نەوزادى موهەندیس: باهێندەش شاگەشکە نەبین بە کشانەوەى کۆمپانیا نەوتیەکان لە کوردستان!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە لەو کاتەوەى کە سیاسەتى سەربەخۆى فرۆشتنى نەوتى کوردستان یان سیاسەتى سەربەخۆى ئابورى کوردستان پیادەکراوە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کورستانەوە لەسەرەتاى ساڵى 2014وە و تاکو ئێستاش بەردەوامە.گەلێک سەرکردە و لایەنى سیاسى و تەنانەت زۆرینەى هاوڵاتیانیش لەسەرەتاوە پێى دڵخۆش بوون و هەریەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان پشتیگیریان دەکرد، تا ئەوکاتەى کە دەرکەوت شێواز و میکانیزمى تەواوى پڕۆسەکە دوور نیە لەکەموکوڕى و هەڵە و نەزانین و تاڕادەیەکیش بۆ بەرژەوەندیە کەسیەکان و حیزبیەکانیش ئەنجامدراون کەم تازۆر. و کاتێکیش تەنها لەدواى کەمتر لە ساڵێک و لەکۆتایى ساڵى 2015دا دەرکەوت کە هەرێم نزیکەى 20 ملیار دۆلار کەوتۆتە ژێر قەرزى دەرەکیەوە. ئەوکات هەموان کەوتنە تەقە لە تەواوى پڕۆسەکەو بە شکستخواردوویان دایە قەڵەم و هەزار و یەک تانە و ڕەخنەى بەجێ و نابەجێشان ئاڕاستەکرد و نوکى ڕمەکەش تەنها بۆ سەر سنگى سەرۆکى ئەو کاتەى حکومەت و وەکو لایەنى سیاسیش پارتى دیموکراتى کوردستان بوو.ئیدى کەسى تر و لایەنى تر کە خۆشیان بەشداربوون لە حکومەتەکەدا و لە پڕۆسەکەشدا و گەر ئاگادارى 100% نەبوبن ئەوا بەدڵنیایى ئاگادارى هەرە زۆرى پڕۆسەکە بوون.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانیش لە پێش ئەوانى ترەوە کەوتنە سەنگەر گرتن لە پارتى و ئەو حکومەتەى کە خۆیان تیایدا بەشداربوون. بەبیانوى ئەوەى پڕۆسەکە ناشەفافە و تاریکێنراوە و داهاتەکانى دیارنیە و لەبەرژەوەندى تورکیا و کۆمپانیا تورکیەکان و کۆمپانیا نەوتیەکانە و جۆرى گرێبەستەکان لە جۆرى گرێبەستى هاوبەشین لەبەرهەمدا و نرخى فرۆشتنى یەک بەرمیل نەوتى هەرێم بە 10-15دۆلار کەمتر لەنرخى نەوتى عێراق لە بازاڕەکانى جیهاندا دەفرۆشرێت و دەیانى ڕەخنەى تر.
بەم شێوەیە هەموانیان خۆیان لێ بێبەرى کرد و هەموو لێپرسراوێتیەکەیان خستە ئەستۆى پارتى وەکو پارتى دەسەڵاتدار لە حکومەت و لێپرسراوى ڕاستەوخۆى مەلەفى نەوت لەکاتێکدا وەزارەتى سامانە سروشتیەکانیش لاى پارتى بوو. ئیدى لەکاتى تەنگژە و ئاڵۆزیەکان لەگەڵ بەغداد و لەکاتى گفتوگۆکاندا هەموان حەزیان دەکرد و داواکاریشیان هەبوو بەڕادەستکردنەوەى تەواوى مەلەفى نەوت بە وەزارەتى نەوتى عێراق و بەغداد. بۆ شاهیدى مێژوو و لەو کاتە ناسک و زۆر ئیحراجیانەدا بەهەق تەنها پارتى بوو کە پێداگیرى دەکرد و ڕێگەى نەدا ئەو کارە بکرێت و بەهەرشێوەیەک و دیبلۆماسیەتێک بوبێت نەیهێشت ئەو مەلەفە زۆر هەستیار و چارەنوسسازە ڕادەست بکات و کەم تازۆریش سەرکەوتوو بوو و توانیشى ناوبەناویش بێت بڕە پارەیەک لە بەغداد وەربگرێت و تاڕادەیەک پێداویستیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لێدابین بکات و مووچەى مووچەخۆرانیش بە چارەک و نیوە مووچەش بدات.کە بەڕاستى تائێستاش هەر پارتیە سوورە لەسەر ڕادەستنەکردنى ئەو مەلەفە بە بەغداد سەرەڕاى دەرکردنى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى و هەڕەشە و فشارى وەزارەتى نەوتى عێراقى بۆ سەر کۆمپانیاکان و گرتنەبەرى ڕێگاى دادگا نێودەوڵەتیەکان دژى وڵاتانى دراوسێى وەکو تورکیاو… هتد.
بۆ مێژووش، خۆشم وەکو ئەندازیارێکى کیمیاوى و پسپۆڕ لەنەوت و پتڕۆکیمیاویات و چاودێرێکیش لەسەرەتاوە و تاکو ئێستاش لەو بڕوایەدام سیاسەتى فرۆشتنى سەربەخۆى نەوتى هەرێم وەک بنەمایەک و ڕێگاچارە و دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لە بندەستەیى و چاو لەدەستبوونى بەغداد و وەک دەروازەیەکى فراوانیش بەکرانەوە بەڕووى دونیاى دەرەوە و کۆمپانیا نەوتیەکان و گرێدانى بەرژەوەندیەکانى ئێستا و ئایندەى کوردستان بە تۆڕى جیهانى وزەى ناوچەکە و دونیاشەوە کارێکى گەلێک ژیرانە و بوێرانە و ئایندەبینى و دیدێکى ستراتیژیانە بوە و هەرواش دەمێنێتەوە. لە پاڵیشیدا دەرکردنى یاساى غاز و نەوتى ژمارە 22ساڵى 2007 کارێکى ترى ئازایەنە و زیرەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو. بەڵام ئەوەى جێگەى ڕەخنەى ئێمەش و ئەوانى تریش بوون تا ئێستاش بریتى بوون لە:
1. جۆرى گرێبەستەکان کە لەجۆرى هاوبەش لەبەرهەمدایە بە قازانجى هەرێم نیە، بەڵام وەک شارەزایەک ئەو جۆرە گرێبەستانە بۆ دۆخى هەرێمى کوردستان کە هیچ ژێرخانێکى ئابورى و کەرتى وەى نەبووە هەر ئەوە دەکرا.
2. ڕێژەى پشکى کۆمپانیا نەوتیەکان بەرزن کە هەندێکیان لەسەروو25%وە.
3. زۆرى و هەمەجۆرى گرێبەستە نەوتیەکان.
4. فراوانى و زۆرى بلۆکە نەوتیەکان و دابەشکردنى هەموو کوردستان و پێدانیان بە کۆمپانیا نەوتیەکا، بەشێوەیک 42گرێبەستى نەوتى لەگەڵ زیاد لە 20 کۆمپانیاى نەوتى و بۆ زیاد لە 50 بلۆکى نەوتى گەورە و بچوک.
5. دیارنەمان یان ناشەفافى لە فرۆشتنى نەوتەکەدا و گەڕانەوەى داهاتەکەى و گۆڕێنەوەى لە دۆلارەوە بۆ دینار.
6. دواتریش دانەوەى قەرزى کۆمپانیاکان بەشێوە و بڕى زۆرى مانگانە.
7. نەخستنە بوارى جێبەجێکردنى یاساى ژمارە 2ى ساڵى 2015 ێندوقى داهاتە نەوتیەکان.
کە هەموو ئەم خاڵانە لەبەرژەوەندى کۆمپانیا نەوتیەکان دەشکانەوە و بەزیانیش بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان. بەڵام من ئەوکات و بە ئێستاش و بۆ ئایندەش ،وایدەبینم کە حکومەتى هەرێم پێویستە کۆمەڵ گەلێک کارى زێدە گرنگ پیادە بکات لە:
1. چێکردن و بەردەوامبوونى پڕۆسەیەکى چاکسازى ئیدارى و دارایى سەرتاپاگیر و بێجیاوازى لەناو تەواوى ئۆرگانەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا کە خۆشبەختانە لە کابینەى نۆیەمدا دەستیپێکراوە و ڕێوشوێنى زۆر باش و توندیان جێبەجێکردوە و کاریگەریەکانیشى بەباشى دەرکەوتوە، لە ڕاگرتن و بڕینى مووچەى زیادە و بندیوار و کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەى باجەکان و قەرزەکانى حکومەت لاى هاوڵاتیان و دەروازە گومرکیەکان لە سنورەکان و فڕۆکەخانەکان و… هتد.کە هێشتاش لەهەندێک جێگەدا کارى نایاسایى و قاچاغچێتى هەر بەردەوامە.
2. هەوڵدان و کارى جدی بۆ ڕێگەگرتن و ڕاگرتن و کەمکردنەوەى تائەوپەڕى گەندەڵیە لەهەموو بوارەکاندا و بەتایبەتى لەکەرتى وزەدا بە نەوت و غازى سروشتیەوە.
3. پێویستە ساڵانە یاساى بودجەى حکومەتى هەرێم پەسەندبکرێت و کارى لەسەر بکرێت.
4. لەگەڵ بەغداد ژیرانەتر و پشوودرێژانەتر بەڵام بوێرانەتر لەڕووى یاسا و دەستورەوە بەردەوامى بە گفتوگۆو پەیوەندیەکان بدرێت و تائەوپەڕى پارێزگارى لەمەلەفى نەوت بکرێت و بەتەواوەتى ڕادەستى بەغداد نەکرێتەوە.
تەنها بەم ڕێگچارەسەریانە دەتوانرێت کە داهاتەکان باشتر کۆبکرێنەوە و دواتریش خەرجیەکانیش ڕێکبخرێنەوە و زیادە خەرجیەکان نەهێڵرێت. چونکە دەبێت هەموو کات چاوەڕوانى دابەزینى نرخەکانى نەوت بین، ئەوەتا هەرئێستا نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت هاتۆتە سەر 101 دۆلارى ئەمریکى لەکاتێکدا گەیشتبوە سەروو 120 دۆلار. بۆیە ئەم پڕۆسەى چاکسازیانە دەبێت بەردەوام بن. چونکە لەکاتى دابەزینى نرخەکاندا داهاتەکان کەمدەبنەوە و جارێکى تر ڕووبەڕووى قەیرانى دارایى توند دەبینەوە.
لەکۆتایدا ڕاستودروستى ئەم سیاسەتى نەوتى سەربەخۆیە لەئێستادا لەهەموو کاتەکانى تر دەردەکەوێت،لەکاتێکدا نزیکەى 10 مانگى ڕێکە عێراق نەیتوانیوە حکومەت پێکبهێنێت و ململانێ ناڕەواکانى ناو ماڵى شیعە و لەنێوان سەرکردە و لایەنە سیاسیەکان و میلیشیا چەکدارەکانیان گەیشتۆتە لێوارى تەقینەوە و پێکدادادن و گەڕانەوەى عێراق بۆ سەردەمى خوێناویترین قۆناغى کوشت و بڕى ئاینى و تایەفى و نەتەوەیى و حیزبایەتى.
جا لەکاتێکدا عێراق ڕوەو ئاوها دواڕۆژێکى ماڵوێرانیکەر ببێتەوە،هەق نیە کورد خۆى پارێزگارى لەکیان و مان و سەروەت و سامانەکەى خۆى بکات. چونکە لەکاتى پێدکدادانى خوێناوى و چەکدارى لە عێراقدا کە ڕەنگە ئەگەرێکى دووریش بێت، چونکە وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکان و ئاڵنگاریەکانى و مەترسیەکانى ئێستا ڕێگانادەن زیاتر ناوچەکە و عێراق لێکبترازێت. بەڵام وەکو ئەگەرێک هەقە کورد و سەرکردایەتى و حیزبەکانى و حکومەتەکەى کارى لە پێشینەى خۆى ئەنجامبدات. چونکە کاتێک عێراق تێکبچێت و مەلەفى نەوتى کوردستانیش ڕادەستبکرێتەوە، بەڕاستى کوردستان و دۆخى سیاسى و ئابورى هێندەى تر خراپتر دەبێت.
بۆیە با ههێندە شاگەشکە نەبین بە پاشەکشە و بەجێهێشتنى کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان لەکوردستان و وەکو هەواڵى دڵخۆشکەرە وگرنگى ڕاگەیاندنەکانیش بڵاویان نەکەینەوە، ( خۆشبەختانەش دواى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى عێراقى لە 15/2/2022وە تاکو ئێستا تەنها 3 کۆمپانیا ئەوانیش لەبوارى خزمەتگوزارى نەوتدا کاردەکەن بەنوسراو ڕایانگەیاندوە کە پابەندى بڕیارى دادگاکە دەبن لەکاتێکدا زیاد لە 20کۆمپانیاى نەوتى لەهەرێمى کوردستاندا هەیە). تەنها لەبەر ئەوەى هەندێک کەس و لایەن تۆمەتباردەکرێن بەگەندەڵى لەو کەرتەدا، چونکە دەبێت باش ئەو ڕاستیە بزانین کە هەمیشە چارەنوسى گەل و نیشتیمانەکەمان زۆر گرنگتر و گەورەترە لەبەرژەوەندیە بچوک و تەسکە کەسى و حیزبیەکان. چونکە ئەو عێراقە وێرانەیە چاوەڕوانى ئاشتى و ئارامى و خۆشگوزەرانى بۆ باشوور و ناوەڕاستى خۆى لێناکرێت چ جاى بۆ هەرێمى کوردستان و بۆ کورد.
بۆیە گەرەکە تادوا هەناسە بەشێوەیەکى دیبلۆماسیانەى نەرم و پشوودرێژ بەردەوامى بدرێتە ئەم دۆخەى ئێستاى مەلەفى نەوت، چونکە وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانیش بە ئاشکراو بەنهێنى و بەشێوەیەک لەشێوەکان بەرژەوەندى خۆیان و کۆمپانیاکانیانى تیادا دەبیننەوە و تەنانەت پارێزگاریشى لێدەکەن. جا ئیدى بۆخۆمان سوورترنەبین لەکەسانى تر بۆ پارێزگارى لە بەرژەوەندیەکانمان و ئایندەى گەل و نیشتیمانەکەشمان. چونکە ڕەنگە گۆڕانکارى گەورە لەناوچەکە و بەتایبەتیش لە عێراق و دەسەڵاتەکەیدا ڕووبدەن و ئەم دۆخانەى ئێستا هەروا نەمێننەوە. با ئەو پەندە کوردیەشمان بەسەردا جێبەجێنەبێت کە دەڵێت: وەکو …. دێز تۆپینى خۆى و خاوەنەکەى دەوێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی