کەمال محەمەد: رەوشی عێراق و ئەگەری دۆخی شەڕ.
مێژووی عێراق بە چەندان سات و گۆڕانکاری تراژیدی تێپەر بوە، گەلانی ئەم خاکە دوچاری داگیرکاری و چەوسانەوەی پاوانە ھەمەجۆرەکانی سەرمایەو دەوڵەت و دەسەڵاتەکان بوە. دەشێت مێژووی عێراق وەک دۆخی شەڕ بەرامبەر کۆمەڵگاکەی پێناسە بکەین، کاتێک سیاسەت و ئەخلاق نەیتوانیوە ڕۆڵ ببینێت لەپاراستنی ئاشتی و مەرجە بنەرەتییەکانیدا کە سیاسەتی دیموکراتی بە شێوەیەکی ژیانی بایەخدار بکرێت و لە دەزگا سیاسی و ئیداری و ئەخلاقییەکانی حکومڕانی کۆمەڵگاشدا دەستەبەر و دەست بەکار ببێت.
لێرەدا نامەوێ مێژووی عێراق بە تەواوی ھەڵبدەمەوە، ئەوەی مەبەستمە عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی و روخانی ڕژێمی بەعسە لە ساڵی 2003،کە نەتوانراوە ئەم وڵاتەو سیستەمەکەی بەپێی دەستور و ھەروەھا لەسەر بنەمای رەزامەندی میکانیزمی دامەزراوە سیاسی و حکومڕانییەکانی چەک بێدەنگ بکرێت، بێ دەنگی چەک بەو مانایەی ھەرکەسەو لە دەرەوەی یاساو دەستور و بەرژەوەندییەکانی وڵات خۆی نیشان و نماییش نەدات. خودی ئەمەشە بناغەی ئاشتییەکی بە پرەنسیبانەو راستەقینانەی سیستەم کە واتایەکی ھەبێت، ئەگەر ئاشتییەکی بەم جۆرەش بونی نەبو ئەوا زەحمەتییەکانی لۆجستیک و ئابوری و ستراتیژی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تائیفیش زیاد ئەبن و رێککەوتنەکانیش لە پێناو رۆژێکی رەشتر و شەڕێکی دژوارتر ئەنجام ئەدرێن، ھەر ئەمەشە وایکردوە ئەوانەی لە پێگەی مافدارانن بەرقەرارکردنی ئارامی و ئابوریان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵات و ئەو حیزب نییە، درێژەدان بەم سیستەمەو باڵادەستی ھێزەکانی دیاریکراو کە دیاریکەرەکانیان لەدەرەوەی عێراقن وایکردوە کۆمەڵگایەکی بێ دەوڵەت ھەبێت کە خاوەنی بریار و کارنامەی سیاسی خۆی نەبێت، بۆیە گەلانی ئەم خاکە بەردەوام روبەروی چەوسانەوەکانی بۆتەوە چ لە دەرەوەو چ لە ناوەوەش.
لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە کۆی حیزبەکان ھێندەی ھەوڵی خۆپارێزی خۆیان داوە نیو ھێندە شەری گەورەی بەرگری کۆمەڵگایان نەکردوە، واتەیەکی دیکە سیستەم لە عێراقدا بە سەردەمی ھەژمونگەرایی سوپەر و ھەژمونگەرایی دیکەی ھەرێمی بەرێوە ئەبرێت و ھەریەکەیان بە گوێرەی ڕادەی ھێزەکەیان بەشی تاڵان و زەوتکردنی سیاسی و ئابوری وڵاتیان بۆ خۆیان جیا کردۆتەوە، وابەستەیی و دەستنیشان کردنی پۆستەکانی عێراق بە بریارەکانی وڵاتانی زلھێز و ھەرێمی نیشانەی پاشکۆیەتی و ناسەربەخۆیی ھێزەکانی ناوخۆی عێراقە لەھەمانکاتیشدا ھەبونەکەشیان بەم دۆخەوە تواناو دەرفەتی پێشخستن و پاراستنی دامەزراوە سیاسی ئابوری و ستراتیژیەکانی لەئارادا نامێنێت و لاواز ئەبێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق ئەگوزەرێ دەسەڵاتی ئەو ھێز و میلیشیایانەیە کە بوە بە دیاردەو لە دەوڵەت بەربڵاوترن و نەتوانراوە بکرێنە ھۆکار بۆ چارەسەری تەنگەژە سیاسی و ئابوری ئیدارییەکانی عێراق ،نەبونی ئامانجی نیشتمانیش لەپاڵ ئەم ھێزانە رەوشی وڵاتی لە دەرەنجامە خراپ و ناھەموارەکانی و نەبونی متمانە لەنێو پێکھاتەکان و رەوتەکانی زیاتر کردوە ،یاسای پشک پشکێنەی حیزبەکان و بەستنەوەی بە کرێگیراوێتی سیستەم لە ئێستادا ئەستەمە وڵات و رەوشی داھاتووی بەرەو چارەسەری ببات.
ئاڵوگۆرکردنی بیرو جیاوازییە سیاسییەکان ھێندەی لە رەوشی ئاشتی و سەقامگیری دەستەبەر ئەبێت لە جەنگدا بدی ناکرێت، ئەگەر ئاشتی دەرفەتێک بێت بۆ لەسەر پێمانەوەی عێراق و یەکدی قبوڵکردنی بەرامبەر بە جیاوازییە سیاسی ئایینی و تائیفییەکانەوە ئەوا لە جەنگدا ئەو مافانە نابینرێت، بەڵام رەوشی ئەمرۆکەی عێراق لەو ناچێت نزیک بێت لە سیستەمێک کە داخوازی گەل بە جێبھێنێت ئەوەی ئەگوزەرێت خۆدەرخستن و نواندنی چڕنوکی ھێز و دەسەڵاتی لایەنەکانە بەرامبەر یەکدی کە دور نییە کۆتاییەکەی دۆخی گەیشتن بێت بە لێواری تاریکی و جەنگ و ببێتە ئەڵقەیەکی دیکەی توند و ببەسرێتەوە بە ئەڵقەکانی مێژوو، بۆیە ئەگەر کێشەکانی ئەمرۆکە چاک نەکرێنەوە ھەوڵی خستنەروی ئەو کێشانە نەدرێت کە وڵات و سیستەمەکەی خنکاندوە دورنییە دەرمانی لەسەر پێ مانەوەی رەوشی ئاشتی لە عێراق ئەستەم دەست بکەوێت پێچەوانەکەی دۆخی شەڕ دەست پێ نەکات کە تیایدا ئاشتی جێگا بۆ ترس و دڵەڕاوکێی ناکام دروست بکات و جەنگێک بێت کە نەک کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان، بەڵکو لەسەر زیندەوەران و سروشتی ناوچەکەش دروست بکات.