سەردەشت محەمەد: خۆپیشاندان و مەترسییەکانی نائومێدبون لە خۆپیشاندان.
جۆن راوڵز، فەیلەسوفی ئەمەریکی سەدەی بیستەم، لە پێناسەی خۆپیشانداندا، دەڵێت: خۆپیشاندان کردەیەکی سیاسیە، لەگەڵ یاسایەک ناکۆکە، داوای گۆڕینی یاساکە دەکات، یان سیاسەتی حکومەت.
ئێمە دەیان و سەدان جارە لەهەرێم خۆپیشاندان دەکەین و زۆرینەی خۆپیشاندانەکانیش دەرئەنجامی خراپی سیاسەتی بەڕێوەبردنی حکومەتە و هەمیشە دەمانەوێت حکومەت بەخۆداچونەوەیەک بەسیاسەتی کاری خۆیدابکات و لەگەڵ هەر خۆپیشاندانێکدا، جەماوەر بە کۆمەڵێک هیوا و ئومێدەوە هاتۆتە سەرشەقام و زۆرجاریش دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکانیش نەک ئومێدێکی بەجەماوەری ناڕازی نەبەخشیوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هێندەی دیکە نائومێدی کردوون.
هۆکاری ئەم نائومێدبونەیش دەتوانین بە پلەی یەکەم بیگەڕێننەوە بۆ سوربونی دەسەڵات لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی کاری هەڵەو ئامادەنەبونی بەرپرسانی حکومەت بۆ گوێگرتن لەداواکارییەکان و خواستەکانی خەڵک و هەندێک جاریش پەنابردنی حکومەت بۆ بەکارهێنانی هێز و کوشتن و دەستگریکردنی خۆپیشاندەران و هەروەها کۆنەبونەوەی جەماوەر بەشێوەیەکی ڕێکخرا و بەڵێننەدانی خۆپیشاندەران بۆ کۆڵنەدان لەسەر داواکارییەکانیان و ئامادەنەبونیان بۆ مانەوەیان تا ئەوکاتەی کە داواکارییەکانیان یاخود لانی کەم بەشێک لە داواکارییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە جێبەجێ دەکرێت.
چەند بارە بونەوەی ئەم جۆرە لەخۆپیشاندان لەهەرێمی کوردستان کەهیچ دەرئەنجامێکی سودبەخشی نەبووە، بووە بەپاڵنەرێک بۆئەوەی جەماوەر ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ لەبری ئومێدبون بەخۆپیشاندان و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆئەوەی خۆپیشاندانەکانیان دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەری هەبێت ئێستا دەبینین گەیشتوون بەو بڕوایەی کە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان هیچ سودێکی نییە. هەربۆیه لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردوودا کە بڕیاربوو لە بەشێک لەشارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بەڕێووە بچێت، بەڕوونی هەستمان بەم نائومێدبونەی جەماوەر کرد.
دواهەمین خۆپیشاندان بەراورد بەخۆپیشاندانەکانی دیکە کەمترین گەرمووگوڕی و ئامادەبونی خەڵکی پێوە دیاربوو، ئەگەرچی ئەم جارە حکومەت و هێزە ئەمنییەکان زیاتر لەجاران لەهەوڵی ئەوەدابوون کە نابێت خۆپیشاندانی ئەمجارە سەربگرێت و ڕێکارەکانی بەرگریکردنیان لە خۆپیشاندەران زیاتر توندوتۆڵتر بوو، کە ڕەنگە ئەمە بەلای دەسەڵاتەوە مایەی دڵخۆشی و هەستکردنبێت بە سەرکەوتنیان بەسەر خۆپیشاندەراندا. بەڵام دەتوانین بڵێین قۆناغێکی نوێی پڕمەترسی بوو کە ئێمە وەک بینەرێک هەستمان پێدەکرد، چونکە دەتوانین بڵێین لەگەڵ بەرزبونەوەی ئاستی نائومێدبونی خەڵک و جەماوەری خۆپیشاندەردا دەبێت چاوەڕێی ڕووداو و کارەساتی پڕمەترسی بین لەداهاتوودا، چونکە سەرکەوتنی دەسەڵات و هێزەئەمنییەکان و سوربونیان لەسەر پشتگوێ خستنی داواکاریی هاوڵاتیان و ڕێگەنەدان بە ئازادیی کۆبوونەوەی هاوڵاتیان،کە بە یەکێک لە ئازادییە سەرەکییەکانی مرۆڤ دادەنرێت هەروا درێژەی نابێت و لەئەنجامدا ڕووداو و کارەساتی گەورە و ناڕەزایەتی بەرفراونتری بەدوادادێت،ئەمەش لەبەهاری عەرەبیدا کە نزیکرتین مێژووە لەئێمەوە بەڕوونی بینرا و تائێستاش لەهەندێک شوێن بارودۆخەکە هەروەک خۆی بە شێواوی ماوەتەوە.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
-سەردەشت محەمەد: هەڵبژاردنێکی سەخت، بەڵام پڕگۆڕانکاری.
- All Posts