شـــوان خــورشید: دەرکەوت سەدر ئەوە نەبوو کە چاوەڕوانی لێ دەکرا.
ڕاستە سەدر بەهۆی باوکیەوە، جێگاو مەکانەی لە نێو هەوادارەکانی بەرز ئەنرخێنرا، بەڵام دەرکەوت لە ئاستی هەواداری ڕەوتەکەی نەبوو. وە لە نیوەی ڕێگا جێیانی هێشت و دەسبەرداری خەونەکانیان بوو. دیارە موقتەدا سەدر وەک سیاسیەک زوو گەشەی کرد ئەویش بەهۆی باکگراوندی باوکیەوە، بەڵام ڕاڕا و خاوەن بەڵێنی خۆی نەبوو، هەر لەسەرەتای چونە سیاسەتکردن و بەدیهێنانی خەونەکانی دا.
سەدر دوای دوا هەڵبژردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، براوەی یەکەم لە هەڵبژاردنەکان دا، زۆر بە پەرۆش کاری بۆ ئەوە دەکرد، لەڕێی کتلە پەڕلەمانیەکەیەوە وەک براوەی یەکەم دەسەڵاتی سیاسی بەدەست بهێنێت، هەر زووش ئیدیعای حکومەتی زۆرینەی نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوای دەکردو، بە خەیاڵی خۆی دەیویست دەستی ئێران و ئەمەریکا لە کایەی سیاسی عێراق دەربهێنرێت، عێراقێکی بەهێزو سەربەخۆ بنیات بنێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونەی بونی کتلە پەڕلەمانیەکەی بوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، دیارە بەبەدیهێنانی ئەو بیروکەیەشی زۆر شتی سەرەولێژ دەکرد، وەک هەموارکردنەوەی دەستورو، گۆڕینی دەسەڵاتی پەڕلەمانی بە سەرۆکایەتی و چەندین بیروکەی تر، ڕێک پیادەکردنی دیکتاتۆریەت. بەڵام پاش ئەوەی شکستی هێناو ئاواتەکانی نەهاتە دی،بەبەهانەی دژە گەندەڵی، لە ڕێی شەقام و هەوادارەکانی، بوە ڕێگر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە وا نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردن تێ دەپەڕێت و هێشتاش هیچ بابەتێکی دڵخۆشکەر نیە بۆ پێکهێنانی. ئەوجا سەدر ئیدیعای ئەوەی دەکرد کەئامانجی دەسەڵات گرتنە دەست نیەو ئەوەی داوای دەکات تەنها بەرژەوەندی عێراقەو سەروەری عێراقی لا مەبەستە. بەڵام گەر بگەڕێینەوە بۆ دواوەو، ئاوڕێک لە هەموو کابینەی حکومەتەکان بدەینەوە، ڕەوتی سەدر یەکێک بوە لە پێکهاتە سەرەکیەکەی حکومەتەکان، بەڵام کاتێ بێ ئومێد دەبێت لە حکومەتی زۆرینەو سەرۆکایەتی، گەڕەلاوژێی دژە گەندڵی و سەروەری عێراق دەکات و، شەقام و هەوادارەکانی دەجوڵێنێت. جارێ پەڕلەمان داگیر دەکات و جارێ ڕێگای دادگای فیدڕاڵی دادەخات. کاتی لە ڕێی ئەو نمایشانەوە ناگاتە دەسکەوتەکانی مەرجی سەیرو سەمەرە دا ئەنا، کە لە هیچ تاسێکدا جێی نابێتەوە. وەک ئەوەی تەرحی 24سەعات دەداتە لایەنە سیاسیەکانی عێراق حکومەت پێک بهێنن،بەڵام هەموو کارەکتەرەکانی حکومەت لە 2003وە هیچ بەشداریەکی دەسەڵاتی عێراق نەبوبێتن.
ئاخر ئەمە چۆن مەرجێکە،کە لە قوتوی هیچ عەتارێک دا نەبوەو نیە، هێشتا ئەو ماوە زەمەنیە بەکۆتا نەگەیشتوە، بڕیاری دەسبەردانی سیاسەت دەبێت و هەموو دامەزراوەکانی سەر بە ڕەوتەکەی دادەخات جگە لە چەند شوێنێکی زەمزی ڕەوتەکەی نەبێت، بەڕاستی کاتێ لە بڕیاروو ڕاسپاردەکانی دەڕوانیت ،توشی شۆک دەبیت، بەڕاستی سیاسی وا کە خاوەنی قسەی خۆشی نیە، سەیرە خەڵکی بڕوای پێ دەکات و، هەر کاتێ ویستی ئاڵۆزی پەیدا بکات و ووڵات بخاتە قەیرانەوە، بە جۆرێک لە ترۆپکی هەڵچونەکان و شەقام جوڵاندن، بە تویتێک هەڵچونی خەڵک و هەوادارەکانی سفر بکاتەوە، بەڕاستی ئەگەر سەدر کەسێکی ڕاڕاو خۆ نەویست نەبوایە، بەو هێزە جەماوەریەی کەهەیەتی ئەیتوانی هەموو ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، بەڵام سەدر ئەوە نیە کە دەیبینین، سەدر بەرژەوەندی خۆی لەسەروی ڕەوتەکەشیەوە دەبینێت، دیارە هەڕەشەکانی ئێران و ئەمەریکا تایبەتر ئێران،کاری خۆی کردوەو سەدریش بۆ ڕزگار کردنی گیانی خۆی ماندو بون و شەو نەخونی بەتەنگەوە هاتوانی هەوادارەکانی بەبادا داو دڵنیاشم لە دوا بڕیاریشی پەژیوان دەبێتەوەو، دواجار لە چەندین حەبلی تر یاری دەکات، بەڵام هەق وایە هەوادارەکانی ئیتر سەدر وەک خۆی بناسن، لەوە زیاتر نەبنە سوتەمەنی قامک ڕاوەشاندنەکەی و خۆش خەیاڵ نەژین.