ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: به‌یت و حه‌یران له فۆلكۆری كوردی دا.
بنكه‌ی ڕۆشنبیری و هونه‌ری له‌ڕانیه، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌دیاری كراوی، له17-6- 2022 له ئێواره‌یه‌كی ڕه‌نگاڵه‌ییدا ئاهه‌نگێكی خۆش و پڕسۆزی بۆ (دووه‌مین دیداری به‌یت و حه‌یران) سازكردبوو، به‌شداری چه‌ندین به‌یتبێژ و حه‌یرانبێژی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاهه‌نگه‌كه‌یان جوانتر ڕازانده‌وه، هه‌رچه‌نده من شاره‌زا و پسپۆڕی بواری هونهرنیم، به‌ڵام له‌ژێر ڕۆشنایی فه‌رموده‌و بیروڕای ئه‌و شاره‌زایانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته دواون، بۆ گرنگی پێدانی زیاتری بابه‌ته‌كه، ده‌مه‌وێت به‌م بۆنه‌یه‌وه هه‌ندێك باری سه‌رنجی خۆم ده‌رببڕم.
دیاره هه‌ڵكه‌وته و سروشتی ڕازاوه‌ی كوردستان، ئه‌م نیشتمانه‌ی كردووه به‌مه‌ڵبه‌ندی به‌زم و ئاواز‌و گۆرانی، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئه‌م نیشتمانه خۆشه‌ویسته سه‌رنج بده‌ی ئاواز‌و گۆرانی و به‌یت و حه‌یران ده‌بیسترێت، سروشت و هه‌ڵكه‌وته‌ی هه‌رناوچه‌یه‌ك له‌كوردستان شێوازێكی تایبه‌تی له‌موزیكی كوردستان به‌دیهێناوه، كه‌له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار گوتراوه‌و دواتریش له‌ڕێگای چڕینه‌وه له‌نه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه گوازراوه‌ته‌وه و له‌ڕابردوویه‌كی زۆر دووره‌وه بهئاوازخوێنانی ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه، ئه‌مانه گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخن، سه‌ره‌ڕای به‌رزی هونه‌ره‌كه وشه‌گه‌لی زۆر ڕه‌سه‌نیان له‌فه‌وتان پاراستووه، هه‌رئه‌مه‌ش وای له‌زانای به‌رزی ئه‌ڵمانی (ئۆسكارمان) كردووه، به‌سه‌رسامیه‌وه بڵێت: پیاو واقی وڕده‌مێنێ له‌وه كه‌كورده‌كان چۆن توانیویانه پارچه هه‌ڵبه‌سته‌كانیان ده‌ماوده‌م وا باش به‌وردی و باشی بگێڕنه‌وه.”
ئه‌گه‌ر له‌ئاوازی كوردیدا به‌یت و حه‌یران و لاوك و لاوژه‌و به‌سته‌و مه‌قام و گۆرانی جۆراوجۆرههبن، ئه‌وا بەشێك لەگۆرانییە كوردییەكان، تایبەتمه‌ندی هەندێ ناوچەیان هه‌یه، وه‌ك: له‌هه‌ورامان هۆره، سیاوچهمانهو گۆرانی و ئاوازی لوڕستان و… هتد، لەوێ لەدایك بوون و هەرلەوێش دەگوترێنەوە، سەبارەت بەحەیران و بەیتیش ڕای جۆراوجۆرهەیە، هەندێ كەس پێیان وایە حەیران تایبەتی دەشتی هەولێرەو بەیت لەموكریان لەدایك بووە، هی واش هه‌ن پێیان وایه: وڵاتی ڕەسەنی حەیران دزەییاتی و گەردیاتییە، لەوێوە پەڕیوەتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەكانی سۆران و موكریان، ئەوێ زیاتر مەڵبەند و سەرچاوەی بەیتی كوردین، نەك حەیران، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: حه‌یران لهموكریان سه‌ری هه‌ڵداوه و گه‌شه‌ی كردووه و به‌ناوچه‌كانی تردا بڵاوبۆته‌وه.
بێگومان ئەو دابەشكردنە ناوچەییە زیاتر له‌ڕوانگه‌ی ئەمڕۆوه به‌پێی جوگرافیای كوردستان سه‌یرده‌كرێ، بەبێ ئاوڕدانەوە لەمێژوو و ڕابردووی ئەم نەتەوەیە، كەسەردەمانێك كورد بەبێ هیچ لەمپەرێكی سیاسی توانیویانە گەرمێن و كوێستان بكەن و شتێك بەناوی سنوورنهبووه، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لەنێوان بەشەكانیداهەیە، هه‌ردوور نه‌ڕۆین سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، ئەو خێڵەكوردە كۆچەریانەی زستانان لەدەشتی هەولێر ژیاون، لەوەرزی خێڵ بەرەوژوودا بۆ ناوچەكانی تری ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵكشاون و له‌وه‌رزی دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه گه‌رمیان و پێ ده‌شته‌كان، به‌مه‌ش دەشتی هەولێر و موكریان و گه‌رمیان و كوێستان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بوون، كه‌نه‌ته‌وه هه‌ر یه‌ك نه‌ته‌وه و داب و نه‌ریت و كه‌لتوور، یه‌ك داب و نه‌ریته، به‌سانایی له‌یه‌كیان وه‌رده‌گرت.
بەوپێیە، ئەگەر ئەمڕۆ، ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان هەر كامە و لەڕووی كۆمەڵێك دابونەریتەوە لێك جیاوازن، ئەوە هۆكاری ئەو سنوورە دەستكردانەیە، ئەگینا لانیكەم لەداهێنان و بنەما كولتوورییەكاندا، دەگەڕێنەوە سەر یەك بنەماو بنچینە و هەمووان لەدروستكردنی ئەو شتەدا، كەناوی لێ دەنرێ فۆلكلۆر و كەلەپووری كوردەواری، دەستیان هەبووە، چونكە سەردەمانی پێش دابەشبوونی كوردستان، خەڵكی ئەو ناوچە لێكدابڕاوانەی ئێستا، بەبێ كۆسپ و لەمپەر هاموشۆی یەكتریان كردووە.
ئه‌ده‌ب و هونه‌رو ئاوازی كوردستان، مێژووی سه‌رچاوه‌كه‌ی دێرینه و بۆ سه‌رده‌مێكی دووردهگهڕێتهوه، پێویسته شاره‌زا و پسپۆڕانی ئه‌م بواره توێژینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ربكه‌ن و لایه‌نه شاراوه‌كانی بدۆزنه‌وه و بۆمان ڕوون بكه‌نه‌وه، ئه‌گینا هه‌ركه‌س له‌به‌رخۆیه‌وه تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌به‌یت و حه‌یران و لاوژه و مه‌قام و لایه‌نه‌كانی تر بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆی بگێڕێته‌وه، بۆ خۆمان هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی خۆمان ده‌شێوێنین و ئه‌وه‌ی دوژمن پێی نه‌كراوه تێكی بدات، خۆمان تێكی ده‌ده‌ین، به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌ریه‌ك له‌م ستران و ئاوازانه بێ لێكۆڵینه‌وه زیان بههونهرهكهمان ده‌گه‌یه‌نین، كێ ئه‌و زانیاریه‌ی پێداون، كهحهیران سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر و به‌یت سه‌رچاوه‌كه‌ی موكریانه، ئه‌گه‌ر له‌م بابه‌ته وردبینه‌وه زۆر ئاڵۆز و ماندووكه‌ره، ته‌نیا توێژینه‌وه ئه‌مه‌مان بۆ ساغ ده‌كاته‌وه، بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئاوازانه چۆن و له‌كوێ سه‌ریهه‌ڵداوه، بۆ وێنه ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین یان هه‌رێمی (بیتوێن و پشده‌ر)، هه‌رچه‌نده واباوه سه‌ربه موكریانی گه‌وره‌یه و به(موكریانی چكۆڵه)ی ناوده‌به‌ن، به‌ڵام باواش بێت، ئه‌م ده‌ڤه‌ره خۆی به‌شێكی هه‌ره گرنگی كورده‌واریه، له‌باری كه‌له‌پوور و فۆلكلۆره‌وه ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌وجۆره‌ی شایانی بووه لێی نه‌كۆڵراوه‌ته‌وه و وه‌ك پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه و نه‌ناسراوه، ئه‌گینا زۆربه‌ی به‌یته كوردییه‌كانی وه‌ك: (به‌یتی قهروگوڵهزهر، به‌یتی كاكه میروكاكه شێخ، به‌یتی شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی، به‌یتی خوڕشیدی خاوه‌ر)، ته‌نانه‌ت به‌یتی ئاسۆسی كهسهید عه‌لی سه‌رده‌شتی دانه‌ره‌كه‌یه‌تی شوێن و جێگا و كه‌ره‌سته‌ی هه‌رێمی بیتوێنه، هه‌روه‌ها به‌یته‌كانی (باپیر ئاغای مه‌نگوڕ، ئاوڕه‌حمان پاشای بابان، شاییه ئه‌جندان، به‌یتی پیوازان، نازوخدر، شاییه دۆڵهبیه، ڕاوێ پاشای، به‌یتێ داران، به‌یتێ كیسه‌ڵی و زۆری تریش)، هه‌موویان تایبه‌ت به‌م ناوچه‌یه‌ن و عه‌لی به‌رده‌شانی له‌ئاهه‌نگی خۆش و که‌ش و ڕیتمی تایبه‌ت به‌خۆی وتوونی و دواتر كه‌وتوونه سه‌رزاران و به‌زۆر ناوچه‌ی كوردستاندا بڵاوبوونه‌وه، ئه‌گینا سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌م ده‌ڤه‌ره ههڵقڵیوه، له‌راستیدا ئه‌مانه هه‌موویان به‌شێكن له‌مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئه‌م ناوچه‌یه و باسی دابونه‌ریتی كۆنی ئاهه‌نگی خۆشی و ڕووداوی كارهستباردهكهن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناخوازم كه‌س به‌م شێوه‌یه بدوێ، ته‌نیا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه به‌ساغ كردنه‌وه‌ی فۆلكلۆروهونهرو ئاوازوگۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان سوودی زۆر به‌فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نین.