دانا مەنمی: کێ خاوەنی شەقام و خۆپیشاندانە!
ئاشکرایە پارتی خەبات و تێکۆشان و قوربانی و ئەنفال و کیمیابارانی خەڵکی کوردستانی بچوک کردووەتەوە، لەبەرامبەر بنەماڵەی بەرزانیدا و لەدیدو ڕوانینی پارتی و بنەماڵەی بەرزانیدا ئەنفالکردنی هەشت هەزار بەرزانی گەورەترە لە ئەنفالکردنی شاروشارۆچکەکان و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە! ڕاپەڕینی ساڵی 1991 یش وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی میللەتەکەماندا و ئیرادەی دەستەجەمعی نەتەوەیی بوو، کەچی دواتر پارتی و حیزبەکانی تر ڕاپەرینیان کردە دەستکەوت و ئینجاز بۆ خۆیان و خێزانەکانیان!
خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات ناڕەزاییەکی قووڵی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بوو لەپاڵ خۆپیشاندانەکاندا بەشێک لە نووسەران و میدیای ئەهلی پاڵپشتی ناڕەزایەتیەکان بوون و توانی زیاتر لە 60 رۆژ بەردەوامبێت لە رۆژەكانی كۆتایدا ئەگەر یەكێتیش هەڵینەكوتایەتە سەری خۆی كۆتایی پێهاتبوو، چونكە بوو بە شوێنی گاڵتە و گەپ! ئەمیش بە دەردی ڕاپەرین بوو بە دەستکەوت ئینجاز بۆ هەندێک خەڵکی مشەخۆر!
ناکرێت لەئاست بێویژدانیەکی گەورەدا بێدەنگ بین لەوەی ئێستا دەگوزەرێ و ئەم دیاردەیە هێشتا درێژەی هەیە و کاریگەری کردووەتە سەر بەری ناڕازی و بەرەی ئازادیخوازان و خەڵکی ساردکردووەتەوە لە چوونە شەقام، خۆپیشاندان و شەقام موڵکی هەموو تاکێکی ئازادیخوازە وئامانجیش لە خۆپیشاندان فشارخستنە سەر دەسەڵات و بۆ چاککردنی دۆخی خەڵکە لە هێرش سەرکوتکاری و پەلاماردان و دزی تاڵانچیتی بۆیە خۆپیشاندان و شەقام نابێتە دەستکەوت و ئینجاز بۆ هیچ کەسێک و لە دیدی منەوە هەر کەسێک بەرەی ناڕازی و شەقام بەکار بهێنێت و بیکاتە دەستکەوت و ئینجاز بۆ هەندیک خەڵک کە ئیمکانی ئیدارەدانی خەڵکی ناڕازییان نییە و توانای خۆ گونجاندنیان نییە و ڕێز لە دیدو ڕوانینی جیاواز ناگرن و خۆیان لە شکستەکان دزیوەتەوەو خۆیان نەکردووەتە خاوەنی شەقام ! هەڵەیەکی گەورەی کردووە ڕاستگۆ نییە لەگەڵ خۆی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز لەگەڵ ئەو پەیامەش کە هەلیگرتووەو بانگەشەی بۆ دەکات!
گۆرانی گوتن و پیاهەڵدان کوا وەزیفەی تۆیە هاوڕێ! تۆ لەبری ئەوەی سەرقاڵی دونیای تیرامان بیت لە بوای فیکریداو داهینان و شتی نوێمان بخەیتەبەرچاو و رەخنەی جدیت هەبێت لە پارتی و لەو ویرانسازییەی کە بونیادی ناوە خۆت بچوک کردووەتەوە و عاشق بە گۆرانی گوتنی بەشانو باڵی فڵان و فیساردا! ئەرکی من و تۆ خولقاندنی جوانیەکانی شەقامە بێ جیاوازی نابێ شەقام بچوک بکەیتەوە بۆ خەونەکانت و خەڵک دابماڵیت لە هیزو ورەو ئیرادە ! پارتی دنیای مرۆڤەکانی لە بەهای ئینسانی بون داماڵیوە بۆ دونیای بەهای حیزبی و بنەماڵەیی ، تۆش مەبە بەبەشێک لەم نەریتە دزێوەو دونیای ئازادیخوازان بچوک مەکەوە بۆ فڵان و فیسارو کوردانە بیر بکەوە .