دانا مەنمی: ململانێی ئامۆزاکان و دەستگیرکردنی فارس نەورۆڵی.
ململانێی نێوان ئامۆزاكان (مەسروور بەرزانی و نێچیرڤان بەرزانی) پارتییەکانی بهسهر جهمسهری ( براگهوره) و ( دهوڵهتمهدار) دا دابهش كردووه، هەردوو جەمسەرەکەیش هیچ كارنامەو پلانێكیان نییە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و دۆخی پارتیەکانیش لە گێژاوێکی سیاسی قوڵدایە، لە ئێستادا کە پارتی بانگەشەی ئەنجامدانی بەستنی کۆنگرەی چواردەهەمین دەکات ناكۆكییهكانی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەرەو ئاڵۆزبون ڕۆیشتووە. مەسرور بەرزانی هەموو هەوڵەکانی خستووەتەکارو کار بۆ دور خستنەوەی کادرو کەسایەتیە دیارەکانی نزیک لە نێچیرڤان بەرزانی دەکات، لەم کۆنگرەیەدا مەسرور بەرزانی دەیەوێت هەموو ئەو شوێن و ئۆرگانانە پربكاتەوە کە نێچیرڤان بەرزانی هەژموونی بەسەرییەوە هەیە، هاوكاتیش مهسعود بارزانی سهرۆكی ئێستای پارتی گرنگیەكی تەواو بە مەسرور بەرزانی كوڕە گەورەكەی دەدات و وەك چاودێر بەسەریەوە وەستاوە و هەڵەكانی بۆ ڕاست دەكاتەوە.
تێکچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان مەسرور بەرزانی و نێچیرڤان بەرزانی دەستگیرکردنی فارس نەورۆڵی گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی بەدواداهات، رۆژی 5ـی مانگی ئابی 2022 (ڕێبوار یەڵدا ) پەیوەندی کردووە بە (عارف تەیفور ) بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و پێی ڕاگەیاندووە کە پێویستە (فارس نەورۆڵی ) سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی بکات لە پیرمام، ناوبراویش خۆی و پاسەوانێکی سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی دەکات، بەڵام لەوێ لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە دەستبەسەر دەکرێت و پاسەوانەکەیشی دەیگەڕیننەوە شاری سلێمانی و پێی دەڵێن (فارس ) لای ئێمە میوانە! هاوکاتیش پارتی ڕێگە نادات کەسوکارەکەی پەیوەندی وەیان سەردانی فارس نەورۆڵی بکەن.
جا ئەم میواندارییەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە فارس نەورۆڵی بەسەرهاتێکی کاک نەوشیروان مستەفام دێنێتەوە یاد کە لە کتێبی ( پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) باس لە دەستگیرکردنی خۆی دەکات لە گوندی قەویلە و دەڵێ؛ رۆژی 5ی کانونی دووەمی ساڵی 1981 لە گوندی قەویلە لەگەڵ ملازم تاهیر باسی بارودۆخی ناوچەکەمان دەکرد کە چۆن نێوانی یەکێتی و حسک ئاسایی بکەینەوە، هەستم بە پەشۆکاوی بارودۆخەکە کرد، ویستم ئیزنیان لێ بخوازم و بڕۆم، ملازم تاهیر گوتی: نەختێکی تر ڕاوەستە خۆی چووە دەرەوەو خولەی حەمە تاتە هاتە ژورەوەو تفەنگەکەی من هەڵواسرابوو دەستی دایەو بردی.
نەوشیروان مستەفا دەڵێ: ئیتر تێگەیشتم ملازم تاهیر پیاوێکی بەئەدەب بوو شەرمی دەکرد ڕاست و ڕەوان بڵێت تۆ دەستگیرکراویت، دواجار منیش بەگیرم هێناو ملازم تاهیر گوتی: تۆ میوانی لای ئێمە و موحتەرەمی بمێنەرەوە. دەڵێ منیش گوتم؛ کاک تاهیر لەم موجامەلانە بگەڕێ من نە میوانم نە موحتەرەم، بەڵکو گیراوم. ئەم بەسەرهاتە محەمەدی حاجی مەحمود لە کتێبەکەیدا (ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک ) درۆیەکی گەورەی هۆنیوەتەوە! دەمەوێت لەکۆتاییدا بە پارتیەکان بڵێم کە حوکمرانیەتی مەسرور بەرزانی پەتایەکی کوشندەیە، پەتایەک کە خەڵكی کوردستان و پارتیەکانیشی تووشی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و جۆرەها نەخۆشیی دەروونی کردووە و هەناسەی لە یەکێتی و گۆرانیش بڕیووە!