ئومێد عوسمان: ئەمازیغ و ناسنامە – مێژوو، نەژاد، زمان، ئایین/ بەشی یەکەم.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
دەستپێک
ئەمازیغ یاخود ئیمازیغن کۆی واژەی (مازیغ)ە،واتای مرۆڤی ئازادو مێرخاس، لەهەندێک سەرچاوەشدا ئەمازیغەکان بە( بەربەر) ناودەهێنرێن، بەڵام خودی ئەمازیغەکان لەنووسین و توێژینەوە مێژووییەکانیاندا زیاتر ئەمازیغ بەکاردەهێنن.
مێژوونووس شارل ئەندری جولیان دەڵێت: وشەی بەربەر لەلایەن رۆمانەکانەوە بەو کەسانە وتراوە کە بە شارستانیەتی ئەوان نامۆ و بیانی بوون و بە رەمەک و هەمەج (Barbari) ناوبراون و دیسان عەرەبیش ئەو وشەیەی بەکار هێناوەتەوە.
دکتۆر خزعەل ئەلماجدی – توێژەری عێراقی لەسەر وشەی بەربەر بۆچوونێکی هەیەو دەڵێت: وشەی بەربەر واتای پەرستنی خۆر دەگەیەنێت و ئەوەش بۆشارستانیەتی بارباری ناوچەی کەنداو دەگەڕێتەوە، کە لەسەردەستی یەکێک لە گەلەدێرینەکانی نیشتەجێی خۆرئاواو باشووری رووباری فورات دامەزرێنراوە کەناویان (ر اب) بووە و خۆرپەرست بوون.
باربەرەکان بەرەو میسرو باکووری ئەفریقیا کۆچیان کردوەو دواتر لەگەڵ خەڵکی رەسەنی ناوچەکە(ئەمازیغ) تێکەڵاوبوون و بەوەش وشەی بەربەر واتای پەرستنی خۆردەگەیەنێت کە سەرجەم خەڵکی باکووری ئەفریقیا بەمیسریشەوە خۆریان بەناوی جۆراوجۆر پەرستووە.
مێژوو نووسی یۆنانی هیکاتایۆسHekataios لەسەدەی شەشەمی بەر لەزایین ئاماژەی بەئیمازیغن کردوەو بە “مازییش Mazyes” ناویهێناون،دیسان لەسەدەی پێنجەمی بەر لەزایین لەلایەن هیرۆدۆتس Herodots بە ماکسییس ناویان هێنراوەو هەرچی مێژوونووسانی لاتینیشە بەمازاکس یان مازیکس ناوهێنراون کە مەبەست لەگەلی نۆمیدییە.
یەکەمین هۆزی ئەمازیغیش کە لەحاڵەتی شەڕدابوون لەگەڵ میسرییە دێرینەکان بە “لیبۆ” ناوبراون کە لەلیبیای ئێستادا نیشتەجێبوون.
لیبۆ (Lebou) یاخود لیبییەکان لە نێو سەرچاوە گریکی و دێرینەکاندا وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەمازیغە دێرینەکان ،کە بۆ چەندان هۆز دابەشبوون وەک ئەوەی لەدەقە فیرعەونیەکاندا هێمایان پێکراوە.
هەروەها لەنێو نووسینە هیرۆگلفییەکاندا ناوی کەسایەتییە لیبییەکان و زانیاری ورد لەبارەیانەوە هاتووە، ئەمەجگە لەشکڵ و سیماو کەلوپەلو جلوبەرگ و چەکەکانیان.
نیگاری سەرۆک هۆزەکانی ئەمازیغ کە 1300پ. ز لەلایەن نیگارکێشێکی میسرییەوە کێشراوەو لەنێو مەزاری فیرعەون ستی یەکەم(بنەماڵەی 19)یەمدا دۆزراوەتەوە
گەلی ئەمازیغ بەگەلێکی دێرین و رەسەنی باکووری ئەفریقیا دادەنرێن بەڵام خاکیان داگیر کراوەو نیشتمانیان تەعریب کراوە،وەک ژنەچالاکوانی ئەمازیغی مەها ئەلجوینی کە خەڵکی وڵاتی تونسە دەڵێت: ئەمازیغەکان بێ بەشکراون لەوەی ناوی منداڵەکانیان بەناوی ئەمازیغییەوە بنێن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەخشندەترین ناو لەلای خودا بریتییە لەناوی عەرەبی.
دیسان هەر ناونانێکی پێچەوانەی ناسنامەی دەوڵەتە عەرەبییە ئیسلامییەکان بەتاوان هەژمار دەکرێت و خاوەنەکەی رووبەڕوی دادگاو سەرئێشە دەبێتەوە.
د.فەتحی نخلێفە(سەرۆکی پێشووی کۆنگرێسی نێودەوڵەتی ئەمازیغ) دەڵێت: کۆنگرێسەکەیان هیچ جۆرە خواستێکی جوداخوازیی نییە، بەڵکو لەچوارچێوەی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانیی داکۆککیکردن لەمافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاشتیانە خەباتی بۆ دەکات، بۆ ئەوەی هاوڵاتیبوونێکی تەواو بۆ مرۆڤی ئەمازیغی دەستەبەر بکرێت کە وەک نامۆو پەراوێزخراو لەسەر خاکی خۆی دەژی.
لەئێستادا گەلی ئەمازیغ خاوەنی هیچ پارتێکی سیاسی نەتەوەیی نین لەو وڵاتانەی کەتیایدا دەژین،هەرچەندە لەساڵی 2005پارتی دیموکراسیی ئەمازیغی لەمەراکش بەسەرۆکایەتی ئەحمەد ئەدغرنی دامەزرێنرا بەڵام لەمانگی نیسانی 2008 لەلایەن دادگای ئیداری لەریبات بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو پارتە راگەیەنرا، ئەویش بەپاساوی ئەوەی کە بەپێی ماددەی 4ی یاسای دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان،رێگە بەدامەزراندنی هیچ پارتێک نادرێت لەسەر بنەمای ئایینی و زمان و نەژاد لەوڵاتدا.
لەوڵاتاتی جەزائیریش چەند لایەنێکی سیاسی کە خۆیان لە( گرتبوونەوە لەپێناو رۆشنبیری و دیموکراسی و بەرەی هێزە سۆسیالیستەکان و تەنسیقیی عروش) دەبیننەوەو نوێنەرایەتی ئەمازیغەکان دەکەن،داواکاری سەرەکییان بریتیە لەبەرهێنانی زمانی ئەمازیغ بەشێوەیەکی رەسمی لەتەک زمانی عەرەبی لەو وڵاتەدا.
کۆنگرێسی نێودەوڵەتیی ئەمازیغەکان کە لەئەیلولی ساڵی 1995، وەک رێکخراوێکی ناحکومی دامەزراوەو ژمارەیەک گروپ و دەستەی کەلتووری و کۆمەڵایەتی ئەو گەلەیان لەخۆگرتووە لەنێوەندە جیهانیەکاندا زمانحاڵ و نوێنەری ئەمازیغن.
لەدێباجەی ئەو رێکخراوەدا هاتووە ئامانجی ئەوان خۆی لەبەرگریکردن لەمافە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی ئەمازیغ و هەوڵدان بۆ بەدەستووریکردنی ئەو مافانەدا دەبینێتەوە.
کۆنگرێسی نێودەوڵەتیی ئەمازیغ پێکهاتووە لەکۆنگرەی گشتی کە هەر سێ ساڵ جارێک کۆدەبێتەوە،ئەنجوومەنی فیدراڵی ، کە لە39 ئەندام پێکهاتوەو لەلایەن کۆنگرەی گشتییەوە لەسەرجەم ناوچەکانی ئەمازیغ هەڵدەبژێردرێن، ئەمە جگە لەئۆفیسی جیهانیی کە ئەمیش لە 11ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی فیدراڵی پێکهاتووە.
ئەمازیغش وەک سەرجەم گەلان و نەتەوەکانی تری جیهانش خاوەنی رەمزو سمبول و ئاڵای خۆیەتی .
نەخشەی ئاڵای ئەمازیغ
لەساڵی 1998دا کۆنگرێسی نێودەوڵەتی ئەمازیغەکان ئەم ئاڵایەی خوارەوەی وەک رەمزێکی نەتەوەیی پەسەند کردوە ، کەسێ رەنگی شین و سەوز و زەردو پیتی (ئەزا)ی بەرەنگی سوور لەخۆگرتووە.
دیارە هەر رەنگەش واتای خۆی دەگەیەنێت، شین هێمایە بۆ کەنارو سەوز بۆ چیاو زەرد بۆ بیابان و رەنگی سووری ئەو پیتەش بۆ خوێن و بەرخودانی ئەمازیغەکان. ئەو پیتە کە لەناوەندی ئاڵاکەدایە سیمبولی خواوەندی بەپیتێتی(تانیس)ە،کە لەشێوەی ئافرەتێکدایەو دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرزکردوەتەوە.
ئەم ئاڵایە لەهەفتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن ئەکادیمیستی ئەمازیغی(ئەکوار ئیمازغن)ەوە نەخشە کێشراوەو بۆجاری یەکەمیش پێشکەش کراوە بە کۆمەڵێک رێکخراوی داکۆکیکاری لەمافی گەلی ئەمازیغ.
ئاڵای ئەمازیغ
رەچەڵەکی ئەمازیغ
چەند بۆچوونێک هەن لەسەر رەچەڵەک و نەژادی ئەمازیغ لەوانە هەندێک لەتوێژەران رەچەڵەکی ئەمازیغ بۆ حەمیرییەکانی یەمەن و شام دەگەڕێننەوە،کە لەرێگەی حەبەشەوە روویان لەباکووری ئەفریقیا کردوەو لەخۆرئاوای میسرو لیبیاو تونس و جەزائیرو مەراکش و باکووری سۆدان و مالی و نەیجەرو بۆرکینا فاسۆو دورگەی کەناریا و ئەندەلوس و دورگەی سیسیلی(سەقەلییە) لەئیتالیا نیشتەجێبوون.
توێژەرانی ئەم بۆچوونە زیاتر کەسانی سەر بە ناسیونالیستی عەرەبین و تەئکید لەوەدەکەنەوە ئەمازیغەکان بەرەچەڵەک لەنەوەی یەکەمی سامی کوڕی نوحن کە دورگەی عەرەبی زێدی بەراییان بووە.
هەرچی توێژەری فەڵەستینی دکتۆر عزەدین مەناسرەیە رەنووس و رەچەڵەکی ئەمازیغی بۆ ئەسڵی کەنعانی و فینیقی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت پیتەکانی تیفیناغ لە زمانی کەنعانی فینیقی وەرگیراون و چاوگی بنەڕەتی زمانی ئەمازیغەکانیش ئەلف و بێی کەنعانییە کە سەرجەم زمانەکانی جیهان لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە. کەنعانی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زمانی گریک (یۆنانی) هەیەو لەویشەوە لاتینی و سلاڤی هاتوونەتە ئاراوە. هەندێک لەتوێژەرانی دیکەش رەچەڵەکی ئەمازیغی بۆ حامی کوڕی نوح دەگەڕێننەوە،کە لەناوچەی دورگەی عەرەبییەوە کۆچیان کردوەو لەسودان و باکووری ئەفریقیا نیشتەجێبوون و زمانیشیان سەر بە پۆلی حامییەکانە لەوانە: کۆشیتی،میسری . ئەوانەی پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکەن گەرەکیانە ئەمازیغ لەعەرەب داببڕن. ئەم بۆچوون و وێناکردنە لەئەڵمانیاو لەلایەن س.ماینهۆف لەساڵی 1912هاتوەتە ئاراوە.
دیسان هەندێکی دیکەش لەتوێژەران رەچەڵەکی ئەمازیغ بۆ قبتییەکانی میسر دەگەڕێننەوە کە ئەوانیش لەنەوەی حامی کوڕی نوحن. ئیمام ئەبو عومەربن عەبدولبەر،لەکتێبی ئەلئەنسابدا دەڵێت”بەربەر لە قبتەو قبتیش کوڕی حامی کوڕی نوحە ، کاتێکیش قبت رووی لەمیسر کرد نەوەی خستەوە کە شاکانیان فیرعەونەکان بوون و لەوانیشەوە بەربەرەکان کەوتوونەتەوە”.
بەشێک لەتوێژەران رەچەڵەکی ئەمازیغ بۆ هیندۆ ئەوروپاییەکان دەگەڕێننەوە و پیان وایە لەهیندستانەوە بەرەو وڵاتی فارس لەوێشەوە بەرەو قەفقاس و باکووری ئەوروپاو بەریتانیاو فەرەنساو ئیسپانیا کۆچیان کردوەو بڵاوبوونەتەوە. واتە ئەمازیغەکان لەنەوەی یافتی کوڕی نوحن.
هاوکات هەندێکی دیکە لەتوێژەران پێیان وایە ئەمازیغەکان رەچەڵکیان ئەفریقاییە و خەڵکی رەسەنی باکووری ئەفریقیان . بۆچوونێکی تریش پێیوایە ئەمازیغەکان تێکەڵەیەکن لەرەچەڵەکی سامی و هیندۆ ئەوروپاییەکان. بەوپێیە هیندۆ ئەوروپییەکان لەرێگەی ئاسیاوە گەیشتوونەتە ئەفریقیاو لەوێشەوە روویان لە سیسلی و چیای تاریق وئەوروپا کردووە . بەپێی ئەم بۆچوونە هەردو رەچەڵەکەکە واتە سام و هیندۆئەوروپاییەکان لەمەراکش بەیەک گەیشتوون. بەڵگەی ئەوەش جیاوازی شێوەو تەنانەت شێوەزاریانە، بەجۆرێک ئەمازیغەکانی باکووری خۆرهەڵاتی مەراکش پرچیان زەردو بەئەوروپی دەچن و بەشێکی تریشیان پێستیان گەنم رەنگ یان سپییە.
سالوستینس (Sallustins CRISPUS) مێژوونووسی رۆمانی (35-86 پ.ز) دەڵێت:” دانیشتوانە بەراییەکەی ئەفریقیا بریتی بوون لەگیتول و لیبییەکان، کە خەڵکانێکی دڕندەو رەمەکی بوون و ژیانیان لەسەر گۆشتی ئاژەڵ و رووەکی وشکانییەکان بووە، کاتێکیش هیراکلیس(Herccules)ی فەرماندە لەئیسپانیا مردووە، سوپاکەی کە لەچەندان نەتەوە پێکهاتووە هەر بەزووی لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە بەتایەبتیش کەزۆرێکیان ئارەزووی ئەوەیان هەبووە لەرابەرایەتیکردنی سوپاکەدا جێگەی بگرنەوە.
لەنێو ئەو سوپایەدا مید(Medi) و ئەرمەن(Armenii) و فارسەکان (Persaeim هەبوون،کە بەکەشتی بەرەو ئەفریقیا پەڕیونەتەوەو تێکەڵ بەدانیشتوانەکەی بوون و فارسەکانیش لە ئۆقیانووسەوە نزیکتربوون.
بەجۆرێک مید و ئەرمەنەکان ئاوێزانی لیبییەکان(Libyens) و فارسەکانیش تێکەڵ بە گیتولەکان(Getules) بوون.
تێکەڵاوبوونی مید و ئەرمەنەکان بە لیبییەکان، مۆر(Maures)ەکانیان لێکەوتووەتەوە،کە هەر لەزوەوە شاریان دروستکردوەو لەگەڵ ئیسپانیادا ئاڵوگۆڕی بەرهەمەکانیان کردووە، هەرچی گیتول و فارسەکانیشە کە نوماداس(Nomadas) یان لێکەوتوەتەوە کۆچەری و بوون و بەزوویی هێزو دەسەڵاتیان گەشەی کردوەو زۆرێکی وڵاتانیان داگیرکردوە تا سنوورەکانی قەرتاج”.
بۆچوونێکی تر پێیوایە “پەیوەندییەک لەنێوان ئەمازیغ و نەژادی ڤاندالی جێرمەنیی کۆچەریدا هەیە، کە لەرابردوودا باکووری ئەفریقیایان داگیرکردوە و تیایدا نیشتەجێبوون و بەشێک لەئیمپراتۆریەتی رۆمانیان لەسەدەی پێنجەمی زاینی خستوەتە ژێر رکێفی خۆیانەوەو تیایدا دەوڵەتێکیان بۆخۆیان دامەزراندوە ،کە شاری قەرتاج ناوەندی دەوڵەتەکەیان بووە.
لەساڵی 455زاینی ، ئەو خێڵە کۆچەرییە گەورەیەی بەنەژاد جێرمانی پەلاماری شاری رۆمایان داوەو وێرانیان کردوەو لەو دەمەشەوە Vandale بووتە هاوواتای وشەی بەربەری و رەمەکی لەنێو فەرهەنگە ئەوروپاییەکاندا. ئەم بۆچوونە پشتیوانی لەوە دەکات کە لێکنزیکییەک هەیە لەنێوان زمانی ئەمازیغی و زمانی دێرن و هاوچەرخی جێرمانیدا ، بەتایبەتیش لەزیاد بەکارهێنانی پیتەکانی (ش) و(خ) و شێوازی دەنگی ئەو دوو پیتە لەکۆتایی وشەکان کەلەنێو هەردو زمانەکەدا وەک یەکن، ئەمە جگە لەوەی پیتەکانی زمانی دێرنی جێرمانی هاوشێوەی پیتەکانی تیفیناغە.
دیسان بوونی لێکچوون لەشکڵ و سیمای نێوان بەشێکی ئەمازیغەکان و ئەوروپاییەکان لەنموونەی رەنگی چاوو پرچ.
هەر لەچوارچێوەی ئەو بۆچوونانەی کە نەژادی ئەمازیغی بۆ نەژادی نەتەوەکانی ئەوروپا دەگەڕێننەوە هەریەک لە توێژەری فەرەنسی (L. de Gèzeen ) ساڵی 1885 و بەدواشیدا توێژەری ئەڵمانی ( der Gabelenz ) ساڵی 1894، پشتیوانیان لەو بۆچوونە کردوەو دووەمیان کتێبێکی بەناوی (باسک و بەربەر ) نووسیوەو بڵاوکردوەتەوە.
دواتر لەساڵی 1964 کۆمەڵێک وتار لەلایەن (HANS G. Mukarovsky) لەسەر هەمان پرس نووسراون و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە بەر لەزمانی ئەمازیغی زمانی مۆریتانی هەبوە و پاشماوەو میراتی ئەو زمانە بووەتە زمانی هاوبەشی نێوان باسک و بەربەر،دیسان لیکنزیکیەکی زۆریش هەیە لەنێوان نووسینی دێرینی لیبی و باسکیدا.
سەبارەت بە خەسڵەت و سیفەتی بۆماوەیی (Antonio Arnaiz) –توێژەری ئیسپانی و شارەزا لەزانستی دژە تەن- Immunology پۆلەکرۆمۆسۆمێکی هاوبەشی نێوان بەربەری ناوچەی قەبائیلی جەزائیرو باسکەکانی ئاشکراکردوەو ئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستییەشی لەکۆنگرەیەکدا سەبارەت بە بۆهێڵ(gene)ی مرۆیی لە(9-10-1995) لەبەرشەلۆنە راگەیاند: بەو پێیەش دوای شیکردنەوەی بۆهێڵی جۆری Alleles لەلای دانیشتوانی ئایبیری و ناوچەی قەبائیلی جەزائیردا دەرکەوت پەیوەندییەکی بۆماوەیی و کەلتووریی هەیە لەنێوان باسک و قەبائیلی جەزائیرو ئیسپانەکاندا”.
دیسان بەپێی ئەو پۆلێنکردنەی لەساڵی 1913 لەلایەن هەریەک لەبێرتۆلۆن (Bertholon) و چانتەر(Chanter) بۆ دانیشتوانی خۆرهەڵاتی وڵاتی ئەمازیغ کراوە،خەڵکی ئەو ناوچەیە بەم شێوەیە لەرووی شکڵەوە پۆلێن و دابەشکراون.
گروپی یەکەم: بەژنیان کورتە باڵاو سەر درێژن،لووتیان مامناوەندو پرچیان ڕەشە،پێستیان ژەنگاوی و سوور و مەیلەو ئەسمەرن، کە ئەوەش لەجۆری پۆلی ئەلیز(Elles)ن.
گروپی دووەم: بەژنیان کورت و سەریان هێلکەییە، سەری لوتیان درێژە،قژیان رەش و چاویان تاریک و پێستیشیان ژەنگاوی و زەردباون و ئەوانەش لە پۆلی (جەربە)ن.
گروپی سێیەم: بەژنیان درێژو سەریان درێژە،سەری لوتیان درێژ و خاوەن پرچێکی زەردباون، دووچاوی کەسک و پێستێکی سپی مەیلەو پەمبەییان هەیە و ئەم گروپەش دوو جۆری دیکەی لێکەوتوەتەوە:
ڕ- هەمان سیفەتی گروپی سێیەمیان هەیە بەڵام خاوەن سەرێکی هێلکەیین.
ب-ئەم جۆرەیان لەرەچەڵەکی قولە رەشن و خاوەنی لوتێکی پان و پێستێکی تاریکن. هەروەها خاوەنی سەرێکی درێژ و کورتە باڵان کە پەیوەندییان بەرەگەزی دەیاری ناوەڕاستەوە هەیە،هەرچی گروپی خاوەن سەری هێلکەیشە پەیوەندی بە پۆلی رەگەزی ئاسیای بچووکەوە هەیەو هاوشێوەی (کورد)ن و هەروەها هاوشێوەی خەڵکی (دردونیا)ن لە فەرەنسا، ئەوانەش کە خاوەنی سەرێکی درێژکۆلەن و باڵایەکی درێژیان هەیە، پەیوەندییان بەرەگەزی ئەوروپاییەوە هەیە.
تمازیغت
زمانی ئەمازیغی(تمازیغت) ، یەکێکە لە زمانانە زیندووەکانی ئەفریقیا کە ئەمازیغەکانی مەراکش و جەزائیرو لیبیاو تونس و مۆریتانیاو باکووری هەریەک لە مالی و نەیجەرو بۆرکینا فاسۆ و ئەو پەڕی خۆرئاوای میسر پێیدەئاخافن ، توێژەرو زمانناسی مەراکشی د.محەمەد ئەلمەدلاوی لەوتارێکیدا، کەلەژمارەی یەکەمی گۆڤاری کۆلیژی ئاداب و زانستە مرۆییەکانی وجدە – مەراکش بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: زمانی ئەمازیغی بریتییە لەزمانی ئەفرۆئاسیایی و بەیەکێک لەلقی زمانە سامییەکان دادەنرێت و دەکرێت سەرلەنوێ زمانی سامیی دایک دابڕێژرێتەوە ئەویش لەرێگەی بەرواردکاری لەنێوان زمانی عەرەبی دێرین و زمانی ئەمازیغی. بەڵام بۆچوونێکی تر پێیوایە زمانی ئەمازیغی لەدوور و نزیک پەیوەندی بەزمانی سام و حامی(کوڕانی نوح)ییەوە نییەو بۆخۆی زمانێکی سەربەخۆیە، ئەحمەد بوکوس توێژەرو شارەز لەبواری زمان و کەلتووری ئەمازیغی و راگری پەیمانگەی شاهانەی مەراکش بۆ کەلتووری ئەمازیغی لەگەڵ بۆچوونی دووەمدایە. ئەم توێژەرە دەڵێت: زمانی ئەمازیغی بەدێرینترین زمانی ناوچەکە دێتە هەژمارکردن و سەرچاوەکانی زانستی ئاسەواری میسری دێرینیش مێژووی نووسینی ئەمازیغی بۆ هەزارەی دووەمی بەر لەزایین دەگەڕێننەوە. “بەپێی ئەو داتاو ئامارە دیمۆگرافییە زمانەوانییەی لەبەردەستدایە ئەوانەی لەئێستادا بەزمانی ئەمازیغی دەدوێن لەمەراکش رێژەیان28% ەو لەجەزائیر 27%، لە تونس لە1% و بەگشتیش لەمەراکش لەباکوورییەوە بۆ باشووری سێ ناوچەی جیۆ-شێوەزاری هەن کە بریتین لە: تشلحیت، تمازیغت، تریفیت. دیسان بەپێی ئاماری 2004 وەزارەتی پلاندانان52% ئەمازیغەکان بە شێوەزاری تشلحیت و لە 31.2% بەشێوەزاری تمازیغت و لە 16%بەشێوەزاری تریفیت دەدوێن و هەمووشیان پێکەوە لە30%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن”.
زمانی ئەمازیغی بەسەر 7 شێوەزاردا دابەشبووە، بەڵام سەرجەمیان لە رێسایەکی رێزمانی هاوبەشدا یەکدەگرنەوە و وەک توێژەری فەرەنسی ” André Bassi1890-؟” خاوەنی یەکەم فەرهەنگ لەسەرزمانی ئەمازیغی بەناونیشانی Loqman berbère/Glossaire ” “دەڵێت: ئەگەر کەسێک بەیەکێک لەو شێوەزارانە بدوێت ئەوا فێری شێوە زارەکانی تریش دەبێت. یەکێک لەو بۆچوونانەی لەبارەی ریشەی زمانی ئەمازیغی هەیەو زۆرترین راوبۆچوونی جیاوازی لەسەر هاتوەتە ئاراوە بۆچوونی توێژەرێکی لیبییە بەناوی عەبدولمنعم ئەلمەحجوب،کە بنەچەی زمانی عەرەبی و گەلانی خۆرئاوای ئاسیاوخۆرهەڵات و باکووری ئەفریقیا لەنێویشیاندا ئەمازیغی بە سۆمەرییەکانەوە دەبەستێتەوە .
هەڵبەت وەک چۆن ئەو توێژە لیبییە پەیوەندیی لەنێوان ئەمازیغ و سۆمەرییەکاندا دروست دەکات ئەوا توێژەرانی کوردیش لەچەندان توێژینەوەیاندا باسیان لەپەیوەندی نێوان سۆمەرییەکان و کورد کردوەو بۆ ئەو مەبەستەش چەندان بۆچوون و تێزی جۆراوجۆر خراونەتە روو. لەوانە توێژینەوەیەکی توێژەر هاوڕێ باخەوان کەتیایدا دەڵێت ” سۆمەرییەکان نەتەوەیەکی چیایی بوون،بەڵگەیەکی گرنگی زمانەوانی ئەمە دەسەلمێنێت کەئەویش ئەوەیە ئەم سۆمەرییانە وشەی(کوڕ-(Kur بۆ هەردو واتای چیا – شاخ و نیشتمان بەکاردەهێنن. ئاشکرایە کەبەکارهێنانی ئەم زاراوایە واتە کوڕ بۆچیاو بۆ نیشتمانیش بەڵگەیەکی زمانەوانیی بەهێزە کە لەوەوبەر پێش ئەوەی لەناوچەی دەشتی لیتەییدا نیشتەجێ ببن لەناوچە چیاییەکاندا ژیاون و،کەبەرەو خواریش بوونەتەوە بەناوە نیشتەنییە نوێیەکەیان گوتوە (کوڕ) هەربەیادی چیاکانەوە. هەروەها ئەوەی زێتر چیاێیتی سۆمەرییەکان دەسەلمێنێت وێنەی ئەو درەخت و ئاژەڵە شاخاوییانەیە کە لەسەر مۆرە لوولەییەکان هەڵیان کەندووە، بۆنموونە لەسەر هەندێک لەو مۆرە لوولەییانە درەختی شەروو و سنۆبەر دەبینین و ئاشکرایە کە ئەم جۆرە درەختانە لەناوچە شاخاوییەکاندا نەبێت نییە، کوردستانیش لەبەرئەوەی لەچاچی بلایستۆسیندا زۆربەی ناوچەکانی بەفرو بەستەڵەک بووە باشترین درەخت کە لەو ئاوو هەوایەدا ژیابێت درەختی سەروو و سنەوبەر بووە، نزیکترین ناوچە لە سۆمەرییەکانەوە کە ئەم جۆرە درەختانەی تێدا رووابێت ناوچەی چیاکانی زاگرۆسی کوردستانە.
ئەلف و بێی زمانی ئەمازیغی (تیفیناغ)
ئەلف و بێی نووسینی زمانی ئەمازیغی بە (تیفیناغ -Tifinag) ناو دەبرێت و پاشماوەی ئەو رەنووسەش لەسەر گابەردو گۆڕە دێرینەکان بەشێوەی نەخش و هەڵکۆڵراو ماونەتەوە. هەندێک لەتوێژەران پێیان وایە وشەی تیفیناغ لە فنیق و فینیقیاوە وەرگیراوە، لایەنگرانی ئەم بۆچوونەش دەیانەوێت زمانی ئەمازیغی بۆ شارستانیەتی فینیقی بگەڕێننەوە.
مێژووی نووسینی ئەمازیغی بەرەنووسی تیفیناغ، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی مێژوویی کە دیاریکردنی ئاسان نییە، بەڵام خاتوو “مەلیکە حشید”، مێژوونووس و شوێنەوارناسی جەزائیری کە پشکنینی بۆ کۆمەڵێک نووسینی دێرینی هەڵکۆڵراوی تیفیناغ کردوە، بۆی روونبوەتەوە مێژووی ئەو نووسینانە بۆ 1500ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە و ئەوەش وایکردوە هەندێک لەوبڕوایەدابن تیفیناغ کۆنترین نووسراوی دەنگی (Phonemic )بێت.
پیتەکانی نووسینی ئەمازیغی سەرەتا 16پیتی بێدەنگ بوون و پاشان لەسەردەمی شانشینی مازیلیی نۆمیدی کراونەتە 23پیت و لەمرۆژدا ژمارەی ئەو پیتانە وەک پەیمانگەی شاهانەی مەراکشی بۆ کەلتووری ئەمازیغی IRCAM پەسەندی کردووە،گەیشتوەتە 33 پیت و لەسەر ئاستی جیهانیشدا رێکخراوی نێودەوڵەتی ISO-UNICODE لە25ی حوزەیرانی 2004رەزامەندی پیشاندا. نووسینی ئەمازیغی بەڕەنووسی لیبی(Le Libyque) بووە و بەڵگەی ئەوەش ئەو هەڵکۆڵراوە دێرینانەیە کە لەناوچە بەعەرەبکراوەکانی تونس و باکووری خۆرهەڵاتی جەزائیرو ناوچەکانی خۆرئاواو تەنجە لەمەراکش و بیابانی باکوور و… دۆزراونەتەوە.
” بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە سەلمینراون، لەسەر خاکی ئەفریقیا جگە لەپیت و رەونووسی هیروگلیفی ، تەنیا پیت و رەنووسەکانی ئەمازیغی و ئەسیوبی لەئارادابوون و بڵاوبوونەوەی پیت و رەنووسی ئەمازیغییش لەبەراییدا لەباکووری سودان و دورگەی خالدات روەو خۆرئاواو بەرەو باکووریش روەو ئەندەلوس و سقلییە بڵاوبووەتەوە”.
” بزوتنەوە ئەمازیغییەکان بەتایبەتیش لە وڵاتی مەغریب(مەراکش) بایەخێکی گەورە بەرەگەزی زمان دەدەن، کە ئەوەش بووەتە فاکتەرێکی یەکلایی کەرەوە و دیاریکراو بۆ ناسنامەی ئەمازیغی، لەکاتێکد زمان یەکێکە لەرەگەزەکانی ناسنامەی، بەڵام ” لەبەرئەوەی ئەمازیغ نیشتمان و خاکێکی تایبەت بەخۆیان نییە کە ئەوەش گرنگترین رەگەزی ناسنامەیە و دیسان سیاسەتی تەعریبکردن ئەم گەلەی بۆ گەلی عەرەب گۆڕیوە، هەموو ئەوانە وایکردوە زمان هاوواتای ناسنامەی ئەمازیغی بێت لە نێو خواست وداواکاری بزوتنەوە ئەمازیغییەکاندا.
مەها ئەلجوینی ژنە چالاکوان و ئەندامی کۆنگرسی نێودەوڵەتیی ئەمازیغی کە خەڵکی وڵاتی تونسە لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ باوەڕی بەدامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ ئەمازیغەکان هەیە یاخود باوەڕی بەمافە کەلتووری و سیاسییەکانیان هەیە لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کەتیایدا دەژین؟ ئەو دەڵێت من وەک خۆم لەگەڵ ئەوەدام تێکۆشەرانی ئەمازیغ لە تونس رێک بکەوین لەسەر بەرگریکردن لەدەوڵەتی نیشتمانیی تونس و بەدڵ و بەگیان ئینتیمامان بۆی هەبێت و لەبەرامبەریشدا پێویستە دەوڵەتی تونس رێز لەمافە کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانمان بگرێت و دیموکراسی بەرقەرار بێت.
ئەمازیغ و ئایین
هەر گەل و نەتەوەیەکی سەر ئەم زەمینە لەقۆناغە جیاوازەکانی مێژووی رابردوویدا بیرو باوەڕو ئایینی جۆراو جۆری بەخۆوە دیوەو ئەمازیغیش وەک هەر گەلێکی تر بەو قۆناغە جیاوازانەدا گوزەری کردوە، هەر لەسەردەمی باوەڕبوونی بە ئەفسانەکان و بتەپەرستی هەتا دەگاتە پەیڕەوکردن لەئایینەکانی وەک جوو ، مەسیحی و دواتریش کەوتووەتە ژێر هەژموون و کاریگەری و داگیرکاری ئیسلام.
ئەمازیغەکان خزمەتێکی زۆریان بەئایینی ئیسلام گەیاندووە و ئەوانیش هاوشێوەی کورد کە سەرکردەیەکی وەک سەڵاحەدینی ئەیوبی لە خزمەتی ئیسلامدا هەبووە، خاوەنی تاریقی کوڕی زیادن.
لیۆنی ئەفەریقی دەڵێت، ئەفریقاییەکان لە رۆژگارە دێرینەکاندا بت پەرستن بوون ، هەروەک چۆن فارسەکان ئاگرو خۆریان پەرستووە و پەرستگەی جوان و رازاوەیان بۆ پەرستراوەکانیان دروستکردووە، یاخود ئەوەی لەپەرستگەی خواوەندی ڤیستا لەلای رۆمانەکان هەبووە، بەهەمان شێوەش نۆمیدیاو لیبیاییەکان ئەستێرەکانیان پەرستوەو قوربانیان بۆ کردون. هەندێکیش لە رەشپێستەکانی ئەفەریقیا (کیگمۆ) یان پەرستووە کە بەزمانی خۆیان بەواتای خواوەندی ئاسمان دێت بێ ئەوەی پەیامبەر یان زانایەکی پێ ببەخشیبێتن.
دانیشتوانی وڵاتی ئەمازیغ بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر بت پەرستن ماونەتەوە تا 250 سال َ بەر لەدایکبوونی محەمەد کەبوونە مەسیحی.
مرۆڤی ئەمازیغی خاوەنی سروتی ئایینی و ئەفسانەیی خۆی بوەو لەوبارەیەشەوە توێژەری ئیسپانی گریلی ((Ghrili) دەبێژێت: گشت ئەو بیرو باوەڕانەی ئەمازیغەکان پەیڕەویان لێکردووە،نەبوونەتە هۆی تێکشکاندنی رەهەندی ئایینی بەرایی واتە پاراستنی هێزەکانی سروشت کە تا ئەمڕۆش پەنابردن بۆ سیحروجادوکردن لای ئەمازیغەکان بەردەوامە. دیسان ئەمازیغەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئایینی میسری بەتایبەتیش لەپەرستنی خواوەندی ئیزیس،هەربۆیە وەک رێزگرتنێک لەو خواوەندو خواردنی گۆشتی مانگاو پەروەردەکردنی بەرازیان لەخۆیان یاساغ کردووە.
ئایینە ئاسمانییەکان
لەپاش قۆناغی بتپەرستی و پەرستنی دیاردە سروشتییەکان ئینجا ئەمازیغەکان پەیڕەیان لەئایینی جوولەکە کردوە ، کە لەسەدەی سێیەمی بەر لە دایکبوونی مەسیح و خاپوور بوونی ئۆرشەلیم، جوولەکەکان بەرەو ناوچەی تامازغا کۆچیان کردووە و ئایینەکەیان بڵاوکردوەتەوە.
هەرچی سەرەتای ناسینی ئایینی مەسیحیشە لەلایەن ئەمازیغەکانەوە بۆ کۆتایی سەدەی دووەم تا سەدەی حەوتەمی زایینی دەگەڕێتەوە.
لەپاش بەمەسیحی بوونی ئەمازیغەکان ئینجا نۆرەی بەئیسلام بوونیان دێت دوای ئەوەی لەسەر دەستی عەمرو کوڕی عاس ئاینی ئیسلام گەیەنرایە میسرو باکووری ئەفریقیا.
دیارە داگیرکاری سوپای ئیسلام لەباکووری ئەفریقیا بەدووقۆناغ دەستیپێکردووە:
– قۆناغی یەکەم ، راستەوخۆ لەپاش داگیرکردنی میسرو گەیشتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەی تەرابلس دەستپێدەکات کە نزیکەی 30ساڵی خایاندوە(641-670ز).
– قۆناغی دووەم، لەپاش گەیشتنی عوقبە بن نافیع بەئەفریقیاو دامەزراندنی شاری قەیرەوان (670ز) دەستپێدەکات و بەداگیرکردنی ئەندەلوس و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی موسا بن نەسیر(715ز) کۆتایی دێت.
ئەو قۆناغە بەبەراورد بەقۆناغی پێشووتر دژوارترو پڕ لەشەڕی سەخت و توندو تیژ بوەو ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر رەوشی گشتی لەناوچەکە بەجێهێشتتووە.
هەروەها بەفەرمانی عەمرو کوڕی عاس دەبوو عوقبەی کوڕی نافع ساڵانە لەهێرشەکانیدا بۆ سەر ناوچەکە چەندان کۆمەڵە لەکۆیلە پێشکەس بەعەرەب بکات، ئەویش بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی کە لەنێوانیاندا هەبوو.
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن داگیرکردنی باکووری ئەفریقیاو بەئیسلام کردنی ئەمازیغ بەچەند قۆناغێک بوەو و پێیان وایە قۆناغی یەکەمی داگیر کاری باکووری ئەفریقیا لە پاش داگیرکردنی میسر لە ساڵی (642ز) لەلایەن عەمرو کوڕی عاس و جێگیر بوونی بەوالی ئەو وڵاتە بووە،کەپاشان پورزاکەی خۆی لەدایکەوە (عوقبە کوڕی نافیع)بۆ رزگارکردنی بەرقە(لیبیا) لەرۆم و بەیزەنتینەکان و بەئیسلامکردنی ناوچەکە دیاری دەکات و رابەرایەتی سوپاکەی پێڕا دەستپێرێت و لە(643ز)شدا بەرقەو چەند ناوچەیەکی تر داگیر دەکات.
هەرچی قۆناغی دووەمیشە، لەلایەن عەبدوڵڵای کوڕی سەعد بەبی سەرەح رابەرایەتی دەکرێت و قۆناغی سێیەمی داگیرکارییەکەش بەسەرۆکایەتی معاویەی کوڕی حەدیجەوە بەرێوەدەچێت و قۆناغی چوارەمیش بۆ جارێکی تر بەرابەرایەتی عوقبەی کوڕی نافیع بەئەنجام دەگەیەنرێت و ساڵی (670ز) بەسوپاکەی 10 هەزار سەرباز دەچێتە تونس و لەساڵی (674ز) دا شاری قەیرەوان دادەمەزرێنێت.
پاشان قۆناغی پێنجەم بەسەرۆکایەتی دینار ئەبو موهاجر دەستپێدەکات وسوپاکەی بەرەو چیای ئۆراس کە بەناوچەی سەختی ئەمازیغەکان هەژمار دەکرێت دەبات. دیسان قۆناغی شەشەم بەرابەرایەتی عوقبە کوڕی نافیع لەساڵی (680ز) بەئەنجام دەگەیەنرێت بەڵام ئەمجارەیان لەکاتی گەڕانەوەی عوقبەو سوپاکەی لەساڵی (685ز) رووبەڕووی (کەسیلە)ی سەرکردەی دیاری ئەمازیغەکان وسوپای دەبێتەوەو لەنزیک ناوچەی دۆڵی ئەبیوز دەکوژرێت .
قۆناغی حەوتەمیش کە بەسەرکردایەتی زوهێری کوڕی قەیس بەڕێوەدەچێت لەساڵی ( 686ز)، کەسیلەی سەرکردەی ئەمازیغەکان دەکوژرێت و قۆناغی هەشتەمیش بەرابەرایەتی حوسان کوڕی نوعمان لە(691-704ز) ئەنجام دراوە و دوا قۆناغیش کە لە(704-7014ز) بەسەرکردایەتی موسا کوڕی نەسیر بەڕێوەدەچێت ئەمازیغەکان بەتەواوەتی کۆنترۆڵ دەکەن و سوپای ئیسلام دەگاتە ناوچەی دەرعە لەباشووری مەراکش، ئینجا بیر لەپەماردان و داگیرکردنی ئەندەلوس دەکرێتەوە .
سیاسەتی موسا کوڕی نەسیر بەسیاسەتێکی توندوتیژ ناسراوە لەبەرامبەر هۆزەکانی مەراکش جا بەوانەی کە ئیسلام بوون و ئەوانەش کە ئیسلام نەبوون.
ئیبن ئەبی زەید دەڵێت: بەربەر لەمەراکش بۆ 12جار لەئیسلام هەڵگەڕاونەتەوەو هێرشیان کردوەتە سەر موسڵمانان و تاڕۆژگای موسای کوڕی نەسیر ئیسلامبوونی خۆیان نەسەلماندووە .
ئیبن ئەسیر دەڵێت: دەستکەوتی موسای کوڕی نەسیر داگیرکەری مەراکش(91ک) بەهەزاران کەنیزە بوون،کە یەک لەسەر پێنجی بۆ خەلیفە وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک رەوانە کردووە،دەشگوترێت کاتێک سەردانی دیمەشقی کردووە30هەزار ئافرەتی لەگەڵ خۆیدا بردووە. دەمێکیش رۆژگای داگیرکاری و فتوحات کۆتایی هاتووە،عەرەبەکان روویان لەبازرگانیکردن بەکۆیلەوە کردوە و کەنیزەیان لەئەوروپا کڕیوە.
ئەو هەڵمەتە سەربازییانەی کە موسا کوڕی نەسیر و سەرکردە سەربازییەکانی ئەنجامیان داوە بە توندو تیژ ناسراون لەبەرمبەر ئەو هۆزە بەربەرانەی کە ئامادەنەبوون ببنە ئیسلام.
ئیبن بەتلان لەنامەیەکیدا لەوەسفکردنی کەنیزەکاندا دێتە سەر وەسفی کەنیزەکانی ئەمازیغ و دەڵێت: ژنانی بەربەر مل کەچن و لەخزمەتکردندا چالاکن وبۆ خستنەوەی منداڵ بەتایبەتیش وەچەی کوڕ گونجاون،….
بەو پێیەی لەسەردەمی ئەمەوییەکاندا پرۆسەی داگیرکاری وڵاتی مەراکش ئەنجام درا،ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی تەواو سەربازیی بوو ، ئەوەی ئەو مەترسییەشی زیاتر کردبوو ئەوەبوو،کەدەوڵەتەکە دەوڵەتێکی عەرەبی بوو زیاتر وەک لەوەی ئیسلامی بێت.
دیسان سەرکردەکانی فتوحات (داگیرکاری) خاوەنی هەمان شەقڵی دەوڵەتی ئەمەوی بوون: رەگەزپەرستیی عەرەبی،گەندەڵی ئەخلاقی و ئیداری و دونیایی کە لەداب و نەرێتی مۆدێلی قەیسەری بەیزەنتینییەوە سەرچاوەی گرتووبوو.
داگیرکردنی باکووری ئەفریقیا لەلایەن عەرەبەوە لەژێر دروشمێکی ئایینیدا بوو ” کلمە الله هی العلیا” بەڵام رووداوو فاکتەکانی سەر زەوی و بەکۆیلەکردنی خەڵکەکەی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانەکەی جگە لەداگیرکردنی خاک و بەرز راگرتنی واژەی عەرەب چیتر نەبوو.
هەربۆیە بەرگریکردنی ئەمازیغەکان تەنانەت لەپاش بەئیسلامبوونیشیان بەردەوام بوو، چونکە بەبێ هیچ گوێدانە پرانسیپێکی ئایینی، ئەمازیغ بەپێنجینە کرابوو، بەجۆرێک فەرماندەکانی عەرەب پێیان وابوو سەرجەم ئەمازیغەکان بەوانەی بەرگرییان کردوەو بەوانەش بەبێ بەرگری ئیسلامبوون دەستکەوتن و پێویستە یەک لەسەر پێنجی خاک و خێرو بێرو سەروەت و سامانیان ببرێت.
ئەگەر ئەوە رابردووی ئەمازیغەکان بووبێت لەسەردەمی داگیرکاری سوپای ئیسلامیدا ئەوا لەسەردەمی داگیرکاری وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ناوچەکەیان بێ کارەسات نەبوون، لەماوەی ساڵانی نێوان 1921بۆ1927 لەلایەن داگیرکەری ئیسپانیاوە لە باکووری مەراکش گازی خەردەل وەک تاقیکردنەوەی چەکی کیمیایی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕە ئەمازیغەکان بەرابەرایەتی عەبدولکەریم ئەلختابی بەکارهێنرا، کە ئەوەش بەر لەساڵێک بوو لە رێککەوتننامەی ژنێڤی تایبەت بەقەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی.
لێکەوتەکانی بەکارهێنانی ئەو چەکە لەوکاتەدا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە3هەزار مرۆڤ و پێکانی ژمارەیەک لەسەربازانی ئیسپانی ئەویش بەهۆی هەڵکردنی با بەشێوەی پێچەوانە،دیسان بەکارهێنانی ئەو گازە بووەتە هۆی کۆچی زۆرێک لەگوندنشینەکانی باکووری مەراکش بەرەو جەزائیرو ناوچەکانی خۆرئاوای مەرکش کە لەناوچەکەیانەوە نزیک بوون.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە