ر‌سوڵ بۆسكێنی: له نێوان بەیت و قەسیدەدا.
به‌یتی كوردی له به‌سه‌رهاتی چیرۆك ئامێز و تایبه‌تمه‌ند پێكهاتووه، دارشتنی به‌یته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شیعری جوان و ڕه‌وان، له‌سه‌ر كێشی خۆماڵی و تایبه‌تی، بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستێك گوتراوه، شێوه‌ی به‌یته‌كان جۆراوجۆرن، جاری واهه‌یه نیوه شیعره‌كانی ته‌واوێك درێژن و جاری واش هه‌یه زۆر كورتن، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵێكدا كێش و مۆسیقا پارێزراوه و شیعری بێ قافیه‌ی تێدانییه، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ڕێك وپێك دانه‌نراوه، جاری واهه‌یه زۆر له‌سه‌ر قافیه‌یه‌ك ڕۆیوه و جاری واش هه‌یه هه‌ر تاقه دوو نیوه شیعر له‌سه‌ر یه‌ك قافیه‌ن، وشه‌گه‌لی ڕه‌سه‌ن و شیرینی كوردیان به‌كارهێناوه، ناوه‌رۆکی زۆربه‌ی به‌یته‌کان به‌سه‌رهاتێك یان ڕووداوێكی مێژوویی و خۆشه‌ویستی نێوان دڵداران ده‌گێڕته‌وه.
له‌هه‌مان كاتدا قه‌سیده شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له‌شیعری كلاسیكی دا هه‌موو غه‌زه‌لێك له‌پێنج دێڕه شیعر پێكدێ، تا ده‌گاته هه‌ژده دێڕه شیعر، ئه‌مه غه‌زه‌لی پێ ده‌ڵێن، له‌دوای ئه‌وه قه‌سیده‌ی پێ ده‌ڵێن، ئه‌م بابه‌ته شیعره وشه و ڕسته‌ی عه‌ره‌بی زۆری تێدابهكاردێ، بێگومان هه‌ر غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌یه‌ك له‌سه‌ر كێشی عه‌رووزی پێكدێ و ده‌بێ یه‌كێتی قافیه‌ش پارێزراوبێ.
قەسیدە یەكێكە لە فۆرمەكانی شیعری كلاسیك، لە پێشدا لەنێو عەرەبەكاندا باو بووە، دوای ئەوەی خەڵكی ئێران دێنە سەر ڕێبازی ئیسلام، شاعیرە فارسەكان بە لاسایی كردنەوەی عەرەبان لەو جۆرە شێعرە دەهۆننەوە و شاعیرانی كوردیش هەروا، شیعری كوردی له‌ڕێگای شیعری فارسییه‌وه كێشی عه‌رووزی وه‌رگرتووه، خۆی قەسیدە واتە شێعری مەبەستدار، شێعرێك تایبەت بۆ مەبەستێك نووسرابێت، دوكتۆر سیرووس شەمیسا لە كتێبی جۆرەكانی ئەدەبدا دەڵێ: قەسیدە یەكەم جۆرێكی شیعرە، لە ئەدەبیاتی فارسی دوای هاتنی ئیسلام بە لاسایی كردنەوە لە شیعری عەرەب هاتووەتەدی.
دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی به‌رگی دووه‌م ده‌ڵێت: ئه‌م هونه‌ره شیعریه‌ی قه‌سیده له‌ئه‌نجامی تێكه‌ڵ بوونی مه‌ده‌نیه‌تی نه‌ته‌وه موسڵمانه‌كان (به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب و فارس و تورك و كورد) په‌یدابووه، له‌ناو كورددا له‌سه‌رده‌ستی مه‌لای جزیری له باكووری كوردستاندا گه‌یشته پله‌یه‌كی به‌رز، كه‌له‌ڕووی هونه‌ریه‌وه له‌شاعیرانی فارسی هاوچه‌رخی خۆی كه‌متر نیه.
قەسیدە خۆی لە ڕاستیدا شیعرێكە بۆ پەسنبێژی و پێداهەڵگوتن ده‌وترێ. قەسیدە فارسییەكان پەسنی دەسەڵاتدار و ئەمیرەكانی سەردەمی ژیانی شاعیرانه، شاعیر لە پێناوی ئەو قەسیدانەدا شاباشی وەرگرتووە، قەسیدە لە چەند بەشێك پێك دێ. بەشی یەكەمی قەسیدە پێداهەڵگوتنە بە هەڕەتی لاوێتی و تایبەتمەندییەكانی ئەو قۆناغەی تەمەن و بە عەرەبی پێی دەڵێن: “تەشبیب”. بەو پێیە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو قۆناغە، ژیانی دڵداری و خۆشەویستییە، بۆیە ئەم بەشەی قەسیدە هەر باسی عەشق و دڵدارییە، لە بەشی دووەمیدا كە پێی دەگوترێ “تەخەلوس” شاعیر ئەو باسە دڵدارییە بە بەیتە شیعرێك وا لێ دەكا بەبێ ئەوەی هەست بە دابڕان و پچڕانێك بكرێت بای دەداتەوە سەر پەسن و پێداهەڵگوتن بەمیر یان پادشادا. بەشی سێهەمی هەمووی پێداهەڵگوتنە و بەشی كۆتایی یان چوارەمیشی هەر دوعاكردن و هیوای تەمەندرێژییە بۆ ئەو كەسەی پێیدا هەڵدەڵێ.
بەیتە كوردییەكان لەو ڕووەوە زۆر لە قەسیدە نزیكن، بەیتبێژ لە پێشدا كوڵ و كۆی دەروونی خۆی هەڵدەڕێژێ و بەخۆی هەڵدەڵێ و دوای ئەوە دێتە سەر باسە سەرەكییەكەی، كە پێداهەڵگوتنە بە قارەمانی بەیتەكە و لە هەندێ شوێندا بەیتبێژ یان گێڕەرەوە یان قارەمانی بەیتەكە لەناخی خۆیدا و لەگەڵ خۆی دەدوێ. لێكچوونی بەیت و قەسیدە، نەك لەم لایەنە نێوەرۆكییەدا، بەڵكو لە لایەنێكی فۆرمی و پێكهاتەیی دا زەق دەبێتەوە، بەیتە درێژەكان لە سەرەتاوە هەتا كۆتایی چەندین بەشی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن، كە مەنتیقی فۆرمیی و ناوەرۆكیی ئەم بەشە جۆراوجۆرانە تاڕادەیەك پێكەوە جوداوازییان هەیە. بەیت لە هەندێك بەشیدا بە وەسفی ناسك و ئەویندارانە شێوازێكی لیریك و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ، لەم بەشانەدا زۆرتر پیاهه‌ڵدان و نزایەكی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەكی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگدا بەدی دەكرێن.
لە باری نێوەرۆكیشەوە لێكچوونێكی زۆر لە نێوان بەیت و قەسیدەی فارسی‌دا هەیە، دوكتۆر سیرووس شەمیسا لە كتێبی جۆرەكانی ئەدەبدا دەنووسێ: قەسیدە، فۆرم و قاڵبی واتا و ناوەرۆكی پاڵەوانێتی و حەماسییە و باسی پاڵەوانێك دەكا كە دەچێتە سەفەری پڕ مەترسی و هات و نەهات و بە تەنیا لەشكرێكی گەورە قەڵتوبڕ دەكات، شەڕەكانی ئەو پاڵەوانە لایەنی نەتەوەیی یان ئایینیان هەیە و پەلامار دەباتە سەر كافران یان دوژمنانی وڵاتەكەی.
سه‌بات حه‌مید له كتێبی ڕۆڵی ئافره‌ت له به‌یته فۆلكلۆریه‌كاندا، ده‌ڵێ: به‌یت گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده و هه‌ندێك جاران كاره‌سات یان پاڵه‌وانێتی كه‌سێك پیشان ده‌ده‌ن، به‌یتی لاس و خه‌زاڵ هه‌م پاڵه‌وانێتی و هه‌م دڵداری و بهكارهساتیش كۆتایی دێت، لاس پاڵه‌وانێكی بێ وێنه و عاشقی خه‌زاڵی سه‌رۆك عه‌شیره‌تی مه‌لا نه‌بییان ده‌بێت و دواجاریش به‌تیری دوژمنان تێداده‌چێت. لە بەیتی سوارۆشدا، سوارۆ دەچێتە سەفەری كاولە لەحسایە و نازدار حەیرانەكەی پێی دەڵێ: یاخوا خەبەری مەرگی تۆم بۆ بێ، بەڵام نەبیستمەوە تۆ سەری كەحێلەكەی خۆتت لە بەر هەزار و پێنسەد سواران وەرگێڕاوە و بە تێکشكاوی و بەزیوی گەڕاویتەوە و منت لە نێو ناسك و نازداراندا شەرمەزار كردبێ.
بەم پێیە بەیت و قەسیدە لە هەر دوو بواری فۆرم و نێوەرۆكدا لێكچووییان پێكەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەكانیشیان زۆر لەوە زیاترن كە لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە چەند خاڵێكی جیاوازییەكانیان دەكەین.
جیاوازییەكانی نێوان بەیت و قەسیدە
دەكرێ بنەما و گرنگترین جیاوازیی نێوان بەیتە فۆلكلۆرییەكان و قەسیدە لە كێش و سەروایاندا دەسنیشان بكەین، قەسیدە لەسەرەتاوە هەتا كۆتایی لە سەر یەك كێشی دیاریكراو دەڕوات، زۆر جار وشه و ڕسته‌ی عه‌ره‌بی تێكه‌ڵاوه، كه‌چی به‌یته فۆلكۆریهكان به‌زمانێكی جوان و ڕه‌وان وتراوه و وشه‌گه‌لی ڕه‌سه‌ن و شیرینی كوردیان به‌كارهێناوه، میسرەعەكانی قەسیدە له‌سه‌ر كێشی عه‌رووزیه و لە دەستپێكەوە هەتا كۆتایی لەسەر یەك كێش دەڕۆن، بەڵام به‌یت به‌زۆری گێڕانه‌وه‌ی تێدایه و كێشی بەیتەكان كێشی خۆماڵییە، كێشی بڕگەییە و میسرەعەكانی كورت و درێژن. بۆ وێنە:
“ئەوە كیژ دەرێ سوار ئەگە دەچیە وان سەفەرێ
ئەوەت وەسیەت بێ لە سەر دەستی من
پەڕەوە لە چۆمی عوودێ لە دەریای عومانێ
ئەسپێكەخۆت باژوێ لە كەناری دەسواران
بریا سوار ئەمن خەبەری تۆم بۆ هاتبا كوژرابایەی
ئەوە درابایە بەر وەودای شیر و خەنجەر و قەناران
نەوەك ئەتۆ هەڵاتبای و سەرێ كەحێلێ خۆت وەرگێڕابا
لە بەر هەزار و پێنج سەد سواران چونكە ئەمنت خەجاڵەت دەكرد
لە كن شەدەشل و شل‌ومل و چاوبەكل و ناسك و نازداران”
وەك دەبینین هەر دێڕەی بڕگەكانی لە چاو بڕگەی دێڕەكەی دیكە كورتتر یان درێژترە، ئەگەر قەسیدە پشت بە كێشی عەرووزی دەبەستێت، ئەوا بەیتە فۆلكلۆرییەكان پشت بە كێشی خۆماڵی و لە ڕاستیدا مۆسیقای ناوەوە دەبەستن و لەوەیاندا لەگەڵ شێعری نوێ‌دا لێك دەچن.
لە بارەی بەندەكان (میسرەعەكان)ی بەیت چەند دێڕی هاوسەروان و بە گشتی دوو جۆرن. جۆری یەكەم ئەو بەندانەن كە دێڕەكانیان كورتن و هەر دێڕەی لە دە بڕگە تێناپەڕێنێ. جۆری دووهەم ئەو بەندانەن، دێڕەكانیان درێژن و لەوانەیە دێڕێك، هەتا بیست و دوو بڕگەش درێژ بێتەوە.