نەوزادى موهەندیس: چۆن بیربکەینەوە؟ ئەنارشیستى یان حیزبى یانیش کوردانە..!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
فەیلەسوفى بەناوبانگى سویسرى جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت: ئازادى تاک بریتى نیە لەوەى هەرچى ویستى ئەنجامى بدات، بەڵکو بریتیە لەوەى کە پێویستە لەسەرى ئەوە نەکات کە نایەوێت.
بۆیە بونى ئازادى مرۆڤ مەرجێکى گرنگى مرۆڤبون و مانەوەیەتى بە مرۆڤێتى و هیچ تاک و مرۆڤێک بەبێ بوونى ئازادیە تاکە کەسیەکانى مانایەکى نامێنێتەوە.بۆیە ئازادى و مرۆڤ وەکو ماسى و دەریا وان و بێ یەکترى ناژین و نامێنن.
مرۆڤى کورد لەم قۆناغەدا چۆن بیربکاتەوە؟وەک کەسێکى ئەنارشیزمى یان فەلسەفەى تاکگەرایى Individualism)، کە بۆ خۆى بریتیە لە هەڵوێستێکى ئەخلاقى،و فەلسەفەیەکى سیاسى و ئایدۆلۆژى یان تێڕوانینێکى کۆمەڵایەتى،کە جەختدەکاتەوە لەسەر بەهاى مەعنەوى تاک. کە داوا دەکات کە تاک هەستێت بە ئەنجامدانى ئامانج و خواستەکانى خۆى بۆ ئەوەى ببێتە بەها و پنتێکى سەربەخۆوپشتبەستوو بەتواناکانى خۆى.ئەم فەلسەفەى تاکگەراییە ڕایدەگەیەنێت کە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانى تاک مەسەلەیەکى ڕەگداکوتراو و بنچینەییە و پێویستە بێتەدى لەسەروو هەموو ئیعتیبارە دەوڵەتى و کۆمەڵگاییەکانەوە.بەهەمان شێوە تاکگەرایى تاک دەکاتە چەق و پنتى سەرەکى گرنگیپێدانى لەسەر ئەو گریمانەیەى کە دەڵێت: تاکى مرۆیى کارەکتەرى بنچینەییە و یەکەمە و گرنگترینیشە لە خەبات لە پێناو ئازدى و سەربەخۆبوندا) و بزوتنەوە لیبڕاڵى و وجودى و نادەسەڵاتیەکان، نمونەى ئەو بزوتنەوانەن کە تاکیان بەلاوە بریتیە لەیەکەیەکى دابەشنەکراو،هەروەها تاکگەرایى بریتیە لە (( مافى تاک لە ئازادى و وەدیهێنانى خود).
هەروەها ماناى قبوڵکردنى فەلسەفەى تاکگەرایى بریتیە لەوەى کە هەموو پلان و بەرنامە و خواستەکانى بونیاتبنێت لەسەر کەسێتى تاک و بەهرە و تواناکانى و خواست و ویستە یاساییەکانى بەدوور لە سەرگەردانى و فەوزا و بێسەروبەرەیى و دوور لە بەها پیرۆزەکانى کۆمەڵگا.
یانیش وەکو کەسێکى حیزبى بیر تەسکى دۆگما و قەتیس بوو بیر بکاتەوە و تەنها تانوپۆى بیروڕاکانى لەچوارچێوەى بەرنامە و سیاسەتى حیزبەکەیدا بێت یان مەودا فراوان و سنورە دیاریکراوەکان و تابۆ حیزبیەکانى ببەزێنێت و هێندەى بۆ بەرژەوەندى و لە پێناو بەرژەوەندى گەورە و فروانى گەل و نیشتیمانەکەیدا بیربکاتەوە نیوهێندە بە قازانجى حیزبەکەى بیر نەکاتەوە.ئاخر مایەى دڵتەنگی و خەمە لەم کوردستانە بەتایبەتى و ڕۆژهەڵاتیش بەگشتى حیزبایەتى هێندە پیرۆزکراوە و سەرکردە سیاسیەکان هێندە موقەدەس کراون کە لەسەروو هەموو وەلائو وەفا وپشتیوانى و پشتگیریەکەوەن بۆ گەل و نیشتیمان.ئاخر حیزبایەتى هێندە بچوک و قەتیس و تەسککراوەتەوە کە ڕێگە نادات کادر و ئەندام و لایەنگرەکانى خۆشى تەنانەت لەناوخۆى حیزبەکەشدا بیروڕا ئازادەکانى دەرببڕێت و گەر بۆ هەندێک مەبەستیش چاویان لێپۆشى و بێدەنگ بوون ئەوا لەلایەکى ترەوە بەدەیان شێواز سزاى دەدەن.تەنها بۆ ئەوەى عەقڵ و بیرکردنەوە و ئازادیەکانى لەمەنگەنە بدەن و تەنها لەچوارچێوەى حیزبیدا بیر بکاتەوە. بەڵام ناپرسن کەوا حیزب و سەرکردە هەیە لەم وڵاتەدا دەیان جار خیانەتى زەق و شەرمەزاریان تۆمارکردوە لەگەل و نیشتیمان و بونەتە پێشقەوڵى دوژمنان و داگیرکاران.ئیدى چۆن دەبێت کادر و لایەنگرەکانیان هەر ئەشهەدوبیلاى ناڕاستیان بۆبکەن.
بەڕاى من هەر کادرێک یان ئەندام و لایەنگرێک ئازادانە بیر نەکاتەوە بۆ خزمەتى گەل و نیشتیمانەکە نەک حیزبەکەى و وەکو تاکێکى سەربەخۆ پێش ئەوەى حیزبى بێت هەرگیز نە بەخشندە دەبێت بۆ خۆى و نە بەخشندەش دەبێت بۆ حیزبەکەشى. چونکە ئاشکرایە گەل و نیشتیمان گەورەتر و فراوانتر و خۆشەویستترن بەلاى تاک و هاوڵاتیانەوە لە حیزب و سەرکردە سیاسیەکان چونکە حیزب و سەرکردە سیاسیەکان دەسەڵاتەکانیان تەنها و تەنها لە گەلەوە وەرگرتوە.حیزبى سیاسى دەبێت کادرى وشیار و بەئاگا و ئازاد پێبگەیەنێت نەک کادرى ترسنۆک و دەستەمۆ تەنها لەبەرئەوەى مووچەکەى یان ئۆتۆمبیلەکەى یان ئیمتیازاتەکانى ترى لێنەبڕن.بۆیە تا لەکوردستاندا تاک بەگشتى و کادرى حیزبیش بەتایبەتى ئازاد و ئازادانە بیرنەکاتەوە ئەوا هەر لە بازنەیەکى بۆشى بێناوەڕۆک و بێ ئامانجدا دەسوڕێینەوە.بەداخەوە کە زۆربەى سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانیش ئەم جۆرەیان گەرەکە لەتاک و لەکادرەکانى خۆیان (بێ دەنگ ، بێ هەست ، بێ بیرکردنەوە، بێ ئیڕادە.
لەسەروو ئەمانەشەوە بەڕاى بەندە ئەوەى کە هەموان کۆدەکاتە لەم نیشتیمانەدا بەتاکى سادە و ئاسایى کۆمەڵگاوە لەگەڵ کادر و ئەندام و لایەنگرى حیزبە سیاسیەکانەوە،بیرۆکە و فەلسەفەى کوردایەتیەکى ڕاست و دروستە وەک بزوتنەوەیەکى سیاسى و دیموکراتى و پێشکەوتوخوازى سەردەمیانە و وەک بەشێک لە بزوتنەوە مرۆڤایەتیە ناوچەیى و جیهانیەکانیش.بۆیە گەرەکە کە هەموان تەنها بەبیرێکى کوردانەى ڕاستگۆیانە بیربکەینەوە نەک وەک تاکێکى بێ ئامانجى دوور لە ئازادیەکان و نەک وەک کادرێکى حیزبى عەقڵ دۆگما و قەتیسکراو.چونکە بیرى کوردایەتى مەودایەکى فراوانى مرۆڤدۆستانەى ئازادیخوازە کە هەموان بەدوایدا وێڵین و سەدان ساڵە خەباتى بۆ دەکەین و خوێن و فرمێسکى بۆ دەڕێژین و هەر ئەو بیر و هەستە کوردایەتیە بوە کە بۆتە مایەى مانەوە و هێشتنەوەى مرۆڤ و مێژووى کوردان بە زیندویەتى و بەگەشاوەیى نەک حیزب و سەرکردە سیاسیەکان،ئەوەتا مێژوو چەندین سەرکردە و حیزبى سیاسى خستۆتە لاپەڕەکانى مێژوو و بونەتە کارەکتەرێکى ڕابووردوو، بەڵام هێشتاش و بۆ ئایندەش کورد و کوردایەتى و کوردستانیش وەک نەتەوە و بیر و نیشتیمان هەر بە زیدویەتى ماونەتەوە.دوور لە نمونە قێوزەون و ناشیرینەکان کە بەدەستى سەرکردە لاواز و خائین و خۆفرۆش و وڵاتفرۆشەکان دروستکراوان لە پێناو بەرژەوەندى خۆیان و بنەماڵەکانیاندا.هەربۆیە بیرى کوردایەتى دەبێت ببێتە سەرمەشقى بیرکردنەوەى هەموان چونکە هەموان ئەو مافەیان هەیە وەکو تاکێکى کورد و کوردایەتیش قەتیس و تاپۆى هیچ حیزب و سەرکردەیەکى سیاسى نیە و چەندە تاکێکى ئاسایى مافى کوردایەتى هەیە هەر ئەوەندەش سەرکردەکان ئەو مافەیان هەیە،لەبەرئەوە کوردایەتى مەودا و تانوپۆیەکى فروان لەخۆدەگرێت و جێگەى هەموانى تیادا دەبێتەوە.
جا تا ئەوکاتەى هەموان بەو بیرە کوردایەتیە ڕەسەنە بیرنەکەینەوە مەحاڵە بگەینە دوا ئامانجى سەرکەوتن و بنیاتنانى دەوڵەتێکى نەتەوەیى کوردانەى دیموکراتى.کەواتە هێشتا درەنگ نیە و کاتیش زۆر ماوە بۆ ئەوەى هەڵەکانى ڕابووردوومان بە تاک و کادرى حیزبى و سەرکردەى سیاسیەوە ڕاستبکەینەوە و هەموان بگەڕێینەوە سەر شاڕێگەى کوردایەتیە ڕەسەن و ڕاستەقینەکە ،کە موتوربە کرابێت بە ئازادیەکى ساغڵەم و دروست لەچوارچێوەى یاسادا. هەربۆیە ئازادى تاک و مرۆڤەکان وەک ڕۆسۆ دەڵێت بریتى نیە لەوەى کە تاک هەرچیەکى ویست ئەنجامى بدات،بەڵکو بریتیە لەوەى کە ئەوەى نایەوێت نەیکات. بۆیە باهەموان ئەوەندە بوێر بین کە ئەوەى لەگەڵ بیروڕا و قەناعەتەکانى خۆماندا نەگونجا ئەنجامى نەدەین و هەموو پڕۆسە و کردار و فەرمانێکى سەپاوى ناڕاست و دروست ڕەتکەینەوە گەر لەسەر لەدەستدانى ئیمتیازات و پۆست و پلەکانیشمان بێت.ئەمەیە ماناى ئازادى تاک و مرۆڤەکان نەک ئەوەى کە ملکەچى ڕاست و ناڕاستى سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان بیت، چونکە بێدەنگى و بێهەوڵوێستى تاکڕەوى و قۆرخکارى و خۆسەپێنى دروست دەکات، بەداخەوە ئاشکراشە کە هەموانیان چۆن داشۆراون لە هەموو بیرکردنەوە و بەهایەکى جوانى کوردانەى ڕاستەقینە. و کوردایەتیان بەو گەورەیى و شکۆمەندیە کورتکردۆتەوە لە تەنا چەند پۆست و پلە و ئیمتیازاتێکى کاتى دونیاى و هێندەى هەوڵى خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەى سەرمایەى حەرام دەدەن نیوهێندە کوردایەتیەکى ڕاستەقینە ناکەن.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts