بەهرۆز جەعفەر: پاشا! لە عەرشی کەلاوەی عێراقدا.
دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە “کورد” پێناسەی “بوون” ی خۆی بکاتەوە لە عێراقدا. ئایا ئەو “بوون” ی شانزە ساڵی ڕابردوو لەسەر بنەمای دەستوریی بوە؟ بنەمای ڕێککەوتنی پێشوەختە؟ تەوافوق بووە؟ یان هەر کەسێک بۆ خۆی لە بەغدا بووە، لەبری مافەکانی گەلی کورد خەریکی خۆی بووە؟. ئەوەی ئەکرێت ببێتە کلیلی ئەو پێداچونەوەیە، سەرۆک کۆمارە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورددا. چونکە ئەو ئەبێت نوێنەرایەتی خەیاڵدانی کیان و میللەتەکەی خۆی بکات..
لە شوباتی (2022) لە ڕێگەی چەند میدیایەکی دەرەکی و ئەکاونتی تایبەتی خۆمەوە، ئەوەم وروژاند کە پێویستە “د. بەرهەم ساڵەح” لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کۆمار دوور بخرێتەوە، چونکە ئەو بو بە فاکتەری ڕاستەقینەی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیجی کە یەکێک بو لە میراتە مەعنەوییەکانی ڕەوانشاد مام جەلال، ئەو هۆکاری پەرتەوازەبونی زیاتری ناو ماڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بو، هۆکاری ترازانی زیاتری ناو ماڵی کورد بو، هەروەها شیعەکان خۆیان ئەڵێن ئەو فاکتەری ئەو تێکچونەی ناو ماڵی شیعەو عێراقییەکانە. چەند مانگی دوای قسەکانی ئێمەش دەرکەوت هەر “ئەو” بو بە فاکتەری پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا…
لەسەر ئەوە، بۆ جاری دووهەم لە دادگای لێکۆڵینەوەی یەکی پارێزگای سلێمانی سکاڵای لەدژم تۆمار کرد، هەمان دادوەریش بۆ جاری دووهەم لە ماوەی دوو ساڵدا فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردم، ئینجاش لەو سەروبەندی پاشقولگرتنەی ناو سلێمانیدا، هەبون خۆیان ئامادەکردبو لەو گۆمە لێڵەدا ئێمە بکەن بە قوربانی و تا دواتر وەک هێڵکە لەسەری یەکدیدا بیشکێنن! بۆیە لەلایەن دۆستانەوە، بەو بەفربارانە ئاگادارکرام کە ماڵ و شار بە جێبهێڵم! ئەگەرچی هەموو هەوڵ و کاری ئێمە بەرزڕاگرتنی یاساو دامەزراوە یاساییەکانەو، هەموو کات با “دادگا” سەروەر بێت.
ئەوانەی لە سنوری چەمچەماڵ و لادێکانی ناوچەی جەباری دا ئێمەیان ناسیوە، کە پێش پرۆسەی ئازادی بە تەمەنێکی (14 بۆ 15) ساڵییەوە لە بەردەم سمێڵی ڕەبیەکانی بەعسدا شایی و لۆغانمان ئەکرد، شەوانیش بەنێوانیاندا ئەهاتین و ئەچوین، خێرە لەم سەردەمەدا کوردێکی وەک دکتۆر بەرهەم بووەتە هەڕەشە؟
لەژێر ڕێنمایی و زانیاری و فشاری دۆستان، شارو ماڵمان بەجێهێشت، دە ڕۆژ لە لادێ و، دە ڕۆژ لەناوچە دابڕاوەکان و مانگێک لێرەو لەوێ و مانگێک لە دەرەوەی ووڵات.. ئینجا پارێزەرەکانم کە سۆزی شەهامەتیان بە خۆیان دابو، ئاگاداریان کردم کە لە “دەعوەی جەزائی” دا پێویستە تەنهاو تەنها سکاڵاکار خۆی بێت بەلای داواکەیەوە لە دادگا، هەروەها بەرپرسانی باڵای حکومەتیش بە سوپاسەوە ڕاستەوخۆ ئاگاداری دۆسیەکە بون. دوای تێپەڕبونی سێ مانگ بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بە هۆکاری ئامادەنەبونی سکاڵاکار دۆسیەکەی بەتەواوی داخست (لە ئایاری 2022 ەوە داخراوە). هەر لێرەشەوە، سوپاس و هەزارجار سوپاسگوزارم، بەتەنگەوە هاتنی هەموو ئەوانە تا هەتایە لە یادویادەوەریمدا ئەمێننەوە.
ئەوەی سەرۆک کۆمار! لای ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وێنای ئەکرد، گوایە ئەوە ئێمەین هۆکاری ئەم هەموو قسەو باسەی لەسەرانسەری دونیا لەسەر جەنابیان ئەگوزەرێت!. ڕۆژ هاتو چوو سەید موقتەدا وەک نوێنەری زۆرینەی دەنگی عێراقییەکان لەڕێگەی تویتەوە “نەعلەت” ی لەم سەرۆک کۆمارە کرد، تەواوی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەتی مالیکی و ئینجا ماڵی حەکیم و عامری هۆشدارییان دا بە یەکێتی کە کاندیدەکەیان بگۆڕن. تەنانەت لەناو ئەندامانی بەڕێزی سەرکردایەتی حزبەکەی خۆی و تێکۆشەرە دێرینەکاندا بە قیادەو پیادەوە تێبینییان لەسەر هەبوەو هەیە. پارتی و جەنابی بارزانی وەک سەرکردەیەکی ناسراوی جیهان و خودان قسەو دەنگی زۆرینەی کورد داوایان کردووەو ئەکەن کە ئەم کاراکتەرە بگۆڕن و، ئەمە لەبری کورد خەریکی خۆیەتی. کەرکوکییە ستەملێکراوەکان بەهەمان شێوە. “تەنانەت کاتێک دکتۆر بەرهەم بو بە سەرۆک کۆمار لە ژێر فەرمانی یەکێک لە “هاوسەرۆک”ەکانی ئەو کاتدا وازی لە سەلام و کەلامی چەندین دۆست و هاوڕێی نزیکی خۆی هێنا، ئێستا ئەویش ڕەنگە نیوەی سامانەکەی ببەخشێت بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵەح لە کێبڕکێکە دوور بخرێتەوە! “.
بەڵێ! ئیتر ئەوە ئێمە قسەمان نەکردو نایکەین، سەرۆک کۆمار بەخۆیدا ئەچێتەوە یان نا لەمەولا گرفتێک نییە، ئەکرا کاری زۆر گەورە بکات و خاوەن پرەنسیپێکی باڵا بێت، بەڵام هەقە ئەگەر ئاوڕێکی لەخۆی دایەوەو لە ئایندەدا یاداشتەکانی خۆی نوسییەوە ناونیشانەکەی ئاوها بێت: ” ئای چیم بە خۆم کرد” تیایدا باسی ئەوە بکات چۆن هەموو شتێک و هەموو کەسێکی لە دەستداوە. سەرۆکایەتی ئەم عێراقە لەناو ئەو هەموو زەلیلی قبوڵکردنەدا، کە کەس بە نوێنەری خۆیت نەزانێت، هەر پیرۆزی کەسانێک بێت کە بەدوای بەهاو پرەنسیپ و مێژوو و خواستی نیشتیمانەکەیان نەکەوتون.
لەمەولا پێویستە کورد لە ڕێگای کەسانی متمانە پێکراوەوە لە بەغداو لە کوردستان بە “بوون”ی خۆیدا بچێتەوە لەم ناوچەیە. هەڕەشەکان توندو بەهێزن، تەواوی ناوچە دابڕاوەکان و گەرمیان لەلایەک کەوتونەتە بەر مەترسی تەعریب و تەشەیوع و هەڵکەندن، لە لایەکیش بەهۆی ووشکە ساڵییەوە چۆڵی ئەکەن.