نهجیبه فایهق سهنگاوی: ههردوو جگەر گۆشەکەم لە برسا مرد.
ئامادەکردنی/ عەبدوڵا کەرێم مەحمود
نەجیبە فایهق کەریم لە دایک بووى 1973 ى سەنگاوە، هاوسەرى فەرەج حەمە ئەمین حسێن ى گوندى سەر قەڵایە، لە بارەى هێرشى سوپاى ئەنفالەوە ئاماژەى بەوەکردو ووتی: ئەو دەمانە ماڵمان لە گوندى سەرقەڵا بوو، ئاگامان لە سوپاى پیادەى عێراق بوو، بە هاوکارى گەلە جاش بە پاڵپشتى کۆپتەر و دەبابە و تۆپەقور سەکانیان لە شاخى عەلى مەنسورەوە پەلامارى چیاى ئاشداغى دا.
حەمەى مام حەسەن ووتى:لەو پەلامارەى دوژمن دا حاکم قادر حەمە سالح رەباتى شەهید کرا.
سەعات (6) ى ئێوارە سوپاو جاش چوار دەورى قەڵایان تەنى، ئەو دەمانە من دوو منداڵم لە باوەش دابوو، سکیشم هەبوو، ئێمەیان لە نزیک ئاواییەکە کۆکردەوە و گوندەکەیان بە بەرچاوى خۆمانەوە سوتاند، سەرباز وجاشەکانمان دەبینى خەریکى تاڵانى ماڵەکان بوون، من و مێردەکەم و شوکرى حەمە ئەمین و سازگارى 2 ساڵانەو ڕۆژانى 6 مانگانەى کچم لەگەڵ خەڵکى ئاواییەکەماندا بە پاڵەپەستۆ خراینە ئیڤایەکەوە، نەمان دەتوانى سەیرى ئەم لاو ئەو لابکەین. بە کێبڵ لێیان دەداین، ئەو کاتە سەراپا خەڵکى ئەو گوندانەیان لە ئیمان شاسوار کۆکردەوە، دواتر ئێمەیان برد بۆ چەمچەمال، لەوێ هەموومانیان بردە قائمقامیەت. من و هەردوو جگەر گۆشەکەمیان بردە هۆلێکهوه، مێردەکەشمیان بردە هۆلێکى تر، شەوەکەى ( رۆژان ) ى کچم نەخۆش کەوت، توشى سک چونێکى توند بوو، هۆڵهکەى ئیمە زیاتر لە 100 ژن و منداڵى خەڵکى ( سەرقەڵا، تەپە عەرەب، عەینەکە، قەڵا، سەنگاو) خەڵکى گوندەکانى تری تێدابوو.
بۆ بەیانییەکەى بواریان بۆ نەجیبە فائق رەخساند، لەگەڵ فایەق فەرجى پاسەوان کە کلاشنکۆفێکى بەشانەوە بوو، بە ئوتومبیلێکى تایبەت سەردانى نەخۆشخانەى گشتى چەمچەماڵ بکەن، لەوێ دەرمانیان بۆ وەرگرت، گەڕانەوە بۆ هۆلەکەیان شەوێکى تریش لەوێ مانەوە.
بە یانییەکەى ژن و پیاویان بە جیاجیا سوارى کۆستەرى (21) نەفەرى کرد، پاسەکان ئەوەندە زۆربوو لە ناو چەمچەماڵەوە کاروانى بەستبوو، بۆ سەر بان مەقان، لەو کاتەدا شوکریە حەمە ئەمین ژنى مەلا ئەحمەدیان بە پاڵ خستە ناو پاسەکەوە، دواتر وتى: نەجیبە با لە فرسەتێکدا هەوڵ بدەین خۆمان دەباز بکەین، ئەوەبوو ئەو لە جامى پاسەکەوە خۆى فڕێدا، ووتى: یەکێک لە منداڵەکانم بدەرێ.
من دڵم نەهات چاوم لێ بوو، شوکریە لەلاى مەرکەزەکەوە بەرەو ماڵەکان راى کرد، ئوتومبێلەکان کەوتنە جوڵە، لە ناکاو بوو بە تەقە، خەڵکى چەمچەماڵ هیرشیان کردە سەر سەربازەکان، بۆ ئەوەى ئەنفالکراوەکان دەرباز بکەن، لەو کاتەدا (3) کۆپتەر بە نزمى بەسەر ئاسمانى چەمچەماڵ دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد، ئێمەیان برد بەرەو تۆبزاوە، شەوەکەى گەیشیتنە ئەوێ، لەوێ ئەمنەکان خۆیان کرد بە هۆڵى ژنەکاندا منداڵەکانیان بەزۆر لە دایکیان جیا کردەوە، لەو کاتەدا قیژە قیژى ژن و منداڵەکان ئەوەندە بەسۆز و توند بوو، هیچ کەسێک نەیدەتوانى لەبەردەمیا خۆى رابگرێ، کارەبا بڕا قیژە قیژەکە بەردەوام بوو، دواى 2 سەعات ئەمنەکان منداڵەکانیان بە گریانێکى توندەوە. پڕ بوو لە ترسێکى بێ سنور، گەراندەوە بۆ هۆڵەکانیان، دواتر هەموو پیاوەکانیان ناردەوە بۆ لاى ژن و منداڵەکانیان.
بە ڕووتى و دەست بەسراوى
ئەو ئێوارەیەی کە بواریاندا مێردەکەم تا سەعات 2 ى شەو لەگەڵماندا بێت، تۆزێک شۆرباى نیسکیان بۆ هێناین، مێردەکەم وتى: خەجێ توخوا با ئێمە هەر برسى بین، با خواردنەکە بۆ سازگار و رۆژگار بیت، با ئیمە هەردووکمان بمرین و ئەوان بژین، چونکە بەشى ئەوانیش ناکات.
سەعات 2 ى شەو جارێکى تر پیاوەکانیان جیاکردەوە، ئەو شەوە هەردوو منداڵەکە تا بە یانى لە برساو لەبەر بێ شیرى هەر دەکڕوزانەوە، خەو لە چاوەکانم تۆرابوو، سەعات 8 ى بەیانى پیاوەکانمان بە ڕووتى بینی، تەنیا دەرپێیەکى ژیرەوەیان لە پێ دابوو، هەردوو دەستیان لە دواوە بە سترابوو، لە ناویاندا مێردەکەم و فایەقى برام و کەس و کارەکەشم بینى، ئەمنەکان بە کێبڵ لێیان دەدان، لەوکاتە ڕۆژان بە باوەشمەوە بوو دەستى بۆ خاڵە فایەقى بەرزکردەوە، ئەمنەکان بە کێبڵ پەنجەرەکەیان داگرتەوە، لە چەند چرکەیەکدا هەموو پیاوەکانیان بەرەو شوێنێکى نادیار برد، ئیتر جارێکى تر روخساریانمان نەبینیەوە.
دوو مانگ لە تۆپزاوە ماینەوە، نیوە شەوێک بە ئوتومبێلى تایبەتى پەنجەرە داخراو کە ناوەوەى تاریک بوو، هەموو مانیان گواستەوە بۆ دبس، رەشەبایەکى قایم هەڵى کرد، کارەبایان لێ کوژاندینەوە دەنگى لورەى رەشەباکە لەگەڵ تاریکایى و تارمایى دەمو چاوى ئەمنەکاندا، ترس و گومانیکى زۆرى دروست کردبوو، گریانى ژن و منداڵ ناخى ئەو شەوە پڕ مەترسیەى زیاتر دەشلەقاند، لەوێ هەموو مانیان خزاندە هۆلەکانەوە بۆنى ناخۆشى هۆلەکان، هەناسەى لە هەموومان بڕاند، نیوەرۆکەى تۆزێک نیسکیان بەسەردا دابەش کردین، لەو شەش مانگەى کە لەوێ دا زەمەنە وەستاوە دووبارەکانى ناو هۆلەکانمان بەڕى دەکرد، ڕۆژانە (20) منداڵ زیاتر لەبەر سک چوون و برسێتى گەرماو تینویەتى و بێ شیرى دەمردن.
زەمەنەکانى گریان
دواى دوو مانگ لە دبس بووین، رۆژان نەخۆش کەوتەوە، هەموو ڕیخۆلەکانى لەبەر بێ شیرى و لە برسا ووشک ببوو، دایکیشى لە برسا مەمکەکانى وشکى کردبوو، دەم و چاوى ڕۆژان ڕەش ڕەش داگەرا، پێستى سیس بـــــــوو، جەستەى وشک هەڵات، بەبەردەوامى دەگریا، وردە وردە هەناسەکانى تەنگ بوو، قورگى ووشک بوو، نوزەى تیا نەما شەوو رۆژێکى تەواو لە گیانەڵادابوو، دایکى ووتى: بەیانیەکى کپ لە خەو هەستاوم، وامزانى رۆژان خەوتووە سەرم لابرد، دوا هەناسەى سپاردبوو، لەگەڵ بدیعەو مریەم بەچاودێرى چوار ئەمن بە ئوتومبیلێکى عەسکەرى بردمان بۆ ماڵى موختارى دبس، لەوێ بەوانمان سپاردو خۆمان گەراینـەوە بۆ زیندان، لە تاو ڕۆژان شەوو رۆژ بە بەردەوامى دەگریام، گریان لەوێ دیاردەیەکى سروشتى بوو، ههموو زەمەنەکانى ئەوى بە گریان بەڕێ دەکرا، دواى 20 ڕۆژى تر سازگارى کچم هەر لە برسا گیانى سپارد، بیرمە سەبرى حاجى فەتاح کە خەڵکى خیلى ئاخە بوو، توشى نەخۆشى دڵ بوو، هیچ چارەسەرێکى بۆ نەکرا، جەستەى لەسەر بەتانیە شرەکەىدا ڕزا، ئەمیش 6 منداڵى پێ بوو، هەر لەوى 2 منداڵى مردوو 4 مندالەکەى تریش ژنەکانى ئەوێ بۆیان بەخێو دەکرد.
دواى 6 مانگ بە لێبوردنى گشتى ئازاد کراین، گواستیانینەوە بۆ عەربەت، لەوێ ناویان تۆمارکردین، گەراندیانیینەوە بۆ چەمچەماڵ، لەوێ کەس و کار چاوەڕوانیان دەکرین، دواتر من رووم کردە مالى مامە حاجى سدیق م لەمالە سەنگاویەکانی ( مدینە شۆڕش )، لهوێزانیم ماڵى باوکیشم لێرهیه، بەیانى زوو پێیان وتم: هاوسەرەکەم شوێن بزر کراووە.
فۆتۆ :سهنگهر عهبدوڵڵا