رسول بۆسكێنی: چاره‌نووسی كورد له‌ڕێكه‌وتنامه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كاندا.
كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی پانزه‌یه‌م نیشتمانی كورد تابلۆیه‌كی گه‌شاوه‌و جوان بوو، بۆ میرنشینه پشتاوپشته‌كانی كورد، هه‌ریه‌ك له‌وانه پێگه و جێگای تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، له‌سه‌ده‌ی شانزیهم به‌دواوه خاك و نیشتمانی كورد بووه شانۆی ڕووداوه‌كان له‌نێوان ئیمپڕاتۆری عوسمانی و سه‌فه‌ویدا، به‌زۆر شێوازی جیاواز، ئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگ و ڕووداوانه‌ی نێوان عوسمانی سونی و سه‌فه‌وی شیعی دابه‌ش كردنی كوردستانی لێكهوتهوه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ویه‌كان به‌ره‌و خۆرئاوا په‌لاماریان برد و له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا توانیان ده‌ست بگرن به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌به‌غداوه درێژده‌بێته‌وه تا مرعش و به‌شێكی زۆر له خاكی باكووری كوردستان، ته‌نانه‌ت ئه‌و میرانه‌ی هاتبوون گوێڕایه‌ڵی و پشتگیری خۆیان ده‌رببڕن، شائیسماعیلی سه‌فه‌وی یانزه میری كوردی خسته زیندانه‌وه، خاكه‌كه‌ی دایه‌ده‌ست بریكاره‌كانی خۆی، به‌ڵام كه سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌می عوسمانی (15012- 1520ز) هاته سه‌رته‌خت، بڕیاری هێرش و په‌لاماریدا به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات، چونكه هێزه‌كانی سه‌فه‌وی به‌خێرایی به‌ره‌و ڕۆژئاوا ملیان ده‌نا و بۆ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌مه‌ترسی ده‌زانی، ئه‌وه بوو له23ی ئابی 1514ز شه‌ڕ له‌نێوانیان هه‌ڵگیرسا، له‌دۆڵی چاڵدیران له‌باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریاچه‌ی ورمێ، له‌ئه‌نجامدا شائیسماعیلی سه‌فه‌وی تێكشكا و به‌برینداری هه‌ڵات و ته‌برێزی پایته‌ختی به‌جێهێشت، ساڵی شه‌ڕی چاڵدیران بوو به‌خاڵ و نیشانه‌یه‌كی ترسناك له‌مێژووی كورد، بۆیه‌كه‌مجار خاك و نیشتمانی كورد به‌پێی ڕێكه‌وتن له‌نێوان ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی دابه‌ش كرا، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی تازه‌ی له‌سه‌رئه‌و بارودۆخه تازه‌یه هێنایهكایه، هه‌ندێك میرهكوردهكانیش هه‌ر یه‌ك له‌وان چوونه‌پاڵ لایه‌ك، له‌كاتێكدا هیچ گرنتیهكی عوسمانی و سه‌فه‌وی نه‌بوو بۆ میرهكوردهكان.
ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌ماسیه
ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی – سه‌فه‌وی هه‌وڵیاندا به‌ڕێكه‌وتن كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن، ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند بوو ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو، به‌درێژایی مێژوو كورد له‌ڕێكه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك كارتێكی گوشار له‌نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان به‌كارهاتووه و له‌سه‌ر پشتی كورد ڕێكه‌وتنیان كردووه، ڕێكه‌وتن و پهیمانامهكانیشیان جێگیرنه‌بووه و دووباره شه‌ڕ ده‌ستی پێكردۆته‌وه بۆ نموونه له‌ڕێكه‌وتنامه‌ی ساڵی 1555ز كهبهپهیماننامهی (ئه‌ماسیه) ناسراوه، به‌شی زۆر خاكی كوردستان به‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌وت، ئێران ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی زاگرۆس و كرماشان‌دا هه‌بوو، به‌ڵام له‌ساڵی 1578ز شه‌ڕی نێوان عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه، له‌ڕاستیدا هه‌میشه گۆڕانكاری گه‌وره ڕوویده‌دا له‌ڕێڕه‌وی پرۆسه سه‌ربازیه‌كانی نێوان ئێرانییه‌كان و توركه‌كان، سه‌ره‌ڕای وێران بوونی نیشتمانه‌كه‌یان له‌م شه‌ڕانه‌دا كورده‌كان ژیانی چاكترین لهجهنگاوهرهكانیان كرده قوربانی سه‌ركه‌وتنه‌كانی عوسمانی.
ڕێكه‌وتنامه‌ی زه‌هاب
شاعه‌باسی سه‌فه‌وی1581- 1629ز به‌پێی ڕێكه‌وتنامه‌ی ئاشتی له‌ساڵی 1590ز كه به په‌یماننامه‌ی (فهرهادشا) ناسراوه، ده‌ستی هه‌ڵگرت له‌ئازه‌ربایجان و شاره‌زوور بۆ توركه‌كان، به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك سه‌رله‌نوێ شه‌ڕ ده‌ستی پێكرده‌وه، ئێرانیه‌كان توانیان هه‌ندێك له‌و خاكه‌ی له‌ده‌ستیان دابوو بیگرنه‌وه و له‌ساڵی 1623ز ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر به‌غدا و موسڵ و به‌سره و عیراقی عه‌ره‌بی، له‌ساڵی 1639ز ڕێكه‌وتنامه‌ی (زه‌هاب) له‌نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجام دراو هێڵه‌گشتیه‌كانی سنووری هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریه‌ت دیاری كرا، به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام لهكێشهدابوون ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بوو ته‌نیا گه‌لی كورد بوو.
ڕێكه‌وتنامه‌ی قوسته‌نتینیه
له‌ساڵی1736ز نادرشای ئه‌فسار ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست له‌ئێران، له‌ژێر ئاڵای سه‌فه‌ویه لابراوه‌كان هاته سه‌رته‌ختی ئێران و فه‌رمانڕه‌واییه‌كی نوێی دامه‌زراند، به‌هه‌مان شێوه‌ی پێشوو كرده سه‌ربازییه‌كانی نێوان توركی- ئێرانی به‌رده‌وام بوو، تابه‌ستنی ڕێكه‌وتنامه‌ی (قوسته‌نتینیه) له 17- 10- 1739ز له‌نێوان توركیا و ئێران، هه‌ردوولا ڕێكه‌وتن له‌سه‌رئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕێكه‌وتنامه‌ی (زه‌هاب)ی ساڵی 1639ز، ئه‌وه بوو ئێران زه‌ویه‌كانی پێش ئه‌و كاته‌ی وه‌رگرته‌وه، هه‌ستان بهلكاندنی زه‌وی و زاری كورده‌كان بهئیمپڕاتۆریهتهكانیانهوه، هه‌وڵیاندا ده‌سه‌ڵاتی كارا دابمه‌زرێنن له‌كوردستان، ئه‌وه شتێكی سروشتیه سوڵتانه عوسمانیه‌كان حه‌زنه‌كه‌ن میرنشینهكوردییهكان خاوه‌نی بارودۆخی سه‌ربه‌خۆبن، له‌به‌رئه‌وه موڵكی فه‌رمانڕه‌واكانی كوردستان ڕووبه‌ڕووی دابه‌شكردنی مهترسیداربوونهوه، به‌پێی بارودۆخی كارگێڕی نوێ ناوچه‌كه‌ی دابه‌شكرد بۆ چه‌ند (هه‌رێم) سنجقێك، ویلایه‌تی دیاربه‌كر بۆ 19 سنجق دابه‌ش كرا، ته‌نیا هه‌شتیان درا بهمیره كورده‌كان، له‌وه‌شدا هه‌وڵیان ده‌دا ئه‌و بنه‌ماڵانه بێننه پێشه‌وه ناو و ناوبانگیان كه‌م بوو، له‌چاو بنه‌ماڵه ناودار و گه‌وره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانیان بۆ ڕاپه‌ڕێنن، له‌لایه‌كی تر بۆ له‌ت له‌ت كردن و پارچه‌پارچه‌كردنی بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی جیهانی كورد، به‌مه‌ش كێشه و ئاژاوه‌ی ده‌خسته نێوان میره كورده‌كانه‌وه.
ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌رزرۆمی دووه‌م
وڵاتی كوردان به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كانی توركی ئێرانی بوو، خاكی كوردان به‌رده‌وام تووشی گورزی كوشنده‌بوو، ئه‌وه‌ش گرنگ نه‌بوو كێ هێرشكه‌ره و كێ سه‌ركه‌وتووده‌بێت، نرخه‌كه‌ی ته‌نیا وێرانكاری كوردستان و به‌هه‌ده‌ر ڕۆیشتنی گیانی سه‌دان هه‌زار كه‌س بوو له‌گه‌لی كورد، له‌به‌رامبه‌ردا گه‌لی كورد هه‌میشه به‌رگری له‌خاك و نیشتمانه‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام هه‌ركات دوژمنه‌كان دڕۆستیان نه‌هاتبن، له‌دژی گه‌لی كورد یه‌كیان كرتووه و هاوكاری یه‌كتریان كردووه بۆ له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد، زۆرجاریش توركیا و ئێران سكاڵای هه‌رێمایه‌تیان له‌دژی یه‌كتر به‌رزده‌كرده‌وه و زۆرجار ئه‌م سكاڵایانه‌یان پشت ئهستوردهكرد به‌په‌لاماری سه‌ربازی بۆ سهریهكتر، به‌ڵام ڕێڕه‌وی ئه‌م جۆره‌كارانه دڵخۆشكه‌رنه‌بوو بۆ به‌ریتانیا و ڕووسیا، هه‌ردووكیان له‌وه ده‌ترسان هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی تر زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابووریه‌كانی ئه‌وان بگه‌یه‌نێت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌به‌رئه‌وه به‌ده‌ستپێشخه‌ری ڕووسیا و به‌ریتانیا كۆنگره‌یه‌ك به‌سترا له‌ئه‌رزڕۆم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ناكۆكیه‌كانیان، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری وڵاته ئه‌وروپیه‌كان ڕۆڵی سه‌رپه‌رشتیاری ده‌بینی له‌م كۆنگره‌یه‌دا، كه خواست و ویسته‌كانی خۆی سه‌پاند له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌وه‌ی له‌و كارانه‌دا خاكی له‌ت وپه‌ت ده‌كرا گه‌لی كوردبوو، نه‌ك له‌كۆنگره به‌شدارنه‌بوو، هه‌ر لێشیان نه‌پرسیه‌وه.
ڕێكه‌وتنامه‌ی (ئه‌رزرۆمی دووه‌م) له19- 31ی ئایاری 1847زدا، له‌شاری ئه‌رزڕۆمی باكووری كوردستان له‌نێوان ده‌وڵه‌تی قاجاری و ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ڕووسیای قه‌یسه‌ری و به‌ریتانیا مۆركرا، ناوه‌رۆكی ڕێكه‌وتنامه‌كه داوای ده‌كرد، هه‌ریه‌ك له‌توركیا و ئێران ده‌ستهه‌ڵگرن له‌و سكاڵا دارایی و هه‌رێمایه‌تیه‌ی له‌دژی یه‌كتر به‌رزیان كردۆته‌وه، هه‌ردوولا به‌ڵێنیاندا ڕێگری بكه‌ن له‌په‌ڕینه‌وه‌ی خێڵهكوردهكان له‌وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر و سه‌پاندنی یاسای دیاری كردنی ناسنامه‌ی خێڵه‌كان و به‌هێزكردنی یاسای ئاسایش له‌سه‌ر سنووره‌كان، ئه‌مه‌ش زه‌برێكی گه‌وره‌بوو به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد كه‌وت.
یه‌كێك له‌خاڵه‌گرنگه‌كانی په‌یماننامه‌ی دووه‌می ئه‌رزڕۆم ئه‌وه‌بوو ئالیه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی دانرا بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی، كه پێكهاتبوو له‌لیژنه‌یه‌كی چوار قۆڵی له‌نوێنه‌رانی وڵاته به‌شدار بووه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه، یه‌كێ له‌ئه‌ركه‌كانی دیاری كردنی سنووربوو، هه‌رچه‌نده به‌شێوه‌یه‌كی كۆتا سنووردیاری نه‌كرا، به‌ڵام ڕووس و به‌ریتانیا سوودی زۆریان له‌مه بینی بۆ ده‌ستخستنه ناو كاروباری كورده‌كان، هه‌ردوولا ئه‌م بیانووه‌یان به‌كارده‌هێنا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌نجامه‌كانی په‌یمانامه‌ی ئه‌رزڕۆم په‌رده‌یه‌كی شه‌رعی دابه‌سه‌ر به‌دبه‌ختی مێژووی گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها چه‌سپاندنی دابه‌شكردنی خاك و نیشتمانی كورد له‌ڕوانگه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه.
ڕێكه‌وتنامه‌ی لۆزان
هه‌روه‌ها له‌كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌نێوان هاوپه‌یمانان و به‌ره‌ی میحوه‌ر، په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر پێكهات، له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا بڕیاردرا به‌شێك له‌نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی سه‌ربه‌خۆییان پێ بدرێت، كورد و ئه‌رمه‌ن له‌ناو ئه‌م بابهتهدابوون، په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر یه‌كه‌م به‌ڵێننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یاسایی بوو دانی نا به‌مافه‌كانی گه‌لی كورددا، وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و وڵاته‌كه‌شی وه‌ك بابه‌تێك له‌سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا، كهلهماددهكانی 62، 63، 64 چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی بكات، بۆ به‌شێكی به‌رفراوان له‌گه‌لی كورد، به‌ڵام له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیا و توركیا مافی كورد خرایه ژێر لێوه‌وه و په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرا.
دوای ئه‌نجامدانی ڕێكه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر زۆری نه‌خایاند، وڵاته گه‌وره‌كان به‌رژه‌وه‌ندی كوردیان به‌هه‌ند نه‌گرت و ئاماده‌ییان ده‌ربڕی ده‌ستكاری ناوه‌رۆكی په‌یماننامه‌كه بكه‌ن، به‌مه‌رجێك توركیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد له‌مافی كلتوری به‌هه‌ند وه‌ربگرێت، له‌به‌رئه‌وه كۆنگره‌ی لۆزان به‌سترا، كه‌مالیه‌كان ڕهزامهندنهبوون پرس و بابه‌تی كورد له‌ناو خشته‌ی په‌یمانی لۆزان تۆماربكرێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كورد ده‌ستی دابووه شۆڕش، نكوڵی له‌كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌قازانجی تورك نه‌بوو، وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك و حكومه‌ته‌كه‌ی هانی بیر‌و بۆچوونی یه‌كسانی گوزه‌رانی كوردی ده‌دا له‌توركیای نوێ‌دا، له‌ئه‌نجامی كۆنگره‌ی لۆزان یه‌ك وشه نه‌هات ده‌رباره‌ی كورد و كوردستان، به‌ڵام ده‌وڵه‌ته بڕیار به‌ده‌سته‌كان ده‌بوایه ڕێگایه‌ك بدۆزنه‌وه بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتن له مه‌رجه‌كانی سیڤه‌ر، بۆ ئه‌م كاره له‌كۆنگره‌ی لۆزان مسته‌فا كه‌مال داوای له‌نوێنه‌ره كورده‌كان كرد له‌به‌رده‌م ڕای گشتی بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن، كه كورد و تورك هه‌ردوولا وه‌ك یه‌ك له‌مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان یه‌كسانن، به‌مه‌ش مافی كورد كرایه قوربانی و به‌چاره‌سه‌ر نه‌كراوی مایه‌وه.
جیاله‌وه‌ش له‌ڕێكه‌وتنامه‌ی لۆزان له‌ساڵی 1921 به‌ئاماده‌بوونی وڵاتانی به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ژاپۆن، ڕۆمان، یۆنان، سڕبیا، كرواتیا، سلوانیا و توركیا به‌سترا و په‌یمانی سڤهریان هه‌ڵوه‌شانده‌وه به‌پێی په‌یمانی لۆزان بۆ جاری دووه‌م دوای شه‌ڕی چاڵدیران كوردستان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت دابه‌ش كرایه‌وه، گورزێكی كوشنده‌یان له كوردستاندا و كوردیان كرد به‌ژێرده‌سته‌ی وڵاتانی زلهێزی ناوچه‌كه.
په‌یماننامه‌ی به‌غداد
له‌په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو جه‌نگی سارد جۆشی سه‌ندبوو، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌و كاته‌دا یه‌كێتی سۆڤیه‌ت پشتگیری له‌خه‌باتی گه‌لانی عه‌ره‌بی ده‌كرد، له‌دژی داگیركه‌ری ڕۆژئاوایی و ئیسڕائیل، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش وڵاته ڕۆژئاواییه گه‌وره‌كان گره‌نتیان ده‌كرد، له‌سه‌ر ڕژێمه كۆنهپهۆست و محافیزكارهكان له‌ناوچه‌كه هانیان ده‌دان، په‌یوه‌ندی بكه‌ن بههاوپهیمانیه سه‌ربازی و سیاسیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌په‌یمانی ناتۆ، ئه‌و په‌یمانه‌ی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا پێكیانهێنابوو.
له24ی شوباتی1955 په‌یمانی به‌غدا مۆركرا، به‌ریتانیا و ئیران و پاكستان و عیراق و توركیا به‌شدار بوون، ئه‌م په‌یمانه له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ دژایه‌تی كردنی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوو، هه‌روه‌ها دژی ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كهچالاكانه كاریان ده‌كرد له‌دژی ڕۆژئاوا، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌به‌نده‌كانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه له‌دژی كوردبوو، بۆ نموونه: له‌مادده‌ی یه‌كه‌م باس له‌وه ده‌كات ده‌توانرێت ڕێكه‌وتنی دوو قۆڵی ببه‌سترێت، له‌نێوان دوو وڵاته به‌شداربووه‌كانی ئه‌م په‌یمانه، ئه‌گه‌ر توركیا ڕێكه‌وتنێكی دووقۆڵی هه‌بێت، له‌گه‌ڵ عیراق (1946) بۆ دژایه‌تی كردنی كورد، ئێستاش خواستی هه‌بێت ده‌توانێت، ڕێكه‌وتنێك ببه‌ستێت له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئێران. به‌مه‌ش په‌یمانی به‌غداد به‌شێوه‌یه‌كی توند عیراقی بهسهربازگهی ڕۆژئاواوه به‌سته‌وه.
دژایه‌تی كردنی په‌یمانی به‌غدا مۆركێكی جه‌ماوه‌ری له‌خۆگرت له‌به‌غدا، كورده‌كانیش چالاكانه به‌شداریان كرد، دانیشتوانی كوردستانی عیراق خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئه‌نجامدا و دوای به‌ستنی چه‌ندین كۆبوونه‌وه، داوایان كرد عیراق له‌په‌یمانی به‌غداد بێته ده‌ره‌وه و نوری سه‌عید ده‌ست لهكاركێشانهی له حكومه‌ته‌كه‌ی ڕابگه‌یه‌نێت. كرێكاره‌كانی كه‌ركوكیش بۆریه نه‌وتیه‌كان و باڵه‌خانه‌ی كونسوڵگه‌ری به‌ریتانیایان ته‌قانده‌وه، له موسڵیش قوتابیان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، به‌رامبه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كه‌ی سهرمیسر. ڕێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمی شێخ مه‌حمودیش كه‌سایه‌تی ناسراوی كورد له‌بزاڤی نیشتمانی كورد له‌سلێمانی له‌ساڵی1956 گۆڕا بۆ خۆپیشاندانێكی توندوتیژ، ئه‌مانه هه‌موو داوای لابردنی نوری سه‌عید و كۆتایی هێنان به‌په‌یمانی به‌غدادی ده‌كرد.
ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر
له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، ناچار بوو ڕێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كورد ببه‌ستێت، به‌یاننامه‌ی ئاداری ساڵی1970 له‌ئاكامی مرۆڤدۆستانه و قه‌ناعه‌تی سه‌ركردایه‌تی به‌عس نه‌بووه، بۆ ئۆتۆنۆمی له‌چوارچێوه‌ی عێراقێكی دیموكراتی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی و پێكه‌وه ژیانی ئاره‌زوومه‌ندانه، به‌ڵكو به‌گوشاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان ناچاركراوه، به‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ی عیراق ڕایگه‌یاند، وه‌ك لازاریف ده‌نووسێت: هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ڕێكه‌وتنامه‌ی ئاداری 1970 دوورخستنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كوردبوو، له‌هه‌ڵوێستی ڕابردووی، لهپهنابردنهبهر هێز و ناچاركردنی به‌گفتوگۆ، هه‌تا به‌عس ده‌رفه‌تی گونجاوی ده‌ست بكه‌وێ، جارێكی دیكه له كورد بداته‌وه.
به‌درێژایی ماوه‌ی چوار ساڵ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی یاسادانان و ڕاپه‌ڕاندن له‌ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی نه‌گه‌یشتنه ئاكام، هه‌تا له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی سه‌ركردایه‌تی كورد و سه‌ركردایه‌تی به‌عس به‌ڕاشكاوی به‌عس پڕۆژه‌ی خۆیان له‌بابه‌ت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه خسته‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی كورد، له‌وێدا سه‌ره‌ڕای دابڕینی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی شه‌نگال و خانه‌قین و مه‌نده‌لی له‌ناوچه‌ی ئۆتۆنۆم، له‌جیاتی كه‌ركوك هه‌ولێریان كردبوو به‌پایته‌ختی هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی و كورتیش كرابۆوه له‌پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، كه ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌ت شۆڕش (به‌عس) له11ی ئاداری1974 یاسای ئۆتۆنۆمی په‌سند كرد، له‌وێدا ده‌سه‌ڵاتێك نه‌مابۆوه بۆ كورد، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه‌دا، مماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات، هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و ڕه‌گه‌زنامه خرابوونه‌سه‌ر وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌غداو هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیش نه‌درابووه ئه‌نجومه‌نی یاسادانان و جێبه‌جێكردن.
سه‌ره‌ڕای لایه‌نه خراپه‌كانی ناوخۆ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ی ئادار، كاریگه‌ری وڵاته زلهێزه‌كان و ده‌وروبه‌ریش كه‌م نه‌بوو، ئێران و ئه‌مریكا به‌وردی هاتنه‌سه‌رخه‌ت، سوڤیه‌تیش په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ عیراق زیاتر چڕ كرده‌وه، وای لێهات ئه‌مریكا و سۆڤیه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ردوو وڵاتی دراوسێی دژبه‌یه‌ك ناڕاسته‌وخۆ هاتنه نزیك به‌ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناكۆكی ده‌ولی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و ئێران، زیادبوونی پێگه‌ی سۆڤیه‌ت له‌عیراق، مه‌ترسی زیاتری لای ئه‌مریكا دروست كرد، له‌ساڵی 1972 (نیكسۆن) سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و (كیسنجه‌ر) ڕاوێژكار بۆ ئاسایسی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ردانی ئێرانیان كرد و له‌گه‌ڵ شا كه‌وتنه وتوێژ بۆ دانانی ڕێگا چاره‌یه‌ك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له‌عیراق.
ڕووداوه‌كانی ناو ئه‌و ملانێیه ده‌یسه‌لمێنن هه‌ریه‌ك له (عیراق، ئێران، سۆڤیه‌ت، ئه‌مریكا و ئیسرائیل) حیسابیان بۆ ئه‌گه‌ره‌كان كردووه، كورد وه‌كو كارتی یاریه‌كه به‌كارهاتووه، له‌نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، دوای چوار ساڵ نه‌شه‌ڕ نه‌ئاشتی له‌سه‌ره‌تای نیسانی 1974 سه‌رله‌نوێ شه‌ڕی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومه‌تی عیراق ده‌ستی پێكرده‌وه. له‌زستانی 1975 له‌نیۆیۆرك كیسنجه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نێوێنهری هه‌میشه‌یی عیراق له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆبۆوه بۆ دانانی ڕێوشوێنێك بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانیان، دواتریش كۆبوونه‌وه‌كان فراوان بووله‌نێوان عیراق و ئێران، ئێران و سۆڤیه‌ت ، ئه‌مریكا و عیراق، هه‌مووی له‌سه‌ر كێشه‌ری كورد و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، له‌ساڵی 1975 شه‌ڕه‌كان به‌ره‌و سه‌ختی چوون، هه‌ردوو وڵات عیراق و ئێران نه‌یانویستووه پێكه‌وه بكه‌ونه شه‌ڕه‌وه، بۆیه به‌بێ ئاگاداری بارزانی كه‌وتنه گفتوگۆ، شانشینی سعودیه هانده‌ری پێكهاتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بوو، تا به‌گفتوگۆ ناكۆكیه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی یه‌كه‌می زه‌مینه خۆشكردن بۆ ڕێكه‌وتنی جه‌زائیر زۆر نهێنی بوون، زه‌حمه‌ته ئه‌وه بزانرێ كێ یه‌كه‌م هه‌نگاوی بۆ ئه‌م ئاشتیه سه‌یره ناوه، شای ئوردن شاحسین و ئه‌نوه‌ر سادات سه‌رۆكی میسر و هه‌واری بۆمدیه‌ن سه‌رۆكی جه‌زائیر ڕۆڵیان هه‌بووه، له‌ناوبژیوانی هه‌ردوو وڵات، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش ڕۆڵی خۆی هه‌بوو، له‌سه‌ر سكاڵای عیراق، به‌ڵام پوخته و دوا هه نگاوی پێكهێنانه‌وه بۆمدیه‌ن تۆماری كرد.
هه‌واری بۆمدیه‌ن پێشتر له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی (ئۆپیك) له26- 10- 1974 له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن بۆ نه‌خشه‌ی پێكهێنانه‌وه‌ی عیراق و ئێران، بۆ مه‌به‌ستی ڕێگا خۆشكردن بۆ پێكهاتنه‌وه كۆبوونه‌وه، دواجار له‌په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن نه‌وت (ئۆپیك) له6- 3- 1975 هه‌واری بۆمدیه‌ن و شای ئێران و سه‌دام حسین به‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لاوه‌كی كۆتاییان پێهێنا و له‌ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا یه‌كیان گرته‌وه، ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه تایبه‌ت نه‌بوو به‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان عیراق و ئێران، به‌ڵكو سه‌ودایه‌كی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بووله‌سه‌ر حیسابی كورد، خاك و ئاو به‌رامبه‌ر تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد، هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی په‌یوه‌ندیدار به‌م ڕێكهوتنامهیهوه هۆكاری خۆی هه‌بوو له‌پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی.
له‌دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی ئاشكرا و نهێنی له‌ئاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق و ئێران، به‌هه‌وڵی ناوبژیوانان له‌كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێكخراوی (ئۆپیك) به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌واری بومدیهنی سه‌رۆكی جه‌زائیر له‌لایه‌ن سه‌دام حسین جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق و شای ئێرانه‌وه ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر ئیمزاكرا.
هه‌ردوولا ڕێكه‌وتن له‌سه‌رئه‌وه‌ی ڕێزگرتنی پیرۆزی سنوور و خاك و ئاسایشی یه‌كتربگرن، لهسنوورداخستن و قه‌ده‌غه‌كردنی په‌ڕینه‌وه، له‌پێناوی سنووردانانی كۆتایی بۆ هه‌موو سنووربه‌زاندنێك به‌مه‌به‌ستی كاری تێكده‌رانه له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه بێت، له‌مه‌ش سه‌دام حسین ته‌نیا مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی شۆڕشی كوردستان بوو، ئێرانیش وه‌كو ده‌وڵه‌ت له‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه سوودمه‌ند بوو بۆیه‌ش به‌زوویی پشتی شۆڕشی كوردستانی به‌ردا.
هه‌تائێستاش ده‌قی تایبه‌ت به‌به‌شه نهێنیه‌كانی ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه به‌رده‌ست نین، كه سه‌ودای داگیركارانی كوردستان له‌سه‌ر حیسابی شۆڕشی كوردستان بوو، هه‌واڵی ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر وه‌ك هه‌وره تریشقه له‌هه‌موولایه‌ك له‌كوردستان ده‌نگی دایه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌ركرده‌كانی كورد به‌و بێویژدانیه چاوه‌ڕوانی ئاكامهكهیان نه‌ده‌كرد.
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی1975 به‌ته‌وقه و یه‌كتر له‌ئامێزگرتنی شای ئێران و سه‌دام حسینی جێگری ئه‌وكاتی حكومه‌تی عیراق ڕێكه‌وتنه‌كه كرا‌و به‌وه شۆڕشێكی گه‌وره‌ی كورد شكستی پێهێنرا و بڵاوه‌ی لێكرا، كه دواتر به‌ڕێكه‌وتنامه‌ی شومی (جه‌زائیر) ناوی ده‌ركرد، ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیری 1975 بووه هۆی زینده‌به‌چاڵ كردنی جوڵانه‌وه‌ی كورد و به‌پیلانێكی ده‌ره‌كی شۆڕشی كوردستانی له‌باربرد و گه‌لی كوردیش سهرگهرادان مایه‌وه.
ڕێكه‌وتنامه‌ی توركیا- سوید و فنلندا
دوا ڕێكه‌وتنامه‌ی زلهێزه‌كان ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی كورد، ڕێكه‌وتنی توركیا و سوید و فنلندایه، فرۆشتنی ئه‌م جاره‌ی كورد جیاوازه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌كۆتایی مانگی ڕابردوو سوید و فنلندا یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان له‌په‌راوێزی لوتكه‌ی ناتۆ له‌مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا واژۆكرد، به‌گوێره‌ی ناوه‌رۆكی یاداشته‌كه ده‌بێ سوید 73 كه‌سی داواكراو له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه ڕاده‌ستی توركیا بكاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا توركیا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌ندام بوونی هه‌ریه‌كه له‌سوید و فینلندا له‌هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی ناسراو به‌ناتۆ ده‌دات، ئه‌و 73 كه‌سه‌ی له‌لایه‌ن توركیاوه له‌سوید داوا كراون، ژماره‌یه‌كیان سه‌ر به‌پارتی كریكارانی كوردستانن، له‌دوای ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی سوید و فینلندا و توركیا ئاندرسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید ڕایگه‌یاند، ئه‌وان پابه‌ندی ڕێكهوتنهكهیان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌بن، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌باره‌ی رادهستكراوانهوه داویانه جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید دڵنیایی دا هیچ كات هاووڵاتی سویدی ڕاده‌ستی توركیا و هیچ وڵاتێكی تر ناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ڵامیان وهرنهگرتێبت، توركیا داوای ده‌كاته‌وه ئه‌وانه راده‌ست ده‌كرێنه‌وه، سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیاش رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان بوو، له‌سوید و فینلدا ده‌ستمان كه‌وت، سوید راده‌ستی داخوازیه‌كانی توركیا ده‌بێت و ڕێگای پێده‌دات سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید كۆنترۆل بكات، له‌كاتێدا توركیا ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆری ئیسلامیه وسوید و فینلندا تائێستا به‌قه‌ڵای دیموكراسی و مافی مرۆڤ ناوزه‌د كراون، به‌ڵام له‌به‌ختی كورد ئه‌م دوو هاوكێشه پێچه‌وانه‌یه له‌سه‌رمێزی گفتوگۆ دژی كورد كۆده‌بنه‌وه و ڕێكه‌وتنامه‌ی لێتێگه‌یشتن مۆرده‌كه‌ن، ئه‌وه هیچ له‌مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێ سوید و فینلندا خه‌ڵكی دانیشتووی وڵاته‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ن یاخودنا، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه ڕێگاده‌دا و هێز و تین ده‌خاته‌به‌ر توركیا بتوانێت داوایه‌كی ئاوا له‌وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی بكات، ئایا تاكه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ناوی كێشه‌ی ناوخۆ ئه‌و زوڵم و بێدادیه له‌ده‌وڵه‌ته سه‌رده‌سته‌كانی كورد قبوڵ ده‌كات، ئایا تاكه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه مرۆڤ دۆسته‌كان ڕێگاده‌ده‌ن گه‌لی كورد ببێته قوربانی ڕێكه‌وتنامه‌ی نێوان زلهێزه‌كانی دنیا.