شـــــــــوان خورشید: کەرکوک لە سەر نەوت مەلە دەکات و لە زبڵ دا دەخنکێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک ئەو شارە دەوڵەمەندەی کە لە سەر دەریایەک نەوت لەنگەری گرتوە، لە ئێستادا بوەتە حاویەیەکی گەورە لە زبڵ و خاشاک و پۆخڵەوات، کەس لە خەمی ئەوەدا نیە ئاوڕێکی لێ بداتەوە، سەرەڕای دەوڵەمەندی شارەکە کە یەدەکی نەوتی بە جۆرێکە ئەبوایە دانیشتوانەکەی لە باشترین ڕەفاهیەتدا ژیانیان بگوزەرانیایە کەچی زبڵ و خاشاک تەنگی بە دانیشتوانەکەی هەڵچنیوەو،شارەکە بوەتە جێگای مەترسی بۆ ژیان و سەرچاوەی نەخۆشی،لەبەر ئەوەی شارەکە لە لایەن دەسەلاتدارانەوە پشت گوێ خراوەو، ئەوەندەی گەندەڵی و دزی لێ دەکرێت، خزمەتی ناکرێت،کە دەبوایە ناوازەترین شار بوایە لە ناوچەکەداو خەڵکەکەی بە شیاوترین ژیان پێناسە بکرانایە. بەڵام ئەوە نەکراوەو گەورەترین غەدری دەرهەق کراوە.
سەیرە شارێک لە سەر زەریای نەوت لەنگەری گرتوە،کەچی زۆرترین ڕێژەی هەژاری و بێکاری پەی بە دانیشتوانەکەی بردوە. شارەکە لە لادێیەکی دواکەوتوی دوور لە شارستانی دەچێت و نوقمی زبڵ بوەو بوەتە حاویەیەکی گەورەی خاشاک. دیسان سەیرە شارێکی دەوڵەمەندی وەک کەرکوک کە چاوی دونیای لەسەرە، مانگانە پارەی پاککردنەوەی شار لە خەڵکی دەسێندرێت لە ڕێی موەلیدە ئەهلێەکانەوە، کەچی دزی لەو پارەیەش دەکرێت و پاشەڕۆکەی نوقمی ژیانی خەڵکەکەی دەکرێت. لێرەدا دەکرێت لە ئیدارەی شار بپرسین کە تا کەی ئەبێت تەنها لە خەمی گیرفانی خۆتان دا بن و کەرکوک بەو دەردە بەرن و نوقمی زبڵ و نەخۆشی و هەژاری بکەن، لەبەر ئەوەی شاری کەرکوک ئەگەر بودجەی ناوەندیشی بۆ تەرخان نەکرێت و تەنها بە شێوەیەکی شەفاف ئەگەر پارەی پەترۆدۆلاری بۆ سەرف بکرێت، دەبێتە نمونەی شارێکی مۆدرێن و نمونەیی لە جیهان داو، خەڵکەکەی دەچنە ڕێزبەندی خەڵکانی پێشکەوتوی دونیاوە. بەڵام لە سایەی دەسەڵاتدارانی عێراق و ئیدارەی شارەکەوە، وا دەبینین کەرکوکی دەوڵەمەندترین شاری ناوچەکە بوتە حاویەی زبڵ و سەرچاوەی نەخۆشی و مەلبەندی هەژاران. دەروازەی شار بۆ هەمیشە پێناسەیەکە بۆ شارستانیەت، بەڵام ئەگەر لە دەروازەی ڕێگا سەرەکیەکانی چونە ناو کەرکوک بڕوانین، چی دەبینین جگە لە زبڵ و خاشاک و هەورێک لە تەپوتۆزو گازی ژەهراوی.گەر لە دووری چەند کیلۆمەترێ دوور لە کەرکوک بڕوانیت، لە جێی شار، وەک ئەوە وایە ناوچەیەکی پیشەسازی پڕ لە کارگە ببینی، دوکەڵ و بۆنی پیسی خاشاک بەری ئاسمانەکەشی تەنیوە. دەروازەکانی لە جێی باخچەو سەوزای و دارو چیمەن زبڵ دایپۆشیوە، نایلۆن و پاشەڕۆ خەریکە دەیخنکێنێت.
ئەی حکومەتی هەرێم چی، لە کاتێکدا لە شیعارە بەسەرچوەکانی هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا،کەرکوک دڵ و قودسی کوردستانە، بەڵام کام دڵ و کام قودس، دڵ و قودسێکی تەنها بۆ هەڵلوشینی سامان و نەوتەکەی، یان بۆ دابەشکردنی زەویەکەی و بە ئاپارتمانکردنی موڵکی گشتی، بۆ زیاتر پڕکردنی گیرفانی بەرپرسانی شارەکە بۆیە خەمی گەورەی کەرکوک دەکەوێتە ئەستۆی کەرکوکیەکان، دەکەوێتە سەر شانی سەرجەم پێکهاتەکان، دەبێ خەڵکی کەرکوک لە خەمی خۆیان و شارو ئایندەی ژیانیان دا بن، دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە لە بەروبومی نەوت و سامانی شارەکەیان تەنها دوکەڵ و ژەهری نەوت هەڵدەمژن نەک ئەوەی هەیە، ڕاستە کەرکوک نوقمی دەریایەک لە نەوتە، بەڵام نەوتەکەی لەوەتەی هەیە لە جیاتی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەکەی تەنها سەرچاوەی سەرێشەو نەخۆشی و هەڵمژینی گازی ژەهراوی بوە، بۆیە ناکرێت پێکهاتەکانی کەرکوک خۆیان لەو ڕاستیە گێل بکەن و لەوە زیاتر ڕێگا بۆماڤیاکانی نەوت خۆش بکەن تا یاری بە چارەنوسیان بکرێت، دیارە بەدیهێنانی هەموو ئەو ئاواتانە بەوە دەکرێت، پێکهاتەکانی کەرکوک جیاوازی نەتەوەی و ئاینی بەلاوە بنێن،وەک کەرکوکی دەربکەون نەک کورد یان عەرەب و تورکمان و مەسیحی،گەر ئەو نەرێتە کۆنە بەلاوە بنێن خۆیان دەبنە خاوەنی شارەکەیان و خاوەنی ژیانێکی شایستەی مرۆڤایەتی گەر نا تا پێکهاتەکان دەنوک لە یەک بگرن حاڵیان لە ئێستا خۆشتر نابێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت