عیماد عەلی: بانگەشەکارانی ئیسلامی فێری گاڵتەوگەپ بوون.
ئەوەی جێگەی تێرٍامانە، لەم چەند ساڵەدا شێوە ژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بە پێی بارودۆخە بابەتی و خودیەکە و تا رادەیەک ئابووریەکەش جۆرە گۆرٍان و ریزبەندیەکی چینایەتی و گردبونەوەی کۆمەڵایەتی و کەلتوری تێدا بەدیدەکرێت کە یان خودپارێزو موحافزکارن یان بە گشتی لیبراڵ و میانرەو و ئاسایین، جگە لەویتریان کەمینەیەکی دیاری دونیاپەرست و عەلمانین، لە رووی ئابووریشەوە چەندین ریزیان تێدایە، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر توندرٍەوە داعشیە خورافات پەرستەکە بە کەمینەیەکی زۆر کەم دانیێن، کە هیچ کاریگەریان لەسەر رەوتی کاروانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆی گشتی بیری خەڵک نەبێت.
لەم بەینەدا زۆر جار ئەوە دەبینرێت کە هەر بۆچون و ئاراستەیەک کاریگەریی لەسەر ئەویتر دەبێت و لە زۆر لاوە بەشێک لاسایی رەفتار و گوفتار و شێوازی ژیان و تەکتیکی رۆژانەی ئەویتر دەکاتەوە و وەک دەبینین ئیسلامگەرا بۆ مەبەستی تایبەتی بەرژەوەندی ئاراستەکەی خۆی جۆرێک لە ژیاندۆستی و قەناعەتەکانی بیرکردنەوە و رەفتاری ئەویتر بە بیچ قەناغەت پیادەدەکات و بەوپێیە دەجوڵێتەوە ( بۆ نمونە بانگەشەکاران و ئیسلامەگەرای مۆدێرن لە سیاقی قسەکردن و وتارەکانیاندا نوکتە دەگێرٍنەوە و گاڵتەو گەپ دەکەن و خۆشی دەبەخشنەوە، وەک ئەوەی بە هەمان شێوەی ئەوانیتر چێژ لە ژیان و گوزەران دەبینن).
بە وردبونەوەیەکی خێرا لە ژیانی خەڵک بە گشتی، جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان لە قۆناغە لەدوای یەکەکانی مێژووی نوێی کورد و جۆنێتی گۆرٍانکاری لە بیرکردنەوە جیاوازەکان بە روونی دەردەکەون و ئاستی پێشکەوتن و زۆر جار دواکەوتنیش لە قۆناغە دیاریکراوەکاندا دەردەکەوێت. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم واقیعە شرۆڤە کردنی و چۆنێتی کارتێکردنی لە لایەن بژاردە و بەتایبەتی رۆشنبیرانەوە ئەوەکمان بۆ روون دەبێتەوە کە کەمتەرخەمیەکی لە رادەبەدەر لە لایەن ئەم توێژەوە دەبینرێت، بۆیە زۆرجار ئاراستەی جەهل و نەزانیەکە زاڵتر و گوێلێگیراوترە .
لەم دواییانەدا بانگەشەکارانی ئیسلامی و بە تایبەتی لە بەکارهێنای سۆشیال میدیا و ئامرازە هەمەچەشنەکانی راگەیاندن رۆڵی خۆیان دەگێرن. ئەوەی جێگەی تێرٍامانە، وەک دەزانین و لەسەری راهاتوین کە باس و خواسی ئایینی و چیرۆکە هەمەجۆرەکانی ئایینی ئیسلام بەردەوام خۆی لە خەم و خەفەت و گریان و گرژی و مۆنی و مردندا دەبینێتەوە ، کەچی ئێستا بۆ مەبەستی جیاواز و خۆگەنجاندن، گۆرانی سەرەکی لە رەفتار و کوفتاتریاندا روویداوە و بە هەمان شێوەی بۆچون و بیرکردنەوکانی دیکەی خەڵکی ژیاندۆست و رەفتارئاسایی چۆنێتی ژیان و قسە و رەفتاریان گۆرٍیوە و زیاتر پشتیان بە کاریگەریە ژیانیەکان لەسەر خەڵک دەبەستن، رۆژ نیە بانگەشەکارێک نەبینیت کە کۆمەڵێک نوکتەی ریزکرنەکردبێت و خەریکی فشقیات نەبێت بە تێکەڵ کردنی بە ئایین و عەقیدە و لەگەڵ بانگەشەکەی نەیگونجێنێت و بۆ مەبەستی سەرنجراکێشان و لەخۆگرتنی ئەویتر هەمان شێوازی عەلمانی بەکارنەهێنیت و نوکتە و کاڵتە و گەپ و پێکەنین و فشقیاتی بەسەر قسە و دوان و ئامۆژکاریە ئیسلامیەکانیدا زاڵ نەکردبێت. ئەمەش ئەگەر زۆرێکیان بە نواندنیش بێت، بەڵام جێگەی خۆشحاڵیە بۆ هەمووان و نزیکبوونەوەی ئەو خەڵکەیە لە ژیانی خۆش و مەشرەب خۆشی ژیان و گوزەران و دوورکەوتنەوە لە خۆقەتیسکردن لەچوارچێوەی تەنها بیرکردنەوە لە ئاخیرەت و مردن و سفرکردنەوەی ژیان و تەمەن و بەسەرهاتەکان.