شەماڵ بارەوانی: گلەیی کوردبوون لە تاڵیبانەکانی کوردستان مەکەن.!
هیچ پێویست ناکات گلەیی کورد بوون لە بابایەکی ئیسلامی سیاسی و تاڵیبانەکانی کوردستان بکەیت و بڵێیت چۆن بوێری وا دەکەیت کفر و بێ ڕێزی بە پیرۆزی خاکی کوردستان بکەیت و بڵێیت:خاکی عەرەب و سعودیە لە کوردستان پیرۆزترە؟!
ئەوانە مەعدەنیان دیارە کەچین و لە کوێ ئاو دەکرێت بە ئاشی ئیدەلۆجیاکەیان. ئەوان لەمێژە و بە ئاشکرا جاشی عرووبەن و خزمەتی ئەجێندای نەیارانی کورد دەکەن و شەڕی بە وەکالەت بۆ پڕۆژەی تەعریب و هزری فێندەمێنتالیستی دەکەن.
ئەوان بۆ خەمی خاك و دەوڵەتی کوردی و لە پێناو کوردستانی گەورە و بۆ کوردایەتی درووست نەبوون هەرگیز. لەمێژە هەستی نەتەوایەتی به بیدعە و بیری ناسیۆنالیستی بە دەستی ئیمپڕیالیزم و دەسیسەی جولەکە و پیلانی غەربی کافر دادەنێن بۆ پارچەپارچەکردنی خاکی ئیسلام و پەرتکردنی یەکڕیزی برایانی عەرەب و ئەفغانی و شیشانی و خەلیجی و تورکی و پاکستانی موسڵمان.
کاکە گیان لە عەقیدە و بیر و باوەڕی ئیسلامی سیاسیدا شتێک نییە بە ناوی کوردایەتی و هەستی نەتەوایەتی و ئەوان باوەڕیان بە چەمکی(ئوممەی ئیسلامی هەیە). بۆیە هەرگیز چاوەڕێ مەکە ئەمیر و ئەمیندار و ڕابەرەکانی ئیسلامی سیاسی و دەروێشەکانیان بێن و ببن بە پاڵەوانی هەستی ناسیۆنالیستی، ببن بە خانی و جەلادەت بەدرخان و قازی و، واعیز و مەڵا و دکتۆر عەبدولواحیدەکانیان ببن بە نەتەوەپەروەری تەمام عەیار و، چیتر دەستبەرداری سوکایەتیکردن و بێ ڕێزیکردن بن بە کوردایەتی و خاك و چەمکی پێکەوە ژیان و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن و زەردەشتیەکان و ئێزدی و مەسیحی و جو و بێ دین و هەموو جیاوازیەکان.
هەرگیز، لەخەیاڵیش چاوەڕێی وەها شتێک مەکە.
ئەزیزم من لەوتاریتریشدا گووتوومە و لێرەش دەیڵێمەوە: ئەوان بۆ کوردایەتی درووست نەبوون، بەڵکوو بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و ڕۆنانی دەوڵەتێکی سیوکراتی و جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و بە ئایینکردنی تەواوی سێکتەرەکانی ژیان درووست کراون.
گەر ئێستا لە ژێر دیفاکتۆ و ئەمری واقیعدا، جار و بار، لێرە و لەوێ باس لە کورد بوون و دەوڵەتی کوردی دەکەن، دڵنیابە ئەوە هەمووی تاکتیک و فێڵ و ناچارییە. بە ڕووکەش دەوڵەتی کوردیشیان بوێت و سەتجار پشگیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمیش بکەن، درۆی دەکەن و دەوڵەتێکیان دەوێ موتوربەی دۆگمەکانی سەید قوب و بیری ئیخوانچیەتی و ئیدەلۆجیای حەسەن بەنا بێت و حوکمی مەزهەبی و فیقهی ئیسلامی و ئەجێندای ئیسلامی سیاسی تێدا باڵادەست و یاسا و سەروەربێت بێت.
خۆ بینیمان کاتێک کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەساڵی٢٠١٣ پرۆژە دەستوورێکی شارستانی و مەدەنیان نووسی و دانیان بە یەکسانی جێندەری و ژنبوون دانا، وەکو مرۆڤ و یەکسان بە پیاو، نەک هاوشێوەی ئیسلامی سیاسی وەکو بوکەڵەی ئارەزوو و ئامێری جنس و کەنیزە و چوار ژن بە پیاوێک و نیوە میرات و بەکەم ئەقڵ و نامرۆڤانە و لە ڕوانگەیەکی زۆر نزم و نێرسالارانە سەیری ژن بکەن! ، چۆن لێرە یەکگرتووی ئیسلامی و عەلی قەرەداغی ئیخوانی قەتەری زیڕەیان کرد و هاواری ئیدەلۆژیایانە و مەزهەبیانە و پاتریارکیانە و فێندەمێنتالیستانەیان لێ بەرزبووەیە و بەیاننامەیان لە دژ دەرکردن و پڕۆتێستۆ و سەرۆکەنەیان کردن و ئەو پرۆژە دەستورەیان بە دژایەتی کردنی خودا و ئایین یەکسان و پێناسەکرد!.
ئەزیزم ئەوەیە حەقیقەتەکە،
ئەوان بیر و هۆشیان لای تاڵیبان و چاویان پڕ فرمێسکە بۆ جەوهەر دۆدایڤی تیرۆرستی شیشانی و دڵیان بۆ حەماسی تیرۆرست و حەرەکەی جیهادی فەڵەستین و ئیخوانی میسر لێدەات و ئاواتیان ئازادبوون فەڵەستینی ئومەی عەرەبیە و سەریان لە کۆشی ئیخوان و گیرفان و قنیان لە باوەشی کۆماری سێدارە و ئاخوندەکانی ئێرانە.
من بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەناو حزبێکی ئیسلامی بووم و ئەندامیان بووم و وانەی ئوسرە و دەرسی تەنزیمی حزبم لایان خوێند و بە دۆگم و ئیدەلۆجیای ئیسلامی سیاسی تەڵقینیاندام،
ڕۆژێک باسی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسمی و سمکۆی شکاک و کوردایەتی و دەوڵەتی کوردیان بۆ نەکردم، لە بەرامبەردا مێشکیان کاسکردم بە ناوی حەسەن بەناو سەید قوتب و سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی و ئەبو ئەعلای مەودودی و فلانی ئەفغانی و فیساری پاکستانی و کێی میسری و ئەویتری سودانی و کاتێک باسی کەمال ئەتاتورك و تۆرانیەکانیان بۆ دەکردین، بەیەک وشە و یەک دێڕ باسی ئەو هەموو ستەم و زوڵم و فریوەی دەرهەق بە کورد و قەدەغەکردنی زمانی کورد و کپکردنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران(١٩٢٥) و ئاگری داغ(کۆماری ئارارات) (١٩٢٧-١٩٣٢) و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی یەکەمی کۆچگیری(١٩٢٠-١٩٢١) و ڕاپەڕینی دووەمی کۆچگیری(دێرسم) (١٩٣٦-١٩٣٨) و جوڵانەوەی پلومەر (١٩٣٠)و جوڵانەوەی کۆچ ئوشاغی(١٩٢٦) و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی دێرسمیان نەدەکرد، بەڵکو تەنها باسی ئەوەیان بۆ دەکردین کە ئەتاتورک کەسێکی بێ دین بوو و خەلافەتی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە و لیباس و جبە و عەمامەی عەرەبی مەڵاکان و بانگی بە زمانی عەرەبی قەدەغەکرد و دژایەتیەکی زۆری ئاینی کرد و هەر لەو سۆنگەیەشەوە، ڕقیان لە ئەتاتورک دەبوویەوە، نەک لەبەر ئەوەی دژایەتی کورد و کوردستانی کرد و کەمالیەکان چۆن لە ڕێگای تیرۆری دەوڵەتەوە کوردستان و کوردیان خەڵتانی خوێن کرد.
بۆیە دڵنیابه، کامەیان لە هەمووی زیاتر خۆی لا مەدەنیترە(وەک ئەوەی هەندێکیان وا خۆیان ناوزەددەکەن) لە هەمووی داعشترە، بەڵام کاتێک حوکم بکەوێتە دەستیان و دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەواندابێت و هێز و دەرفەتیان هەبێت.
بەڵێ تەنها دوو ڕۆژ بەسیەتی بۆ بە داعشکردنی کۆمەڵ و سەپاندنی شەریعەت و جێ بەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت، کە ئیسلامی سیاسی حوکم بکەوێتە دەستیان.