عیماد عەلی: کورد چۆن لە موقتەدا تێگەیشتووە.
ئەوەی هەر لەکاتی کوشتنی خوئی و هەڵویِستی موقتەدا لەمەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت، چاودێری ئەم ئاخون و زانا ئایینیە کەم زانیاریەی کردبێت و لە نازو راز و نیاوزی تێگەیشتبێت، دەزانێت ئایین و پێگەی جەماوری باوکی تەنها بۆ کاری سیاسی بەکاردێنێت و باوەرٍی تەواوی بە تاکرٍەوی هەیە و بە میزاجی کەسی خۆی دەجوڵێتەوە و هەڵوێست وەردەگرێت. هەمووان باش دەزانن کە چۆن لەگەڵ بەعسیەکان دەجوڵێتەوە و عەرەبی نەتەوەپەرستیش بۆچی پشتگیری دەکەن و ئێرانیش چۆن دەیناسێت و لە رووی مەزهەبیەوە بۆچی وامامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
دوور لە رکابەری نێوخۆیی و ململانێیی حزبی و کەسی نێوخۆی کوردستان دەبێت کورد موقتەدا وەکو خۆی بناسێت و هەڵوێستە کاتی و تاکتیکەکانی و ستراتیجەکانی بخوێنێتەوە و بەراوردی لەگەڵ پرسە ستراتیجەکانی بکات و بزانێت کە چۆن کورد و پرسە سەرەکیەکەی دەبینێت نەک وەکو کاردانەوەی ململانێی سیاس و حزبیی نێوخۆی کوردستان هەڵوێستی ئەم سەرکردە تاکرەوە عەرەبە مەزهەبگەرایە بیبینێت.
بۆیە، دەبێت کورد باش بزانێت کە پرسە سەرەکیەکەی و ئەوەی ناوی بەرژەوەندی گشتی و ئایندەی گەلەکەی بێت لای ئەم موقتەدایە نادۆزێتەوە و ئەو تەنها دەیەوێت یاری لە نێوان یەکێتی و پارتی بکات و تەنانەت زۆر جار بە راشکاوی رای خۆی لە مەرٍ پرسە گرٍگ و سەکیەکەی خۆۆ بە راشکاوی دەربرٍیوە، بەڵام رقو کینە و ململانێی نابەجێی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوە نابینن و هیچ لایەکیان بە وردی و جوانی وەزعەکە ناخوێننەوە و تەنها بەرژەوەندی تەسکی کاتیی خۆیان دەبینن و ئایندەی ئەم گەلە دەدەن بەەدەستی قەدەر و خواستی دەرەکی و میزاجی موقتەداوە.
ئەوەی راستی بێت، لەم کاتەدا دۆخێکی تایبەتی لە عیراق هاتۆتە پێشەوە، کورد پێویستی پێیە و دەبێت وەکو هەلێک بیقۆزێتەوە و ئەگەر یەکگرتوو بێت دەتوانێت بەرژەوەندیەکانی خۆی لە نێو ئەم ئاڵۆزیەدا وەکو خۆی بدۆزێتەوە و تەنها بیر لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و دووبارە کورٍی خۆی نەکات بە قوربان کچی خەڵکی و تەنها بۆ جارێکیش بێت لە روانگەی بەرژەوەندی تەسکی کوردستانەوە وەزعەکە بخوێنێتەوە و بە ئاڵۆزتربوون و تێکچوونی عیراق هیچ لە مەسەلەی کورد ناگۆرٍێت، ئەگەر خۆی یەکگرتووبێت و، بگرە تاوەکو ئەم وڵاتە بەزۆر سەپێنراوەی سەر کورد لاوازتربێت دەتوانێت بەرژەوەندیەکانی خۆی تێیدا دابین بکات. ئەگەر کورد لێزان بێت، رەفتار و سیاسەتی موقتەدا وەکو خاڵی لاوازی قۆناغەکەی ئەم وڵاتە بەکار دێنێت، بۆیەدەکرێت لێکدابرانی زیاتر لە نێوان هەرێم و ناوەندی عیراق دروست بێت.