عهبدوڵا کهریم مهحمود: دکتۆرى موقیم گەیشتە بەردەمى خەستەخانەکە.
ههردوو دەرگا گەورەکە داخرابوون، عەشامەتێکى زۆر خڕببوونەوە پەلەپەلى چوونە ژوورەوەیان بوو. دوو پۆلیس لەم دیو دەرگاکەوە وەستابوون وتیان: چوونە ژوورەووە قەدەغەیە. ئەمرۆِ سەردان نییە.
یەکێک هاواری کردو وتی: رێگەم بدەن، منداڵەکەم حاڵى خراپە، خەریکە دەمرێت، خێرتان دەگات.
کەس بەکەس نەبوو. لەبەر هەراو هۆریاى خۆیان.گوێیان لەدەنگى نەبوو.. ویستى دڕ بەعەشاماتەکە بدات.
تینى دایە خۆى، بێ سوود بوو.
سەیرێکى مناڵەکەى کرد پەرێشان بوو. بەدەم خۆیەوە وتی: ناگاتە لاى دکتۆر، لەبەیانییەوە بەڕێگاوەم. لێرەش رێم نادەن بچمە ژوورێ. ئەم خەڵکە بۆ ئەوەندە بێ ویژدانن).
هێزى بەپێوە وەستانى نەمابوو..
مناڵەکەى لەبەردەم خۆیدا دانا. بەبەردەوامى فرمێسک بەچاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە. دەستەکانى بڵقیان کردبوو.
- چنار.. چنار گیان هەر ئێستا دەچینە ژوورێ
ویستى وەڵامى بابە بداتەوە. لەگەل دەم کردنەوەیدا. قوڵپى ڕشانەوە، قسەکانى پێ بڕى.
ئەو ڕۆژە بوو لێى دەترسام. جارێکىتر چنار نابینمەوە. ئەگەر بزانن دەردەکەى چییە؟ ئەوە هەر خراپتر. نا پێیان ناڵێم. دەڵێم بەئاگر سووتاوە.
- بەڵام ئەوان دکتۆرن، خۆیان دەزانن. ئەگەر ڕاستیان پێ نەڵێم چارەسەرى بۆ نادۆزنەوە. نا هەر ڕاستى دەڵێم. هەر چنار نەمرێت.
چنارى کردەوە باوەش. خۆى بەشیشەکانى سەر دیوارەکەدا هەڵواسى
پۆلیسهکه نەڕاندنى بەسەریا.
- بڕۆ خوارێ بێ عەقل. ئەو دەرگایە بۆچى دروستکراوە؟!
گوێى نەدایە پۆلیس.
خۆى هەڵدایە حەوشەى خەستەخانەکەوە.
پۆلیسێکیان توند دەستى گرت:
- تاکەى نابن بەئینسان. پێم نەوتى لەو دیوارەوە ئاودیو مەبە.
بەحەیزەرانەکەى دەستى سێ چواردانەى بەسەروچاویدا کێشا.
خەڵکەکە پاڵیان بەدرەگاکەوە نا. کردیانەوە
پۆلیسەکە دەستى کرد بەداگرتنەوەى خەڵکەکە
ئەمیش هەلى قۆستەوە.. بەرەو هۆڵى خەستەخانەکە کشا.
بەحەپەساوییەوە خۆى کرد بەژوورا، ژوورێکى بچکۆلە بوو .
هەموو کەلوپەلى ژوورەکەو جلوبەرگى دکتۆر ئاسا سپى دەچوونەوە، دکتۆر بەهێمنییەکەوە.
- فەرموو وەرە پێشەوە. منداڵەکەت چی یەتى؟!
چاوەکانى بڕییە دکتۆر . بەگومانەوە لێى دەڕوانى.
دوو دڵ بوو لەوتنى.
بێدەنگى دایگرت. بەخێرایی بەسەروچاوى دکتۆردا ڕوانى سیماى پاکى لەچاوەکانیدا بەدى دەکرد..
کوڕێکى گەنج، چاوەکانى وەک چنار سەوزبوون.
دکتۆر فریاى کچەکەم نەکەویت دەمرێت. تاریک و لێڵى بەیانى بوو.
لەپڕ وەک گرمەى هەورە بروسکە، چەخماخەى دەنگى هەشت فرۆکە،
باڵى بەسەر ناوچەکەدا گرت.
بەجوانى چاوم لێ بوو،
یەک لەدواى یەک نزم دەبوونەوە. چەند شتێکیان بەسەر ئاواییدا بەردایەوە.
بۆ جارێکى تریش گەڕانەوە هەمان شتیان بەردایەوە.
دوکەڵێکى سپى وردە. وردە نزم دەبووەوە. بۆنى سیرى لێدەهات.
کەوتمە گومانەوە. هەبێ و نەبێ ئەمە کیمیاییە.!
سەرم گێژى دەخوارد، بەرەو دەرگاى حەوشە رام کرد. چنار لەپال دیوارێکا کەوتبوو.
دکتۆر بەتەواوى شڵەژا.. کەوتە گومانەوە
گەر پەیڕەوى بڕیارەکانى خەستەخانە بکەم دەبێت بمرێت. دوو رێگام لەبەردەم دایە. چۆن بتوانم نهێنییەکە بشارمەوە. لەوانەیە پێى بزانن.
دکتۆر سەرێکى ڕاوەشاند:
-مەترسە بەهیچ جۆرێک نهێنى رووداوەکە نەدرکێنى. ئەگینا چارەنووسێکى خراپمان دەبێت.
ئەو هۆڵەى چناریان تیا خەواند. تەنیا ئەو قەرەوێڵەى چۆڵ بوو.کەوتبووە ئەو سەرەوە. هەر یەکەى جۆرە ئازارێک سوارى سەرى ببوو.
چنار لەباوەشى ئازارێکى بەسوێدا لێى کەوت.
باوکیشى بەکۆڵێ خەمو ئازارەوە لاى مایەوە.
لەراپۆرتەکەدا :
لەئەنجامى تەقینەوەى ئیستیوانەى غازدا. گەرمایی تینى بۆ چاوەکانى هێناوە، زۆر جێگاى لەشى سووتاوە. تەداوى بەردەوامى پێویستە.
چنار دەگریا. پڕ بەهۆڵەکە هاوارى دەکرد.
برینەکانى زیاتر ئازاریان دەدا.
هەناسەکانى ئاسایی نەبوون. لێدانى دڵى فشارى بۆ دەهێنا.
لەرز و تایەکى زۆر، سەراپا گیانى وەک کوورەى ئاگرى لی هاتبوو، ڕەش داگەڕا بوو.. خەوى لێ زڕا
لەوانەیە کچەکەم بمرێت، ڕەنگە ئەو دەرمانانە دەردى دەرمان نەکەن. لەکوێ دەرمانى دژى کیمیایی لەم خەستەخانەدا هەیە؟ ئەگەر ڕاستى بڵێم چى دەبێ نا. ئەو دکتۆرە لەمن باشترى لێ دەزانێت.
ئێوارە بوو، لیژنەیەک بەسەر نەخۆشەکاندا دەگەڕان.
هەر یەکێک لەنەخۆشەکان سکاڵایەکى پێشکەش دەکردن.
ئەمانە بەرپرسیارى خەستەخانەن. ئەگەر لەگەل ئەو خەڵکەدا میهرەبان نەبن. چۆن رازو نیازى دڵیان هەڵدەڕێژن. منیش ڕاستییان پێ دەڵێم. ئاخر بۆچى کچەکەم بمرێت.
لیژنەکە هاتنە لاى قەرەوێڵەکە. یەکێکیان سەیرێکى ڕاپۆرتەکەى کرد. لاپەڕەکانى هەڵدایەوە.
- ئەو دەرمانانەى بەکارى دێنێ. باشترى نەکردووە؟
- قوربان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبیت!
سەیرێکى نەخۆشەکەى کرد. چاوێکى بەدەرمانەکەدا گێڕایەوە.
- چۆنیەتى ڕووداوەکە چۆن بوو؟
- هەشت فڕۆکە بوو. لەچەند دەقیقەیەکدا ئەوەى کردیان، کردیان. هەموو بۆمباکان کیمیای بوون!
لیژنەکە حەپەسا..
لێپرسراوەکەیان چاوێکى بەڕاپۆرتەکەدا گێڕا..
سەیرێکى کابراى کردەوەو وتی:
- کیمیایى ،، کیمیایى
نیوە شەو بوو. دوو پیکاب لەبەردەمى خەستەخانەکەدا وەستان،
چەند چەکدارێک هاتنە ناو هۆڵى خەستەخانەکەوە
بەبەردەم نەخۆشەکاندا تێپەڕین گەیشتنە گۆشەى ئەو سەرى هۆڵەکە.
سێ شتیان لەگهڵ خۆیاندا برد..
قەرەوێڵەیەک. نەخۆشێک. باوکى نەخۆشەکە.
بەبەرچاوى هەمویانەوە لە بێ دەنگىیەکى تەواودا ون بوون.
کە دکتۆرەکە هاتە هۆڵەکەوە.
روانى قەرەوێڵەکەى لێ نەمابوو.
هەستى بەبێ دەنگى و ترسێکى زۆرى نەخۆشەکان کرد.
تێگەیشت چى رووىداوە.
هەردوو دەستى گرمۆڵە کرد. کردییە ستونێک بۆ سەرى.
کەوتە گێژاوەوە.
کە بەیانى زەردە لە پەنجەرەکەوە خۆى هاویشتە هۆڵى نەخۆشەکانەوە.
دەنگى جریوە جریوەى چۆلەکەکان هۆڵەکەى هەژاند.
سەرلەنوێ بۆنى خۆشى گوڵەکان لەپەنجەرەکەوە رژایە دنیاى پر لەهیواى نەخۆشەکان.
وەک هەر رۆژێکى تر بەهیوا بوون دکتۆرێکى چاو سەوزى، قژ زەردى روخۆش، خۆى بکات بەهۆڵەکەدا، دەستى نەوازش بەسەریانا بهێنێت. بەڵام نەیان زانى هەر ئەو شەوە، دکتۆر خەستەخانەکەى بەجێ هێشتبوو.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts