سەلاح حسێن ئەفەندی: بۆچی دوای ڕووداوەکان دەکەوین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی زۆرجار خوێندنەوەمان بۆخۆمان و جیهان و دەوروپشت هەڵەن؟ کاتێک دەکەوینە خۆمان کار لە کار ترازاوە؟ پلان و پڕۆگراممان نییە؟ لە کاری بە کۆمەڵدا نەزان و لاوازین؟ حەزمان لە خۆڕێکخسن نییە یان ناچێت بە عەقڵماندا؟ ترسمان هەیە یان نازانین چۆن بەرەنگاری گرفت و هەڕەشەکان ببینەوە؟
هەڵبەتە ئەم بابەتانە تەنها پەیوەست نیین بە خەڵکی کوردستانەوە، بەڵکو لە زۆرینەی وڵاتانی پاشکۆ و لاواز ڕەچاو دەکرێن، بەڵام ڕەنگە بەهۆی چەندین فاکتەری تایبەتەوە، لە کوردستاندا ئەو دیاردانە زەقتر و بەرفراوانتربن. هەروەها ئەمانە تەنها پەیوەست نین بە بڕیاری سیاسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارت و بنەماڵە دەستڕۆیشتۆکانەوە، بەڵکو شۆڕبوونەتەوە بۆ هەموو کۆمەڵگە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، تاکەکان، کومپانێکان، ڕێکخراو و داموودەزگا مەدەنێکانەوە. ئەرێ دەبێ هۆکارەکانی ئەمانە چی بن؟
نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستاندا، دابەشبوونی وڵاتەکە و بە زۆر لکاندنی بەشەکانی بە دەوڵەتانی دەوروپشتەوە، لە هەمان کاتدا دواکەوتوویی و پاشکۆیەتی ئەو دەوڵەتانە بە کوردستانیشەوە بۆ سەرمایەداری جیهان ، کوردستان و هێزە سیاسییەکان و خەڵکەکەی لە دوو جەمسەرەوە پاشکۆ کردوون، پاشکۆبوون بۆ دەوڵەتانی دەوروپشت هەروەها پاشکۆبوون لە سیستمی سەرمایەداری جیهاندا.
نەبوونی داموودەزگا و دەوڵەتی سەربەخۆ وای کردووە کە دەستەڵاتدارانی وڵاتەکە ئەزموون و شارەزایی حوکمڕانیان سنوورداربێت، توانای بڕیاردان و لێکۆڵینەوە و پلان و پڕۆگرام داڕشتنیان کەمبێت. پاشکۆیەتی ئەوە دەگەیەنێ کە هەمیشە چاوەڕوانی دەست و ڕەحمەتی دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێزەکانی جیهانین، چارەسەرمان بۆ بدۆزنەوە، ڕزگارمان بکەن، لە تەنگانەدا بە دەنگمانەوە بێن، ڕێگەوبانمان بۆ دروست کەن، بوودجە و مووچەمان بۆ بنێرن، ناوچەکانمان بۆ بگەڕێننەوە.
بمانەوێت یان نا، بەشێکین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ناوچەکە ماوەیەکی دوور و درێژە بە بارێکی دژوار و پڕقەیران و ناسەقامگیردا تێپەڕدەبێت. لاوازی پەیوەندی و دوژمنایەتی لە نێوان وڵات و میللەتەکاندا، نەگەڕان بەداوی بەرژەوەندی هاوبەش و پاشەڕۆژێکی ڕووناکتر بۆ هەمووان، وای کردووە کە خوێندنەوەی دروست و پلان و پڕۆگرامی هاوبەش زۆر لاوازبن. هەموو ئەمانە، بە هۆی پێکەوتەی جیوپۆلیتیکی تایبەتی کوردستانەوە، ڕاستەوخۆ کاردانەویان لەسەر ڕوانگە و تێگەیشتن و بڕیارەکانمان هەن.
خۆ ساغنەکردنەوەی خەڵکی کوردستان، هێزە دەستەڵاتدارەکانی لەسەر چارەنووسی خۆیان فاکتەرێکی گرنگی ترە. ئەوانە بە درێژایی مێژوو ستراتێژی هاوبەشی نەتەوایەتیان نەبووە، بڕیارێکی هاوبەشیان لەسەر ئەوە نەبووە کە ئایا دەیانەوێ و ئیرادەیان هەیە بڕیار لەسەر جیابوونەوە و دامەزراندی دەوڵەتێکی سەربەخۆی یەکگرتوو بدەن، یاخود هەر بەشێکیان ببنە بەشێکی کاریگەر و بەهێز و بڕیاردەر لەو وڵاتانەی کە پێیانەوە لکێنراون. خۆ ئەگەر خۆیان ساغبکەنەوە و بڕیاری جیابوونەوە یاخود ماندنەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەوروپشتدا بدەن، ڕۆڵی بڕیاردەر و کاریگەریان هەبێت لە ناویاندا، مەجبوور دەبن خوێندنەوەی دروستیان هەبێت بۆ خۆیان و دەوروپشت و جیهان، پلان و پڕۆگرام و ستراتیژی هاوبەشی نەتەوایەتی دووربینیان هەبێت.
ئەوەی هەتا ئێستا دەستەڵاتدارانی کوردستان و خەڵکەکەی هەڵیان بژاردووە، پێیی فێربوون و ڕاهاتوون لەگەڵیدا، پاشکۆیەتییە بۆ بڕیاری دەرەکی، بۆ دەستەڵاتی ناوەندی ئەو دەوڵەتانە، عێراقچێتی و توورکچێتی و ئێرانچێتی، بۆ بڕیاری زلهێزەکانی جیهان، یاریکردن لەسەر گرژی و ناکۆکی و شەڕوشۆڕ لە نێوان دەوڵەتە ئیقلیمییەکان یان زلهێزەکانی جیهاندا، هەمیشە چاوەڕوانی دەستی ئەوانن، شەڕیان لەگەڵ دەکەن، دانووستاندنیان لە گەڵ دەکەن و ڕێکدەکەون لەگەڵیاندا، ئەوانە ڕۆژێک دۆستن و رۆژێکی تر دوژمن. ئەم ڕەفتارانە دەستەڵاتداران و خەڵکی وڵاتەکەیان ئیفلیج و زەلیل کردووە.
ناسەقامگیری و ئاژاوە و نائومێدی، مێشکی خەڵکی دەخاتە گێژاو و سەرلێشێواندنەوە کە زەحمەتە بتوانرێ تیایدا بەرچاو ڕوون بن. ئەو زەمینە نالەبارە بۆتە هۆکاری بەهێزبوون و دەوڵەمنبوونی هەندێ خەڵک و گرووپی ناشیاو کە بەرژەوەندی و ماندنەوەی خۆیان لە بەردەوامی ئەو بارەدا دەبیننەوە. هێزی دەرەکی سوود لەو زەمینەیە وەردەگرن، بێ متمانەیی و بڕوابەخۆنەبوون لە ڕیزەکانماندا پتەوتر دەکەن، کە سەرلەنوێ لە دووربینی و پلاندانان و خۆڕێکخستن دورمان دەخەنەوە.
هەرچەندە لە کوردستان و ناوچەکەدا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە، سیستمی خێڵەکی و فیوداڵی خێڵەکی داڕما و شکستیهێنا، بەڵام بەهۆی چەندین فاکتەرەوە پاشماوەکانیان هەر ماون، چۆنەتە ناخی دەستەڵاتداران و حیزب و تاکەکانی کۆمەڵگەوە، کاردانەوەیان هەیە لەسەر خوێندنەوەمان بۆ کۆمەڵگەکەمان و دەوروپشتمان، بەڕنامە و پلاندانان، خۆڕێکخستن و ئامادەسازیمان.
سیستمی خێڵەکی لەسەر بنەمای دەوڵەتسازی و دامودەزگا و یاسادانان و پلاندانان و فێربوون و تازەکردنەوە بونیاد نەنرا بوون. خێڵەکی هەمیشە لەسەر دوو بنەمای سەرەکی کاری کردووە، ڕێکەوتن و بڕیاردان لەسەر بنەمای تەوافوقی خێڵەکی، هەروەها یاریکردن و پەیوەندی دروستکردن لەسەر بنەمای بەلانسی هێزی ڕۆژگار.تەوافوق یان واژووکردنی خێڵەکی لەسەر بنەمای یاسایی نەبووە، هەروەها چوارچێوەیەکی یاسایی و درێژخایانی لەخۆ نەگرتووە، بەڵکو ڕێکەوتنامەی کاتی بوون و هەموو ساتێک قابیلی گۆڕانکاری بوون. ئەو ڕێکەوتننامە و بڕیاردانە لەسەر بنەمای بەلانسی هێزی ئەو ڕۆژە بوون کە تیایدا واژوو کراون، بە گۆڕینی بەلانسی هێز هەموو ئەوانە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەیان لەسەر بووە. لەسەر ئەم بنەمایانە هەمیشە سەرکردەکان و خەڵکی سادەش خوێندنەوە و ئامادەسازی و پلانی درێژخایانیان نەبووە، بەڵکو چاوەڕوانی گۆڕانکاری و کردار و ڕەفتار و هێزو توانای دەوروپشت بوون و دوای ڕووداوەکان کەوتوون. هەموو ئەمانە ئەمڕۆ لە ناو دەستەڵاتداران و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بگرە تاکەکانی کۆمەڵگەشدا بە ڕوونی ڕەچاودەکرێن.
سیستمی خێڵەکی لە کوردستاندا لاواز و پەرشوبڵاو بووە و بۆتە هۆی دابەشبوونی وڵاتەکە لەنێو خۆیدا بەسەر چەندین میرنشین و کۆنفیدراسۆنی خێڵەکیدا، ناکۆکی و دووژمنایەتی لە نێوانیاندا بەردەوام بوون کە هەتا ئێستا کاریگەریان لەسەرمان هەن. ئەمڕۆ گرژی و یەکتر قبووڵنەکردن ولاوازی دیالۆگ و لاوازی بەرژەوەندی هاوبەش و کارنەکردن لە پێناویاندا لە نێوان هێز و حیزب و پێکهاتە و ناوچەکانی کوردستاندا، لە لایەکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی خوێندنەوەی دروست و هاوبەشمان نەبێت بۆ ڕووداوەکان و بێ پلان و پڕۆگرام بین، دوای ڕوداوەکان بکەوین، لە هەمان کاتدا ئەمانە ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێزەکانی جیهان لە بڕیار و کاروبارماندا.
بە هەڵە تەرجوومەکردنی ئاین و مەزهەبە ئاینییەکان بوونەتە بەشێک لە نەریت و بیر و هۆش و شێوازی کارکردنمان، چوونەتە ناخی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەوە، بە دەسەڵاتداران و خەڵکانی سادەوە. خەڵکی هەموو شتێک دەخەنە ئەستۆی خودا و پیاوانی ئاینییەوە و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدەزنەوە: خودا کەریمە، خودا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە، انشا اللە خودا چاکی دەکات، پێغەمبەر فریامان دەکەوێت … ئەمە وای کردووە کە تاکەکانمان، دەستەڵاتدارەکانمان بە لاوازی و دەستەپارچەیی بمێننەوە و زۆر خۆیان هیلاک نەکەن بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگە و ناوچەکە و جیهان، پلان و چارەسەر دانەڕێژن، پێش ڕووداوەکان نەکەون.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت