عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سه‌یفه‌دین هاواری, عاشقی حه‌بیبه و خاک و خۆڵی شاره‌زوور.
له ساڵی 1976 له گه‌ڵ چه‌ند خوێندکارێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نمونه‌یی له خانه‌ی مامۆستایان بووین به هاوڕێ یه‌کتریی، له ناویاندا دوو خوێندکاری هێمن و زیره‌ک و به جه‌ربه‌زه‌و نه‌ترسی گوندی هاوار (سه‌یفه‌دین عه‌لی که‌ره‌م هاواری) و (سه‌یوان عه‌لی ره‌زا هاواری ) نمونه‌ی هه‌ڵوێستی باڵای شکۆی نیشتمان بوون.
به‌رنامه‌کانی خوێندنی خانه‌ی مامۆستایان له‌گه‌ڵ ره‌وتی ژیانی ئێمه نه‌ده‌گونجا، ئێمه چه‌ند خوێندکارێکی سه‌رکه‌ش و خوین گه‌رم و یاخی بووین، راو و بۆچونه‌کانمان له یه‌که‌وه نزیک بوو، هه‌موومان له‌وانه‌کان و له بۆنه‌کاندا به ئاشکرا دژ به پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی پرۆگرامی خوێندنی به‌عس ده‌بووینه‌وه، بێ هیچ سڵ کردنه‌وه‌یه‌ک رووبه‌رووی داواکاری و فشاری مامۆستا به‌عسییه‌کان، خالید کرێدی، عه‌بدوڵڵا حه‌سون بیاتی و زاهیر عجیل و یه‌کێتی قوتابیانی به‌عس ده‌وه‌ستاینه‌وه.
له یادمه ساڵی1978بوو، سه‌یفه‌دین هاواری له گۆڕه‌پانی خوێندگای خانه باوه‌شی پیاداکردم، یه‌کتریمان ماچ کرد، به روویه‌کی خۆشه‌وه ماڵ ئاوایی لێکردم و وتی:
ئه‌مه دوا ساتی یهکتربینینمانه، جارێکی تر یه‌کتریی نابینینه‌وه. چه‌ند رۆژێکی تر رووده‌که‌مه شاخ و ده‌بم به پێشمه‌رگه. ئێستاش دوادیمه‌نی ئاوابوونیم له به‌رچاوه،پێکه‌وه له گۆڕه‌پانه‌که‌وه هه‌نگاومان نا له ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگاکه‌وه رووی کرده سهرشهقامهخۆڵهکه و بۆ دواجار له چاوەکانم ون بوو.
سه‌یفه‌دین نمونه‌ی پێشمه‌رگه‌ی به‌تواناو کادرێکی بهجهربهزهو وریا‌و و لێ هات بوو، تێکه‌ڵ به ئازار‌و موعاناتی جوتیارانی گونده‌کان ده‌بوو، له جیاوازیی چینایه‌تی و بژێوی ژیانی ره‌نجده‌ران ده‌گه‌یشت، به‌شداریی زۆربه‌ی نه‌به‌ردیی و چالاکیی و داستانه‌کانی سنووری هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوورو پێنجوین و شارباژێرو سنووری سه‌رکردایه‌تی و ناوچه جیاجیاکان و شه‌ڕی هیزه‌کانی پشتیوانی له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان کردووه.
سه‌یفه‌دین هاواری به‌هه‌مان داستانی عه‌شقی نالی و وەلی دێوانه بۆ حه‌بیبه‌و شه‌م و خاک و خۆڵی شاره‌زوورو پێشمه‌رگایه‌تی، عاشقی کچێکی شاره‌زووریی ببوو، عه‌شقێکی رۆحی بێ گه‌رد، خۆشه‌ویستی پاکی ئه‌و شۆخه شاره‌زوورییه به جۆرێک هه‌ست و نه‌ست و رۆح و ناخی سه‌یفه‌دین هاواری داگیر کردبوو، داخوازی ئه‌و کچه کرد‌و ببوو به ده‌زگیرانی، چه‌ند رۆژێک پێش ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ری پێک بهێنن.
ئیستخباراتی عه‌سکه‌ری عێراق له شاره‌زوور، به‌پێی پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه بۆ داڕێژراوی ورد، به هۆی سه‌ره‌ک جاشێکی زهڕاینهوه، سێ خۆفرۆش سینارۆیهکیان بۆ له‌ناوبردنی سه‌یفه‌دین هاواری دارشتبوو.
له 21 / 6 / 1982مامۆستا سه‌یفه‌دین و جه‌لیل سواره‌ی گه‌ڵاڵی فه‌رمانده‌ی که‌رت، له ماڵێک بوون له گوندی قازاوی شاره‌زوور، له‌و کاته‌ی مامۆسستا سه‌یفه‌دین سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی کتێب بوو، جه‌لیل گهلاڵیش پیاڵه‌یه‌ک چای به‌ده‌سته‌وه بوو، له ناکاو ئه‌و سێ خائینه لوله‌ی چه‌که‌کانیان ئاراسته‌ی سه‌یفه‌دین هاواری و جه‌لیل گه‌ڵاڵی کرد، مه‌خزه‌نی گوله‌ی کڵاشینکۆفه‌کانیان له جه‌سته‌یاندا خاڵی کرده‌ووه.
سه‌رچاوه و په‌راوێز، ئه‌م زانیاریانه‌م له مامۆستا شه‌ماڵ هاوارییه‌وه پێ گه‌یشتووه.
سه‌یفه‌دین عه‌لی که‌ره‌م ناسراو به مامۆستا سه‌یفه‌دین هاواری، له ساڵی 1957 له خانهوادیهکی جوتیار له گوندی هاواری سه‌ر به ناحیه‌ی بیاره له‌دایک بووه، قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له هاوارو ناوه‌ندی له هه‌ڵه‌بجه ته‌واو کردوه، له ساڵی 1976 له خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی وه‌رگیرا و له‌وێ په‌یوه‌ندی به رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه کردووه.
له دوای تراژیدیای هه‌کاری، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هید کران و چه‌ند پێشمه‌رگه ی تر به هۆی بارودۆخی نائاسایی هه‌کاری یه‌وه، هیچ بوارێکیان له به‌رده‌م دا نه‌مابوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و پلان و نه‌خشه‌ی کێوماڵه دژواره‌ی هه‌کاری نه‌کوژرێن، بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری کراو ته‌سلیم به سوپای عێراق بوونه‌وه، دواتر روویان کرده‌ووه چیاکان.
له ساڵی1978، چه‌ندان گه‌نج له شار‌و شارۆچکه‌کانه‌وه روویان کرده شاخ و بوون به پێشمه‌رگه، بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی تراژیدیای شه‌هیده‌کانی هه‌کاری پڕبکه‌نه‌وه، سه‌یفه‌دین هاواری و سه‌یوان عه‌لی ره‌زای هاواری پێکه‌وه روویان کردهشاخ و بوون به پێشمه‌رگه، سه‌یفه‌دین و سه‌یوان به‌و ته‌مه‌نه که‌مه‌یانه‌وه له‌شاخ و له ناو ئه‌و زنجیره تراژیدیایه‌دا به توانای لێهاتوویی خۆیان، بوونی خۆیان سه‌لماند، بوونه مایه‌ی تێڕامانی هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کانیان، نمونه‌ی پێشمه‌رگه‌و کادری هوشیاری خاکی و ئازا‌و به جه‌ربه‌زه‌ی نه‌به‌ردی و چالاکی و داستانه‌کان بوون.
سه‌یفه‌دین هاواری له خولی کادراندا، به‌زیره‌کی و توانای خۆی بوو به کادرێکی دیار، به‌شداری یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی فراوانی کۆمه‌ڵه‌ی له گوندی( شێنێ) کرد، دوایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌ی شاره‌زورو هه‌ورامان، به په‌رۆشه‌وه په‌یوه‌ندی به‌تین و فراوانی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا هه‌بوو.
له ساڵی 1979 بوو به‌رابه‌ر سیاسی له سنووری که‌رته‌کانی هه‌رێمی یه‌ک، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیزه‌کانی سوپای عێراق هێرشیان کرده سه‌ر باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی، سه‌یفه‌دین هاواری له‌و رووبه‌رووبونه‌وه و به‌رگریانه‌دا رۆڵی دیاری هه‌بوو، له 1981 کرا به ئه‌ندام که‌رتی رێکخستن و گویزرایه‌وه بۆ که‌رتی رێکخستنی شاره‌زوور، مامۆستا پشکۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و کهرتەی له شارهزووردهکرد.
* جه‌لیل محه‌مه‌د فه‌ره‌ج ناسراو به (جه‌لیل سواره گه‌ڵاڵی)، له ساڵی 1957 له گوندی بنگردی کانیپانکه له دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له گوندی بنگرد و ناوه‌ندی له سه‌یدسادق و ئاماده‌یی پیشه‌سازی له سلێمانی ته‌وا و کردووه.
له1978 په‌یوه‌ندی به ریزه‌کانی کۆمهڵهوهکردوه، له1980 بووه به پێشمه‌رگه له تیپی 15ی هه‌ورامان، به‌شداری ده‌یان چالاکی و داستانی کردوه، له‌به‌ر جه‌ربه‌زه‌یی و ئازایه‌تی خۆی کرا به فه‌رمانده‌ی که‌رت، له21- 06- 1982 له گه‌ڵ مامۆستا سه‌یفه‌دین هاواری هاوڕێ له گوندی قازاوی شاره‌زوور له لایه‌ن سێ خائینه‌وه شه‌هید کران.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts