دانا مەنمی: پارتی لەنێوان ترسی خۆپیشاندان و گرتنی چالاکواناندا.
سەرباری ئەوەی جەستەی مرۆڤی کورد پڕیەتی لە زام و برین، بەڵام هیچ زامێک هێندەی ئەو زامانە مەترسیدار نین کە پارتی دۆخی چالاکوانانی بادینان و ڕۆژنامەنووسان بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات، تراژیدیای زیندان و ئازارو ئەشکەنجەو هەڕەشەی ناموس بە کورد نامۆ نییە و شۆڕشگیرەکانی سەدەی ڕابردوو هاوشێوەی چالاکوانەکانی بادینان ملیۆنان تراژیدیای لەم شێوەیەی ئێستای پارتیان بینیووە لە سەردەمی بەعسیزم دا، بەڵام هیچکات ڕژێمی بەعس نەیتوانی ئیرادەی کوردی ڕاستگۆو دڵسۆز بە خاک و خەڵک تێکبشکێنیت و ئیستاش ووتەکەی شەهید ( شەهابی شێخ نوری ) کە پڕ بە گەروی هاواری دەکرد ( کەم بژی و کەڵ بژی ) میللەت ڕائەچڵەكێنێت بۆ هەستانەوە و ڕۆح بەبەرداكردنەوەی ژیان.
ڕۆژانە وەك دیاردەیەكی راگوزەر دیمەنی دەیان پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ژێرسێبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دا دەبینین، بەشێكی زۆری ئەو پێشێلكارییانەی مافی مرۆڤ، پەیوەندییان هەیە بە رێگرییەكانی حكومەت و دەزگا ئەمنیەکان (ئاسایش و پۆلیس) لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە شاری هەولێردا، پارتی لە قەڵەمڕەوی خۆیدا تووشی فۆبیایەكی سەیر بووە کاتێک ناوی خۆپیشاندان و گردبونەوە دەبیستێ رێوشوێنی نائاسایی لە هێرش و پەلاماردان و رفاندن بۆ پێشێلکاری مافەكانی مرۆڤ دەگرێتەبەر کە ئەمەش کاردانەوەیەکی ناعەقڵانی ئەو حیزبەیە بەرامبەر بەها دیموکراتیەکان و خۆپیشاندەران.
هەفتەیەک لەمەوبەر دوای کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ لەلایەن تورکیاوە ، چەند چالاکوانێک کە لە پەنجەکانی دەستێک تینەدەپەڕین دژ بە کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ بەیاننامەیەکیان دەرکردو لەژێر ناونیشانی( پایتەخت دژ بە داگیرکاری دەوەستێتەوە) بە نیازی گردبونەوە بوون لە پارکی شانەدەر، بەڵام پارتی هەم ڕێگەی نەدا بە گردبونەوەکەو هەمیش هەریەک لە ( هاوڕێ کوردی و لێزان بەکرو سابیر زەندی و موراد ساڵەیی و هۆگر پیرباڵ ) دەستگیر دەکات و ڕۆژێک دواتر هەریەک لە ( هاوڕێ کوردی و لێزان و سابیر زندی )ئازاد دەکرێن، بەڵام تا ئێستا ( موراد ساڵەیی و هۆگر پیرباڵ ) ئازاد نەکراون، وێڕایی ئەوەی هیچ كام لەم چالاکوانانە تابووری پێنجەم و دەستی دەرەكی نەبوون و نین، ئەمانە داوای راگرتنی هێرش و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیایان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و داوای دادگەری و یەكسانی، هەلی كار و دەرباز بوون لە بێكاری ، ئازادی و نەبوونی ترس و گەڕانەوەی شکۆیان بۆ نیشتیمان دەکرد، بەڵام پارتی لە پێناو مانەوەی خۆیدا گوێ بە یاسا و بەها دیموکراتیەکان و هەتا ڕشتنی خوێنی هیچ کەسێک نادات، بە هێزی چەک خۆپیشاندانەکان دادەمرکێنێتەوە.
لەکاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (11ـی ساڵی 2010) یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان بێت، پاراستنی خۆپیشاندەران لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکان (ئاسایش و پۆلیس) دایە، یاساکە ڕێگەدەدات بە خۆپیشاندان و دەڵێ: خۆپیشاندان مافێکی دەستورییە و ڕێگەنادرێت بە هیچ هێزو گروپ حیزبێک پیادەكردنی مافی خۆپیشاندان قەدەغە بكات. بەڵام پارتی و حکومەتی هەرێم بەبەرچاوی هەموو دونیاوە یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2010 یان پەکخستووەو خۆپیشاندەریش نەک ناپارێزرێت، بەڵکو پێش دەستپێكردنی خۆپیشاندان تۆمەتبار دەکرێت و بە تۆمەتی جۆراوجۆر دۆسیەی یاساییان لەدژ دەکرێتەوە.