شـــــــــوان خورشــــید: چەرمو لانکەی شارستانیەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاری کەرکوک یان ڕەوا تر بڵێین ناوچەی کەرکوک جگە لە دەشتاییە بە پیت و فراوانەکەی بۆ کشتوکاڵ و سامانه ژێر زەویەکەی و ستراتیژی ناوچەکە لە ڕوی ئاڵوگۆڕی پیشەسازی و، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەبینین دەیان ناوچەی گرنگی پڕ لە شارستانیەتی لێ قوت بوەتەوە، کە دەرخەری مێژوی دێرینی شارو ناوچەکەیە وەک قەڵاو قشڵەو منارەی داقوق و قەیسەری و دەیان کەنیسەو مزگەوت و، باڵەخانەی جوانی بێ ئەندازە، لە هونەری پڕلە چێژی بیناسازی، لێرەدا قەڵای جەرمو یان شوێنەواری چەرمو دەخەینە بەر دید، کە وەک هەمیشە نەک بۆ کەرکوک بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی جێگای شانازیە، چونکە بۆ یەکەم جار کشتوکاڵ لە چەرمو سەری هەڵداوە و، ژیان لەوێوە دەسی بەهەنگاو نان کردو.
قەڵای چەرمو لە چلەکان لەلایەن فەرمانگەی پاشماوە دێرینەکانی عێراقەوە دۆزرایەوە، لە ساڵی 1948ی زاینی نێردەیەکی هاوبەشی شوێنە مێژوییە دێرینەکانی سەر بە ئامۆژگای ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاو زانکۆی هارفۆرد، بەسەرپەرشتی ئەندازیاری بە ئەزمون (ڕۆبەرد بریدوود ) شارەزا لە زانستی نەژاد و شارستانی پێش مێژوو، سەرەڕای ئەوەی ئەندازیارێکی لێ هاتوی ئاوەدانی بوو، بە یارمەتی (لیند بریدوود) هاوسەری کە پسپۆڕی هەبووە لە توێژینەوەی پاشماوە دێرینەکانی پێش مێژوو، لەگەڵ وێنەگری نێردە خاتوو (سارلوت ئۆتن) بەهاوکاری (فەرەج بەسمەچی) نوێنەری کارگێڕی پاشماوە دێرینەکانی عێراق، ئەم گروپەی نێردەکە بۆ توێژینەوە لە پاشماوەی چەرمو لە 24ی مایسی 1948ی زاینی دەستیان بە لێکۆڵینەوەو پشکنین و هەڵکەندنی شوێنەوارەکە کرد، بە تایبەتی لەباکوری گۆشەی گردەکە، ماوەی هەفتەیەک کاریان لێی کرد، تا دوبارە لە ئەیلولی 1950ی زاینی دەست کرایەوە بە پشکنین و هەڵکەندنی شوێنەوارەکە بەردەوام تا ساڵی 1955، نێردەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەو بۆیان دەرکەوت ئەم شوێنەوار نشینە، لە 16 چینی نیشتەجێ بوون پێک هاتوە، بە جۆرێک تا قوڵای 23 پێ پاشماوەی کۆنی لێ دۆزرایەوە، قەڵای چەرمو پانزە کیلۆمەتر کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی قەزای چەمچەماڵ و 35کیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوکەوە، لێرەدا پاشماوەی دێیەکی کۆنی لێ دۆزرایەوە بە ڕووبەری 1400مەتر چوارگۆشە، بەرزیشی لەسەر ئاستی دەشتاییەکەی دەوروبەری 23 پێیە، دوای دۆزینەوەی دەرکەوت کە ڕوبەرەکەی 90 بە140مەترە، لەبەرزترین لوتکەی گردێکەو کەوتۆتە نێوان ڕێگای سەرەکی کەرکوک – سلێمانی و دەستە چەپیشی ڕێگای چەمچەماڵ- سەنگاوە، پاشماوەکەی بە 7مەترە لە بەرزترین لوتکەی گردەکەی کە لەسەری بنیات نراوە، لە گەڵ ئەوەشدا کەوتۆتە سەر دۆڵێک یەکێک لە لقەکانی ڕوباری عوزێمی پیا تێدەپەڕێت ئەویش ڕوباری داقوقە، چەرموو واتە سپی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە ناوچەی چەمچەماڵ دێیەکی نیزیک بەم شوێنەوارە هەیە بە قەڵای چەرمو ناودەبرێت، سەبارەت بە دیاریکردنی مێژووی شارستانیەتی جەرموو، کە بە پشکنینی (ڕادیۆ کاربۆن )ئەنجام دراوە مێژوەکەی بۆ ساڵی (6750)ی پێش زاین ئەگەڕێننەوە، بەڵام بەهۆی لێدانی تیشک لەسەر گوێچکەی ماسیەکانی ناوچەکە ساڵی (4750)پێش زاینی بۆ دانراوە، هەرچەند شارەزایانی بوارەکە، بەزۆری لەسەر ڕای یەکەم کۆکترن، لێکۆڵەرەوەکان توانیویانە 16 چینی ئاسەوار یان نیشتەجێی لێ بدۆزنەوە، هەندێک لە ئاسەوارناسان پێیان وایە ژمارەی ماڵەکانی چەرمو خۆی لە 50ماڵێک داوەو ژمارەی دانیشتوانەکەی 300 کەسێک بونە.
ڕای جیاواز لەو نێوەندەدا هەیە هەندێک لە شیکەرەوان پێیان وایە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 150کەس بوەو لەگەڵ ژمارەی خانوەکانیان 25 تا 30 خانویەک بوە، چەرمو بە یەکێک لە کۆنترین مەڵبەندەکانی مرۆڤ دادەنرێت لەم چەرخانەدا،کە (میتاڵ) واتە مەعدەن بەکار هاتوە، بە تایبەتی مسگەری و مس لێرەوە پەیدا دەبێت مرۆڤ پێی ئاشنا دەبێت، 16 چینی شارستانی لە چەرمو دۆزراوەتەوە کە هەر چینەی هی چەرخێکە، لە چینی یەکەوە هەتا چینی دە، هی سەردەمەکانی بەردە،واتاهەر بەرد بەکار هاتوە لە ژیانی ڕۆژانەیان دا، لە چینی یانزەوە گڵ پەیدا دەبێت، کەواتە چینەکانی دوای لە چەرخەکانی گڵ و میتاڵ دایە،ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە لە چاخی بەردینەوە ئاوەدان بوە کە نیزیکەی دەهەزار ساڵ پێش زاین دەکات، بە گشتی چەرمو وێنەی لادێیەکی پێشکەوتو پڕ بە پیت و بەرەکەتی چەرخەکانی شەش، حەوت هەزار ساڵی پێش زاینە لە کەرکوک، یەکێکە لە کۆنترین شوێنە ئاوەدانەکانی جیهان،کە یانزە چینی ژێرەوەی هیچ شوێنەوارێکی گۆزەکاری تێدا نیە، ئەمەش سەردەمی کۆنی سەردەمی بەردینی نوێ دەگەیەنێ، کە دەتوانین بڵێین چەرمو دەچێتە سەر چاخی بەردینی نوێ،لە ڕوی ئابوری، چونکە نێردە هاوبەشە ئەمریکیەکە لە ئەنجامی هەڵکۆڵین و پشکنین بۆی دەرکەوتوە چەرمو لە 16 چینی نیشتەجێ بون پێک هاتوە کە زیاتر لە 400ساڵی خایاندوە، لە چینی یەکەمەوە تا چینی یانزە چینی و قاپ و قاجاغی قوڕینی لێ نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش سەرەتای نیشتەجێبون لە سەردەمی بەردینی کۆن دەگەیەنێت، بەڵام پێنج چینەکەی کۆتای قاپ و قاچاغ و چینی سەخسی قوڕێنی لێ دۆزراوەتەوە، نزیکەی ملیۆنک پارچە دەبن، سێ یەکی ئەو پارچە دۆزراوانەی چەرمو ئێستا لە بەغدان و بەشێکیشیان بردرانە شیکاگۆ تا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە چینی هەرە ژێرەوەی قاپ و قاچاغی لە بەردەستێ و بەردی گڕکانی تورکی (زجاج الترکی) لێ دۆزراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەرەخات کەوا شارستانیەتی چەرمو هەنگاوی بازرگانی بۆ دەوروبەر ناوە، بۆیە بە هەموو مانایەک دەگەینە ئەو ڕاستیە کەوا چەرمو ئەو مەڵبەندەی ناوچەی کەرکوکە بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە کاری کشتوکاڵی و پیشەسازی و تەنانەت نیشتەجێ بونیش دا، سەرقافڵەی دەوروبەر بونە، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژوی مرۆڤایەتی کشتوکاڵ لە چەرمو کراوەو پاشماوەکانی گەواهی ئەوە دەدەن کەوا پێشکەوتنیان لە چ ئاستێک دا بوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفیسۆر (بریدوود )بێت نەتەوەکانی چەرمو تەنها لە ژورویی میزۆپۆتامیا گیریان نەخواردوە، بەڵکو بڵاوبونەتەوە بە گوێی ڕوبارەکان دا، بەرەو خوار بۆ داهاتنی گڵێنەو گڵ، جگە لەوە ناوچەی کەرکوک هەر لە ئاسۆی شارستانی بەردینەوە بەردەوام بوەو لێکپچڕانی تێدا نەبوە، شوێنێکی وەک چەرمو لە ناوچەی کەرکوک گەواهی ئەو ڕاستیەن، هەروەها لە ڕووی هونەری بیناسازی یان بیناکاری سەرەتایەک بوو تا گۆتی لۆلۆی و سۆمەری و ئەکەدی لە پێدەشتەکانی کەرکوک گەشەکردنێکی هونەری بیناکاری و، نەخش و نیگار ببێتە پیشەی خەڵکی ناوچەکە، بەهۆی ئەو شۆڕشە پیشەسازی و کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتیەی لە چەرمودا سەری هەڵدا،کە دەتوانین گونجانی باری ئاو هەوا بە کارێکی گرنگی گەشەکردنی هونەری بیناکاری دابنێن، چونکە ئەگەر ئاو و هەوای لەبار نەبوایە خەڵکی چەرمو بیریان لە هونەری بیناکاری نەدەکردەوە،ئەگەر زەویەکی بە پیت و پڕ لە بەرەکەتیان لە چەرمو شک نەبردایە بیریان بەلای کشتوکاڵەوە نەدەچو، بۆیە دەبینین وەک شارەزایانی ئەو بوارە لێکیان داوەتەوە چەرمو گرنگی خۆی هەبوە لە نەخشی ناوچەکەو پێشکەوتنەکانی ئەو سەردەمە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت