عیماد عەلی: هەم صادق بوو هەم کەلامیشی زیبا بوو.
ئەوەی لێرەبێت و بەدواداچونی هەبێت و لە ماوەی ئەم حوکمرٍانیە قسە و کوفتاری خەڵکی دیبێت و خوێندبێتەوە، دەزانیت کە قسەکانی صادقی زیبا کەلام وەکو قسە و روکەش هیچ تازە نەبوون و و شتێکی نەوتراوی ئەوتۆی نەوت بەدەر بێت لەوەی چەندین جار گوتراوە، بەڵام کەسێکی بەدەر لەساحە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی کوردستانی باشوور جوانتر لە خۆت وەزعەکەت بۆ باس بکات و راستیە خەفەکراوەکانت وەک خۆی بەدوور لە هیچ مەبەستێکی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی روون بکاتەوە، کارێکی ناوازە و جێگەی دەستخۆشی و سوپاسکردنە.
دەیان جار باسی ئەوە کراوە کە تەلار و باڵەخانە و بەدوبەی کردنی شارەکان لە رۆژگاری رەش و تەنگانە دادت نادات و بەر بە پیلانگێرٍی دوژمنان ناگرێت و بەهیچ شێوەیەک پێشت ناخات، بەڵێ تەلار و شتی روکەشی کاتی تەنها لەبەرچاو جوانە و هیچ سودی بۆ ناخ و جەوهەر نیە و گۆرٍانکاری لە عەقڵ وکانگای راستەقینە و فکر و بیروبۆچونی خەڵک ناکات. هەر شتێکی رەسەن و راستەقینە و جێگیر پێویستی بە گۆرٍینی ناوەرۆکە نەک روپۆش. مێشک و عەقڵی گەلی کورد و کوردستان ئەوەندە خەڵتەی نێوخۆ و داگیرکەرانی دەرەوە و زەبری زەمانەی لەسەر نیشتووە کاتی زۆری دەوێت سرٍینەوەی، تاوەکو بیرکردنەوە و عەقڵ و ئەندێشەی خەڵک دەگاتەوە سەر کانزا راستەقینەو بیروبۆچونە رەسەنەکەی خۆی.
بەڵێ قسەجوان لەوەشدا راستی فەرموو کە وتی: بە پەروەردە و گۆرٍینی راستی ئەم سێکتەرە دەگەیت بە مەرام. ژاپۆن و جێرمەن و فەرەنسا و ئیتالیا و نەمسا و روسیاش یەکەمین هەنگاوی لە پاش جەنگ و ماڵوێرانیەکانی مێژووی خۆیان بۆ دووبارە خۆ رێکخستنەوە و سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی گەلەکانیان، لە پەروەردەوە دەستیان پێکرد، بەڵی ئەگەرجاپۆن وەکو وڵاتێکی رۆژهەڵاتی لە هەمووان سەرکەوتوتربوو، لەبەر ئەوەی چاولێکەر نەبوو و بەجوانی هەڵسەنگاندنی لە سەرجەم بوارەکانەوە بۆ خۆی کرد و ئەخلاق و ئەدەب و کەلتوریشی وابەستەی پەروەردە کرد، بەڵام چری گرنگیدانی و ئەولەویەتی کاری پاش دارٍمانی لە جەنگ و شێواندنی باری وڵاتەکەیان بە رێکخستنەوە و گۆرٍانکاری کاروباری پەروەردە دەستی پێکرد نەک بەرزکردنەوەی تەلار و رێکخستنی دیمەن و روپۆش و جوانکاری.
ئەوەی لە وتنی قسەکانی زیبا کەلام گرنگ بوو ، راستەوخۆ بێ پەردە و ترس و خاترگرتن و مەرایی و وەکو خۆی بە پوختی و کورتی و بێ ئەملاو ئەولای بەرژەوەندیخوازانە لەناخی بابەتەکەی دا و خستە بەردەم دەسەڵاتی ئەمرۆی کوردستان. ئەوەی دەمێنێتەوە، هیچ متمانەیەک لە لای خەڵک نەماوە بۆ ئەوەی باوەر بکات ئەم دەسەڵاتە کوێبیستی کوتە و هەڵویٍَست و رای جوان و سودبەخش بێت و کاری لەسەر بکات، بۆیە هاوکاری خەڵک زۆر زەحمەتە و ئەمەش زەرەری خۆی دەبێت و سەرکەوتن لەو بوارە بە بێ متمانەی خەڵک و بە بێ هاوکاری ناکرێت. بەڵکو ئەم جارە قسەی قسەجوان کاریگەری خۆی هەبێت، چاوەرێین بە کوێ دەگات.