دکتۆر هەژار عوسمان مەعروف: دۆخە دەرونییە سەیرو سەرسوڕهێنەکان!
مێشک ئەو ئەندامەیە کە سەرکردایەتیو چاودێریی ئیشو کاری هەموو ئەندامەکانی تری خوار خۆی دەکات، لێدانی دڵ، هەناسەدان، بزوتنو هەستکردن (بینین، بیستن…)، ئاخافتن، قوتدانی خۆراکو شلەمەنی، هەرسکردنی خۆراکو بەتاڵکردنەوەی میزدانو ڕیخۆڵە. هەموی لەمێشکەوەو بەمێشک دەڕوات بەڕێوە.
مێشک لەهەموو ئەندامەکانی تری جەستە زۆرتر ئۆکسجینو خۆراک بەکاردێنێ بۆ بەڕێوەبردنی کارە جۆراجۆرەکانی، بەرامبەر هەموو ئەو ئەرکو فەرمانانەی سەرەوە ئەرکێکی هەرە گرنگی تری مێشك هەستو شعورکردنو بیرکردنەوەو زیرەکیە کە هەر ئەمانەشن مرۆڤیان کردووە بەسەروەرو پاشا بەسەر هەمو زیندەوەرەکانی ترەوە.
ژنێکی ساغو بێخەوش لەپڕ لەگۆدەکەوێتو ناتوانێت یەک وشەو دەنگ دەربڕێ، دکتۆری قوڕگو لوتو گوێ، دوای تێڕونینێکی ورد بەدەسگاکانی پێی دەڵێ: “زمانو زارو ئەوک”ت کە پێکەوە دەنگ دروستدەکەن تەندروستو ئاسایین، هیچت نیە. ژنێکی تری گەنج کوتوپڕ نابینا دەبێتو ناتوانێت بەچاوەکانی هیچ شتێك ببینێ، باشترین دکتۆری چاو دوای تێڕوانینێکی ورد بەدەسگاکانی پێی دەڵێ چاوەکانت بێخەوشن وهیچیان نیە.
کوڕێکی گەنج لەپڕو بێ هیچ هۆیەک دەستو پەلی چەپ یا ڕاستی لەبزوتن دەکەوێتو ناتوانێ کاری پێبکات، وێنەی تیشکیی مێشك (تەنوری) کە چین بەچینی مێشک لەسەرەوە تا خوارەوە بەڕونیو جوانی نیشاندەدات هیچی نائاسایی وەک لو یا کیس یا هەوکردن یا خوێنبەربونی.. تێدا نیە، ئەمیش دکتۆری مێشكو دەمار پێیدەڵێت هیچت نیە.
لەشەوی پەمەیی بوکو زاوا، یەک زاوای پێشتر پڕ لەحەزو جۆشو خرۆش بۆ دەسگیرانەکەی ئێستا لەم ساتە مێژوییەدا! دەڵێی خۆڵەمێشی ساردوسڕەو هیچی پێناکرێ، ئەمە لەکوردەواریدا پێی دەڵێن (بەستران)، دکتۆری گورچیلەو میزەڕۆ دوای تێڕوانینی ورد بەدەسگاکانی، پێیدەڵێ هیچی ناسروشتیو نائاساییم نەبینی، هیچت نیە، زاوای داماو ئینجا دەبێتە نێچیرو تۆپی شەقشەقێنو بانکی پارە بۆ جادوگەرو فاڵچیو هەموو ئەوانەی لە ژێر ناوی ئاینو شتی تری سەیروسەمەرەی جۆراوجۆردا (زانستی پزیشکیی پێغەمبەران……) خۆیان کردوە بەدکتۆری بلیمەت کە سەرەتانیش چارەسەردەکەن!
لەشەوی بوکو زاوایەکی تردا ئەمجارەیان بوک دەبێتە کێشەو گرێکوێرەو بەهیچ جۆرێ ناهێڵێت زاوا بچێت بەلایدا! دکتۆری نەخۆشیەکانی ژنانەو منداڵبون دوای تێڕوانینی ورد پێیدەڵێت هیچت نیە.
خوێنەری هێژا ئەمەی دەیخوێنیتەوە فیلم نیەو بەرهەمی فەنتازیای ڕۆماننوسێکی ناودارنیە، دەتوانم لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ (پێست ، گەدە و ڕیخۆڵە..) نمونەی سەدان نەخۆشتان بۆ بێنمەوە گیریانخواردوە بەدەست کێشە جەستەییەکانیانەوە کە لەژێری ژێریانەوەو لە پشتی پشتیانەوە شەرمو ترسی جۆراو جۆرو کێشەو گرێو گرفتی دەرونیو کۆمەڵایەتیی ڕەنگاوڕەنگ خۆی مەڵاسداوەو خۆی شاردۆتەوە، دکتۆرەکانی کوردستان بەدەگمەن دەوێرن بەم جۆرە نەخۆشانە بڵێن بچۆ بۆ لای دکتۆری دەرونی، چونکە بەسەرسوڕمان یا توڕەییەوە بەدکتۆرەکە دەڵێن: خۆ شێت نیم! لەناچاریدا پێیان دەڵێن: هیچت نیە، یا هەر قەلەقت هەیەو ئینشائەڵا چاکدەبیتەوە!
- Latest Posts by دکتۆر هەژار عوسمان مەعروف
دکتۆر هەژار مەعروف: بیرمان بچێتەوە؟ بەڕاستانە ئاشتی؟
-دکتۆر هەژار عثمان معروف: لە کوردستان هەڵبژاردن بردیەوە.
-دکتۆر هەژار مەعروف: دەنگدان وەک نیشانەی ژیان!
- All Posts