نەوزادى موهەندیس: موقتەدا صەدر، دیاردەیەکى نامۆ لە دونیاى سیاسى عێراقدا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لەدواى ساڵى 2003و ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى صەدامیەوە لە دونیاى سیاسى عێراقدا کۆمەڵێک کەسایەتى و کاراکتەر و دەموچاوى نوێمان پێ ئاشنا بوون کە پێشتر زۆریان نەناسراوبون و هیچ ڕۆڵێکى ئەوتۆیان لەگۆڕەپانى سیاسى عێراقدا نەبوە. کە بەداخەوە هەموانیان لە ئێستادا و دواى 19 ساڵ حوکمڕانى زۆرینەى شیعە مەزهەبى عەرەبى، نموونەیەکى زۆر ناشیرین و شکستخواردوویان پێشکەش بەگەلانى عێراق بەسەرجەم پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکانەوە کرد و هەرئەم دزێوى و قێزەونى سیاسەت و بەرنامەیەیان بوو کە لە ئێستادا زۆرینەى جەماوەرى گەلانى عێراق خۆزگە بە سەردەمى ڕژێمى لەناوچووى بەعس و سەرکردەکەى صەدام حسێنى گۆڕبەگۆڕ دەخوازن.
لەناو ئەو سەرکردە نەدیو و نەناسراوانەشدا موقتەدا صەدرە، کە لە ئێستادا یەکێکە لە سەرکردە سیاسیەکانى ڕەوتێکى سیاسى بەناوى ڕەوتى صەدرەوە و هەوڵیش دەدات هەم لەلایەنى سیاسیەوە و هەمیش لە ڕووى دینیەوە ببێتە سەرکردەیەکى سیاسى و مەرجەعێکى ئاینیش، و گەرەکێتیشى هاوشێوەى حەسەن نەصروالله لە لوبنان و تەنانەت ئایەتوڵا خامنەئیش لە ئێران هەموو دەسەڵاتى سیاسى و ئاینى لاى خۆى کۆبکاتەوە و حەز و ویستى کەسیشى بریتیە لە خۆ سەپاندن و بونە تاکە سەرکردە و مەرجعیەتى باڵا، بەشێوەیەک هیچ بڕیارێکى ڕەتنەکرێتەوە و ئەوەى ئەویش ویستى و دەیڵێ وەک دەڵێن بە یەک وشە جێبەجێبکرێت. (جۆرێک لە تاکڕەوى ئاینى و سیاسى). لەکاتێکدا گەرەکێتى کە شیعەى عێراق دووربخاتەوە لە پاشکەوتەى ئێرانى فارسى و بیگێڕێتەوە بۆ فەلەکى عەرەبى و نەتەوەییەکەى و ئەوەتا دروشمى (حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى نە ڕۆژهەڵاتى و نە ڕۆژئاوایى) بەرزکردۆتەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەرێ موقتەدا صەدر ئەو کەسایەتییە کە بتوانێت ئاوها شێوازێک لە حوکمڕانى عێراقدا پیادە بکات و سەرکەوتوش بێت؟ ئایا عێراق بەوێنەى ئێران و لوبنانە کە موقتەدا گەرەکێتى نموونەکەى ئەوان پیادە بکات؟ ئایا موقتەدا سیاسیەکى موحەنەک و بیرتیژ و سەنگین و پشوودرێژە و لەولاشەوە مەرجعیەتێکى گەورە و بەئارام و دووربینە کە بتوانێت هەموان بخاتە ژێر کاریگەرى و دەسەڵاتى سیاسى و ڕۆحى خۆیەوە؟ و دەیان پرسیارى تریش.
پێش وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارانە گەرەکە کەمێک لە پاشخانى سیاسى و ئاینى و بنەماڵەیى و قۆناغەکانى ژیانى موقتەدا صەدر بڕوانین ئەوسا بڕیار بدەین کە ئەو هەڵسوکەوت و بڕیارە نامۆیانە و سەرپێیانەى کە لەماوەیەکى کورتدا دەیدات و دەینوێنێت لەچ ئاڕاستە و سەرچاوەیەکەوە سەریان گرتوە. بەشێوەیک وەک دەوترێت شەو خەون بە کارێکەوە دەبینێت بۆ بەیانى دەیەوێت جێبەجێی بکات بەبێ گوێدانە ئاسەوارە خراپەکانى.
موقتەدا بۆخۆى لە 4/8/1974 لە نەجەف((حەنانە)) لە بنەماڵەیەکى ئاینى بەناو و ناوبانگى شیعە مەزهەبى 12 ئیمامى لەدایک بوە کە بە ئالى صەدر ناسراون و لە ئێستادا تەمەنى تەنها 48ساڵە و پێگەو و ناوبانگى گەورەیان هەیە لەناو شیعەکانى عێراقدا و درەختى بنەماڵەشیان دەچێتەوە سەر ئیمام حوسەینى کوڕى ئیمام عەلى و پەیامبەر و بنەماڵەى هاشمى قوڕەشى. کە ئەم پێگە و ناوبانگەیان وایکردوە جێگەى ڕێز و تەقدیر بن و بۆخۆشیان کەمیان نەکردوە لە پاراستن و گەشەپێدانى مەزهەبى شیعە لە عێراقدا، باوکى محمد محمد ێادق الێدر بەئاشکراو و بەنهێنى دژى صدام حسێن و ڕژێمى بەعس هەڵوێستى هەبوە و هەر ئەمەش وایکرد کە ڕێژێمى بەعس باوکى و 2 براى شەهید بکات لە 19/2/ 1999دا لەتەمەنى 55ساڵیدا بەتیرۆر و گولەبارانکردنیان لەشارى نەجەف. ئەمەش بوە هۆى هەڵایسانى ڕاپەڕینى جەماوەرى لە مەدینە الصدر و پارێزگاکانى ترى عێراقى ئەو کاتەدا، و باپیریشى لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە محمد باقر الصدر لە 9/4/1980دا لەتەمەنى 45ساڵیدا لەسێدارەدراوە. بۆخۆشى لەگەڵ باوکى و براکانیدا لەدواى ڕاپەڕینى شەعبانی ساڵى 1991دا لە بەندیخانەى ڕەزوانیە بەندکراوە. موقتەدا کوڕى چوارهەمى باوکێتى و ژنى هێناوە کە کچى مامێتى (اسماء) محمد باقر صەدر و منداڵیان نیە تاکو ئێستا. لەساڵى 1988دا چۆتە حەوزەى عیلمى نەجەف و زانکۆى نەجەفى ئاینى خوێندوە. باپیرە گەورەشى محەمەد حەسن صەدر لەساڵى 1948دا سەرۆک وەزیرانى عێراق بوە.
هەربۆیە موقتەدا لە بنەماڵە و ناوەندێکى حەوزەیى و ئاینى و سیاسیشدا گەورەبوە و بناغەى فکر و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاى داڕشتوە و لەتەمەنێکى لاوێتیەوە لەلایەک سەرپەرشتى نوسینگەى باوکى کردوە و کتێب و چاپکراوەکانى سەرپەرشتیکردوە و سەرنوسەرى گۆڤارى (الهدى ) بوە و لەلایەکى تریشەوە سەرپەرشتى باڵێکى چەکدارى شیعە مەزهەبى کردوە و هێرش و پەلامارى کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانى ڕژێمى بەعس. بەم شێوەیە یەکێکە لەو سەرکردە شیعیانەى کە عێراقى بەجێنەهێشتوە لەسەردەمى بەعسدا و بە نهێنى کارى سیاسى و دینى ئەنجامداوە بە پێچەوانەى زۆرێک لە سەرکردەکانى ترى ئێستا وەک مالکى و حەکیم و جەعفەرى و عادل عبدالمهدى و عەبادى وعامرى و خەزعەلى و … هتد.کە هەموانیان زۆرترین ماوەى ژیانیان لەدەرەوەى عێراق بردۆتە سەر.
لەدواى ساڵى 2003شەوە موقتەدا زیاتر دەرکەوت و کەوتەخۆ و هەر لەسەرەتاوە دژى لەلایەک هەموو هێزە بیانیەکان و بەتایبەتیش ئەمریکابوە و لەلایەکى تریشەوە دژى دەسەڵاتى ئەنجومەنى حوکمیش بوە. لەڕێگەى بەکارهێنانى هێز و پێکەوەنانى گروپ و میلیشیاى چەکداریەوە. ئەوەتا لەساڵى 2003دا میلیشیایەکى چەکدارى بەناوى ((جەیشى مەهدیە))وە پێکەوەناو کەوتە چالاکى چەکدارانە دژى سوپاى ئەمریکا و هەرئەمەش وایکرد کە بخرێتە لیستى داواکراوەکانى ئەمریکاوە و جۆرج بۆشى سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند کە صەدر دوژمنى ئەمریکایە و داواى گرتن یان کوشتنى کرد. موقتەدا صەدر لەساڵى 2004وە بەئاشکرا دەیویست خۆى و هێزەکەى بەزۆر بسەپێنێتە سەر هەموان و لەگەڵ حکومەتى مالکى یەکەمدا کەوتە جەنگەوە و شەڕى گەورەى نەجەفى ئەنجامدا کە بۆماوەیەک دەستى گرتە سەر حەوزەى نەجەف و مەرقەدى ئیمام عەلى و تەنانەت تۆمەتباریش کرا بە کوشتنى مەرجەعیەتى عبدالمجید الخوئى لە 10/4/2003دا لەناو مەرقەدى ئیمام عەلیدا و ئەم کارانەى بەدرێژایى ساڵانى 2004 تا 22/2/2008 بەردەوام بوو. تا ئەوکاتەى تۆمەتبار کرا بەهەڵایسانى شەڕى تایەفى.
دواتر جەیشى مەهدى هەڵوەشاندەوە و لەجێگەیدا میلیشیایەکى ترى بەناوى( لیواى یوم الموعود )ى دامەزراند لە 2009-2011 و جارێکى تر بەشێوەى چەکدارانە کەوتەوە دژایەتى هێزەکانى ئەمریکا و حکومەتى دووەمى مالکیەوە و بەهەمان شێوەى جارى یەکەم شکستى هێنا بەتایبەتى دواى شەڕى گەورەى لە بەسرەدا. ئیدى لەوکاتەوە تاکو ئێستا موقتەدا و مالکى ناکۆک و دژبەیەکن و هەر ئەم ململانێ کەسیە بوە هۆکارى ئەوەى کە تاکو ئێستا و بۆماوەى 9 مانگە نەتوانراوە کە حکومەتى نوێى عێراقى پێکبهێنرێت و عێراق بکەوێتە گێژاوێکى سیاسى قوڵەوە و بەشێوەیەک مالکى و صەدر ناتوانن لەنێوماڵى گەورەى شیعیشدا هاوکارو پێکەوەکاربکەن.
هەر لەساڵى 2009وە پەیوەندى کردە حوسیەکانى یەمەنەوە دژى حکومەتى یەمەن و دواتریش دژى سعودیە و ئەوانى تر. لە ساڵى 2014شەوە (سەرایى سەلام) ى دامەزراند کە میلیشیایەکى چەکداریە لەدواى داگیرکردنى موصڵ و شارەکانى تر لەلایەن داعشەوە.
لەلایەنە ئاینیەکەشیەوە و دواى تۆمەتبارکردنى بەکوشتنى خوئى. لەلایەن ئێرانیەکانەوە بردیانە ئێران و چوە حەوزەى قوم و خوێندنى تەواو کرد و لە ئێستادا پلەى (حجە الاسلامى) هەیە و دەخوێنێت بۆئەوەى پلەى (موجتەهید) وەربگرێت و ئەوکات دەتوانێت ببێتە مەرجەعێکى باڵاى هاوشانى على سیستانى و ئەوانى تر و فتوا بدات.
بەم شێوەیە موقتەدا صەدر حەوزەى عیلمى نەجەفى کردە دوو بەشەوە، بەشەکەى خۆى بە (حەوزەى ناتیقە/ قسەکەر یان باڵى شۆڕشگێڕى وهەڵۆکانى شیعەکان) و بەرامبەرەکەشى بە (حەوزەى ساکتە/ بێدەنگ یان باڵى کۆترەکانى شیعەکان) ناودەبران لەبەر هەڵوێستە دژ و ئاشکراکانى دژى حکومەتى عێراق و ئەمریکیەکان.
بەم شێوەیە موقتەدصەدر باکگراوندێکى تێکەڵ و پێکەڵى سیاسى و ئاینى و توندوتیژى هەیە و ڕەنگە شەهیدکردنى باوکى و براکانى و هەڵگرتنى لێپرسراوێتى ئیشوکارەکانى بنەماڵەى خۆى لە زەمەنى بەعس و دواتریشدا و لەتەمەنێکى کەمەوە هەموو ئەمانە جۆرە فشارێکى دەروونى قوڵیان کردبێتە سەر گوتار و کردار و هەڵسوکەوتەکانى،هەربۆیە کەسایەتیەکى نادیار و ڕاڕاو و نەفەس کورت و توڕە و توندوتیژى لێدەخوێنرێتەوە.کە لە دونیاى سیاسەتدا ئەم جۆرە کەسایەتیانە کەسێکى سەرکەوتوو نابن و دەکەونە هەڵەى گەورەى سیاسى و ئاینى و ئابورى و سەربازیەوە کە کاریگەرى خراپ دەکەنە سەر جۆرى حوکمڕانى و کۆمەڵگاش. بۆیە موقتەدا صەدر لەماوەى ئەم 19 ساڵەى ڕابووردوودا هێندەى وەک سەرکردەیەکى سیاسى و سەربازى و جەماوەرى توندڕە و بێ ئارام و ڕاڕا دەرکەوتوە نیوهێندە وەکو کەسایەتیەکى هێمن و سیاسیەکى موحەنەک و لەسەرخۆ و جێگە باوەڕى سەرکردە و حیزبە سیاسەکان و تەنانەت هاوپەیمانەکانیشى و دواجاریش دواکەوتە و جەماوەرەکەشى دەرنەکەوتوە. هەربۆیە سەرکردەیەکە کە جێگەى بڕوا و متمانەى تا سەر نیە بۆ هیچ کەس و لایەنێک. ئەوەتا هەر لەساڵى 2022دا و دواى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى 2021 چەندین هەڵوێست و گوتارى جیاجیاو دوورلەیەکى نواندوە کە تەنانەت هاوپەیمانەکانیشى ئیحراج کردوە لە کورد و سونەکان.
بۆیە بەهەق دیاردەى موقەتدا صەدر لەدونیاى سیاسى عێراقیدا نمونەیەکى زۆر جیاواز و دوورە لەهەموو نەزم و ئەتەکێت و شارەزایى و ئەزموونى سیاسى لەگەڵ ئەوەى کەلە بنەماڵەیەکى ئاینى و سیاسى دێرینیشەوە هەڵکەوتوە.بەبڕواى ئێمە تاکە چەکى بەهێزى دەستى موقتەدا صەدر تەنها ناوبانگە گەورەکەى بنەماڵەکەیەتى لەڕووى ئاینى و سیاسى و ئیداریەوە و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەکانیانە دژى ڕژێمى بەعس و ژمارەى شەهیدەکانیان و دواتریش ئەمریکیەکان و هەر ئەمەش کردویەتیە خاوەنى شەقام و جەماوەرێکى پانوپۆڕى گوێڕایەڵ و گەورەى شیعەکان بەتەنها و لەبەرامبەر دەیان هێز و حیزب و سەرکردەى سیاسى ترى شیعەکاندا. ئەگینا لەڕوى کەسایەتى و کاریزمایەتى سیاسى و دووربینى و پشوودرێژى و ئەزمونەوە موقتەدا صەدر نمونەیەکى شکستخواردووى سیاسەت و سیاسیەکى نامولتەزیم و ناهاوسەنگى شیعە مەزهەبى عێراقیە و هیچى تر.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی