بورهان شێخ رەئوف: عیراق به‌ره‌و كوێ مل ده‌نێت؟
له ئاسۆوه ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ چاره‌یه‌ك دیار نییه، بۆ قه‌یرانه سیاسییه سه‌خته‌كه‌ی عیراق، كه له بۆشایی ده‌ستوورییه‌وه به‌ره‌و ئیفلیجی ته‌واوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌زگای داده‌وه‌ری و حكومه‌تی كار به‌ڕێكه‌ر ده‌ڕوات، دوای ئه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در ته‌واوی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ئێران و یۆنامی و كازمی و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ره‌تكرده‌وه، پێده‌چێت سه‌درییه‌كان خواستی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌جێنداكانی خۆیان سه‌ربخه‌ن و دیزاینی پرۆسه‌ی سیاسی به خواستی خۆیان بكه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10. 10. 2021 بكه‌نه بنه‌ما، به‌هه‌ر رێگا و شێوازێك بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به توند‌و تیژیش بێت.
لایه‌نه‌گرانی سه‌در دوای ئه‌وه‌ی چوونه ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و تێیدا جێگیربوون، له كۆتایی مانگی ته‌مووزی رابردوودا، له 23 ئه‌م مانگی ئابهشدا روویان له ته‌لاری ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری كرد به‌مه‌به‌ستی ده‌ست به‌سه‌را گرتنی، دا‌واشیان له دادوه‌ر فائق زه‌یدانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه كرد ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه، ده‌زگای داواكاری گشتیش له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری جیا بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها داوایان له ئه‌نجومه‌نه‌كه كرد بریاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ربكات.
ئه‌م هه‌ڵكشانه سامناكه له رووداوه‌كانی عیراق ئاماژه‌ی ترسناكن و مه‌ترسی و نیگه‌رانی زۆری خستۆته دڵی هاووڵاتیانی عیراقه‌وه، كه نزیكیان ده‌خاته‌وه له دۆخی ئاژاوه و پاشاگه‌ردانی، هاوشێوه‌ی سیناریۆكانی لیبیا و سوریا و یه‌مه‌ن.
ئه‌م سیاسه‌تی فشاره زۆره‌ی سه‌درییه‌كان بۆ سه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، په‌راوێزی مانۆڕی سیاسی كه‌مكرده‌وه و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌یاننامه‌ییه‌كی توندی ده‌ركرد و هه‌موو وتوێژ و دانوسان و نامهگۆڕینهوهیهكیان له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان راگرت، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی لایه‌نگره‌كانیان به‌رده‌م ته‌لاری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری چۆڵ ده‌كه‌ن.
هۆكاری پێداگیری سه‌درییه‌كانیش له سه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی (فائق زه‌یدان) زۆره و مێژوویه‌كی درێژی نه‌بوونی متمانه له نێوانیاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی زیاتر قووڵ كردۆته‌وه، ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی بوو كه له مانگی كانونی دووه‌می 2022 له مه‌ڕ پێناسه‌ی گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ی براوه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار به ده‌نگی سێ یه‌كی په‌رله‌مان ده‌ریكرد.
سه‌درییه‌كان وا له‌م بڕیاره گه‌یشتوون كه ئه‌و مافه‌ی لێسه‌ندنه‌وه كه به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ئاسایی نیوه كۆ یه‌ك سه‌رۆك هه‌ڵبژێرن، به‌ڵكو ده‌بێت سێ یه‌كی ئه‌نجوومه‌ن ئاماده‌بێت واته 220 ئه‌ندام له كۆی 329، سه‌ید سه‌در ئه‌مه‌ی به كوده‌تایه‌كی یاسایی زانی كه به هاوكاری و پشتیوانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دژی به‌رپاكرا .
هه‌ر له‌چوار چێوه‌ی پێشووه‌چوون و هه‌ڵكشانی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی ركابه‌ر و نه‌یاری ماڵی شیعه وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در بڕیاری سڕكردنی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كانی دا، كه‌ئه‌مه‌ش مانا‌و مه‌دلوول و لێكدانه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوایان له لایه‌نگرانیان كرد، كه خۆیان بۆ هه‌موو پێشهاتێكی كتوپڕ ئاماده بكه‌ن، كه ئه‌وه‌ش وه‌كو هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزه بۆ لایه‌نگرانی خۆیان كه هه‌موو شێوازێكی به‌رده‌ست به‌كار بهێنن بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی ئیتاڕییهكان.