی هاتنی دۆست و خزم و کەسوکار کە دەهاتن بۆ بینینمان, زۆر جار بڵاوکراوەیان دەهێنا, بە تایبەتی هى حزبی شیوعى. پێش کۆدەتاکە بە ماوەیەک بڵاوکراوەیەکیان هێنابوو کە تێیدا هۆشداریی دەدا بە حکوومەت سەبارەت بەوەی کە ئەفسەری گومان لێ کراو خزێنراونەتە بەشە هەستیارەکان بە تایبەتیش کەتیبەى تانک و زرێپۆشەکان و ناویشی هێنابوون کە ئەوانە کەسانی نەتەوەپەرستی توندڕەون. لەو ماوەیەدا بەعسییەکان دەستیان بە مانگرتن کرد دژی حکوومەت کە پێنج فلسی خستیووە سەر نرخی بەنزین و گرانی کردبوو. هەندێکیان گیران و یەکێک لەو گیراوانە کە ناوی ( مهدى) بوو و هەتێوێکی زۆر گێژ و کەر بوو, هێنایانە لای ئێمە. برایانی شیوعی گوتیان لە ژوورەکە جیگامان نییە و بۆ نەگبەتی بەر ژوورەکەی ئێمە کەوت و کەسیش قایل نەبوو کە ئەو گێلەی لەگەڵ دابنێم بۆ کار کردن و سەرەنجام ناچار بووم لەگەڵ خۆم دامنا. هەر پرسیارێکت لێ بکردایە لە جیاتی وەڵام دانەوە دەیگوت ( لێش ). ئەو ڕۆژە دەبوایە قاپ و تەنەکە چەورەکانی پارشێو بشۆین. هەموو ڕۆژێک سەعاتێک دەیانبردینە دەرەوەی ژوورەکەمان بە ڕاڕەوی دەوری بەندیخانە لە ناوەوە پیاسەمان دەکرد. ئەو ڕۆژە هەموویان ڕۆیشتبوون و من و ئەو گێلە خەرێکی قاپ شۆردن بووین. نەمزانی خوا لێ خۆشبوو( جەلالی میرزاکەریم ) نەچۆتە دەرەوە. بەو هەتیوەم گوت کە پرسیاریان لێ کردی وەڵام بدەوە و خۆت پرسیار مەکە, کەچی گوتی لێش. کاک جەلال لە تریقەى پێکەنینێی دا. خواردن و چێشتیان لە ناو تەنەکەی تازە سەر هەڵپچڕاودا هێنابوو گەر وریا نەبووینایە هەموو دەستمان بریندار دەبوو. گوتم وریا بە با دەستت بەو تەنەکە تیژانە بریندار نەبێ, گوتی ( لێش ). ئەو جارە کاک جەلال گوتی کاک کەریم لێی گەڕێ خۆت بە کەر و گێلەوە ماندوو مەکە.
ڕۆژی هەشتی شوبات ڕێکەوتی ١٤ى ڕەمەزان هاتن بە دوای مەهدیدا بیبەن بۆ بەغدا بۆ لاى دەستەی لێکۆڵێنەوە. پارەی لای من دانابوو و پارەکەم دایە دەستی, بەڵام لەو ماوەیەدا ئەو میکڕۆفۆنەی لە بەشەکەی ئێمە دایاننابوو, بێ دەنگ بوو. هێشتا ئەو نەڕۆیشتبوو کە میکرۆفۆنەکە بە قسە هاتەوە و گوتی ( یا أبناء الکرخ و الأعظمیة ) ئەوە سوپا دلێرەکەتان توانی حوکمی بەکرێگیراوان لەناوبەرێ و ڕزگارتان کات. هەموومان سست بووین، چونکە وردە وردە بۆمان ڕوون بووەوە کە کۆداچییەکان کێن و دەشمانزانی کە دەست ناپارێزن و قەسابخانە دادەنێن، چونکە زۆر داخ لە دڵ بوون. بۆ سبەینێ هەواڵی کوژرانی عبدالکریمیان بڵاو کردەوە دامەزرانی حکوومەتیان ڕاگەیاند و عبدالسلام سەرکۆمار و أحمد حسن البکر سەرۆکی وەزیران. پەیتا پەیتا بەیانی حاکمی سەربازییان بڵاو دەکردەوە. بەیانی ژمارە 13 ئەو پەڕی دڕندایەتیی پێوە دیار بوو کە دەڵێ بە هەموو توانایەکتان شیوعییەکان لەناوبەرن. رۆژی یەکەم ساڵح یوسفیی شەهید بروسکەنامەیەکی نارد کە بەم ڕستەیە دەستی کرد ( لقد تلاحمت ثورتانا ), بەڵام بە داخەوە وا دەر نەچوو. سەرەتا کەوتنە دانوستان لەگەڵ شۆڕشی کورد, بەڵام دوای مانگێک, واتە لە 8ى ئادار بەعسییەکان کۆدەتایان لە سوریا کرد و بەوەش بەعسی عیڕاق پشتیوانیان بۆ پەیدا بوو و ئیدی بەرە بەرە خۆیان لە دانوستان دزیەوەو هێزی ( یرموک) ی سوریا بە سەرکردایەتیی ( عقید فهد الشاعر ) هات بۆ پشتیوانیی کردنی سوپای عیراق و لە 9ی حوزەیرانی ئەو ساڵە بە خەستی و ئەوپەڕی دڕندەیی بەعس هێرشى کردە سەر کوردستان و ناوچەکانی ژێردەستی شۆڕش و لە لێدوانێکدا ( مقدم روکن صالح مهدی عماشی وەزیری بەرگری ) گوتی: هێزەکانی سوپا دەستیان کردووە بە سەیرانێکی نیشتمانی لە باکووری وڵات. ئیدی ئەوەندەی پێ نەچوو وەفدی دانوستانکاری کوردیان هێنا بۆ یەندیخانەی حیللە کە پێک هاتبوو لە ( صاڵح یوسفی, عبدالحسین فەیلی, یداللە أکبر, شا محمد علی سەیوانی, جەلیل فەیلی, شاخەوان نامق و چەند کەسێکی دیکە. هەر لە 9ى حوزەیران ( منع التجول)ـەکەی سلێمانی و ڕەشبگیرى گەنج و پیری سلێمانی دەستی پێ کرد و چەندان کەسیش شەهید کران لە یاریگاو حامیەى سلێمانی. لە مانگێ تەموزیش هەمان سیناریۆی خوێناوی لە کۆیە دووبارە کرایەوەو چەندان کەسیان لە پایەکانی سەرجادە بەستەوە و گوللـە بارانیان کردن. بەعس لەو نۆ مانگ و نۆ ڕۆژەی حوکمیدا گەورەترین قەسابخانەی بۆ خەباتگێڕ و تێکۆشەرانی عیڕاق ساز کرد کە مەگەر تەنیا نازییەکان بەو شێوەیە خەڵکیان کوشتبێ و دواتر سەلماندییان کە ئەوان لە نازییەکانیش نازیترن. تاوانەکانیان گەیشتە ڕادەیەک کە عبدالسلام عارف بە دڕندەیی خۆی لێیان بێزار بوو و لە 18ى تشرینی دووەمی هەمان ساڵ کۆدەتای بەسەردا کردن و دووری کردنەوە و خۆی حەکمی گرتە دەست. کە حوکمی بەعس لە 1963 ڕووخا, کتێبێکیان سەبارەت بە تاوانەکانیان دەرکرد بە ناوی ( الکتاب الأسود ).
هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی دەستی بەعس و ئەنفال و کیمیا باران.
هەزاران سلاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بێ سەروشوێن کراو.
سڵاو و ڕێز بۆ هەموو ئەو تێکۆشەر و خەباتگێڕانەی بە پاکی کردیان و بە پاکیش مانەوە.
سەرشۆڕی بۆ هەموو ئەوانەی کە شۆرشیان کردە پرد بۆ دزی و گەندەڵی و تاڵان کردنی سەروەت و سامانی ئەم میللەتە قوربانیدەرە.
مردن بۆ ئەوانەی پشتیان لە پێشمەرگەو قوربانیدەرانی ئەم میللەتە کرد
سەرکەوتن بۆ خەڵکی رەنجدەر و زەحمەتکێشی کوردستان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت