سەردەشت محەمەد: سەردانەکەی بایدن و دوو پەیامی گرنگ بۆ هەرێم.
سەردانەکەی جۆبایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت بۆ سعودییە و کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی دوو پەیامی گرنگی بۆ ئێمە وەک کورد تێدابوو:
یەکەمیان/ دڵنیایی پەیامەکەی “مستەفا کازمی” سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو کاتێک بەئامادەبوانی کۆبونەوەکەی ووت: ( بەغداد ئامادەی هاوئاهەنگی و نزیک بونەوەی زیاترە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هەوڵدەدات وەک پردی پەیوەندی ڕۆڵبگێڕێت، عێراق هەوڵدەدات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرە بە دیالۆگ بدات)
ئەم پەیامە لەڕوکەشدا بەلای ئێمەوە سادە و بێگرفتە، بەڵام ئەگەر وردتر بیر لەناوەڕۆک و پەیامە پەنهانەکەی پشت ئەم وتارەی “کازمی”بکەینەوە ئەوا دەگەین بەوبڕوایەی کە هەرگفتوگۆیەکی بەغدا لەگەڵ هەر وڵاتێکی دیکە و بۆ هەرمەبەستێک بێت ئەوا بەزۆری زیان بەرئێمە دەکەوێت، چونکە مێژووی گفتوگۆ و دانوستانەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەو بەتایبەت گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا، بەدیاریکراوی جگە لەزیان هیچ سودێکی بۆ ئێمە تێدانەبووە، چونکە ڕونە ئێران و تورکیا، هیچ کاتێک نەیانویستوە و خۆشحاڵ نەبون بەهیچ پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی هەرێم و لەهەرکات و دەرفەتێکدا بۆیان ڕەخسابێت هەوڵیانداوە گرفت بۆ کورد دروست بکەن، دەتوانین بۆ بڕواهێنان بەمە، دوو نمونە بهێنینەوە:
ئێران بەڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا بڕیاری داخستنی خاڵەسنوریەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیان دەرکرد ئەوەش بەهۆی ئەوەی سەرۆکی هەرێم پرسێکی وەک ڕیفراندۆمی جوڵاند، تورکیاش ڕاشکاوانە هەڕەشەی برسیکردنی دەکرد.
تائێستاش هەڕەشەکانی ئەو دوو وڵاتە هەربەردەوامیان هەیەو ئەم هەڕەشانەشیان لە گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاودا بەرامبەر بەئێمە درێژە پێداوەو لەداهاتوشدا گوشارەکانیان لەوڕێگەیەوە بۆ سەر کورد زیاتر دەکەن و هەرگفتوگۆیەکی نێوان هەرسێ وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو گومانی تێدانییە لەقازانجی هەرێمدا نابێت
دووهەم/ ئەوەبو کاتێک جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرایی کرد: وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت پابەندبونی خۆیان بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەربڕیوە ئەمەش وادەکات نرخەکەی داببەزێت.
دابەزینی نرخی نەوت ئەگەر بۆ ئیدارەکەی بایدن دەستکەوتێکی گرنگ بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد هۆکاری دوبارە سەرهەڵدانەوەی گرفتە، چونکە لای هەموان ڕونە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆران بەپلەی یەکەم پشت بەو داهاتە دەبەستێت کەمانگانە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت،
چەند مانگێکە بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیاوە، نرخی نەوت، لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە و لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی بەرهەم هێنەری نەوت سودی لەم هەڵئاوسانەی نرخی نەوتە بینیوە و تاڕادەیەک توانیویەتی بەهۆی دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا نەهێڵێت ئاستی ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بەرزببێتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و جارێکی دیکە نرخی نەوت ڕو لەدابەزین بکات ئەوا گومانی تێدانییە هەرێم دوچاری قەیران و دوبارە دواکەوتنەوەی موچە دەبێتەوە، چونکە حکومەتی هەرێم بەزۆری بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی و کۆکردنەوەی داهات بەزۆری پشت بەوداهاتە دەبەستێت کە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts