تیشکۆ زەند: کورد هەمیشە گرەوی لەسەر ئەسپی تۆپیو کردووە.
مێژووی کۆن و نوێمان گەواهیدی ئەو ڕاستیانە دەدەن کە کورد وەک سیاسی و کارەکتەر مێرمنداڵێکی بێ دایک بووە. پێشینیانیش دەڵێن؛ منداڵ بە لەدەستدانی دایکی هەتیوو دەبێت، نەک بە لە دەستدانی باوک، ڕاستە باوک کۆڵەکەی ماڵە، بەڵام گەورەکەی ئێمە سیاسیەکی بێ ئەزمونی بێ خێرەو ئەوانەی دەوروبەریشیان لەڕاستیدا ڕێ ونکەرن نەک خاوەن شارەزایی و ژیری، لە ڕاستیداو لە سیاسەتدا نەدوژمنی هەمیشەی هەیە، نە دۆستی هەمیشەیش ئەوەی هەیە داخوازی هەنووکەیی و ستراتیژی و تاکتیکە کە ڕۆژگار چۆن دەخوازێت بۆ دەرئەنجامی بەرژەوەندیەکان.
لە دووای پرۆسەی رزگارکردنی دووەمی ئێراقەوە لە ساڵی 2003 وە ئەمریکا و لەمەم دوایانەشدا هێزەکانی هاوپەیمانان دەیانویست و دەیانخواست کە هێزەکانی پارتی و یەکێتی یەکبگرنەوە بەتایبەتی هەر 16 لیواکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە کورد نەیتوانی ئەو هەلە زێڕینە بگەیەنێتە لوتکەی ئامانج، بەمەرجێکیش ئەمریکا تەواوی پڕ چەککردن و مەسرەفەکانی دەگرتە ئەستۆی خۆی، ئەمە بێجگە لەو بلیۆن دۆلار و یۆرۆیەی وەک پاڵپشتیەک دراوە بە سەرانی سەرێ کە بجەنگن دژ بە تێرۆریستان.
ڕاستە پێشمەرگە زۆر بە دڵسۆزی جەنگاوە کە وێردی سەر زمانیان کوردستان یان نەمان بووە، بەڵام لەوەشدا خەدری کراسەکەی عوسمانیان لەگەڵدا لێ کراوە.
ئەوەی ماوەتەوە بۆ ئەم کورتە وتارە بنوسرێ، با کورد نێوماڵی خۆی ڕێکبخات و تەبابێت بۆ دۆزەکەی و واز لە ڕاوە ڕووت و بەتاڵان بردنی سەرخان و ژێرخانی کوردستان بهێنێت و دڵسۆزبێت بۆ دۆزەکەی، ئەوساش هەقتانە گلەیی و گازنداش بکەن و بڵێن؛ ئەم جارەش فرۆشراین.
تۆ کە نەوەیەکی پڕ لە ئینتمای وڵاتپارێزی بەرهەم نەهێنیت گلەیت لە پایی چەس، تۆ کە خاوەنی قوتابخانەیەکی پڕ لە هزری پڕ لە مۆڕاڵ نەبیت ئەم وەیشە وەیشەیەت چەس، تۆ کە گەنج و لاوەکانت ڕێگای ئاوارەیی و دەربەدەری بگرن خۆبایانی سەر تەلەفزیۆنت چەس، تۆ کە سەکتەرەکانت نەکراوەتە سیستەماتیک و قۆرخکاراوە بە سیستەمی نوپۆتیزم ئیتر ئەم لورە لورەیەشت لە چی، ئێوە تا ئێستاش هەر یەکەتان لە ئاوازێک دەخوێنێت و بە جیاوازیش دەچنە باخی داد، ببورن بڵێم بەغداد، ئیتر چۆن
بێگانە نازانێت ماهییەتان چەندە، ئەمریکایەکان دەڵێن؛Money talks, bullshit walks بە داوای لێبوردنەوە، کە پارە قسە دەکات، پیسایی دەبێت پیاسە بکات، یان کە هێز قسە دەکات، ئیتر قسەی بێنرخ هیچ ڕەهەندێکی نامێنێ.
لە ئێستادا کوردی باشوور سەرلێشێواوە و نازانێت دۆست و دوژمنی کێیە، نەیار و دوژمنەکانیشی چاک دەزانن کە کورد کوێی دێشێت و چ کەلێنێکی گەورە کەوتۆتە جەستەی شەکەتیەوە و باشیش دەیبینن و تا بۆشیان بکرێت زیاتر چیلکەی تێوە دەژەنن، چونکە قابیلێتی، بۆیە کورد هەمیشە نابێتە خاوەنی مێژووی ڕاستەقینەی خۆی، چونکە هەر زوو مێژووی ڕۆژانی سەختی خۆی لە بیر دەچێتەوە هەوەک، ئەنفال، کیمیاباران، ڕەو، شەڕی براکوژی، برسێتی و نەبونی، ڕیفراندۆم، کێشەی نەوت و گاز، خواردنی ئێکسپایەر و ژەهری ڕژێنراو، موئامەرەی دەوڵەتی و ئەقلیمی و سەدان کۆست و گێرە و کێشەی نەگریسی تر.
ئیتر کوردە بەس نیە کە وانەیەک لە ڕابوردوی ڕۆژانی ڕەشی خۆت فێرنابیت، یان هەمیشە و هەمیشە سێوەکانت دەخەیتە سەبەتەیەکە و سەری زمان و بنی زمانت گرەوە کە دەیکەیت لەسەر ئەسپی تۆپیو، ئێ باشە کە نازانیت هەوڵبدە تا بزانیت.