لەتیف ئەمین: ئەو ئاوەى نەوەى ئێستا پێى لێ دەخشێنن کێ ڕشتوویەتى؟
کۆمەڵگەى پێشکەوتوو, زادەى پەروەردەیەکى تۆکمە و باش و پێشکەوتووە. بە پێچەوانەوەش, کۆمەڵگەى داتەپیو و چەقیو و پڕ کێشە و تەنگوچەلەمە و دواکەوتوو لە هەموو ڕوویەکەوە, بەرهەمى پەروەردەیەکى پەککەوتوو و شێواو و شپرزە و خراپە. چونکە پەروەردەیە مرۆڤ ساز و ئامادە دەکات بۆ ژیان و بۆ نێو کۆمەڵگە. مرۆڤ لەڕێی پەروەردەکردنەوە دەبێت بە مرۆڤێکى چاک و چاڵاک و هۆشیار و هۆشمەند, دەبێ بە مرۆڤێکى سوودبەخش بۆ خۆى و بۆ کۆمەڵگەکەى و بۆ خاک و خەڵک و نیشتیمانەکەى و بۆ مرۆڤایەتیش. بەڵام, ئایا سیستەمى پەروەردەى ڕابردوو بۆ ئەم کۆمەڵگەیەى خۆمان ئەمەى کرد؟
زۆرجار لە نەوەى پێشوو, بەتایبەت لە نەوەى ساڵانى شەست و حەفتاکان, ئەوەمان بەرگوێ دەکەوێ, کە گوایە پەروەردە و فێرکردن, یان خوێندن و ئاستى زانستى و مەعریفى قوتابى لەسەردەمى پێشوو, باشتر و پێشکەوتووتر و پڕ بەرهەمتربوو بەراورد بە ئێستا. ئەوان پێیانوایە عێراق لە ڕووى زانست و پەروەردە و فێرکردنەوە لە لوتکەى پێشکەوتن و گەشەسەندندا بووە. نەوەى پێشوو زۆر شانازى بە قۆناغ و سەردەم و ڕۆژگارى ڕابردووى خۆیانەوە دەکەن و هەست و سۆزێکى نۆستالژیاییان بۆى هەیە و بە سەردەمى زێڕینى خۆیان دایدەنێن سەبارەت بە پەروەردەوفێرکردن.
زۆرینە لە نەوەى پێشوو, هەمیشە نەوەى ئێستا و پەروەردە و سیستەمى پەروەردەوفێرکردنى ئێستا ڕەخنەڕێژ دەکەن و بەهیچ شێوەیەک دانى پێدانانێن. تەنانەت پێیانوایە نەوەى ئێستا نەوەیەکى هیچ لەبارانەبوو و نەوەیەکى بێئاگا و نەزان و ناکامن. لەکاتێکدا، خۆیان پەروەردەکاری ئەم نەوەیەن و خۆیان دەستیان لەدروستکردنی بینای کەسایەتی و ڕێڕەوی هزر و هۆشیاری ئەم نەوەیە هەیە. ئەوان یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزى ئاستى زانستى قوتابییان لەو سەردەم بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە, گوایە جاران مامۆستا شکۆ و شەهامەتى هەبوو, بەهێز و بە دەسەڵاتبوو, قوتابى لەمامۆستاکەى دەترسا, بۆیە دەیخوێند و سەرکەوتوو دەبوو. جاران لێدان و ترس و لەرز و سزادان هەبوو, بۆیە ئاستى فێربوون و زانست و خوێندن بەگشتى لە پلەیەکى بەرز و باڵادا بووە, وەک خۆیان دەڵێن.
ئەوانەى ئەم ڕا و بۆچوون و تێڕوانینانەیان هەیە سەبارەت بە پەروەردەکردنى منداڵ و سیستەمى پەروەردە و فێرکردن, یان ئەوانەى پراکتیزەى ئەم جۆرە سیستەمەیان کردووە لە عێراق, بێئاگان لەوەى کە هەزاران منداڵ لەبەر ئەشکەنجە و ئازارى جەستەیی و دەروونى و لێدان و توندوتیژى و هەراسانکردن لەناو قوتابخانەکان, وازیان لە خوێندن هێنا. بێئاگان لەوەى کە هەزاران قوتابی لەبەر سووکایەتیپێکردن و هەڕەشەلێکردن و ڕووخاندن و شێواندن و شکاندنى کەرامەت و کەسایەتییان, خوێندنیان جێهێلا و کەوتنە کۆڵان و سەرجادەکان. بێئاگان لەوەى کە سەدان و هەزاران قوتابى لەبەر چاو لێسوورکردنەوە و خۆلێگرژکردنى مامۆستاکانیانەوە نەیانتوانى درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
بەڵێ، زۆربوون ئەوانەى بەرگەى ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارە جەستەیی و دەروونییەیان نەگرت و بە ناچارى و بە ئاخ و حەسرەت و هەناسەى ساردەوە لە خوێندن دابڕان. هیوا و ئاوات و خەون و خۆزگەیان خنکێنرا. شکۆ و کەرامەت و کەسایەتییان شکێنرا. بەڵێ, زۆربوون ئەوانەى لەو زیندانە, لەو سەربازگەیە, لەو فەلاقەخانەیەى ناویان لێنابوو قوتابخانە, خۆیان ڕزگار کرد. ئێمە خۆمان گەواهیدەرى ئەم ڕاستییەین و خۆمان ئەو ئازار و ئەشکەنجانەمان بینیوە و چەشتووە بەدەست هەندێک لە مامۆستاکانمانەوە, بەدەست نەوەى پێشوو. لە یادمانە ئەو کاتەى لە چلەى زستاندا, لەبەر ساردوسڕى و شەختەبەند و سەرماوسۆڵە, دەست و پەنجەکانمان بەئاستەم دەجووڵان, قاچەکانمان گورج دەبوون, لێوەکانمان دەلەرزین. لەسەر تەختەیەکى ڕەق و لەژێر ڕەحمەتى تف و جوێن و شەق و شڤڕەبی مامۆستا, ڕۆحمان لەسەر دەست بوو. ئێستاش ئەو دیمەنەم لەبەرچاوە, کاتێک لە قۆناغى سەرەتایی بووین, مامۆستایەکمان سزای قوتابییەکى بەستەزمان و بێ تاوانى دەدا, بە قوتابییەکەى دەگوت وەرە شناو لێدە, قوتابییەکەش وەک سەربازێکى بێ دەسەڵات لەبەردەمى ئەفسەرەکەى, ناچار, چوو لەبەردەمى مامۆستا لەسەر زەوییە پڕ تۆزوخۆل و پیسەکە درێژبوو و دڵى پاکى لێی دەدا, مامۆستاکەش زۆر بێ بەزەییانە و دڵڕەقانە, وەک ئەوە وابێ هەموومان لە مەشق و ڕاهێنانى سەربازیدابین. پێى خستە سەر پشتى ئەو منداڵە و هەر دەیگوت دەى شناوم بۆ لێدە دەى!. ئەو دیمەنەم قەت لەبیر ناچێتەوە. بیرمانە, زۆرجار قوتابییان دەبردە لاى تەختەڕەشەکە و پێیان دەگوت ڕووت لە دیوار بکە و پشت لە قوتابییان و دەستەکانت بەرزکەوە و لەسەر یەک قاچ بوەستە. ئەمە ئەگەر هەتککردن و شکاندن و ڕووخاندنى کەسایەتى منداڵ نەبێ چییە؟ نموونەى سزا و ئەشکەنجەدانەکان زۆر تراژیدى و ئازار بەخش و ناخ هەژێن و نامرۆیین ئەگەر باسیان بکەین. ئەم جۆرە پەروەردەیە چۆن مرۆڤی شەڕانگێز و تووڕە و توندوتیژ دروست ناکات؟ چاوەڕێی چی لەنەوەیەک بکرێ کە بەم شێوەیە پەروەردە کرابێ؟
پەروەردەى ئێستا سەرەڕاى ئەو هەموو کەلێن و کەموکوڕى و هەڵە و پەڵەیەى هەیەتى, کە هەموومان دەڵێین بەڵێ پێویستى بە چاکسازى و گۆڕانکارى و بەرەوپێشبردن و گەشەسەندن و نوێبوونەوە هەیە, بەڵام لە زۆر ڕووەوە باشتر و پێشکەوتووترە لە پەروەردەى جاران. ژینگەى قوتابخانە و ناوەندەکانى خوێندن کەشێکى پەروەردەیی و زانستى باشتر و لەبارتر و زیاتریان هەیە. قوتابییانى ئێستا, هەرچەندە لەڕووى ئاستى زانستییەوە مایەى ڕەزامەندى مامۆستایان و دایکوباوکان نین, ئاکار و ڕەفتارى بەشێکى زۆریان مایەى نیگەرانین, بەڵام چاوکراوەتر و هۆشیارتر و بەئاگاترن سەبارەت بە مافەکانیان. مامۆستایانى ئێستا سەرەڕاى هەموو تێبینییەکان سەبارەت بە ئاست و ئەدا و تواناکانیان, بەدڵنیاییەوە هۆشیارتر و پەروەردەییترن, نەرمونیانتر و شارستانیترن بەراورد بە زۆرێک لە مامۆستایانى پێشوو. بینا و باڵەخانەى قوتابخانەکان زۆر باشتر و ڕێکوپێکتر و گونجاوترن, بەتایبەت لە ڕووى نەخشە و دیزاین و هەبوونى دارودرەخت و سەوزایی و ئامێر و کەلوپەل و پێداویستییەکانى خوێندن, گومانى تێدا نییە زۆر زیاتر و باشترن لە جاران. جاران قوتابخانە بۆ قوتابى وەکو زیندانێک بوو. لەوکاتەى قوتابییان وانەکانیان تەواو دەبوو و دەچوونەوە ماڵ, دەیانگوت بەربووین, وەک ئەوە وابێ لە زیندان بەربووبن. قوتابخانە وەکو سەربازگەیەک بوو. مامۆستا هەروەکو ئەفسەر و فەرماندەیەکى سەربازى بڕیارى دەدا و دەنگى بەسەر قوتابیدا بەرز دەکردەوە. گفتوگۆ و ڕادەربڕین و بەشداریپێکردن هەر نەبوو. قوتابى لەترسی مامۆستاکەى ئەگەر لە بابەتەکە تێنەگەیشتبایەش, بوێرى ئەوەى نەبوو پرسیار بکات یان داواى ڕوونکردنەوە و دووبارەکردنەوە بکات. چونکە قوتابى لەناو پۆلدا هەستى بەکەشێکى ئازاد و ئارام و دڵنیا نەدەکرد. هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێدا بوو. پێوەر بۆ باشترین مامۆستا لەسەردەمى پێشوو, ئەوەبوو کە مامۆستا پۆلەکەى کڕ و کپ و بێدەنگ و بێ جووڵەبێت. سەرکەوتووترین مامۆستا ئەوەبوو کە توند و ڕەق و بێ بەزەیی بوو. باشترین قوتابیش بەلاى مامۆستاکانەوە ئەو قوتابییەبوو, کە شەرمن و گرگن و سەرکز و بێ چاڵاکى بوو. قوتابى چوست و چاڵاک و وریا و پرسیارکەر و زیندوو, ناپەسند بوو, مایەى ڕەزامەندى مامۆستا نەبوو, هۆکارى سەرئێشە و ماندووکردن و بێزارکردنى مامۆستا بوو.
ئەم جۆرە پەروەردەیەى کە لەڕابردوودا هەبوو, بێگومان کاریگەرییەکى نەرێنى و خراپى لەدواى خۆیدا لەڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و دەروونى و ڕۆشنبیرى و زانستى و هەموو بوارەکان بەجێهێشت. بەهۆى ئەو سیستەمە پەروەردەییەى جاران و ئەو عەقلییەت و دید و تێڕوانینەى کە پێچەوانەى بنەماکانى پەروەردەیەکى دروست و ڕاستەقینەبوون, دەوڵەتى عێراق لەئێستادا, لە هەموو ڕوویەکەوە, یەکێکە لە گەندەڵترین و فاشلترین وڵاتانى دەوروبەر. کوا بەرهەمى پڕ بەرەکەتى ئەو پەروەردە و فێرکردنە نایاب و ناوازە و پێشکەوتووەى کە دەگوترێ لە ڕابردوودا هەبووە؟ تۆ سەیرى کۆمەڵگەى عێراقى بکە, جگە لە کۆمەڵگەیەکى بەکاربەرى بێ بەرهەم, هیچی تر نییە. لە ڕووى ئابوورییەوە, سەرچاوەى سەرەکى داهاتى وڵات نەوتە. کوا پیشەسازى و کارگە و کارخانە پێشکەوتووەکانى؟ کوا داهێنان و دۆزینەوە و بیردۆزییەکانى بۆ خزمەتى مرۆڤایەتى؟
لەڕووى سیاسییەوە فشۆڵترین و لەرزۆکترین دەوڵەتى ناوچەکەیە. هەمیشە پڕ لە پشێوى و ئاشووب و ئاڵۆزى و شەڕ و ململانێ و ناکۆکى و بێ سەروبەرییە.
لە ڕابردووشدا هەر لە شەڕ و کوشتاردابووە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێی. هەمیشەش دۆڕاو و شکستخواردوو بووە. هەمیشە عێراق وڵاتێکى پڕ لە کێشە و قەیران بووە. لەڕووى ئایینییەوە ئەگەر سەیرى بکەین, دەبینین پڕ لە ناتەبایی و ناکۆکى و ڕق و کینە و بوغزاندنە. هەمیشە ژینگە و زەمینەیەکى لەبار و ڕەخساوە بۆ چەکەرەکردنى بیرى توندڕەوى, هەردەم باوەشێکى گەرم و واڵایە بۆ گرووپە توندڕەو و ڕادیکاڵییە ئیسلامییەکان, داعش نموونەیەکى زیندووە بۆ ئەم مەبەستە. دەکرێ بڵێین عێراق بە کوردستانیشەوە, باجى ئەو هەموو هەڵە و پەڵە و خوار و خێچى و ناڕێکییەى سیستەمى پەروەردەى ڕابردوو دەدات, کە لەئێستادا ماک و کاریگەرییە خراپەکانى بەدەردەکەوێت.
دەکرێ بڵێین, ئەو قوڕە خەستەى ئێستا ئێمە دەیشێلین, سیستەمى پەروەردەى جاران بۆ ئێمەی گرتووەتەوە. ئەو ئاوەى نەوەى ئێستا پێی لێ دەخشێنن, نەوەى پێشوو ڕشتوویانە. ئەو دیوارە خوارەى تەلارى ئێستاى کۆمەڵگەى عێراقى, پەروەردەى جاران بناغەکەى داناوە. ڕاستکردنەوە و ڕاستەڕێکردنى ئەم کۆمەڵگەیەش, ئەستەم نییە, بەڵام ئاسانیش نییە, پێویستى بە پلانێکى تۆکمە و هەوڵ و هێز و ئیرادەیەکى باڵا هەیە. پێویستى بە فەلسەفەیەکى ڕوون هەیە, کە لەسەر بنەماى پەروەردەیەکى نوێ و هاوچەرخ دابڕێژرێت و لەگەڵ ژینوارى کۆمەڵگە و ئەم سەردەم و ڕۆژگارەدا بگونجێت.