سەردەشت محەمەد: وەزعەکە شڕە، چۆن سنورێک بۆ ئەم شڕبونەی کایەی هونەرە دابنێین؟
ئەوە بەتەنها دۆخی سیاسی و ئابوری نییە کە لەم هەرێمەدا بەدەست کۆمەڵێک بازرگانی بەناو بەرپرسەوە شڕ بووە، بەڵکو ئەم شڕبونەی دۆخەسیاسییە پەلی کێشاوە بۆ کۆی کایەکانی ژیان و دەست بۆ هەرکایەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی ئابوری هونەری و… هتد، دەبەیت،! دواجار بەوپەڕی نائومێدییەوە دەبێت پاشەوپاش بگەڕێیتە دواوە.
ڕەنگە دۆخی سیاسی یاخود ئابوری ئەگەر تاڕادەیەکیش شڕبێت، دواجار ئومێدێک هەبێت بۆئەوەی لەڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازییەکی بنەڕەتییەوە بتوانرێت پاش ماندوبونێکی زۆر چاکبێتەوە و تاڕادەیەکی زۆر ئاسەواری ئەو بێسەر و بەری و شڕبونەی پێوە دیارنەبێ. بەڵام کاتێک ئەم بێسەر و بەری و شڕبونە دەگاتە کایەی هونەر، ئیدی ئەبێت بەجدی نائومێدبین و ترس دامانبگرێت. لەبەرئەوەی دەوترێت هونەر پێناسەی گەلانە، ئەگەر ئەم پێناسە بۆ هونەر پێناسەیەکی گونجاو و دروست بێت دەبێت بەڕاستی خەمبار بین، چونکە ئێستا ئێمەی کورد ئیدی خاوەنی ئەو هونەرەنین کە بمانەوێت شانازی پێوەبکەین، چونکە ئێمە دوای دەیان ساڵ لەشانازیکردن بەوەی کە دوژمنانی کورد درێخیان نەکرد لەپلاندانان بۆ لەناوبردنمان، توانیان سەدان ڕێگا تاقیبکەنەوە بۆ سڕینەوەمان، بەڵام ئێمە لەکەمترین بەرپەرچدانەوەماندا دەمانتوانی بەهونەرەکەمان ڕووبەڕوی دوژمنەکانمان ببینەوە.
مێژوو شاهیدی ئەوڕاستییە کە لەڕابردوودا هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کورد لەڕێگەی هونەرەکانیانەوە چی خەباتێکییان کردووە لەوپێناوەدا، بەڵام ئێستا و دوای دەربازبون لەو هەموو پلان و سیاسەتانەی کەدادەنرا بۆ لەناوبردنمان، خۆمان هاتوین بەدەستی خۆمان سیستمێکی پوچگەرایمان بۆ خۆمان دروستکردووە و ئیدی لەنێو ئەم سیستمە پوچەدا هەرڕۆژە و بەجۆرێک خەریکی شڕکردن و تەفروتوناکردنی هونەرین، هونەرمان بەدۆخێک گەیاندووە کەس گوێ لە هاواری هونەرمەندی ڕەسەن ناگرێت و هەمووان حەپەساوین بەدیار ئەم هەموو بەناو هونەرمەندانەی کە بەربونەتە گیانی هونەر.
لەنوێترین هەوڵدا بۆ تیرۆرکردن و بێبایەخ کردن و وەلانانی هونەری ڕەسەندا بڵاوبونەوەی دوێتێکی دوو بەناو هونەرمەندە کە نەئاواز و نەهۆنراوە و نەدابەشکردنی میوزیکەکەشیان جگە لەگاڵتەجارێک بەهونەر هەڵگری هیچ ناوێکی دیکە نییە، بۆیە لێرەوە ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خەمخۆرانی هونەر و تەنانەت ئەرکی هەموو تاکێکی خەمخۆرە، خەمخۆر بەخاک و نەتەوە و ڕەسەنایەتی میللەتێکی خاوەن مێژوو کە دەبێت کۆدەنگییەک لەسەر ئەم سوکایەتی و بێڕێزیکردنە بەهونەر دروست بکرێت و چیدیکە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەم گاڵتەکردنە بەهونەرە نەدرێت و حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری ناچاربکرێن بەسزادانی هەرکەسێک کەبییەوێت بەناوی هونەرەوە سوکایەتی بەکایەی هونەربکات، ئیدی دەبێت سنورێک بۆ ئەم شڕبونەی کایەی هونەرە دابنرێت.