عیماد عەلی: دۆخی پاش وەلانانی دادگای عیراق و هەڵوێستی کورد.
ئەگەر بە دزیەوە بێت یان بە ئاشکرا، بە راستەخۆ بێت یان بە ناراستەوخۆ، بە پشتبەستن بە چۆنێتی پێکهێنانی دادگاکان لە عیراقی پاش رووخانی رژێمەکەی سەدام، هەمیشە واکەوتۆتەوە کە خودی داداگا داردەستی لایەنی بەهێزبووە و بەردەوام چاوەرێی هەڵوێستی لایەنی دەسەڵاتدار و خاوەن هێزەکان بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەستیارترین پرسە سیاسیەکان و کێشە چارەنوسسازەکان و هیچ کاتێک هەستت بەوە نەکردووە تەنانەت هاوشێوەی وڵاتە عەربیەکانیش دادگا رۆڵی تایبەتی و بێلایەنی خۆی ببگێرٍێت لە عیراقدا.
ئەگەر هەمووان لەسەر ئەو رایە بوون کە دادگاش بێلایەن نیە و هەمیشە خۆی بەلایەکدا گرتۆتەوە و ئەگەر قەناعەتیشیان پێی نەبوبێت، بەڵام وەکو پوشێک بۆ رزگاربون لە نغرۆبوونی یەکجارەکی دەستبەرداری نەبوون و بۆ قوتاربوون و درچوون لە پێشێلکردنی ئاشکرای دەستور و یاسا بنەرەتیەکان بە ناچاری پەنایان بۆ داداگا بردووە.
ئەمرٍۆ پاش داگیرکردنی بەردەم ئەنجومەنی دادگای باڵا و نەهێشتنی تاقە پەناگەیەکی بێهێزی پاشماوەی یاسایی دەوڵەتی عیراق کە وەک کۆتا دەرچەیەک بەکاردەهێنرا، ئەو نوزەیەش نەما و تەنها پشێویە دەمێنێتەوە و خۆی بەسەر سەرچەم رێگە و ئاراستەکانی دەربازبوندا، دەسەپێنێت. ئەگینا کۆتا دەرفەتیش بەهۆی ئەم قیرانە تازەیەوە لەناوچوو، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها رێرەوی راستەخۆی پشێویە تاگەیشتن بە شەرٍی ناوخۆ و هەڵوێستی بەکارهێنانی هێزە بەدەست خاوەن هێزەوە.
بەم شێوەیە، هەموو رۆژێک زیاتر لە ناکۆکی گەورە و قەیرانی زیاتر و گرێی ئاڵۆزی بێچارەسەر نزیکتر دەبینەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها بە هێز یەکلایی دەبێتەوە و هیچیتر.
تاکە چارەیەک بۆ کورد لەم قیرانەی کە بێگومان زیاتر درێژە دەکێشێت و هەلێکی مێژوویی کورتخایەن بێت ئەوەیە بە کورد عاقڵانە مامەڵە بکات و بۆ زیاتر قازانج بینین ئەگەر بۆ تاکە جارێکیش بێت بیرکردنەوە و بەکارهێنانی هەڵوێتسی پراگماتیانە. بەڵێ تەنها خۆرێکخستنەوە و زامنکردنی بارودۆخیی خودی و زیاتر دڵنیاکردنی ئایندەی کوردستانە و بۆ ئەمەش یەکێتی و یەکبوون و یەکگرتوویی دەرمانی بنەرەتی و چارەنوسسازی پرسی نەتەوەییەمانە لەم وەزعە تایبەتەی عیراقدا. ئەگەر کورد عاقڵ بێت دووبارە فرسەتی زێرٍینی لەبەردەستدایە و دەکرێت دوا هەل لەدەست نەدات.