ســـــەرکۆ یونس: کەرتی تایبەت لەهەرێمدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرتی تایبەت لەئابوری هەرێمدا، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، شانبەشانی کەرتی گشتی لەبوژانەوە وبەرەوپێشبردنی سێکتەرەکانی ئابوری هەرێمدا، ڕۆڵ و ئەرکی بینیوە، بەگشتی و سێکتەری بازرگانی و نیشتەجێبوون و ووزە و پەیوەندییەکان بەتایبەتی. لەهەمانکاتدا بەڕێژەیەک بەشدارە لەکەموکوڕی و نەهامەتییەکانی ئابوری هەرێم.
لەهەرێم، بەهۆی باڵا دەستی لایەنەسیاسی و کەسایەتییەکان و لاوازی لەیاساکان و سستی لەجێ بەجێکردنیان، هەر ئەمەش کاریگەری لەسەر زۆربەی کۆمپانیاکان بووە، ئەویش بەهۆی دەست تێکەڵکردنیان لەگەڵ لایەنەسیاسییەکانی ناو دەسەڵات و کەسایەتییە دەستڕۆشتووەکان.
کۆمپانیاکان، میسداقیەتی خۆیان تاڕادەیەک لەدەستداوە، بۆیە دەتوانین بڵێن دوو جۆر کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، پەیدا بوون.
کەرتی تایبەتی خەڵکانی ئاسایی بێ لایەن، سەرەڕای پیشەیی بوونیان و ئەزموونیان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی سیاسی لایەنە دەستڕۆشتووەکان و کەسانی سیاسی خاوەن دەستەڵات، کارەکانیان بەباشی ناچێتەپێشەوە، بەربەست و ئاستەنگی گەورەیان بۆ دروست دەکرێن. بەڵام پێچەوانەی جۆری یەکەم، کەرتی تایبەتی سیاسیمان(حزبی) هەیە، کەخاوەنی هەموو شتێکن و هەندێجار دەتوانن کێبڕکێ ی حکومەتیش بکەن، بەهۆی بوونی دەستی شاراوەی حزبی و سیاسییەکان، ئەم جۆرە لەکۆمپانیا، دەتوانن هەموو کاروچالاکییەک بکەن، دەستیان بەباشترین پڕۆژە و تەندەری قازانجهێنەری باش دەکەوێت، هیچ جۆرە ڕێگرییەکیان بۆنایەتە پێش، لەگەڵ ئەوەشدا لەخراپترین جۆری کەرتی تایبەت، ئەژمار دەکرێن و بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان پشت بەپلانی دراسەکراو نابەستن، زۆربەی جار پڕۆژەکانیان ئامانجی تەواو بەدەستناهێنێت، ئەم تێکەڵکردنە، بوو بەهۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەدان ملیۆن دۆلار کەبەداخەوە سیمای سەرەکی حکومەت و ئابوری هەرێمە.
ئەم جۆرە کۆمپانیانە، گورزێکی کوشندەو جەرگبڕیان لەئابوری هەرێم وەشاندووە، بەردەوامیش زیان بەژێرخان و سەرخانی ئابوری دەگەیەنن، بوونەتە هۆی دەوڵەمەندبوونی خۆیان و دادۆشینی داهاتی گشتی.
لەڕاستیدا، بوونی کەرتی تایبەت وکۆمپانیاکان، یەکێکە لەسیماکانی ئابوری سەرمایەداری هاوچەرخ و بازاڕی ئازاد، ڕۆڵ وپێگەی کۆمپانیاکان، لەئابوری وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بۆ نمونە، لەئەمەریکا نزیکەی (%45) ئابوری وڵات بەدەست کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانەوەن، لەهەندێ وڵاتی تر زیاترە.
بەداخەوە لەهەرێمدا، ئامارێکی دروست و زانستیمان لەم لایەنەوە نی یە، بەڵام بەکاروپڕۆژەکاندا ڕوون وئاشکرایە، زۆربەی کاروچالاکییەکان، لەهەرێمدا بەکارتی تایبەت یان لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە جێ بەجێ دەکرێت، بەتایبەت سێکتەری بازرگانی و نیشتەجێ بوون و ووزە و پەیوەندییەکان.
بێ گومان کەرتەکانی تریش بێ بەش نین لەکۆمپانیاکان، لەکەرتی تەندروستی و پیشەسازی و گەشتیاری وپەروەردە و خوێندنی باڵا و کارەبا، بەئاشکرا جێدەستی کەرتی تایبەت دیارە. بۆ نمونە لەکارەبا ڕێژەی (84%) لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدێت.
بوونی کەرتی تایبەت(کۆمپانیا) لەگەڵ کەرتی گشتی(حکومەت) دووانەیەکی پێکەوە گرێدراون، تەنها حکومەت ناتوانێت پێویستیەکانی کۆمەڵگا، دابین بکات بەتایبەت پێویستییەکەسییەکان، هەربۆیە کەرتی تایبەت، ئەو ڕۆڵە دەبینێت و کار دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێویستیانەی کەکەرتی گشتی ناتوانێت فەراهەمی بکات.
لەهەرێمدا، بەهۆی لاوازی کەرتی گشتی، ووردە ووردە کۆی کایەکانی ژیان، بەرەو کەرتی تایبەت دەڕۆن، وەک پەروەردەو فێرکردن و زانکۆ و پەیمانگاکان، هەروەها بوونی دەیان نەخۆشخانەو کلینیکی پزیشکی لەشاروشارۆچکەکاندا.
سیستەمی ئابوری و کارگێڕی هاوچەرخی جیهان، بەرەو کەرتی تایبەت هەنگاو دەنێت، هەنگاوەکان بەشێوەیەک دەچنە پێشەوە کە ئەرکی دەوڵەت، بگەڕێتەوە سەر ئەرکی کلاسیکی جاران، کەخۆی لەپاسەوانی سنوری وڵات و ئەمن و ئاسایشی ناوخۆ و دادگاکان دەبینێتەوە.
هەرێمی کوردستانیش، بێ بەش نی یە، لەم گۆڕانکارییانە، ساڵ لەدوای ساڵ، کەرتی تایبەت زیاتر دێتەپێشەوە و جێگەوپێکەی خۆی زیاتر بەهێز دەکات، لەژێر سێبەری سیاسەتی بەتایبەتیکردن(الخصخصة)
لەڕووی ئابوری و کارگێڕییەوە، پێمان وایە، هیچ ئاستەنگیەک نی یە، لەجێگرتنەوەی کەرتی تایبەت بەکەرتی گشتی، بەڵام ئەوەی کێشەو ئاستەنگ و ناسروشتی یە، تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنیان لەلایەک، قۆرخکاری و دەستبەسەرداگرتن و حساب بۆ یاسانەکردنە لەلایەکی ترەوە، لەهەرێمدا کەرتی تایبەت، تایبەتمەندی شازو هەڵسوکەوتی تایبەتی هەیە.
لەڕاستیدا بوونی کەرتی تایبەت، ئاسانکاری ئابوری و پاڵپشتی دارایی یە بۆ حکومەت، چونکە لەلایەک بەیاسا ئەم کەرتە باج و رسومات دەدات بەحکومەت و لەلایەکی تریشەوە دەرفەتی کار دەرەخسێنێت و بێکاری کەم دەکاتەوە و بەرهەمهێنان زیاد دەکات.
بەڵام بەداخەوە بەهۆی گەندەڵی و دەستێکەڵکردن و هاوسەرگیری ناشەرعی سەرمایەدارو سیاسییەکان، حکومەتی هەرێم، لەچەند ساڵی ڕابردوودا، نەیتوانیوە باج لەسەر کەرتی تایبەت بەتەواوی وەربگرێت و داهاتی ئەم کەرتە بۆ حکومەت، نەبووەتە بەشێکی سەرەکی بودجەی گشتی، زۆربەی کۆمپانیاکان، سیاسەتی خۆدزینەوە لەباج و ڕسومات پەیڕەودەکەن، هەندێجاریش هەوڵی بەدەستهێنانی لێخۆشبوون دەدەن.
هەربۆیـــە زۆر گرنگە، کاروئەرکی کەرتی تایبەت، بەیاسا ڕێکبخرێت و چوارچێوەی کارکردنیان دیاری بکرێت، ئەرک و مافی کارکەرانی ئەم کەرتە، گرنگی پێ بدرێت لەڕووی کاتژمێرەکانی کارکردن و بیمە و پاشان خانەنیشینی، بۆئەوەی بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی کەمببێتەوە و کارکەرانی کەرتی تایبەت، هەمان ئیمتیاز ومافیان هەبێت کەلەکەرتی گشتیدا هەیە.
لەلایەکی ترەوە، پێویستە حکومەت هەوڵی تەواو و هاوکارو یارمەتیدەر بێت بۆ هەستانەوەی ڕۆڵی کەرتی تایبەت لەهەرێمدا، تاچیتر هاونیشتمانیان پشت بەکەرتی گشتی نەبەستن بۆ بەدەستهێنانی کارو داهات.

*ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت