دانا مەنمی: خۆپیشاندان لە ناو کەشێکی ئەمنی توندو قەدەغەکردنی موبایل و کامێرادا.
بێ باکی پارتی و یەکێتی لە ئاست خراپ بوونی گوزەرانی ھاوڵاتیان و گوێنەگرتن بۆ کێشەکانیان و ھەست نەکردن بەنەھامەتیەکانی خەڵک و بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەبرین و ئازادی ڕەخنەو ئازادی میدیاو ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان وایکردوە کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەی ناڕەزایەتی چین و توێژە جیاجیاکان لە کوردستان زیاد بکات، پارتی و یەکێتی هیچ بڕوایەکیان بە بنەماکانی دیموکراسی و هونەری بەڕیوەبردنی عەقڵانی و خەباتی مەدەنی نییەو نایانەوێت بۆ ساتێکیش گوێ لەخەڵک بگرن، لەکاتێکدا پێویستە پارتی و یەکێت دەسەڵاتی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵك وەك دەروازەی گوێگرتنێكی راستەقینە سەیر بكەن و بیکانە سەكۆیەك بۆ دروستبوونی گفتوگۆو رێگەچارەی گونجاو بۆ گرفتەكان بدۆزێتەوە.
لەپاڵ ھەموو کێشەکانی تری خەڵک تا دێت رێژەی تاوان لە دیاردەی خۆکوشتن و تەقەکردن و تۆڵەسەندنەوە لە بەرزبونەوەدایە، ئەمەش نیشانەی سەروەر نەبوونی یاسایە و، پارتی و یەکێتی بەرپرسیاری سەرەکین لە پێشیلکردنی سەروەری یاسا و لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەری لە کوردستان. پارتی و یەکێتی لە کایەی سیاسی و هونەری بەڕێوەبردندا هەرچی بە دەستیاندا بێت و هەرچیش بە دەمیاندا بێت لە گەندەڵی و پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ ئەیکەن. باوەڕم وایە گۆڕانکاری سهر ناگرێ ئهگهر لهههولێرهوه خۆپیشاندان گلپهنهسهنێ، ئەوەش وەزعی هەولێرە کە دەیبینین پارتی خەڵکەکەی لە قاڵب داوە و نیو ملیۆن بندیوارو کۆیلەی بەرهەم هێناوەو دەیانخزێنێتە ناو خەڵک و خۆپیشاندەران هەم ئاراستەی خۆپیشاندانەکان دەگۆڕن هەمیش جاسوسی بەسەر چالاکوانان و رۆژنامەنوسانەوە دەکەن بۆ دەزگا ئەمنیەکان، ئەزموونی بەحیزبیكردنی خۆپیشاندانەكان یەکێکە لە داهێنانەکانی پارتی و ئەزمونێکی تاڵە.
پێکهاتەی سیستەمی سیاسی لە کوردستان هىچ بنەمایەکی فیکری و هیچ فەلسەفەیەکی بەرێوبەردنی تێدا نییە، بەڵکو تەنهاو تەنها بە هۆی هێزی پارە و هێزی چەکدارو میدیای چەواشەکارو پشتگیری وڵاتانی تورکیاو ئێرانەوە خۆی گرتووە، بۆیە پێکهاتەی ئەم سیستەمە بە خۆپیشاندانی پچڕ پچڕی شارو شارۆچکەکان چاک نابێت، پاشان پارتی و یەکێتی لە پێناو مانەوەی خۆیاندا سەرباری سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان هەموو هێزێکی تازەشیان قووت داوەو کردویانەتە برابەش و ئەوانەیشی دەستەمۆ نەبوون بێدەنگ و پەراوێزخراون، لەم دۆخە چەقبەستووەدا گۆڕانکاری پێویستی بە دروستکردن و یەکگرتووی بەرەیەکی فراوانە کە هەموو ئەو کەس و لایەن و چین و توێژە جیاوازانەی کە خواست و ویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی و راستەقینەیان هەیە ناکۆکیە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کەسیەکانیان وەڵاوە بنێن و لە پێناو خەمێکی گشتیدا یەکبگرن، ڕاستە ئەم هەنگاوانە لە ڕووی واقیعیەوە قورسن، بەڵام کاری پێکەوەیی و پشودرێژی زۆری دەوێت.
بەر لەوەی درەنگ بێت پێویستیمان بە بیرکردنەوەی قوڵ و دورتر ڕوانینە، نابێت دەرفەتی زیاتر بدرێتە پارتی و یەکێتی خەڵک سەرکوت بکەن و تاکڕەویی خۆیان بچەسپێنن کە رۆژ دوای رۆژ ئازادییەکان بەرتەسکتر دەبنەوە، ئەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو پارتی و یەکێتی زۆر ترسا بوون و هەر زوو رێوشوێنی نائاسایی و نایاساییان بۆ دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و پەیامنیرو کامێرامانی کەناڵەکان گرتەبەر، سەرەڕای كەشێكی ئەمنی توند و قەدەغەکردنی دەرهێنانی موبایل و کامێراو مایک بۆ ئەوەبوو کە ڕێگری لە گواستنەوەی دیمەنی خۆپیشاندانەكان بكرێت، بەڵام لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و پارتی و یەکێتیش توشی ترسێکی گەورە بوون و خەوی لێ تاڵ کردن، هیچ زەمەنێک پارتی و یەکێتی هێندەی ئەم دوو ڕۆژەی خۆپیشاندانەکان توشی هەناسە تەنگی نەبوون، ترسی پارتی و یەکێتی لە خۆپیشاندان ترسە لە گێرانەوەی ماڵی دزراوی میللەت و ترسە لە ئازادی و لە دادپەروەری، خۆ ئەگەر خۆپیشاندان سەرکوت نەکرێت پێش هەموو لایەك ئەو لایەنانە سوودمەند دەبن كە زەندەقیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چووە!